"an independent online kurdish website

ساڵی 1365 ی هەتاوی لە جێگری بەشی ماڵی کۆمیتە شارستانی پیرانشارەوە وەک کادری کۆمیتە ناوچەی لاجان دیاری کرام و لە بەهار دا لە سینەمۆکەوە  بە زنجیرێک فیشەکی زیادی و کەمێک خۆرما و حەڵوا و خەمیرددان و میسواک و سابوون و دەستێک لیباسی زیادیەوە بەرەو ناوچەی لاجان لە گەڵ هاوڕێیان وەڕێ کەوتین.sale_nelosi15

(خورماکان پێکەوە چەسپا بوون وەک بەردی وابوو ، منیش کە بە تەورێک ویستم بیکەمە چەند بەش ، قامکم وەبەری کەوت ولایەکی قامکم چوو کە ئێستاش جێگاکەی دیارە) ئەوانەی شارەزای قەندیلن، دەزانن کە وەسەرکەوتنی قەندیل، کارێکی ئاسان نیە و بەم هەمووە بارەی کە پێمان بوو، بەڵام بە بڕوای قایم و هیوا بە سەرکەوتن بە سەر دوژمنداو رزگاری کوردستان لە دەست داگیراکەراندا،  قەندیلمان بڕی ، چەندە وەسەرکەوتنی سەخت و ئارەقهێنەر بوو، ئەوەندەش چوونەخوارێ بۆ لای شێخ ئایش ئەویش بەم هەمووە بارەی پێمان بوو قورس بوو، چۆکمان ژانی دەکرد لەم سەربەرەژێریەدا.

 ئەوەندەی لە یادم بێت، کۆمیتەکانی لاجان و پیران و لکەکانی 3 و 4   کە نزیکەی 120 کەس دەبووین، وێگڕا وەڕێ کەوتین و دوای چەندین سەعات رۆیشتن و ماندووبوونێکی زۆر، شەومان لە سەر کانی نازاوا کردە رۆژ و شەوەکەی زۆرمان سەرما وەکەلەکەی کەوت، ئاگرمان کردبۆوە، بەڵام ئاگرەکە هەر لایەکی گیانمانی گەرم دەکرد و لایەکەی تر دەکەوتە بەر سەرمای ئەم کوێستانە فێنکەی قەندیل.

بۆ سبەی هێوارێ بەرەو گۆری دیلانان کە دەڕوانێتە سەر ناوچەی پیرانان وەڕێ کەوتین و لەوێ هەموو ئەو کیژ و کوڕە لاوەی کە بۆ کۆ کردنەوەی گیای بەهاری هاتبوون و دوای ماوەیەکی 6 مانگە یەکەم جار بوو کە دیسان چاویان بە پێشمەرگە دەکەوت کە لای ئەوان خۆشەویست بوو، زۆر خۆشحاڵ بوون و لە گۆڕی دیلانان کاک لوقمان مێهفەر بەرپرسی کۆمیتەی پیرانان قسەی بۆ کردن و تا بڕێک رۆژ درەنگ بوو، دواتر ئەوان بەرەو گوندی نەمنجێ وەڕێ کەوتن و دوای ماوەیەک ئێمەش بە دوای واندا وەڕێ کەوتین بۆ ئەوەی دوژمن فکری ئەوە نەکات و نەکەوینە بەر هێرشی تۆپخانەی رێژیم بە پەلە بەرەو دێ رۆیشتین .

وای لێ هات لە گەڵ کچان و کوڕانی کە بەرەو دێ دەگەڕانەوە تێکەڵ بووین، هەر کەسەو لە ئاست خۆی بەرەو دێ هەڵدەهات، رێگاکە سەر بەرەو ژێر بوو، هەموومان پەلەی چوونە ناو دێمان هەبوو. کچان و کوڕانی کە هاتبوون بۆ گیای شاخی ترسی توپ باران و تەقەی دوژمنیان هەبوو، زۆر کچی لاو کەوشەکانیان لە بن هەنگڵ نابوو و چەند کەسێکیش هەر کەوشی بە جێ هێشتبوو  و بە پێ خواسی بەرەو دێ هەڵدەهاتن، هات و هاواریان دەهات، ئەگەر توپ بارانیش کراباین هەر ئەوەندە خەڵکەکە دەترسا.  ئێمە پێشمەرگەکان زۆر لەوان چوست و چالاکتر بووین  و پێش کچان و کوڕان، خۆمان گەیاندە گوندی نمنجێ . بە گەیشتنی ئێمە خەڵکی دێ شاد و خۆشحاڵ بوون و فەوری شوڕای ئاوایی ئێمەی بەسەر ماڵاندا تەقسیم کرد و ئێمە لە وێ لە گەڵ لکی 3 و کۆمیتەی پیرانان لێک دابڕاین.

 ئێمە کۆمیتەی لاجان و لکی چوار بە سواری 2 تراکتۆر کە یەکیان خاوەن ماڵ خۆی لەگەڵمان هات و ئەوەی تریان شۆفیرێکمان بۆ پەیدا بوو و خاوەن ماڵ نەی وێرا بێت، عەقی خۆشی بوو،  چوونکە تراکتۆرەکان نەدەبا چرایان هەڵ کردبا و بە بێ چرا بە بن پێگەی چیانە دا رۆیشتبان، بۆیەش بە تراکتۆر رۆیشتین، ئاوی زێ ی چووکە و گەورە ( چۆمی لاوێن) ئەوەندە زۆر بوو کە ئیمکانی پەڕینەوە بە بێ تراکتۆر نەبوو.

 لە نمنجێ وەڕێ کەوتین بە سواری تراکتۆر و قامک لە سەر پلاپیتکەی تفەنگ و تەنیا دەنگی کە دەهات دەنگی تراکتۆرەکان بوو و بەس. گەیشتینە سەر چۆمی لاوێن و تراکتۆرێک کە خاوەنەکەی لە گەڵ بوو، کەسێکی بە تەجروبەو بەڵەد بوو، فەوری دەروای دۆزیەوە و پەڕیەوە. ئەو گروپەی منیشی لە گەڵ بوو لە تراکتۆری دواتر دابووین.

ئەم کەسەی کە تراکتۆری ئێمە لێدەخوڕی بڕێک سەر شێت بوو بە ناوی ( ڕ …)  لە زێی بچووک، وا بە تووندی خۆی پێدا کرد و کە تراکتۆر پێشی وەکەنداڵی کەوت و  یەکێک لە تەگەرەکانی پێشێی ئاو بردی و تراکتۆر لە ئاودا مایەوە و شانسمان هەبوو کە لە زێی بچووک دا وامان لێهات و واتە لەم شوێنەی کە دەپەڕینەوە ئاوەکە دوو بەش بوو واتە زێی بچووک و زێی گەورە هێشتا تێکەڵ نەببونەوە و نیوانیان ئیشکایەکی لێ بوو و تراکتۆرەکەش کە چەقی بوو، یەک یەک لە ترێلیەکەوە چووینە سەر تراکتۆرەکەو لە وێوە چووینە ئێشکایەکە و هاوڕێیان بێسیمیان بۆ ئەوانی تر کرد کە تراکتۆرەکە بنێرنەوە بۆ ئەوەی ئێمەش بپەڕێنێتەوە و کابرای شۆفیریش نەی دەویست ئەم کارە بکات،.

ئاوەکە زۆر و خەتەریشی هەبوو کە تراکتۆرەکە بکووژێتەوەو یان لە ئاودا گیر بکات، بە هەر جۆرێک بوو کابرایان قەناعەت پێ هێنا کە بگەڕێتەوە و ئێمەش بپرێنێتەوە و وابوو ئێمەش پەڕێنەوە. ئەمجارە کەوتینە فکری ئەوەی کە شۆفیری تراکتۆرە شکاوەکە چی لێ بکەین؟ هاوڕێیان چوون لە گەڵ شۆفیرەکەی تر قسەیان کرد وئەو کورەیان تەحویل دا،و داوایان لێکرد کەلە گەڵ خۆی بیبات بۆ گوندی رکاوێ و پێشیان وت کە لێرەوە کە رۆیشت ئەمجارە چراکانی هەڵکات بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر هێرشی پێگەی رکاوێ و تراکتۆری شکاویش لە ئاودا بەجێ ماو ئەرکەکەی کەوتە ئەستۆی ساحەب تراکتۆر  کە بۆ رۆژی دواتر بێت، بیباتەوە و تا ئەو جێگەی  دواتر بیستم، ئەوکات دە هەزار تمەنی خەرجی هەڵگرت بۆ خاوەن تراکتۆر.

ئێمە بەرەو گوندی رکاوێ وەڕێ کەوتین و شاد و خۆشحاڵ کە لە چۆمی لاوێن رزگاریمان بووە و خۆمان گەیاندە گوندی رکاوێ و ئەمجارە دەبا بڕێک خۆمان سووک کردبا. بۆ ئەم مەبەستەش 3 تا 4 ئەسپمان پەیدا کرد، کۆڵەپشتی و فیشەکی زیادیمان بۆ هەڵ بگرن و لە رکاوێ وەڕێ کەوتین بۆ گوندی توژەڵێ و بە ساکان دا وەسەر کەوتین.

بەد شانسی ئێمە بارانێک دای دایە کە دەتکووت ئاسمان کون بووە و بیجگە لەوەی کە زۆر تەڕ بووین، رێگاش هەموو قوڕ بوو  ، رۆیشتن زۆر سەخت بوو،  رێگا ئەوەندە قوڕ و چڵپاو بوو کە ئووتوبووسی کە دەبا چووبا بۆ گوندی توژەڵێی لاجان لە نیوە رێ دا مابووە و ئەم مینی بووسەش کە بڕێک تروسکەی دەهات بڕێکی لە رۆیشتن بەو ڕێگایەدا مەشکووکی کردین .  چەند میترێک سەفی پێشمەرگە رەویەوە و خۆمان لە کەنداڵ هاویشت و وامان زانی کە کەمینە و یان پێگەی لێدانراوە بێ ئەوەی ئێمە بزانین.

بەڵام تیمی پێشرەو خۆیان گەیاندە لای ئووتوبووسەکەو  ئاگاداری تیمی دواتریان کردەوە و بە ماندوویی و گیانی تەڕ و برسی گەیشتینە گوندی تووژەڵێ و دوای ئیستڕاحەتێکی یەک تا دوو کاتژمێری کە هێشتا هەر گیانمان تەڕ بوو بەرەو شاخی پشت دێ وەڕێ کەوتین و بۆ بەیانی باران لە یەخەمان بۆوە و توانیمان بڕێک بخەوین . دڵیشمان حەساوە کە گەیشتووینەوە  ناوچەی لاجان و شوێنی کاری حیزبیمان و ئەمجارە دەستمان کرد بە بەرنامە رێژی و بۆ کار و چالاکی لە ناوچەدا و ئیحساسی سەرکەوتنمان دەکرد کە ئێمە گەیشتتوینەتەوە لاجان بێ ئەوەی دوژمن بتوانێ زەربەمان لێ بدات و رێگای هاتنەوەمان لێ بگرێت.

لە پشت گوندی توژەڵێ، کۆبوونەوەکان بۆ کار و چالاکی دەستی پێکرد، فەرماندە لک شەهید کاک مەلا قادر کوردستانی و بەرپرسی کۆمیتە ناوچە کاک محەممەد رەسوڵی و هاوڕێیانی تر، بڕیاریان دا کە بۆ نانی شەو بچینەوە بۆ گوندی توژەڵێ و دواتر بەرەو دۆڵەڕەش و ئەمجارە هەر شەوەی بۆ گوندێکی لاجان وەڕێ دەکەوتین بەڵام بەشی هەرە زۆری شەوەکانمان لە شاخەکانی لاجان دەبردە سەر.

sale_nelosi12

سووتانی چادری مەڕداران

هەروەک دەزانین خەڵکی ناوچە، ئەوانەی مەڕدارن ناچارن کە هاوینان مەڕەکانیان بێنن بۆ کوێستانەکان و کوێستانی قروچاوێش هەمیشە بەهاران پڕ دەبن لە چادر و بوونی ئەم چادرانەش، پشتیوانی باش بوون بۆ پێشمەرگان و هەر کات چادرێکمان دەدیت، دڵمان دەحەسایەوە دەمان زانی ئەو رۆژە هەرچۆنێک بێت نانێک دەبێت بیخۆین و چایەکی گەرمیشمان پێ دەبڕێت. ئەلحەق چادرچیەکان وەک چۆن کە لە دێ شەوانە میوانیان دەبووین بە گەرمی پێشوازیان لێ دەکردین. لە  کوێستانەکانیش بەم ئیمکاناتە کەمەوە زۆر بەرووخۆشی و دڵ ئاوەڵاییەوە دەرگای چادرەکانیان بە روومان دا دەکردەوە.

رێژیمیش ئەمەی باش دەزانی و هەر رۆژە بەهانەیەکی پێ دەگرتن و هەر رۆژە هەڕەشەیکی لێ دەکردن، تا ئێمە لەوێ بووین دوژمن یەک دوو هێرشی کرد لە گەڵ بەرپەرچ دانەوەی پێشمەرگە بەروە روو بوو و بە ئاواتە گڵاوەکانی نەگەیشت.

ئێمە لە قوڵایی ناوچە بووین کە گروپێک جاش کە خەڵکەکە دەیان وت جاشی تیکابی بوونەو زمانی خەڵکەکیان باش نەزانیوە و خولاسە چڵکاو خۆری رێژیم بوون و لە گەڵ پاسدارانی خوێنمژی کۆماری ئیسلامی، هێرش دەکەنە سەر چادرەکان و هەر چادرێک کە بە پێوە دەبێ، بێ ئەوەی ئیزن بدەن کە حاسڵی زەحمەتەکەی خۆیان هەڵگرن بە هەموو شتەوە ئاگری تێ بەردەدەن و تەواوی زەحمەتی ئەم خەڵکە هەژارە بە فیڕۆ دەچێت و خەڵکی زەحمەتکێش رەنج بە خەسار و بێ بەهرەی ساڵیانەی خۆی بەرەو گوندەکانیان دەگەڕێنەوە.

گەشتێکی چوار کەسی بۆ چەند دێی لاجان

بەرپرسانی لکی چوار بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان بتوانن سەردانی خزم و کەس و دۆستانیان بکەن، دوو نەفەر و سێ نەفەر مەرەخەستیان پێ دان و ئێمەش وەک کۆمیتەی لاجان، کە سەرجەم 5 کەس بووین و کاک محەممەد رەسوڵی و کاک حەسەن ئەبروزەنی گەڕابوونەوە بۆ کۆمیتە شارستان و ئەوان قەرار وابوو حیزب بۆ خوێندن بۆ دەرەوەی وڵاتیان بنێرێت کە دیارە ئەمەیان بۆ جێ بە جێ نەبوو.

( ئەگەر ئێستا بیری لێ دەکەمەوە کە بۆچی دەبوایە لەو کاتە هەستیارەی ناوچە دا پێشمەرگە بەو شێوەیە پرش و بڵاو ببێ و بە مەبەستی مرەخەستی بکەونە ناوچە ، هەست دەکەم کە لە کەم ئەزموونی یەوە سەرچاوەی دەگرت) من وەک بەرپرسی کاتی کۆمیتە دیاری کرابووم و ئێمە کە سێ کەس مابووین و لک هەموو بڵاوەیان کردبووە. ئێمەش واتە من ساڵە نەڵۆسی ، محەممەد حەسەنەرەش و ح …  و هاوڕێی مان کاک سولەیمان رەسوڵزادەش(بەداخەوە کاک سولەیمان ساڵی ١٣٦٩ شەهید بوو ، یادی بە خیڕ ) کە بۆ سەردانی خزمانی لە کۆمیتە شارستان را هاتبووە لە گەڵ ئـێمە بوو، بڕیارمان دا کە برٶینەوە بۆ قوڵایی ناوچەو سەردانی چەند گوندێک بکەین .

لە قروچاوێ را بەرەو گردەبن و شەوەکەی لە پشتی زینوینجیان ماینەوە و بۆ شەوەکەی چووینە ناودێی زینوێنجیان و خەڵکمان کۆ کردەوە و قسەمان بۆ خەڵک کرد و دواتر بەرەو گوندی زەنگیاوێ، زادگای کاک سولەیمان وەڕێ کەوتین و دەوری سەعات 8 ی شەو گەیشتینە وێ و کاک سولەیمان توانی بە دیداری بنەماڵەی شاد بێتەوە و سەردانی چەند بنەماڵەشمان کرد و کە یەکێک لە بنەمـالەکان، لە نزیک پێگەی دوژمن دابوو و ناچارکاک سولەیمان چووە سەر کولانەی و بانگی کردن بۆ ئەوەی دەرگامان لێ بکەنەوە، هەر کە چووینە ژوورەوە و دیتمان کە 3 هاوڕێی تریشمان لە وێن، کە بەداخەوە هیچیان لە ژیاندا نەماون، شەهیدان: مەلا قادر کوردستانی فەرماندە لکی 4 ، شەهید سەعدون خاڵدار و شەهید محەممەدە چووکە. بە دیتنی وان زۆر شاد بووین و ئەمجارە بووین بە گروپێکی 7 کەسی.

 چواری بەیانی بەرەو مەزرای وشتەپان وەڕێ کەوتین، خۆمان لە رۆیشتن بە رێگای ئەسلیدا دەپاراست. بۆیە زۆرتر بە لارێ و سەرجۆگەکاندا دەرٶیشتین، ئاونگی ساردی بەیانی تا بن چۆکمانی تەڕ کردبوو، وەک ئەوە وابوو کە لاقمان لە ناو یەخچاڵ دابێت و زۆر ناخۆش بوو.  من بەڵەدی گروپەکە بووم بۆ دۆزینەوەی شوێنی مانەوە، لەم مەزرا پان و بەرین و بێ بەردەدا، ئەوانەی شارەزای مەزرای وشەتەپانن کە دەکەوێتە نێوان گردکپسیان و گردکشانە، کە پادگانی پەسوێ لە وێ هەڵکەوتووە، دەشتێکی پان و بەرین و تاقە بەردێکی لێ دەست ناکەوێت.

ئەوە ئێمە پێشمەرگەین و ئامادەی فیداکارین و ترسمان لە دوژمن نیە بۆیە لە وێدا دەمێنیەوە، چوونە مەزرای ماڵی قەتارچی کە بە مناڵی دەمزانی کەندێکی لێیە و لانی کەم لە دیدی دوژمن دوورین و نەدیوە، نەک بۆ شەڕ ، بەڵکوو بۆ مانەوە . کە چووینە وێ دیاربوو پێشتر خەڵکانی تریش لەوێ مابوونەوە ، کە دواتر پرسیم، لاوەکان پێشتر لە ترسی سەربازی لەوێ شەوانە خەوتوون.

sale_nelosi13

خەوی قورس

وردە وردە هەوا رووناک دەبوو، زۆرمان خەو دەهات، شەو نەخەوتبووین، لاقەکانمان تەڕ بوو، پێمان خۆش بوو زوو هەتاو سەری بێنێتە دەرێ و گەرممان کاتەوە، هیچمان نەبوو لە بن خۆمانی راخەین. رەختەکانمان کردە دۆشەگ و ئاسمانمان کردە لێفە و تفەنگەکانیشمان کردە باڵنچ و یەک یەکیش بووین بە نیگابان وەک هەمیشە. بەڵام دەمان زانی کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بە تفەنگەوە یان حەتتا بێ تفەنگیش بە لیباسی حیزبیەوە هەستینە سەر پێ، بۆیە نیگابانیمان هەر بە دانیشتن یان بە درێژبوونەوە بوو.

دەوری سەعات نۆی بەیانی بوو کە من گوێم لە دەنگی تراکتۆرێک بوو کە خەریکە بە لاماندا دەڕوا، فەوری خۆم گەیاندە لای و پێم وت کە دەبێ لە لامان بمێنێتەوە تا هێوارە دادێت و بۆم باس کرد کە ئێمە پێشمەرگەین و لە باری ئەمنیەتیەوە باش نیە بڕۆی.

برادەری شۆفیریش زۆر بە ئارامی و لە سەرەخۆ، وتی: راست دەکەی کاکی پێشمەرگە، بەڵام دەبێ ئەوەی بزانیت کە من کەسێکی باشم و کاری ئەم دارتێلە بەرقیانە دەکەم . کە بێرەدا دەڕۆن، ئەگەر من رابگرن کەسی تر بە دوام دادێت، دواتریش من ئێستا بێرەدا هاتم ئێوە هەموو خەوت بوون ، ئەگەر کەسێکی خراپ بام، خۆتان دەزانن بە رێگای تردا دەڕۆیشتم و گوزارشم لێ دەدان بێ ئەوە خۆتان بزانن، خۆ ئێوە کەستان بە خەبەر نەبوو. بە حەق واش بوو ، ئێمە وامان خەو لێکەوتبوو کە بە دەنگی تراکتۆریش وەخەبەر نەهاتتبووین و کاک سولەیمان کە نیگابان ببوو لە هەموان جوانتری خەو لێکەوتبوو.

قسەی کابرا زۆر جێگەی بڕوا بوو، لە گەڵ کاک مەلا قادر قسەمان کرد، وتی باشە بینێرن شتێکمان بۆ بکڕێت، بۆیە من کە کەمێک پووڵی حیزبیم لە لا بوو، پووڵم پێ دا کە بچێت لە پەسوێ، بەستەنی، پاڵوودە، کەیک و نووشابەمان بۆ بێنێت. کابرا وەڕێ کەوت و رۆیشت تا کابرا هاتەوە لە ئامادە باشیی تەواو دابووین بۆ شەڕ و لە جیاتی ئەوشتانەی داوامان کردوە ئیتزاری هاتنی هێزی دوژمنمان دەکرد. بەڵام هیچ چارەمان نەبوو، ئیمکانی رۆیشتنمان نەبوو، لە ناکاو برادەری دڵسۆز بەوشتانەی کە داوامان کردبوو، هاتەوە و خۆشی لە گەڵمان دانیشت و چەند کاتژمێرێکی خۆشمان وێگڕا بردە سەر. ئەوەش نموونەیەک لە خۆشەویستی حیزب و پێشمەرگە بوو لە نێو کۆمەڵانی خەلک دا .

چوونەوە شوێنی لە دایک بوونم دوای 2 ساڵ دووری

هێوارەکەی خۆمان کۆ کردەوە و وەڕێ کەوتین بە رووناکی بۆ گردکپسیان (دەبێ بڵێم گردکسپیان 15 دەقیقەیبە پیادە لە پادگانی نیزامیی پەسوێ دوورە) 7 نەفەری خۆمان بە ناو دێ دا کرد و من توانیم بەشێک لە خزمان و دۆستان و برایەکم ببینم و بکەومەوە یادی دەورانی مناڵیم و من بە هاوڕێیانم وت من لێرە کاری حیزبی ناکەم، خۆتان کارەکان بکەن و کاری من تەنیا ئامادە کردنی خواردن دەبێت بۆ رۆژی دواتر.

  شەوێکی خۆش بوو، زۆر ماڵ چووین، کانی باڵەکیم جارێکی تر دیتەوە، بە دیداری کوڕان و کچانی دێ شاد بوومەوە، کاک مەلا قادر هوشداری دا بە ژنێک کە وەک سیخوری رێژیم کاری دەکرد، لە گەڵ کاک سەعدوون سەردانی خزمێکی منمان کرد کە لە دەرەوەی دێ بوو. ئەگەر ببا بە شەڕ کەس کەسی نەدەدۆزیەوە. دەبێ بڵێم هیچ بەرنامەی پاشەکشە بۆ شوێنێکی دیاری کراومان نەبوو، خەڵک خۆیان زۆرتر ئاگایان لە ئێمە بوو.

دواتر ئێمە لەیەک دابڕاین و هاوڕێیان: مەلا قادر، سەعدون و محەممەدە چووکە بۆ لای ئەندێزی و من و کاک سولەیمان ، محەممەد حەسەنەڕەش و ح …..  بەرەو گوندی پەسوێ بە لای بادی گروان دا وەڕێ کەوتین. پێش بانگی بەیانی گەیشتینە پەسوێ و کاک محەممەد بە لاوێکی وت کە ئێمە لە کوێ دەبین و داوای لێکرد کە ئاوی ساردمان بۆ بێنێت.

دەوری سەعات 12 ی نیوەڕۆ دیتمان لاوێک بە فلاکسی ئاوەوە لێمان دەگەڕێت و دەستمان بۆ راوەشاند و حاڵیمان کرد کە بێت بۆ لامان کە ئاوی ئەم رۆژە وەک بەستەنی و نووشابەی مەزرای وشتەپان خۆش بوو. ئەو شوێنەی لێی مابووینەوە زۆر بەر هەتاو بوو و گەرما زۆری فشار بۆ هێنا بووین.

هێشتا هەر وڵات رروناک بوو، زۆر باش خەڵکت دەناسی، هەر چەند گردی پەسوێ پێگەی دوژمنیشی لێ بوو، چووینە ناو دێ و دواتر دیتمان کە چەند هاوڕێی تریش لەوێن. لەوێش بڕێکمان کاری حیزبی ، و لە گەڵ شوڕاکان کۆبوونەوەمان کرد و تا سەعات 2 ی شەو لە دێ دا ماینەوە. ئەم جارە بەرەو بەردەکانی پشت ماڵی خورینج وەڕی کەوتین و رۆژی دواتریشمان لەوێ بە سەر برد، کاک محەممەد کە خەڵکی پەسوێ بوو، بەرنامەریزی خواردنی کردبوو.

هێوارەکەی چووینە گوندی خورینج  و لەوێش، شوڕاکانمان کۆ کردەوە و گوێمان لە گلەیی و رەخنەی خەڵک گرت و گەورەترین کێشەی ئەم شەوە کە دەبا حەلم کردبا، بەیار کێڵان بوو. زۆربەی خەڵکی زەمینداری دێیەکە، لەوڕگەیان نەهێشبۆوە، خەڵکی گلەیی هەبوو کە شوێن نەماوە بۆ لەوەڕاندی مەڕووماڵات. حیزبیش ئەمکارەی قەدەغە کردبوو، ئەو شەوە تا سەعات 3 ی بەیانی هەر بەحسمان لە گەڵ خەڵکەکە هەبوو، هیچمان پێ نەکرا.

50 لە سەدی دێیەکە ئەم کارەی بوو و هەر ئەو دەیکووت ئەگەر ئەو وازی لە هی خۆی هێنا منیش واز دێنم و ئێمەش ئیمکانی ئەوەمان نەبوو ئەو بڕیارەی دەیدەدەین ئیجرای بکەین. مەجالمان نەبوو بە دواداچوونی بۆ بکەین، وەزعی ناوچە زۆر حەساس بوو، دوژمن هەمیشە بە دوامانەوە بوو.

لای بەیانی بەرەو پەڵاساوێ وەڕێ کەوتین و رۆژەکەمان لەوێ بردە سەر.

sale_nelosi14

هێوارەکەی بارانێکی بە خۆڕ دەستی پێکرد، لە گردکسپیان را هەر یەکەو تەلیسە نایلۆنێکی خاڵی کودیمان لە گەڵ خۆ هێنابوو، بۆ کاتی وا، تەلیسە نایلۆنمان دەبەر کردن و سەروژێر لە شازوو قازەو کە هەروا روناک بوو، بەرەو کێلەسیپان کەوتینە رێ و لێک دوور دەرٶیشتین، ترسمان هەبوو کە پێگەی گردەبن یان پێگەی نزیک خورینج تەقەمان لێ بکەن.

بە سڵامەتی گەیشتینە ناو دێ و دیتمان کاک برایم تارایی لە ناکاو هاتەوە ناو دێ و خزمانی ئەو ئێمەیان دیبوو، نەیان زانی بوو ئێمەین و خۆمان ئیشک کردەوە و تا درەنگانی شەو لە وێ بووین و سەردانێکی گردەبنیشمان کرد و گەڕاینەوە بۆ لای دۆڵی قروچاوە کە هەروەک لە سەروو باسم کرد، بە سەر هەواری خاڵی دا کەوتین و هەرچی چادری خەڵکی هەژارە ئاوری تێ بەردراوە و لەم کوێستانە پان و بەرینەدا هەر ئێمە ماوین و بەس . هاوڕێیانی تریش هاتنەوە و یەکترمان گرتەوە.

درێژەی هەیە……….

{jcomments off}2012-09-02

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی