"an independent online kurdish website

حیزبی دێمۆکراتم خۆش دەوێ بە قەد هەموو رابردووم ،بە رادەی هەموو شەهیدەکان..خۆشم دەوێ لەبەر ئەو ڕووبارە خوێنەی لەبەری رۆیوە.خۆشم دەوێ سەبارەت بە و گشتە فیداکاری و قوربانی دانەی لە پێناوی دا کراوە.خۆشم دەوێ لەبەر گەورەشەهیدانی وک قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی . ahmad_sherbegi_2y_2010_

بەڵام ئەگەر داهاتووی کوردستانمان لەبەر چاوە با پێ لە هەڵەو عەیبەکانی خۆمان بنێن . با لەگەڵ خۆمان و لە گەڵ ویژدانمان ڕاستگۆ بین ،با چاو لە ئاست راستی یە تاڵەکان نەنووقێنین. دوێنی 23 ساڵەی ساڵرۆژی شەهید بوونی رێبەری زانا دوکتور قاسملوو و هاورێکانی بوو دیتمان و شاهید بوین کە ئەم ڕۆژە ‌تاڵە بەبێ دەنگی لە لایەن کۆمەڵانی قاسملوو خۆشەویستی کوردستانەوە تێپەڕیی.

تۆ بڵێی خەڵک پشتیان لە ڕێبازی قاسملوو کردبێ؟ تۆ بڵیێ خەلکی کوردستان دەست بەرداری مافو ئازادی یەکانی خۆیان بن و لە خەبات وازیان هێنا بێ و بە چۆکدا هاتبن؟ با دەمارگرژی وەلانێین و بیرێک لەو چارەنووسە ڵێڵ و تەماوی یە بکەین کە بە سەر ڕوخساری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هەردووباڵی دێمۆکرات کشاوە،مەسەلێکی فارسی هەیە دەڵی: دۆست ئەوەیە بتگرێنی ،دوژمن ئەوەیە بتکەنێنێ. با بە وتەیەکی مێژوویی شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو لە سەرپێگەی حیزب لە نێو کۆمەڵانی خەڵک دا بچینە ناو باسەکەوە. شەهیدی ڕیبەر قاسملوو ی نەمر دەفەرموێ:

”ئێمە ئەگەرئەمرۆ بەوئاستە لەخۆشەویستی و پرستیژ لە ناو خەڵکی خۆمان دا گەیشتووین لە بەر ئەوەیە لەناو خەڵک داین وپێشەنگی خەباتین، خەلک پێشمەرگە لە باوەشی خۆی دەگرێ و لە خۆی دەزانێ و پێشمەرگە وەکوو ماسی وایە لە نێو دەریای ئەم خەڵکە دا.”..

بەڵام ئێستاش وایە؟ ئەوە نیزیک بە دوو دەیە حیزبی دێمۆکرات کەسەردەمانێک ڕووگەی خەڵکی کوردستان بوو لە دەریای ئەم خەڵکە دابڕاوە و هیچ پێوەندێکی بە کردەوەی بەم خەڵکەوە نەماوە. لە دەرد و مەرگ و ژان و ئازارەکان و خواستەکانی ئەوکۆمەڵگایە دا بێخەبەرە و دوور کەوتۆتەوە . گەلۆ دەبێ بە چ هومێدو دڵخۆشی یەک و چ ئاکارێکی شیاو وخەڵک پەسەند ئەو چاوروانی یەمان لەو خەڵکە هەبێ وەدوای سیاسەت و بانگەوازەکانمان کەون .

بە سەرلێشواندنی خۆمان خەڵکیشمان تووشی سەرلەشێواوی کردوە ،ئەو خەڵکە روو لە کامە یەک لەو دوو دێمۆکراتە بکا؟ هیچ گومانم لەمەدانییە کە خەڵک بە ڕاستی زگیان بەو حاڵە پەرێشان و دەستەوەستانی یەی حیزبەکانی ئێمە دەسووتی. جاران ئەگەر حیزبی دێمۆکڕات خۆشەویست و جێگای ناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکەکەی بوو بە هۆی پێشرەو بوون وپێشەنگیی لە خەباتی بێپسانەوە و لە دڵەوەی کادرو پێشمەرگە گیانباز و فیداکارەکانی یەوە بوە .

بەڵام ئێستا خەڵک بە هۆی پێگەیشتوویی و تێگەیشتووی و چوونە سەری پلەی شعووری سیاسی ،حیزبە کانیان کردۆتە پاشکۆی خۆیان،ئیدی بێزار و ماندوو بوون لەو هەموە خۆ بەزلزانی و لووت بەرزی یەی حیزبە پارچە پارچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان .

حیزبی دێمۆکرات ئەگەر ئێستا تۆزقاڵە پێگەیەکی لە ناو خەڵکی وڵاتەکەی دا مابێ تەنیا باری ئیحساسی و نۆستالژی یە و بە خاتری ئەو رابردوویە پڕشنگدارەی شەهیدە سەربەرزەکانی یەتی . بە خۆشێوە خەڵکی کوردستانی ئێستا لەگەڵ خەڵکی سی ساڵ لەمەوپێش سەرەڕای ئەوەیکە لەگەڵ فشار و زەخت وزۆرێکی لەڕادەبەدەری دەزگا داپلۆسێنەرەکانی کۆماری پەت و سێداری ئاخۆندی بەروەروون جیاوازێکی زۆریان هەیە و ڕادەی وشیارییان زۆر لە سەرێیە ،.کە واتە کۆمەڵگایەک کە رادەی وشیاری و تێگەیشتنی بەم رادەیە بێ باش دەزانێ چۆن هەڵسو کەوت لە گەڵ هەل و مەرج بکات..

ئەمە کە لە رۆژێکی ڕەش و تاڵی ئاوا دا خەڵکی دڵبریندارو بەپەرۆش بیدەنگی هەڵدەبژێرن وبەرەپیری بانگەوازەکانی هیچکام لە دێمۆکراتەکان ناچن دەبێ هەڵگری چ پەیامێکی ئاشکرا بێ بۆ سەرانی لە خۆبایی دێمۆکراتەکان؟مەگەر ئەو خەڵکە هەمان خەڵکی ساڵانی پێشوو نین کە لە جەریانی شەهیدکرانی شوانەی سەید قادر و جەریانی لە سێدارەدانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی کوردستانیان خرۆشاند و رێژیمی کۆماری ئیسلامیان تووشی هەراس کرد؟

ئەوانە مەگەر هەر ئەو کچ و کورانەی دوێنێ نین کە سینگیان له‌ راست داگیر که‌راندا ده‌کرده‌ قه‌ڵغانی گولله‌ ،هەر هەمان ئەو بازاری یە بوێرانە نین کە دوکان وبازاریان یه‌ک به‌ر دادەخست و ئه‌و رۆژه یان بۆ داگیرکەرانی کوردستان دەکردە دۆزەخ؟ ئه‌وه‌ی دوێنی کرا هه‌ڵوێستی خه‌ڵکی توره‌یه‌ ، وەڵامێکی پر بەپێستە بۆ ئه‌وانه‌ی پشتیان لە ویستی خه‌ڵک کردوە، ئه‌وه‌یه‌ ڕقی شوڕشگێڕانەی جه‌ماوه‌ر، رێژیم ساڵانی ڕابردوو لە ترسی خرۆشی خه‌ڵک له‌و رۆژه‌دا هەموو شارو شارۆچکەکانی بە هیزە سەرکووتکەرەکانی دەتەنی و باری نائاسایی و حکوومەت نیزامی رادەگەیاند ،بەڵام ئەمسال لەبەر بێ ئاسۆیی حیزبە پەسیوەکانی رۆژهەڵات و لەبەر دووبەرەکی و شەڕە کورسی ئەرخەیان لەوەی کە هیچ بەرهەڵەست و ڕاپەرینێک لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە نایەتە ئاراوە ،پاڵی لێدایەوە و بە بزەی دزێوانەی سەر لێوی سەرلەنوێ داخی برینی قاسملوویان لێ زیندوو کردینەوە.

پەیامی روون وئاشکرای ئەوکاتی خەڵک بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەو ڕاگەیاندراوە هاوبەشەی ئەو حیزبانە بوو کە بەو بۆنەوە بانگەوازیان بۆ دا. ئەو تۆزقاڵە بەیەکەوە بوونەی لاینەکانی کوردی بوو بەهۆی هۆمێد و دڵگەرمی بە جۆرێک ئەم راپەڕینە بەرینەی جەماوەری خەڵکی کوردستان لێکەوتەوە. ئەگینا کەس هەیە لە رۆژێکی ناخۆش و تاڵی وەک 22ی پووشپەڕ دادڵی ئاور نەگرێ و جەرگی کزەی لێهەڵنەستێ و چاوەکانی پر نەبێ لە فرمێسک ونەفرەت لە بکوووژان و لەڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەکات؟

دڵنیابن هەتا ئاوا دژ بەیەک و شەرە جنیو بە یەکتری بن ئەم خەڵکە وشیارە نەتەنیا هیج وەڵامێکی ئەرێنیتان پێ نادەنەوە بەڵکوو بە سیاسەتی بێدەنگەو بایکۆتکردنتان ئاوا تەنبێتان دەکەن . سووربزانین تەنیا زەرەمەند ئێوەن و زەحمەت بە خەسار هەر ئێوەن.

هەرکەسێک تۆژقاڵێک لە ئەلف وبێی سیاسەت بزانێ دەزانێ ئەمڕۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆتە بۆشکەیەکی باڕووت و ئەلحان نا ئەلحان ئەگەریی تەقینەوەی هەیە. پێمان ناڵێن لەم هەل و مەرجە هەستیارەدا بە چ یەکگرتنو یەکێیتی یەک، بە چ ئیتفاق وپلاتفۆرمێک و بە چ پوتەنسیەل و هێز وتوانایەک ئێوە وەک پێشڕەوانی ئەم گەلە دەتوانن ئەم هەلە لە قازانج و بەرژەوەندی یەکانی گەلی کورددا بقۆزنەوە؟ ئایا پێتان وایە بەم پڕش و بڵاوی یە دەتوانن کەشتی سەرگەردانی شوڕش لەنێو تۆفانی ئۆقیانووسی پر لە گۆنگەڵی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بگەیەنە بەندەری ئاسوودەیی؟

ئێوە(هەردوولاباڵی دێمۆکرات) کە خۆتان بە ڕێبەریی ئەم خەلکە دەزانن چ دەکەن بۆ ئەوەی متمانەی سەر لە نوێی ئەم خەڵکە بەدەست بێننەوە؟

لە فەیسبۆگی کاک ئەحمەد شێربەگی وەرگیراوە {jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی