"an independent online kurdish website

زۆر جار لێرەو لەوێ گوێمان لێدەبێ کە ژنانی یەکسانیخواز، یان هەموو فمینیستەکانtuba_alissi

دژی پیاوانن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی ژنان بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازییە، کە خوازیاری نەهێشتنی تووندوتیژی لە سەر ژنان و دابینکردنی کۆمەڵگایەکە کە لەوێدا ژن و پیاو بە ماف و مەودای بەرابەرەوە تێیدا بەشدار بن.

خوازیارانی کۆمەڵگایەکی یەکسانی بۆ ژن و پیاو هەندێک جار پێویستە کە داخوازییەکانی خۆیان زۆر ڕوون و نەترسانە بخەنە بەر گوێی کۆمەڵگا، چوون بۆ کۆمەڵێک کەس جێگای پرسیارە کە ئەو یەکسانییانەی کە ژنان خوازیارین لە کۆمەڵگادا کامانەن؟ هەربۆیە من تا ئەو جیگایەی کە لە یەکسانی نێوان ژن و پیاو تێگەیشتبم، هەوڵ ئەدەم لە ڕوانگەی خۆمەوە تیشکێک بخەمە سەر ئەو بابەتە.

کاتێک باس لە کۆمەڵگایەکی یەکسان دەکەین، واتای ئەوەیە کە نایەکسانییەک لە گۆڕێدایە کە ئێمە ناچار دەکات خوازیاری یەکسانی بین. ئەو نایەکسانیانەش ئەو میژووە دوورودریژە پڕ لە تووندوتیژییەیە کە ژنان لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا بە دەستییەوە نالاندوویانە، کە ئێستاشی لە گەڵ بێت بەردەوامە. یەکسانی بریتییە لە هەبوونی مافی وەک یەک یان هەبوونی بوار و مەودای وەک یەک بوون. جا ئەم مافەش بریتییە!

لە یەکسانی خوێندن! کاتێک ئێمە باس لە یەکسانی خوێندن دەکەین، مەبەست ئەوەیە کە هەموو بنەماڵەیەک بە پێی ئاستی ئابووری و تواناکانی خۆیان ئەو مەیدانەی کە بە کوڕەکەیان ئەیدەن بێ جیاوازی دانان لە نێوان کچ و کورەکەیاندا هەمان مەوداش بە کچەکەیان بدەن بۆ درێژەدانی خوێندن. هەموومان ئاگادارین کە کۆمەڵێک بنەماڵە ئەو مەودایەی کە بە کوڕەکەیان داوە، بە کچەکەیان نەداوەو زۆر جاریش بە قەرز و قۆلەش بووە کورەکەیان ناردووە بۆ شوێنە دووردەستەکان و لە هەمانکاتدا ئەو کارەیان بۆ کچەکەیان نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک جار تواناکانی کچەکەیان زۆر باشتریش بووە لە کوڕەکەیان. دیارە لە بیرمان نەچێت کە ئەم خاڵە تەنیا باس لە مەودای وەک یەک لە لایەن بنەماڵەوە ناکات، بەڵکو داوای ئەوە دەکات کە لە لایەن داموو دەزگاکانی پەروەردەوفێرکردنەوەش ئەو مەودایە یەکسان لە پێش چاو بگیرێ بۆ کچ و کوڕ و هەروەها ئەوان ئازاد و یەکسان بن لە هەڵبژاردنی دەرسەکانیان و ڕشتەی خوێندندا.

یەکسانی هەڵبژاردن! ئەم خاڵەش باس لە ئازادی و یەکسانی هەڵبژاردن دەکات. لێرەدا پێویستە ئەوەمان لە بیر نەچێت کە ژن خوازیاری ئەوەیە کە خۆی بڕیار بدات بە سەر ژیان و جەستەی خۆیدا، واتە ئازاد بە دوونیا هێنانی منداڵ، هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان، ئازاد لە هەڵبژاردنی جلوبەرگ، خاوەنی بیرووبۆچوونی ئازاد لە سەر هەڵبژاردنی جێگەی ژیان، یەکسان لە خۆ پاڵاوتن و پالاوتنی کەسانی دیکە بۆ بەڕیوەبەرایەتی وڵات. وەک ئاگادارین بە درێژایی مێژوو ئێستاشی لە گەڵ بێت لە زۆر جێگا، ژن ئازاد نەبوە لە هەڵبژاردنی هاوسەری ژیانی داهاتووی خۆیدا، ئەوە باوک و برا و هەتا خزمان بوون کە هاوسەری ژیانیان بۆ ئەوان دیاری کردوە. هەروەها ژن نەیتوانیوە لە سەر ویستی خۆی لە هاوسەرەکەی جیا بێتەوەو، ئەوە پیاو واتە هاوسەرەکەی بوە کە دوا بڕیاری داوەو هەتا ئەو کاتەی کە پیاو ڕازی نەبوبێت یاسا ئەو داوایەی لە ژن وەر نەگرتوە. هەربۆیە ئەم خواستە پرسێکی گرنگ بوەو گرنگە لە بزووتنەوەی ژناندا.

هەروەها کاتێک باس لە جلوبەرگ دەکەین، دەبینین ئێستا لە زۆر وڵاتی عەرەبی و ئێراندا ئەوە پیاوە دەستەڵادارەکانی وڵاتە کە دیاری دەکەن ژن چ شێوە جلوبەرگێک لە بەر بکات و ئەو ژنانەش کە ملپێچی لە بڕیارەکانیان بکەن بە تووندی سزا ئەدرێن. هەر لە بەر ئەمەشە کە خوازیارانی مافی یەکسانی ژن و پیاو زۆر جەخت لە سەر ئەم خالە دەکەنەوە. ئەوەش دەزانین کە دەنگی ژنان لە بنەمالەدا بە هێند نەگیراوەو ئەوان هەمیشە گوێڕایەڵ و شوێنکەوتەی پیاوەکانی ماڵ بوون لە کاتی هەڵبژاردنی جێگای ژیاندا و لەو پێناوەشدا زۆر کوێرەوەریان کێشاوە، هەربۆیە زۆر گرینگە کە ژنانیش بۆ خۆیان لە بڕیارەکاندا بەشدار بن.

خۆپاڵاوتن و پاڵاوتنی کەسانی تر یەکێک لە خاڵە زۆر گرینگ و سەرەتاییەکانی خەباتی یەکسانیخوازییە. لێرەدایە کە بڕیارە گرینگەکانی ژیانی کۆمەڵگا و تاکەکانی کۆمەڵ هەم بڕیاری بۆ دەدرێت و هەمیش تاوتوێ دەکرێت. هەربۆیەش ئەوانەی کە نوێنەری تایبەتی خۆیانیان لە جێگا بڕیاردەرەکاندا نەبێت ناشتوانن کاریگەرییان لە سەر بریارە گرنگەکانی تایبەت بە ژیانی خۆیان هەبێت؟ گرینگی چالاک بوونی ژنان لەم بەشەی ژیاندا پێویستییەکی حاشا لێنەکراوە، چوون لێرەدایە کە ژنان کاریگەریان ئەبێت لە سەر یاسای وڵات و ئەتوانن یاسای تایبەت بە خۆیان بگونجێنن کە بتوانێت داکۆکیکاری مافەکانی ئەوان بێت. پرسی یەکسانی ئەبێت بکرێت بە پرسێکی یاسایی کە یاسا بەرپرسیار بێت لە داکۆکی لیکردنی و هەروەها گونجاندنی لە کۆمەڵگادا و ئەوانەش کە سەرپێچی لە بەڕیوەبردنی بکەن یاسا بەرپرسار بێت لە سزا دانیان. کەواتە مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن بابەتێکی یەجگار جێگای سەرنج بووە لە بزووتنەوەی ژناندا هەر لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ و ئێستاش ئەو پرسە لە هەندێک جێگادا هێشتا مەسەلەیە و پێویستە کاری بۆ بکرێت.

یەکسانی ئابوری! ئەم بەشەش یەجگار بابەتێکی گرینگە بۆ ئەوەی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا لە کۆمەڵگادا بەرەوپێش ببات. سەربەخۆیی ئابووری ئەتوانێت یەکیک لە باشترین هۆکارەکان بێت کە بتوانێت مسۆگەری یەکسانی بکات لە کۆمەڵگادا، چوون ئەگەر ژن لە باری ئابورییەوە سەربەخۆ بێت ناچار نابێت توندووتیژی مێرد، باوک و برا قەبووڵ بکات. کۆمەڵێک لە ژنان لە بەر ئەوەی کە پیاوەکان خواردن و جلوبەرگیان بۆ دابین بکەن، ناچارن چاوپۆشی لە توندووتیژییەکانیان بکەن. بۆ نموونە، ژنێک کە هاوسەرەکەی ژنی دووەمی بە سەر دێنێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕازیبوونی یان مانەوەی لە گەڵ مێردەکەیدا هەر نەبوونی سەربەخۆیی ئابورییە. هەربۆیە زۆر گرینگە کە سیستمی هەر وڵاتێک کاری زۆر بکات بۆ درووست کردن و دابینکردنی جێگای کار بۆ ژنان. لە هەمانکاتدا، زۆریش گرینگە کە ژنان بۆ کاری وەک یەک لە گەڵ پیاوان موچەی وەک یەک وەرگرن، و بەشێکی دانبڕاوە لە خواستی سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان.

مافی وەرگرتنی میرات! هەبوونی مافی وەک یەک لە دابەشکردنی موڵکوو میراتیش یەکێکی دیکەیە لە خواستەکانی ژنانی خوازیاری یەکسانی ژن و پیاو. وەک ئاگادارین، ژن لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا لەم مافە بێبەش بووەو چ وەک کچ لە بنەماڵەکەیدا لە گەڵ براکەیدا مافی یەکسانی نەبووە لە وەرگرتنی میراتدا و هەمیش لە کاتی جیابوونەوەی لە گەڵ مێردەکەیدا و ماڵودارایی هەموو بۆ مێردەکەی بە جێماوە و ئەمیش بێ وەرگرتنی هیچ داراییەک ماڵی مێردی بە جێ هێشتووە و هەتا دوای جیابوونەوەی لە دیتنی جگەرگۆشەکانیشی بێبەری بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئەو کۆمەڵگایانەدا کە ژن لە دەرەوەی ماڵ کاری نەکردووە، بەڵام لە بەڕێوەبردن و بەخێوکردنی منداڵەکانیدا ڕەنجی زۆری کێشاوەو تەواوی کاتی خۆی ڕۆژانە بۆ کاری ماڵەوەو بەخێوکردنی منداڵەکانی تەرخان کردووەو پیاوی ماڵەوە بە تەواوی شانی لە ژێر ئەم ئەرکە قورسەدا خاڵی کردوە. ئێستا لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیادا ژنان ئەو کارانەیان وەک کاری دەرامەتداری پیاوان بۆ لە بەرچاو دەگیرێ. یان ئەوەی کە مەودای کار ڕەخساوە بۆ ژنان و هەر هەمان ئەو کارانەی کە ژنانی ئێمە ڕۆژانە پێیەوە هیلاک دەبن و وەک بێکاریش چاویان لێ دەکرێ، بۆ ژانان و کۆمەڵگا کراوە بە کاری ڕەسمی و دەرامەتدار، لە فۆرمی باخچەی منداڵان، خانەی پیران و بازاڕی ڕستوقرانەکانی قەرەباڵخ و پڕدەرامەت کردووە. لە کاتێکدا ژنان لە پێشوودا ئەمکارانەیەن بێ هەبوونی هەقدەست ڕادەپەڕاند.

لێرەدا کورتی دەکەمەوە و دەڵێم ئەوەی کە من ئاماژەم پێدا بەشێکی کەم لە داخوازییەکانی ژنانی یەکسانیخوازن، کە ژنان کاریان بۆ دەکەن و هەوڵ ئەدەن بۆ بە دەستهێنانیان. هەروەها خەباتی ژنان خەباتە بۆ ئازادی و نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان و، هەرگیز خەبات نیە بۆ کۆمەڵگایەکی ژن سالار یان دژی پیاوان، بەڵکوو ئێمە پێمان وایە کە ئەو نایەکسانیانەی نێوان ژن و پیاو زیاتر ژن و پیاوی لە یەکتر دوور ڕاگرتووەو بوە بە هۆی درووست بوونی پەرژینی گەورەو قایم بە دەوریاندا کە نەیهێشتووە لە یەک نزیک بنەوەو زیاتر تێگەیشتنیان بۆ یەک هەبێت و یەکسانی ئەبێتە هۆی پچڕاندنی ئەو پەرژینە و بە قازانجی خودی پیاوانیشە.

تووبا ئەلیاسی {jcomments off}١٥.٤.٢٠١٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی