"an independent online kurdish website

هەر كاتێك دەربارەی كورد وتارێك دەنووسم یان لەگەڵ سیاسەتمەدارێك، مامۆستایەكی زانكۆ، رۆژنامەنووسێك یان هاووڵاتیەكی ئاسایی بیانی گفتوگۆیەك دەكەم، دەستبەجێ لێمدەپرسن “بۆ سەربەخۆیی راناگەیێنن؟” زۆرجار ئەم كەسانە مێژووی كورد یان ئەو تراجیدیانە نازانن كە پێیدا تێپەڕیوین.Aub_nuri

بەڵام بە بیستنی كەمێك لە نەهامەتیەكانمان پێیانوایە كورد شایەنی ئەوەیە دەوڵەتی خۆی هەبێ و تێناگەن چۆن تائێستا كورد دەوڵەتی نییە.
لەم جۆرە حاڵەتانەدا خۆشم بیر لەوە دەكەمەوە بۆچی دەوڵەتمان نییە. ئایا لەبەرئەوەیە كە شایەنی دەوڵەت نین؟ ئایا لەبەرئەوەیە ناتوانین خۆمان بەڕێوە ببەین؟ ئایا لەبەرئەوەیە كە سەركردەیەكمان نییە بتوانێ نەتەوەكەمان بەرەو ئەو ئامانجە ببات؟ 
نامەوێ بیر لە هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێی وەك ئێران و توركیا بكەمەوە. بەبۆچوونی من ئەو هەڕەشەیە لە قەبارەی خۆی گەورەتر كراوەو ترسێكی بێ بنەمایە. بێگومان توركیا و ئێران نایانەوێ كوردستانێكی سەربەخۆ ببینن، بەڵام كورد ئەو ترسە لەوە گەورەتر سەیر دەكات كە هەیە. 
تەنها وەڵامێك كە بەمێشكمدا دێت ئەوەیە كە لەوەناچێ بەڕاستی دەوڵەتی خۆمانمان بوێ. بێگومان هەموو رۆژێك باسی دەكەین. هەر پیاوێك، هەر ژنێك یان هەر سەركردەیەكی كورد بدوێنی پێتدەڵێ كە كوردستانێكی سەربەخۆ خەونی هەموو كوردێكە، بەڵام كێشەكە لێرەدایە، بۆچی بۆ ئێمەی كورد دەوڵەتی سەربەخۆ تەنها خەونە. 
پێویستە وەك ئامانجێك بیری لێبكەینەوە كە بە هەر رێگەیەك بێ بەدیبهێنین. رەنگە خەونی كوردستانێكی سەربەخۆ شیرین بێت بۆیە هەر خەونی پێوە دەبینین. بەدیهێنانی ئامانجێك ئاسان نییە. پێویستی بە كار و لێبڕانە. بۆیە خەونمان هەڵبژاردووە.
پێویستە كورد چیدی نەڵێ كوردستانێكی سەربەخۆ خەونمانە، خەون نییە، بگرە دێوەزمەیە. نەبوونی دەوڵەتی خۆمان دێوەزمەیەكە كە ناهێڵێ بخەوین . كە چەندین ساڵە خەوی لێ زڕاندوین و هەتا ئەو دێوەزمەیە لەنێو نەبەین هیچ كوردێك ئارام ناگرێت. 
مایەی شەرمە كە پاش دەیان ساڵ لە سەركوتكردن و جینۆساید و رەتكردنەوەی ناسنامەمان ئێستاش هەر دەستدەگرین بە بەغدا و ئەنقەرە و تاران و دیمەشقەوە و داوای چارەسەریان لێدەكەین. ئێستاش پێمانوایە ئەو پایتەختانە كلیلی بەختەوەری ئێمەیان لەدەستدایە.
لە ساڵی 2003وە، رەنگە بۆ هەتاهەتایە لەگەڵ عێراق بمێنینەوە لەبەر دەستوورێكی بێمانا كە هیچ كەس رێزی ناگرێ. لەتوركیاش پاش دەیان ساڵ كوشتنی كورد و كاولكردنی گوندەكان ، سیاسەتمەدارانی كورد هیوایان وایە بە زیادكردنی چەند مادەیەك بۆ دەستووری توركیا هەموو شتێك چارەسەر بكەن.
پارتە كوردییەكانی ئێرانیش جگە لە نووكتە هیچی دیكە نین. خۆشیان نازانن چی دەكەن. چەندین جار دابەشبوون و خۆیان و كوردایەتیشیان كردووەتە گاڵتەجاڕ. كوردانی سووریاش هیچیان لەوان باشتر نییە. پارچە پارچەن و سەریان لێشێواوە. 
پێویستە كورد بە دەنگێكی بەرز و روون بە عێراق و ئێران و توركیا و سووریا بڵێ : نامانەوێ لەگەڵ ئێوە بژین، ئەگەر باشترین دەستووری دونیاشتان هەبێ. دەمانەوێ جیاببینەوە و سەربەخۆبین ئەگەر باشترین دیموكراسی ئەم دونیایەش بن. 
ئایا شەرم نییە دوای ئەنفال و بێسەروشوێنكردنی بارزانییەكان، كوشتنی 5000 كەس لە هەڵەبجە، لەسێدارەدانی سەدان كوڕی گەنجی كورد و ئەو ملیۆنان مینانەی كە گوندەكانمانیان داگیركردووە، ئێستاش هەر دەمانەوێ لەگەڵ عێراق بین. لەجیاتی ئەوەی لە تراجیدیەكانمانەوە وانە وەربگرین و زیاتر لێبڕاو بین، دەستمانگرتوە بە نوری مالیكی و تارق هاشمیەوە، وەك ئەوەی فریشتەبن و لە بەهەشتەوە هاتبن.
هیچ كوردێك بە ئەندازەی كوردی سووریا نەهامەتی نەچەشتووە، كەچی دوای ئەو هەموو ساڵە لە سەركوتكردن و خەبات داوا لە كۆمكاری عەرەبی و بورهان غەلیونی مامۆستای زانكۆ دەكەن كێشەی كورد چارەسەر بكەن. مایەی پێكەنینە كە گەلێك دوای دەیان ساڵ سەركوتكردن و چەندین پارتی سیاسی و قسە و دروشمی زل داوای كۆمەك لە كەسێكی دیكە دەكات. كوردانی ئێران و توركیاش چیرۆكێكی خەمناكترن. چەندین ساڵە لە شاخن، لەنێو بەفر و لەنێو سەرما دژی تاران و ئەنقەرە دەجەنگن، كەچی ئێستا داوای ئۆتۆنۆمی دەكەن كە خۆشیان نازانن ماناكەی چییە. هەمو داواكارییەكیان بووە بەوەی مافی بەكوردی قسەكردنیان هەبێ.

 وێنەی منداڵێكی خنكاوی سەر جادەكانی هەڵەبجە بەسە بۆ ئەوەی لە عێراق جیاببینەوە

ئەگەر كورد سەیری ئەو كلیپە ڤیدیۆیە بكەن كە تێیدا عەبدوڵا ئۆجەلان دەست و دەمی بە تیپ بەستراوەو بەسووكایەتی پێكردنەوە لەناو فڕۆكەیەكدا لە كینیاوە دەگوازرێتەوە بۆ توركیا، جارێكی دیكە هیچ كوردێك نایەێ لەگەڵ توركیا بژی. كاتێك سەیری وێنەی قازی محەممەد دەكەی كە بە سێدارەوە هەڵواسراوە، هیچ كوردێك نایەێ لەگەڵ ئێران بژی. وێنەی منداڵێكی خنكاوی سەر جادەكانی هەڵەبجە بەسە بۆ ئەوەی لە عێراق جیاببینەوە.
كاتێك سەركردەیەكی كورد زیندانی یان لەسێدارە دەدرێ ، كاتێك ژنێكی كورد دەستدرێژی دەكرێتە سەر و سووكایەتی پێدەكرێت، كاتێك خێزانێكی كورد لە بیابانەكان دەنێژرێ، ئەوە هەموو نەتەوەی كوردە زیندانی دەكرێ و سووكایەتی پێدەكرێ و لەسێدارەدەدرێ و دەنێژرێ. چەند هۆكارمان پێویستە تاوەكو تێبگەبن كە پێویستە سەربەخۆبین؟ پێویستە بەچەند تراجیدیدا تێپەڕین تاوەكو تێبگەین چیدی بەرگەناگرین؟ ساڵانێكە دژی ئەم رژێمانە دەجەنگین و خۆشمان نازانین بۆچی. تەنانەت هەندێجار بەزەییم بە دوژمنەكانمان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دێتەوە. سەرمان لەوانیش شێواندووە. ئەوانیش نازانن چیماندەوێ. هەزار جار بۆچوونمان گۆڕیوە. داوای سەربەخۆیی دەكەین. داوای ئۆتۆنۆمی دەكەین. داوای فیدرالی دەكەین، داوای جیابوونەوە دەكەین . داوای مافی چارەی خۆنووسین دەكەین. لەخەڵكی باشووری سوودان و كۆسۆڤۆ زیاتر شارەزای دەستەواژەی سیاسین، بەڵام ئەوان لەسەرتاوە تاوەكو كۆتایی یەك داواكاریان هەبوو كە ئەویش سەربەخۆیی بوو. ئێستا تێگەیاندنی دونیا كە كورد جینۆسایدكراوە بووەتە تاكە ئامانجمان، هەم خەڵكی ئاسایی و هەم سەركردەكانیشمان ئەوپەڕی خۆشحاڵ دەبن كاتێك كەسێك دەڵێ كورد چەوسێنراوەتەوە. تەنها بە دوای دانپیاداناندا دەگەڕێین، بەڵام بەم كارە تەنها خۆمان دەخەڵەتێنین . زیاد لە بیست دەوڵەت دانی بە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا ناوە لەلایەن توركەوە، بەڵام ئەوە هەرگیز رێی لە توركیا نەگرتووە كە خەڵكی زیاتر بكوژێ؟
ساڵەهای ساڵ لە دوژمنەكانمان كوشت و رۆڵەكانی خۆمان لەدەستدا تەنها بۆئەوەی بە ئازادی بژین، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی كە پێویستمان بە دەوڵەت نییە . لەمێژوودا هەرگیز یەكگرتوو نەبووین. دوژمنایەتی و ركابەری هەمیشە خاڵی لاوازمان بووە. بەڵام بەداخەوە ئێستا هەموومان لەوباوەڕەدا یەكگرتووین كە سەربەخۆیی خراپە. 
لەلای شوانی قەراخ جادەیەك راوەستە، بڕۆ ناو مزگەوتێكەوە، لەگەڵ قوتابی یان سەركردەیك بدوێ ، هەموو پێتدەڵێن ئێستا كاتێكی گونجاو نییە بۆ سەربەخۆیی. پێتدەڵێن لە بەرژەوەندیمان نییە. دەبینی هەموو كوردێك بووەتە دووربین و شارەزایەكی بواری سیاسی. دەڵێن كوردستانێكی سەربەخۆ سێ رۆژ ناخایێنێ، دەڵێن وڵاتانی دراوسێ هێرشدەكەن و سنوورەكانیان دادەخەن. دەڵێن جارێكی دیكە ئاوارە دەبینەوە و برسی دەبین، بەڵام ئایا هەمیشە ئاوارە و برسی نەكراوین لەلایەن هەمان ئەو دەوڵەتانەوە؟ با ئەمجارە برسێتی و نەهامەتیمان بۆ سەربەخۆییمان بێ . 
لەهەمووی خراپتر ئەوەیە كە هەندێ دیپلۆماتكار و راوێژكار و شارەزای بیانیش كە خۆیان بە دۆستی كورد دەزانن، پێماندەڵێن مانەوە لەگەڵ عێراق باشترین چارەسەرە. پێماندەڵێن سوپاسگوزاری ئەو تۆزە ئۆتۆنۆمییە بین كە هەمانە. ئەم كەسانە ئازاری كوردیان بیستوە، بەڵام هەرگیز وەك ئێمە هەستی پێناكەن. هەرگیز لە هەستی دەستبەسەری تێناگەن . ئیدانەی تاوانەكانی سەدام حوسێن دەكەن ، بەڵام ئێمەین ئازاری دیارنەمانی دەیان هەزار كەسمان دەچێژین. ئەم هاوڕێ بیانیانە نایانەوێ تەنانەت گوندێكیشیان لەلایەن دەوڵەتێكی دیكەوە داگیر بكرێت، كەواتە بۆچی پێماندەڵێن باسی سەربەخۆیی نەكەین؟
پێویستە تەنها گوێ لەخۆمان بگرین. خۆمان دەزانین چی باشە بۆمان. ئازار ئازاری ئێمەیە و بەس خۆمان دەتوانین ساڕێژی بكەین . لەپێناو ئەو ئێسقانانەی كە لە بیابانەكانی عێراق نێژراون، لەپێناو ئەو گوندە كوردییانەی لە توركیا وێرانكراون ، لەپێناو ئەو كوڕە گەنجانەی لەئێران لەسێدارە دراون و لەپێناو كوردە بێناسنامەكانی سووریا ، پێویستە سەربەخۆیی رابگەیێنین. 
گرنگ نییە چ رۆژێك رادەگەیێنرێ ، دەكرێ ئەو رۆژەبێت كە قازی محەممەد لەسێدارەدرا . دەكرێ رۆژی لەدایكبوونی بارزانی بێ . دەكرێ ئەو رۆژەبێ كە ئۆجەلان رفێندرا، دەكرێ رۆژی كیمیابارانی هەڵەبجە یان نەورۆزبێ . پارتە كوردییەكان هەموو لە رابردوودا هەڵەیان كردووە. هەموو رەخنەمان لە سەركردەكانی كورد هەیە، بەڵام خەڵك لە هەر پارت و سەركردەیەك خۆشدەبێ كە ئازابێ و سەربەخۆیی بۆ كوردستان رابگەیێنێت. ئەوكاتەش كورد لەهەموو گۆشەیكی جیهانەوە دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگاری لە سنووری دەوڵەتە نوێیەكەمان. 

سه‌رچاوه‌: روداو

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی