وتارێک لە روی بێزاریەوە
دلشاد جەمشیدی
پێش لە پێشەکی: با کاک سدیقی کەبودوەند و ویستەکانو خەمەکانی لە یاد نەکەین. ئەگەر لەسەر کێشەکانی رۆژ دەنوسین با خەمە گەورەکەو ترسە گەورەکەی ئەورۆمان لە یاد نەچێتو لە دێرێکدا بنوسین کە سدیقی کەبودوەند باوکی مافی مرۆڤی کوردستان لە مەترسیدایە.
______________________________
پێشەکی: ئەوەی لێرەدا دەدرێتە بەر باس نە گروپی هەلوێستەو نە بەرێز رامبۆدی لۆتفیپور دامەزرێنەرو بەرێوەبەری گروپەکە، نە رەوتی رێفۆرمەو نە ئەو دۆستانە کە ئەوکات داخوازیە چەند خالیەکەیان رادەستی کاک مستەفا هیجری کرد، لێرەدا ئاور لە جۆرێکی پیس لە سیاسەت کردن ئەدرێتەوە کە لە ناو ئێمەدا “دێموکراتەکان” خەریکە جێخۆی ئەکاتەوەو بەداخەوە خەریکە ئەبێت بە بەشێک لە هەلسوکەوتی کۆمەلایەتیمان. ژێر پێخستنی گشت شتێک بە ئەرزش “بەها”و نا ئەرزشەوە لە پێناو گەیشتن بە مەرامەکانمان دەروات دۆخێکمان بەسەردا زال بکات کە متمانەو ئەرزشە ئیخلاقیەکانو جەوهەرەکانی مرۆڤایەتی تێدا بوونیان نییە. لێرەدایە کە گشت لایەکمان دەبێت بترسینو بەر لە بە حاکم بوونی ئەو دۆخە مەترسیدارە متمانەو ئەرزش بۆ بەستەری سیاسەت کردنی دەرون تەشکیلاتی بگێرینەوە کە ئەگەر جگە لەوە بکەین لە فەوتان کەمتر هیچمان دەست ناکەوێ.
شەش سال بەسەر جیابوونەوەی دوای کۆنگرەی 13ی حدکادا تێپەری، شەش سال بەس بوو “برێک زیاتر لە بەسیش” بۆ ئەوە کە هەردوولا و خەلکی کوردستانی رۆژهەلاتیش بەو راستییە بگەن کە بێیەکو لە بەزمی دوو دێموکراتیدا مانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ ئیمکانی نییە.
داواکاری خەلک، وەخۆهاتنەوەی بەدەنەی هەردوولا، قسەی خێری ئەملاوئەولاو بگرە چەند فاکترێکیتریش پالپێوەنەر بوون کە، کاک مستەفا هیجری لە لێدوانێکی چاوەروانکراودا رابگەینێت کە حیزبەکەی (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) ئامادەیە لە رێگای دیالۆگەوە کێشەکانی لە گەل بالی جیابووەوە چارەسەر بکاتو تەنانەت کار بۆ یەکگرتنەوە بکرێت.
قسەکانی هیجری چەندە توانیان بەدەنەی یەکگرتوخوازو خەلکی لایەنگری یەکبوون دلخۆش کات بە داهاتویەکی سەرکەوتوتر، بە پێچەوانەکەیشیەوە دژبەرانی یەکگرتنو یەکمال بوونی حیزبی دێموکراتی تورەو نائۆمێد کرد.
قسەکانی کاک مستەفاو بەرداشتێکی هەلەی بەدەنەی حیزب لە دەسەلاتی کەسی یەکەمی حیزبو ئاگادار نەبوونی بەدەنە لە چۆنیەتی دابەشبوونی دەسەلات لە رێبەراتیداو زۆر شتیدیکەش کە جارێ مەجالی باس کردنیان نییە وایان کرد کە یەکگرتنخوازان لە هەردوولا باسی یەکگرتن بۆ کاک مستەفاو هەولەکانی دواتری بەجێبهێلنو چاوەروانی ئاکامی لێدوانەکانی بن.
بەدەنەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداری چالاکانەی لە کۆنفرانسەکاندا، بە وروژاندنی باسی یەکگرتنەوەو دەنگدان بە پەسەندکراوگەلێک کە خوازیاری یەکمالیو یەکبالی حیزبەکەیان بوون، بە دیاری کردنی نوێنەرگەلێک کە لایەنگری یەکبوون بوون رایگەیاند کە دوو دێموکراتی پرۆژە یا ئەزمونێکی شکستخواردوی زیانبەخشە بۆ گشتایەتی حیزبی دێموکراتو دەبێت خالێکی کۆتایی بۆ ئەم جەفەنگە سیاسیە دابنرێ.
تا ئێرە ئیرادەو هێزی دێموکراسیو بریاری جەمعی هەر وا کە بریارەو پەیمانێکیشە کە وەک کەسانی دێموکرات لەسەری رێکەوتوین بالادەستەوە دور لە چاوەروانیش نییە کە سکرتێری حیزبیش لێدوانێکی وا بدات کە ئاوێنەی ویستو داخوازی زۆرینەی ئەندامانی حیزبەکەی بێت.
کاردانەوەکانی دواتری دژبەرانی یەکگرتنەوەی دوو بالەکەی دێموکراتو کۆبوونەوەی شاراوەیان لە گەل یەک یا دوو ئەندامی لایەنی بەرانبەر لە هەولێرو مەولێرو دزە کردنیان لە ناو تەشکیلاتی هاورێیانی دوێنیاندا وەک دزەیان لە قەرارگای رەمەزانی کۆماری ئیسلامی لە سلێمانیدا کردبێو دواتر شانۆسازی “هێنانە سەر تیشکتیڤی کاک رامبۆد” دەریخست کە یەکگرتنەوە و یەکنەگرتنەوە لایەنگری جیدی خۆیان هەیە کە ئەگەر بەرانبەر یەک راوەستن کارەسات دەخۆلقێنن، یەک بە چەکی دەنگو دێموکراسیو پەیمان ئەویتریش بە چەکی تاریکەشەوانو کۆبوونەوەی شاراوی مالانو پارەو…
نە تەنیا مستەفا هیجریو ویستەکانو لێدوانەکانی بەلکو هەموو مێژووی حیزبی دێموکراتو سەروەریەکانی دەخرێنە ژێر لاقی ویستی دەسەلاتو مانەوە لە دەفتەر سیاسیدا، با کاک رامبۆد بوەستێ کە نە وەک بێرێزی وەک وتەیکی بە نرخی ئەو دۆستانە کە ئەورۆ بەرەولایان بووەتەوە “تەنیا بۆ نیگابانی پایگای عەلیئاوا باشە”! (ئەمە قسەی من نییە بیر خستنەوەیە)”!
بەداخم کە کاک مستەفا هیجری لە ژێر کاریگەری لیستە دەستکردەکەی فلانە ئەندامی دەفتەر سیاسیدا کە بە دۆستانی گروپی هەلوێست درابوو “121 کەسەکە” لە دوورەوە موافقەتی لە گەل دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە کرد کە دواتر بە ناوی بەیاننامەی دەفتەر سیاسیەوە بۆ رای گشتی بلاو کرایەوە. بەداخیشم کە نەوشیروان مستەفا وتەنی “درۆو دراو” هێشتا بەرگی بەرەندەن.
تۆی ئازیز کە شاگەشکەیت بە هاتنەوەی گروپی هەلوێست دلگیر مەبە کە دەلێم گشت گروپەکە دوو نەفەرو لەتێک بوو، بەوە دلگیر بە کە دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وا سوکو سەلیم بووە کە بۆ لە دەم دانی کەسی یەکەمی تەشکیلاتەکەی خۆی “کاک مستەفا هیجری” بەیاننامە دەر ئەکاتو. بەوە دلگیر بە کە کورسی دەفتەر سیاسیو خۆلیاکانی کەس یا دوو کەس وا ئەو حیزبە گەورەیان زەلیل کردووە کە بۆ جاسوسبگیری لە ناو پارتێکی براو دۆستو هاوبیرو باوەردا شادی ئەگێرێ.
وردەکاریو لایەنە شاراوەکانی ئەم خەباتە ژێرزەمینیەو سیاسەتە چەوتو نابەرپرسانەی ئەو دۆستانەمان لە دەفتەر سیاسی حیزب لەوە زیاتر هەلدەگرێو لە رۆژانێکدا کە بەرەو بەستنی کۆنگرەی پانزدەهەمی حیزبەکەمان دەچین باشترین و کاریگەرترین کاردانەوەی یەکگرتنخوازانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەت کاک مستەفای هیجری… تەنیاو تەنیا بەرۆژ کردنەوەی باسەکانی پەیوەندیدار بە یەکگرتنەوەی دوو بالی دێموکراتە نە هیچیتر.{jcomments off}