"an independent online kurdish website

سەرۆكی لیژنەی نەزاهە لەئەنجومەنی پاریزگای دیالە: ئێران لە هەر ساڵێكدا نزیكەی‌ پێنج ملیار دۆلار لە پارەی نەفتخانە دەباتnewt_iran

سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین: بەهۆی سیاسەتی شەهرستانیەوە تا ئێستا بڕی ئەو نەوتەی لەخانەقین دەردەهێنرێت و رەوانەی بۆڕییەكانی نەوتی عێراق دەكرێت نەزانراوە

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە: شەهرستانی رێگری‌ لەدروستكردنی‌ پاڵاوگەی‌ نەوتی‌ خانەقین دەكات

 بەهۆی هەوڵە بەردەوامەكانی ئێران لەدەرهێنانی نەوتی زیاتر لەبیرە نەوتییەكانی نەفت شەهر، كە یەكێكە لەكێڵگە هاوبەشە نەوتییەكانی سنوری نێوان عێراق و ئێران، ئەگەری وشكبوونی 42 بیرە نەوتی كێڵگەی نەفتخانەی قەزای خانەقین هەیە، سەرۆكی لیژنەی نەزاهە لەئەنجومەنی پارێزگای دیالە ئاماژە بەوە دەكات، ئێران رۆژانە دە هەزار بەرمیل نەوتی‌ نەفتخانە دەبات، كە كۆی‌ گشتی‌ پارەی‌ ئەو نەوتە دەكاتە نزیكەی‌ پێنج ملیار دۆلار لەهەر ساڵێكدا.

خانەقین شارێكی كوردستانییە كەوتۆتە باشووری كوردستان، قەزایە و تائێستا سەر بەپارێزگای دیالەیە‌. رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق سیاسەتی تەعریبیان تێدا جێبەجێكرد، پێش رووخانی رژێمی سەددام، ژمارەی دانیشتووانی خانەقین بۆ 25 هەزار كەس كەمببووەوە، بەڵام ئێستا ژمارەی دانیشتوانی رۆژ لەدوای رۆژ زۆرتر دەبێ، بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی ژمارەی دانیشتوانی بۆ 175هەزار كەس بەرزبووەتەوە. سنووری ئیدارەی خانەقین لەنێوان هێڵی پانیی (Latitude 343469 N) و هێڵی درێژی (Longitude 454006 E). رووبەر‌ی ئیداریی 3915 كم٢ و بەرزایی‌ لەئاستی دەریاوە ٢٠١ مەتر‌.
كێڵگەی نەفتخانە، كۆنترین كێڵگەی دۆزراوەی عێراقەو بەیەكێك لەكێڵگە هاوبەشە نەوتییەكانی سنوری نێوان عێراق و ئێران دێتە ئەژماركردن، ئێران بەم كێڵگە نەوتیە لەسنوری خۆی دەڵێت كێلگەی (نفت شەهر)، ئەو بەشەی كە دەكەوێتە سنوری عێراق لەسەردەمی بەعس ناونرابوو (نفت سەدام)، بەڵام ناوی سەرەكی كێڵگە نەوتیەكە (نەفتخانە)یە، درێژایی ئەم كێڵگەیە لەناو خاكی عێراق 16 كیلۆمەترەو پانییەكەی 32 كیلۆمەتر لەباشووری خانەقینەوە دوورە، سەرەتای دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1927 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانیەوە.
یەكەم بیری ئەزموونی ئەم كێڵگەیە لە26/5/1923 لێدراوە، لەساڵی 1927ەوە وڵاتی عێراق دەستی بەبەرهەمهێنان لەم كێلگەیە كردووە، هەرچی وڵاتی ئێرانە لەساڵی 1935 ەوە لەبەشی ئێرانی ئەم كێلگەیە نەوت بەرهەم دەهێنێت. بەپێی زانیارییەكان لەساڵی 1923 تاوەكو پێش پرۆسەی ئازادی عێراق ژمارەی بیرەكانی كێڵگەكە گەیشتە 38 بیر، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی عێراق سەرجەمی بیرەكانی كێڵگەكە گەیشتە 42 بیرە نەوت لەكێڵگەی نەفتخانە.
بەڵام هەرچی وڵاتی ئێرانە ئەم كێلگە نەوتیە كە عێراق بەنەفتخانە ناوی دەهێنێت، ئێران پێی دەڵێت (نفت شهر) و بەیەكێك لەكێلگە نەوتیە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران دێتە ئەژماركردن. نەوت شەهر دەكەوێتە 100 كیلۆمەتری باكووری رۆژئاوای پارێزگای ئیلام و 225 كیلۆمەتری باشووری رۆژئاوای پارێزگای كوردنشینی كرماشان و 60 كیلۆمەتر لەشاری قەسری شیرین دوورە، كە دەكەوێتە سنوری عێراق و ئێران، ئەم كێڵگەیە مێژووی دۆزینەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1923، لەساڵی 1935 دەست بە بەرهەمهێنانی تێدا كراوە، لەئێستادا ئەم كێڵگە نەوتیە تەنیا كێڵگەی نەوتی پارێزگای كرماشانە كە نەوتی لێ دەردەهێنرێت، خاوەن 692 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگە، رۆژانە لەئێستادا 10 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەهێنرێت.
ژمارەی‌ بیرەكانی كێڵگەی نەفتخانە 42 بیرە نەوتە، ئەو بیرە نەوتییانە لەگەڵ بیرە نەوتییەكانی‌ نەفتشا لەوڵاتی ئێران لەیەكەوە نزیكن و یەك حەوز‌ و سەرچاوەیان هەیەو شادەماریان یەكە، بۆیە بەهۆی كارنەكردنێكی زانستی لەبیرە نەوتیەكانی نەفتخانە، كاریگەری خراپی كردووە، بۆ ئەوەی كە نەوتی نەفتخانە بەهۆی بەرزی لەئاستی كێڵگەی (نەفت شهر)ی وڵاتی ئێران، بۆیە رێژەیەكی زۆر لەنەوتەكە كاریگەری زۆری هەبووە لەزیادبوونی نەوتەكەی نەفت شەهر (نفت شا)، لەئێستادا رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەهێنرێت.
قەزای خانەقین بەیەكێك لەشارە دەوڵەمەندەكانی عێراق لەبواری سامانی سروشتی و بەتایبەت نەوت دێتە ئەژماركردن، كە جگە لەكێلگەی نەوتی نەفتخانە خاوەن چەند كێلگەیەكی دیكەی وەك كێڵگەی نەوتی ناودومان و كێڵگەی جریپیكە و كێڵگەی چیاسورخ، بەڵام ئەم كێڵگە نەوتیانەی خانەقین لەسەرەتای ساڵی 2011 بەبڕیارێكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕووی ئیدارییەوە لەكۆمپانیای نەوتی باكوور جیاكرانەوەو بەكۆمپانیای نەوتی ناوەڕاستەوە لكێنراوە.
بەپێی زانیارییەكان لەساڵانی ڕابردوو بەهۆی دژایەتیە بەردەوامەكانی وەزیری نەوتی پێشووی عێراق، حسێن شەهرستانی ڕێگە نەدراوە كە پاڵاوگەی نەوت لەخانەقین دابنرێت، هەرچەند سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین بێئاگایی خۆی سەبارەت بەبڕی دەرهێنراوی نەوت لەكێڵگە نەوتیەكانی خانەقین دەردەبرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لەئێستادا رۆژانە شەش هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەكێڵگەكانی دیكەی خانەقین دەردەهێنێت و رەوانەی بەغداد دەكرێت.
لەئێستادا ئێران و عێراق لەسەر هێلی سنوری نێوانیان خاوەن هەشت كێڵگەی هاوبەشی نەوتن، كە رێژەیەكی زۆر نەوتی یەدەگیان هەیە، كە رێژەكەی بەپێی ئامارە ناڕەسمیەكان دەگاتە 14میلیارد بەرمیل نەوت، كە بەشێوەیەكی گشتی وڵاتی ئێران باس لەوەدەكات، 9%ی نەوتی یەدەگی ئێران دەكەوێتە سنوری نێوان عێراق و ئێران.
ئامارە ناڕەسمیەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە تائێستا كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران 200 ملیۆن نەوت لەكێلگە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و ئێران بەرهەمهێنراوە لەماوەی سەدەی رابردوو، كە لەئێستادا بەشێوەیەكی بەردەوام ئێران لەكێلگە هاوبەشەكانی لەگەڵ عێراق بڕی 115 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەردەهێنێت.
عێراق خاوەن هەشت كێلگەی هاوبەشی نەوتە لەگەڵ وڵاتی ئێران، بەڵام بەهۆی باری ناجێگیری سیاسی وڵاتی عێراق و بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای ئاست بەرز لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە بەشێوەیەكی بەردەوام كاری لەكێڵگە هاوبەشەكان كردووەو بەقازانجی خۆی كاری لەسەر كردووە، كە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئێران رۆژانە 20 ملیۆن دۆلار نەوتی عێراقی بەقازانجی خۆی بردووە، كە ساڵانە دەكاتە 7 ملیاردو 200 ملیون دۆلار، كەبەپێی وتەی سەرۆكی‌ لیژنەی‌ نەزاهەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ دیالە، ساڵانە لەلایەن ئێرانەوە بای‌ پێنج ملیار دۆلار نەوتی‌ نەفتخانە دەبرێت.
لیژنەی بەرگریكردن لەبەرژەوەندیە گشتییەكانی خانەقین ساڵی رابردوو سەبارەت بەپشتگوێخستنی نەفتخانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و دژایەتیەكانی حكومەتی عێراق بۆ شاری خانەقین، بەیاننامەیەكی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق و كوردستان كردووە، كە تێیدا هاتووە “ئێوە بەرپرسن لەپاراستنی ماڵ و حاڵ و زەوی و سامانە سرووشتییەكانی كوردستان، بۆیە داواتان لێدەكەین بەزووترین كات هەوڵ بۆ پاراستنی نەفتخانە و بایەخ بە پڕۆژەی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانەكەی بدەن”.
لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكە هاتووە “كاربكرێت بۆ كۆتایی هێنان بەپەراوێزخستنی خەڵك و بەرژەوەندیەكانیان و توانای بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و گۆڕینی میلاكی كۆمپانیاكە لەمیلاكی نەوتی باكور بۆ نەوتی ناوەند، گۆڕینی ناوەكەی بۆ نەوتی دیالە”.
سەلام عەبدوڵلا، سەرۆكی لیژنەی بەرگریكردن لەبەرژەوەندییە گشتیەكانی خانەقین بە(سڤیل)ی راگەیاند “چەند جارێك لەڕێگەی بەیاننامەو كۆكردنەوەی واژوو ناڕەزاییەكانمان گەیاندووەتە حكومەتی عێراقی سەبارەت بەهەوڵەكانی ئێران بۆ بردنی نەوتی خانەقین لەلایەن ئێران”.
سەلام عەبدوڵڵا، باسی لەزانیاری ئەندازیارییەكی كورد كرد كە باسی بۆ لیژنەكەیان كردووە، كە گوتوویەتی لەڕێگەی نەوتی خانەقین و ئەو غازە سروشتیەیەی كە لەخانەقین دەتوانرێت كارەبای بەشێكی زۆری كوردستان دابین بكرێت.
لەساڵی 1927 بەدواوە خانەقین پاڵاوگەی تێدا بنیات نراوە بەناوی (پاڵاوگەی ئەڵوەند)ەوە، كەچی ئێران لەساڵی 1935 پاڵاوگەی كرماشانی دامەزراندووە. لەسەرەتادا بەرهەمی ئەم پاڵاوگەیە 4_7 هەزار بەرمیل بووە لەرۆژێكدا، بەڵام دوای بەرزبوونەوەی پێویستی ناوخۆ، بۆرییەكی 10 ئینجی لەنەفتخانەوە بۆ پاڵاوگەی ئەڵوەند راكێشراوە، بەڵام بەهۆی شەڕی ئێران و عێراق لەساڵی 1980 ئەم پاڵاوگەیە لەكاركردن راوەستا، لەدوای جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق ئەم پاڵاوگەیە لەموزایەدەكدا پاڵاوگەكەی بەبڕی 550 ملێون دینار فرۆشت.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە باس لەوەدەكات كە لیژنەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە چەند جارێك داواكاریمان بۆ وەزارەتی‌ نەوت بەرزكردووەتەوە، بۆ ئەوەی‌ پاڵاوگەیەكی نەوت لەقەزای‌ خانەقین دروست بكرێـت، بەڵام داواكە رەتدەكرێتەوە.
سەید تالب، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە(سڤیل)ی راگەیاند “لەلایەن شەهرستانییەوە رێگری‌ لەدروستكردنی‌ پاڵاوگەی‌ نەوتی‌ خانەقین دەكرێت، چونكە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لەئەنجومەنی پاریزگای دیالە مانگی 7ی ئەمساڵ بەنوسراوێك داویان كرد، كە پاڵاوگەی نەوت لەخانەقین دروست بكرێت”.
زیاد ئەحمەد، سەرۆكی‌ لیژنەی‌ نەزاهە لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ دیالە بە(سڤیل)ی راگەیاند “چەند كۆمپانیا ‌و وەبەرهێنەرێك ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دروستكردنی‌ پاڵاوگەی نەوت لەخانەقین، بەڵام حسێن شەهرستانی‌، جێگری‌ سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری‌ وزە گوتوویەتی نەك لەخانەقین، بەڵكو بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین پاڵاوگەی‌ نەوت لەتەواوی‌ پارێزگای‌ دیالەش دروست بكرێت”.
سەرۆكی لیژنەی نەزاهە ئەوەشی ئاشكراكرد كە كێڵگەی‌ نەفتخانەی‌ سەر بە قەزای‌ خانەقین كێڵگەیەكی هاوبەشە لەنێوان عێراق ‌و ئێران، لەدوای‌ پرۆسەی‌ ئازادیشەوە رۆژانە ئێران نەوت لەو كێڵگانە دەبات، گوتیشی “رۆژانە دە هەزار بەرمیل نەوتی‌ نەفتخانە لەلایەن ئێرانەوە دەبرێت، كە كۆی‌ گشتی‌ پارەی‌ ئەو نەوتە دەكاتە نزیكەی‌ پێنج ملیار دۆلار لەهەر ساڵێك”.
فەرهاد حەمزە، شارەزای بواری نەوت بە(سڤیل)ی راگەیاند “لەكاتی شەڕی ئێران و عێراق بیرە نەوتیەكانی كێڵگەی نەفتخانەیان داخست و كاركردن تیاندا وەستا، لەساڵی 2000 كاركردن لەبیرەكان دەستی پێكردەوە تاوەكو رێژەكەی گەیشتە 42 بیرە نەوت، بەڵام لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق جارێكی دیكە كاركردن لەو بیرانە وەستاوەو ئێران بەبێ ئەوەی گوێ بداتە ڕێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكان بەشە نەوتی هەردوو دیو بۆ خۆی دەبات”.
سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین باس لەوەدەكات، حسێن شەهرستانی بەشێوەیەكی بەردەوام دژایەتی شاری خانەقین دەكات و رێگری دەكات لەدروستكردنی پاڵاوگەی نەوت لەخانەقین، چونكە پێش ماوەیەك داوای‌ دروستكردنی وێستگەیەكی كارەبای 750 میگاوات كارەبامان كرد، ئەو داوایەشی رەتكردەوە.
سەمیر محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین بە(سڤیل)ی راگەیاند “بەهۆی ئەو سیاسەتە مەركەزییەی كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و حسێن شەهرستانیەوە پەیڕەو دەكرێت تا ئێستا بڕی ئەو نەوتەی لەخانەقین دەردەهێنرێت و رەوانەی بۆڕییەكانی نەوتی عێراق دەكرێت نەزانراوە”.
سەرچاوەییەكی تایبەت بە(سڤیل)ی راگەیاند “پێشتر قایمقامی قەزای خانەقین و پارێزگای دیالە سەردانی كێلگە نەوتییەكانی خانەقینیان كردووە، بەڕێوەبەری گشتی كێڵگە نەوتیەكانی خانەقین بەبیانووی هەستیاری بابەتی نەوت، ئامادەنەبووە بڕی ئەو نەوتەی كە لەو كێڵگانەی خانەقین دەردەهێنرێت ئاشكرا بكات، بۆ پاریزگاری دیالە و قایمقامی شارەكە”.
سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، بێئاگایی خۆی سەبارەت بەبڕی دەرهێنراوی نەوت لەشارەكەی دەردەبرێت، گوتی “بیستوومانە كە نزیك بە 22 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لەو بیرە نەوتییەكانی دیكەی خانەقین دەردەهێنرێت”.
فەرهاد حەمزە، شارەزای بواری نەوت بە(سڤیل)ی راگەیاند “یەكێك لەخاسیەتە گرنگەكانی نەوتی ئەم كێڵگەیە ئەوەیە، كە نەوتێكی سووكەو رێژەیەكی زۆر كەم گۆگردی تێدایە، هەر بۆیە بەنزینی فڕۆكەی لێ بەرهەمدەهێنن”.
شارەزاكەی بواری نەوت ئاماژەشی بەوە كرد، كە بیانوەكانی حكومەتی عێراق بۆ دروستنەكردنی پاڵاوگەی نەوت لەخانەقین راست نییە، كە باس لەوەدەكات، كە گوایە بەرهەمی كێڵگەكانی خانەقین كەمە و پێویستی بەپاڵاوگە نییە، بەڵكو لەڕاستیدا بەرهەمی كێڵگەكەی نەفتخانە كەم نیە، بەڵكو فاكتەری سیاسی هەیە پاڵیان پێوەدەنێت پاڵاوگە لەخانەقین نەكەنەوە، “ئێران سودمەند دەبێت ئەو نەوتە ژێر بەژێر بۆ خۆی دەبات”.
ئەندازیارێكی كورد لەكێڵگەی (نەوت شەهر)ی وڵات ئێران، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە(سڤیل)ی راگەیاند بەهۆی بەردەوامی كاركردنی ئێران لەكێڵگەی نەوتییەكانی ئێران و لەكێلگەی (نەوت شەهر) بەبەردەوامی و ئەگەری وشكبوونی 42 بیرە نەوتی كێلگەی نەفتخانە هەیە، چونكە ئەو كێڵگەیەكی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتە و ئێران تازەترین ئامێر بەكاردەهێنی لەڕاكێشان و دەرهێنانی زۆرترین نەوت لەو كێلگەیە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی سڤیل

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی