من ئه‌وه‌ته‌ی به زه‌بری شمشێر و قه‌ممه موسوڵمانیان کردووم، خۆم پێ له وان موسوڵمانتره. ته‌ماشای مێژووی شێواوم که‌ن! من چه‌نده به‌نده‌ی ئه‌م نامرۆڤانه بووم و ئه‌وانیش خودای بانی سه‌رم.
من بۆ ئه‌وان که‌واسوری به‌ر لشکر بووم و ئه‌وانیش ئاغا و سه‌روه‌رم.
لێره‌دایه پرسیاری بێ وەڵامم.
ئه‌ی من که‌نگێ موسڵمانم؟
….
هه‌زاران ساڵ به‌رله ئێستا هه‌ر به‌م زمانه و هه‌ر به‌م دینه وله ژێر چه‌تری هه‌مان خودای عه‌ڕه‌ب و عه‌جه‌م دا، له ژێر هه‌مان وشه‌ی ئه‌ڵڵه وئهکبهڕ دا له سایه‌ی لائیلاهه ئیله‌ڵا دا، هاتن و ئه‌نفالیان کردم.
ویستی ئه‌وکاتیان ئه‌وه‌بوو:
مل که‌چ که‌و گیانت ڕزگار.
منیش ملکه‌چ هه‌رچیم هه‌بوو به هه‌ردوو ده‌ست پێیانم دا، له کولتور و له مرۆڤایه‌تی و له وڵات و له دین و له ئیمان و له په‌رستگه‌ی باب و باپیران.
ئه‌وه‌ی هه‌مبوو چیم پێنه‌ما،
ته‌ماشای مێژوی شیواوم که‌ن!
من موسڵمانتر له‌وان.
من خوداپهرستتر له‌وان
که چی بۆوان هه‌ر کافرم،
ئه‌وان ده‌ڵێن: چونکه له نه‌سڵی ئه‌وان نیم، تا مه‌عشه‌ر به‌رپا ده‌بێت من نۆکه‌رم.
لێره‌دایه پرسیاری بێ وەڵامم.
ئه‌ی من که‌نگێ موسڵمانم؟
…
سه‌لاحه‌دینم سه‌رداری لشکرتان بوو، هه‌رچی هه‌بو، هه‌رچی توانی بۆتانی کرد، ده‌ستیاری پێغه‌مبه‌رتان ئه‌ویش کورد بوو، له باره‌گای تێکڕای عزرهت و خه‌لیفه‌و خولهفاتان ڕاوێژکارتان هه‌ر کوردبوون و چه‌ندین هه‌نگاو له پێشتریش له تۆ خۆیان له ئه‌ڵڵا و محه‌ممه‌د و قورعانتان به نزیکتر زانیوه.
جهادی فیسهبیلیلا
یه‌که‌مجار به دژی منکرا
له‌و کاته‌وه هه‌تا ئێستا هه‌زاران جیهادی ئێوه‌و دارودهستهکانتانم به‌زاندوه و منیش ههرههم و هاناشم بۆ خودای ئێوه هێناوه و ده‌ڵێم موسڵمانم
بۆیه لێره‌دا پرسیاری بێ وەڵامم.
ئه‌ی من که‌نگێ موسڵمانم؟
…
هه‌زاران ساڵ به‌ر له ئێستا ، به ناوی پێغه‌مبه‌ر و خودا له ژێر باڵی خه‌لیفه‌و مه‌لاو ئاغا
بۆ مه‌رامی گوڵاوی خۆتان کردتانم به چه‌ندین کوتی دژ به یه‌ک.
من دڵێکم بوو یه‌کپارچه بوو.
بۆ یه‌ک مه‌رام بۆیه‌ک ئاوات یهکتهختهبوو.
که‌چی ئێوه ترسه‌نۆکه‌کانی مێژوو، پارچه‌یه‌کتان کردمه شیعه و ئه‌ویتریان بۆ به سوننی و بهشێکیانتان کرده عه‌له‌وی .
من بۆ هه‌مویان ملم که‌چ بوو
هیچم نه‌گوت
چونکه پێموابوو موسڵمانم.
بۆیه لێره‌دا پرسیاری بێ وڵامم.
ئه‌ی من که‌نگێ موسوڵمانم؟
…
ئه‌ی ئێوە نه‌بون به به‌ڵێنی درۆین فریوتاندام.
هه‌رچی برای خۆم بوو کوشتم بۆتان
ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی، وشه ی ئهشهدویان نه‌هاته سه‌ر زمان.
من له لایه‌ک شه‌رم ده‌مگرێ…
که باسی مێژووی خۆم ده‌که‌م.
چون هیچ کارێکی خراپ نه‌ما
دژ به خۆم و وڵاته‌که‌م بۆتانی نه‌که‌م.
به ناوی ئیسلام به‌ره‌ی زهردوشتم بڕیه‌وه
به ملیۆنان یه‌زیدی و ئه‌رمه‌نی ویارسان ئه‌م و ئه‌وم شاربه‌ده‌ر کرد.
وه‌ک تۆ به سه‌ر منت هێنا منیش به‌رسه‌ر وانم هێنا.
من هه‌ر گوتم موسوڵمانم.
بۆیه لێره‌دا پرسیاری بێ وڵامم.
ئه‌ی من که‌نگێ موسوڵمانم؟
…
له چه‌ند هه‌زاران ساڵی ڕابردوو دا من هه‌ر گوتم موسڵمانم ڕوو به قیبله‌تان هه‌ر که له سه‌ر پشتی لانکه هاتمه خوارێ پێج فه‌رزه‌ی نوێژم بۆ خوداتان کرد، شاده‌م به پێغه‌مبه‌رتان هێنا و زه‌کات و سهرفترم دانێ و کابهم پیرۆز کردن، که‌چی به‌شی من له‌ویشیان دا هه‌ر ئه‌نفال بوو له زه‌مانێکی تردا و له ژێر شمشیری مرڤکوژهکانی ئه‌و سه‌رده‌مدا. ماڵتان بردم، زگی منداڵتان هه‌ڵدڕیم خۆمتان فه‌لاقه کرد، به زیندووی چهرمتان لێداماڵیم.
که چی دروشمی من هه‌ر ئه‌وه‌بوو موسڵمانم .
بۆیه لێره‌دا پرسیاری بێ وڵامم.
ئه‌ی من که‌نگێ موسوڵمانم؟
…
له سه‌دان ساڵی ڕابردوو دا له ژێر چه‌تری موسلمانی دا سه‌دان ڕابه‌ر و شێخ و مه‌لاتان کوشتم، له سه‌ده‌کانی دوای دا پڕ به گه‌روتان ده‌نگی مرۆڤ کوژهکانتان دا و جهادتان له دژی من ده‌رکرد خوێنتان حه‌ڵال کردم ماڵ و حاڵم هی خۆم نه‌بێ هی هه‌موتان بوو.
که‌چی من ئیشتاش ده‌ڵێم موسڵمانم.
بۆیه لێره‌دا پرسیاری بێ وڵامم.
ئه‌ی من که‌نگێ موسوڵمانم؟
…
کوشتارگای ئه‌م سه‌رده‌مه‌تان پڕ کردن له ڕؤڵهکانی نه‌ته‌وه‌که‌م، به چه‌کی سه‌رده‌م و جبه‌خانه‌ی تهیارتان دار‌و ده‌وه‌ن و ڕه‌زو باغتان سوتاندم به بۆمباو ناپاڵم له ژێر سایه‌ی حهلهمی ئه‌ڵڵه وئهکبهڕ دا ته‌نیا له چرکه ساتێکدا هه‌زاران گیانتان لێستاندم، ئه‌نفالی مۆدێڕنتان هه‌ر ئه‌و ئه‌نفاله بوو که به درێژای هه‌زاران ساڵ کردوتانه،
من کە لە ئازاری خۆم ڕاپەڕیوم، ترۆریست و ئینسان کوژ و دزو جەردەم.
ئێوە کۆکوژم دەکەن لە سەر بیری ئینسانی، مۆری کافر بونم لیدەدەن.
کوشتنم بە ڕەوا دەزانن، خۆشتان دەزانن.
کە دە گەڵ دین وئیسلام و خودا دا درۆ دەکەن
من ئەوە هەموی دەزانم
بۆیە لیرەدا پرسیاری بیوڵامم
ئەی من کەنگێ موسڵمانم؟
محەممەدی فەقێ عەلی
26/02/2012
{jcomments off}