ههموو سالێك لە کاتی خۆیدا وهرزی پایزی دلگیرو جوان بە ڕەنگی زەردی خەزانی تایبەت بە خۆیەوە دەگەڕێتەوە کوردستانە شیرینەکەمان و هەرچی دەرو دەشت و چیا سەرکەشەکانی نیشتمانە هەمووی بە گشتی بەرگی پایزی لە بەر دەکات و بەرەو پیری زستانەوە هێواش هێواش هەنگاو داوێت و دەڕوات،
دیارە کە لە وەرزی پایزیشدا گۆڕانکاریەکان بە سەر سروشتی خاک و وەڵات کوردەواریش دادێت،درەختی سەوزو ڕەنگین هەمووی بە تەواوی زەرد هەڵدەگەڕێت، ئارام ئارام گەلای درەختان دەوەرێت و بە چپەچپەوە بەر دەبنەوە سەر زەوی.
ئەوسا بە شنەبای شەمال و سروەوە،بە خشپە خشپەوە بن پنچک و دارو دەوەن و پەرژینەکان و سەر ڕێگاو بانەکان تەژی لە گەلای وەریوی زەردی پایزی دەبن،کە هەموو دەرو دەشت و گشت جێگایەک زەرد هەڵدەگەڕێت، ئای کە چەندە جوان و شیرینە لەو دەمەی کە مرۆ بە ڕێگادا دەڕوات ئەو هەموو دیمەنە ڕەنگینانە وەدی دەکات و بە خشە خشپی ژێر پییانەوە بە سەرگەلای وەریوی خەزان دا دەڕوات، تا چاویشت هەتەر دەکات ئەوا جوانی وەدی دەکەیت.
ئەم وەرزە دلیگرەش وەک هەموو کەژەکانی تری سال گەلێ هیواو ئاواتی گەلی کورد لە خۆ دەگرێت، دیارە کە وەرزی پایزی ئەمساڵمان وەکو پایزی ساڵانی ڕابوردو نیە، چونکە زۆر هیواو ئاواتی مەزن و تازەی گەلی کوردی تیادا جێگای باسە، هەموو کوردێکی خاکپەروەر لەم وەرزەی ئیمسالماندا بە چاوێکی تەژی لە هیوای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەڕوانێتە سبەی ڕۆژ و بەو ئاواتەوە کە ڕۆژێک بێت، گەلی کوردیش وەک هەموو گەلانی ئازادو سەربەخۆ لە زێدی باوانی خۆی دا رزگارو سەربەخۆ ببێت کوردیش ببێ بە خاوەن قەوارەیەکی دیاری نەتەوایەتی خۆیەوە،کە لە لایەن هەموو وەلاتانی دونیاوە دان بە بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ و ڕەها و ڕزگار لە چنگ داگیرکەرانەوە بهێندرێت.
لەم پایزە دا وەڵاتێکی سەربەخۆی کوردەواری وەدی بێت، کە تەواوی جیهانیان دان بەو قەوارە تازەو نوێیەی کوردستان بهێنن، دیارە کە گەلی کورد لەوەتی هەیە لە سەر خاکی خۆی دا بێبەش کراوە لە هەموو مافێکی نەتەوەیی خۆیەوە، کە سالەهایە لەلایەن تازی و ڕۆمی و عەجەمەکان دەچەوسێندرێتەوە و هەموو مافێکی نەتەوەیی لێ زەوت و بە زۆری زۆرداری خاکی لێ داگیرکراوە، ئەوان داگیر کەرانە بە درێژایی مێژوو بە هەزاران ڕۆلەی ژیان نەدیوی میللی کوردیان شەهیدو بە هەزاران کوردیان ئەنفال و لە ژێر بوردومانی کیمیایی و هەموو جۆرە چەکێکی کوشەندەو لە ناو زیندانەکان و لە ژێر سێدارەکانیان دا بە کۆمەل شەهیدو ون کردووە.
خاکی کوردستانیان داگیرو خاپور کردووە،هەتا ئەمرۆکەش نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان دان بە هەموو مافە ڕەواکانی گەلی کورد دا ناهێنن، واهەزاران پایز و وەرزی تری ساڵ هاتن و ڕۆیشتن، بەڵام گەلی کورد هەروا ژێر دەستە ماوەتەوە، تا ئەمڕۆ بە مافی چارەنوسی خۆی هەر شاد نەبووە، تا ئەمڕۆکەش گەلی کورد هەر لە ژێرچنگی دژمنانەوە دەناڵێنێت و ڕزگار و سەربەخۆ و ئازاد نەبووە، ئەمسالیش وادیسان وەرزی پایزی ساڵ گەڕایەوە،دیسانەکە کویستان چیان بەرەو هەواری نوێیان وا دەچنەوە.
زۆزانان بەجی دێلن و پڕ لە هیوای ژیانێکی نوێوە دەچنەوە هەواری گەرمێنی تازەیانەوە، ئێمەی کوردیش پڕ لە هیواین و بە تێکڕایی چاومان بڕێوەتەوە ئەو ڕۆژەوە کە خاک و نەتەوەکەمان سەربەخۆ و ڕەها ببێت، هەواری شیرینی نیشتمانمان لە چنگ داگیرکەرانەوە ڕزگارببێت و گەلی کوردیش وەک هەموو گەلان ببێ بە خاوەن قەوارەیەکی نەتەوایەتی خۆیەوە، هەموو جیهان بە تێکڕایی دان بەو قەوارە تازەو نوێیەی گەلی کورد دابنێن، گەلی کوردیش لە سەر خاکی خۆیدا بەرەو پیشەوە هەنگاو باوێت، تەواوی کوردستان ئاوەدان و پڕ لە ژیانی شادی و تەکنیک و تەکنەلۆژیای تازەو نوێی کورد بێتە ئاراوە.
هەروەک کە ئەمڕۆ وا ڕەوەندو کوێستانچیانی کورد، ئارام ئارام بەرەو گەرمێنی هەواری تازەیان دەچنەوە، سروەی پایزیش لە ناو دۆل و چیا سەرکەشەکانەوە هەڵدکاتێ و موژدەی هاتنی ساردو سڕی کوێستانان دەدا بە دۆل و دەشت و شوێنە گەرمێنەکانەوە، وا قازو قورینگ و مراویەکانیش لەو ئاسمانانەوە بە دڵنیاییەوە پەرواز دەکەن، لەو بەرزاییەوە ڕێز دەبەستن و تێدەپەڕن، ئەوانیش بەرەو هەواری گەرمێنیان دەچنەوە و هەواری تازە و نوێیان سەر لە نوێ پیرۆز دەکەن، سوارانی ڕاوچیش لە شیوەسور و دەورو بەری دەشتی قەراج و کەندیناوەوە هەموو ئەو شوێنانەی کە جێگای ڕاون بە تەواوی تەی دەکەن و کۆ دەبنەوەو جارو بارەش تاژیەکانی خۆیان لە ڕاو بەردەدەن و نێچیرێ دەگرن.
ئەوسا دەگەڕێنەوە ئاواییەکانی خۆیانەوە، دیمەنێکی چەندە جوانە کە ستران بێژانیش لەو ئاقارو دەرو دەشتانە دا دەست دەکەن بە حەیران و بەستە ولاوکە دلگیرەکانیان و گۆرانی دەوەرە سوارۆ بە ئاوازە دلگیرەکانیان دەچرن، کە دبێژن و دەڵێن: دەوەرە گولێ، گولە جوانێ، سۆرەگولێ لێو قەیتانی، سینەمێ سینەمە خانێ مەمک قیتێ لیو مەرجانی……..هەتا دوایی، لەو دەشت و دٶل و چیایانە وە دەنگ دەداتەو.
ئەوسا خۆشەویستی و جوانی زیاتری کەژی پایز دەردەکەوێت و جوانتر لە ناو دڵ و دەروونی هەر خاوەن هەستێکەوە دەڕازێتەوە، خۆشەویستی کوردستانیش زیاتر دەبێت وسیمای کەژی پایز جوانتر دەردەکەوێت، ئاواتی ڕۆژانی سەربەخۆیی کوردستان و ڕزگاری لە چنگ داگیرکەرە دڕندەکان بە تەواوی دێنێتەوە ناو خانەی خەیاڵی هەر نیشتمانپەروەرێکەوە، کە بە دڵێکی پڕ لە هیواو خۆشەویستی کوردستانەوە دەلێت:خۆزیا کوریش خاوەنی کیانی میللی خۆی دەبوو و وەڵاتێکی سەربەخۆی کوردەواری لە سەر خاکی دڵگیری کوردستان ئەمڕۆکە بەرپا دەبوو و، بۆیەکە پڕ بە دڵ بە خێرهاتنی وەرزی پایز دەکات و دەڵێت: یاخوا بە خێر بییت ئەی وەرزی جوانی خەزانی ڕەنگین، لە کوردستانی کورد پیرۆزبێت.
پایزی ٢٠١٢ هەولێر – پیرمام
{jcomments off}