فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران له نامه‌یه‌كدا ورده‌كارییه‌كانی تیرۆری عه‌بدولره‌حمانی قاسملو ده‌خاته ڕوو ده‌ڵێ “تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وپه‌ڕی هاوكارییان له‌گه‌ڵ “محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراڕوودی” بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تیرۆره كردوه…
ئا: ئاوێنه
“محه‌ممه‌دی نوری زاد” كه یه‌كێك له كه‌سه نزیكه‌كانی”عه‌لی خامنه‌یی” رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، به‌مدواییه نامه‌ی یه‌كێك له فه‌رمانده ده‌ركراوه‌كانی سوپای پاسدارانی بڵاوكردۆته‌وه كه تێیدا باسی ورده‌كارییه‌كان‌و چۆنێتی تیرۆركردنی دكتۆر “عه‌بدولره‌حمانی قاسملو” سكرتێری حیزبی دیموكرات ده‌كات، ئه‌وه‌ی له‌م نامه‌یه‌دا جێی سه‌رنجه ئاماژه‌دانه به رۆڵی “تاڵه‌بانی” سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان‌و “نه‌وشیروان مسته‌فا”، جێگری ئه‌و كاتی تاڵه‌بانی له‌و تیرۆركردنه‌دا.
ئه‌و نامه‌یه كه به‌ناونیشانی “دووه‌مین نامه‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی ده‌ركراوی سوپای پاسداران بۆ محه‌ممه‌دی نوری زاد”ه‌و له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی نوری زاد خۆیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه، تێیدا باسی”محه‌مه‌دی جه‌وادی” ناسراو به”محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری سه‌حراڕوودی” ده‌كات كه ئێستا به‌رپرسی نووسینگه‌ی “عه‌لی لاریجانی” سه‌رۆكی پارله‌مانی ئێرانه‌و پێشتریش چه‌ندین پۆستی له كۆماری ئیسلامی‌دا هه‌بووه‌و زۆربه‌ی پۆسته‌كانیشی ئه‌منی بوون.
ناوبراو یه‌كێك له ئه‌ندامانی وه‌فدی كۆماری ئیسلامی ئێران بووه كه بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ دكتۆر قاسملو ره‌وانه‌ی نه‌مسا ده‌كرێ‌و له‌كاتی وتووێژدا قاسملو ده‌كوژێت. له‌م نامه‌یه‌دا ناوی فه‌رمانده نه‌هێنراوه‌و ته‌نیا له‌كۆتایی نامه‌ی یه‌كه‌مدا بۆ نوریزاد نووسراوه “ئه‌لف ـ میم”، فه‌رمانده‌ی ده‌ركراوی سوپای پاسداران.
زامی لا ملی سه‌حراڕوودی
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران له‌سه‌ره‌تای نامه‌كه‌یدا بۆ نوریزاد ده‌نووسێ: ئه‌گه‌ر رۆژێك به‌هه‌ڵكه‌وتیش بوو رێت كه‌وته نووسینگه‌ی عه‌لی لاریجانی حه‌تمه‌ن چاو له لاملی به‌رپرسی نووسینگه‌كه‌ی بكه. شوێنی زامێك به لاملیه‌وه‌یه. ئه‌و جێی زامه دكتۆر قاسملو رێبه‌ری حیزبی دێموكرات چه‌ند چركه پێش كوژرانی به لاملی سه‌حراڕوودییه‌وه به‌جێهێشت.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه سوپای پاسداران به ئاماژه به‌وه كه له‌ساڵی كۆتایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێران‌و عێراقدا، ئێران له باشور تووشی شكستی زۆر له‌به‌رامبه‌ر عێراقدا ده‌بێ، ده‌ڵێ كه به‌شێكی فه‌رمانده‌كانی سوپا دژی موحسینی ره‌زایی بوون، شه‌ڕكردنیان له ناوچه شاخاوییه‌كانی رۆژئاوای ئێران (خۆرهه‌ڵاتی كوردستان) پێباشتر بوو، بۆیه خۆیان له په‌راوێز ده‌رباز كرد‌و به‌هاوكاری “یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانی عێراق” به سه‌رۆكایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی‌و “پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق” توانیان تاكتیك‌و ستراتیژییه‌كانی شه‌ڕه‌كه بگۆڕن.
په‌یوه‌ندی سه‌حراڕوودی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان مسته‌فا
له نامه‌كه‌دا هاتووه “مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی له‌ناوبردنی سه‌دام بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌دوای چه‌ند ئامانجێكی ئه‌منی‌و ئابوریشه‌وه بووین. قه‌رارگای”ئارامی حه‌مزه” به فه‌رمانده‌یی”هیدایه‌توڵڵا لوتفیان”و “ئه‌حمه‌دی موقه‌ده‌م” له‌سه‌ره‌تاوه راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان گرته ئه‌ستۆ، به‌ڵام به‌و بۆنه‌وه كه توانای پێویستیان بۆ سه‌ركه‌وتن نه‌بوو قه‌رارگایه‌كی نوێ به‌ناوی”قه‌رارگای ره‌مه‌زان” دامه‌زرا. ئه‌م قه‌رارگایه هه‌م كاره‌كانی سوپای “به‌در”ی ئاراسته ده‌كردو هه‌م په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ “تاڵه‌بانی”و جێگره‌كه‌ی “نه‌وشیروان”ه‌وه هه‌بوو. “محه‌مه‌د جه‌وادی” كه به‌ناوی خوازراوی “محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر” له سوپای قودسدا كاری ده‌كرد، له قه‌رارگای ره‌مه‌زانه‌وه ده‌ستیكرد به كاری تیرۆریستی‌و ئه‌منی. ناوبراو به‌هۆی ئه‌و نزیكایه‌تییه‌ی كه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له گه‌وره به‌رپرسانی سوپای پاسداران‌و كۆماری ئیسلامی له تاران هه‌یبوو، بوو به‌ناوێك له ناو ناوانداو هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی ببێته به‌رپرس‌و ڕازداری په‌یوه‌ندییه‌كانی قه‌رارگای ره‌مه‌زان له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان”.
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه دوای ئه‌وه‌ی ئێران به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چوو كه شكستی شه‌ڕ له‌به‌رامبه‌ر عێراقدا قبووڵ بكات، ره‌فسه‌نجانی سه‌ركۆماری ئه‌وكاتی ئێران نیگه‌رانی ئه‌وه بوو كه دوای شه‌ڕ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن‌و سه‌ركرده‌كانی ئه‌و هێزانه كێشه بۆ كۆماری ئیسلامی دروستبكه‌ن. بۆیه ژوورێكی عه‌مه‌لیات پێكهات كه تێیدا “عه‌لی خامنه‌یی، ره‌ی شه‌هری، حوسێن شه‌ریعه‌تمه‌داری، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، مه‌نوچێهر موته‌كی، عه‌لی ئاقا محه‌مه‌دی‌و له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانیشه‌وه موحسینی ره‌زایی، زوڵقه‌در‌و له‌تیفیان” ئه‌ندام بوون.
ئه‌م ژووره لیستی 100 كه‌سی له دژبه‌رانی كۆماری ئیسلامی ئاماده ده‌كات كه ناوی دكتۆر قاسملو‌و مه‌سعود ره‌جه‌وی تێدا ده‌بێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گروپێك بۆ تیرۆركردنی قاسملو به سه‌رۆكایه‌تی”محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراڕوودی” پێكده‌هێنرێت. ناوبراو جگه له كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له رێگای تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروانه‌وه به‌شێوه‌یه‌ك كه گونجاو بایه ده‌بوو ده‌رفه‌تێك بۆ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ قاسملو به‌بیانوی وتووێژی ئاشتی‌و پێدانی چه‌ند ئیمتیازێك به‌حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پێكبێنێ. چه‌ند كرده‌یه‌كی خه‌ڵه‌تێنه‌رانه كه به‌هه‌ق تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌وپه‌ڕی هاوكارییان كرد‌و دواتر به‌هاوكاری دارایی‌و نیشته‌جێ بوون له كۆشكێكی بچوكدا له”دروس”ی تاران له شه‌قامی یار محه‌مه‌دی بنبه‌ستی تاهیر ـ ئه‌و جێگه‌ی كه ئێستا”عه‌لی شه‌مخانی” ئه‌و كۆشكه‌ی روخاندوه‌و بینایه‌كی چوار نهۆمی تێدا كردۆته‌وه ـ پاداشتی خیانه‌ته‌كه‌ی خۆیان وه‌رگرت.
دانوستان‌و پلانی تیرۆركردنی قاسملو
له درێژه‌ی نامه‌كه‌یدا ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران ده‌ڵێ: قاسملو به‌و بۆنه‌وه كه مرۆڤێكی وشیار‌و زیره‌ك بوو ئاماده نه‌بوو وتووێژ له‌گه‌ڵ سوپادا بكا‌و رایگه‌یاند كه ئاماده‌یه به‌شێوه‌یه‌كی دیپلۆماتیك له ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا له‌گه‌ڵ دیپلۆماته‌كانی كۆماری ئیسلامی وتووێژ بكا. ئه‌م بابه‌ته له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه وه‌ڵامی ئه‌رێنی وه‌رگرت‌و سه‌حراڕوودی‌و دوو ئه‌ندامی دیكه‌ی سوپای پاسداران‌و دوو ئه‌ندامی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات وه‌ك دیپلۆمات ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسایان بۆ وه‌رده‌گیرێت‌و ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته ده‌كرێن.
سه‌حراڕوودی دوای ئه‌وه‌ی ده‌گاته ئۆتریش به بڕیاری “عه‌لی ئه‌كبه‌ری ویلایه‌تی” (وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ئێران) هه‌وڵده‌دات به‌ته‌نیا بۆ خۆی‌و دكتۆر قاسملو له‌ویلایه‌تێكی ده‌وروبه‌ری ڤیه‌ننا كۆببنه‌وه، به‌ڵام قاسملو ئه‌م پێشنیاره ره‌تده‌كاته‌وه‌و نووسینگه‌كه‌ی خۆی كه له شوقه‌یه‌كدا له ڤیه‌ننا بوو وه‌ك شوێنی دانیشتنه‌كه دیاریده‌كات‌و یاریده‌ده‌ره‌كانیشی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه ده‌بن. دوای ئه‌وه‌ی قاسملو ئه‌و شوێنه بۆ وتووێژ دیاریده‌كا، پلانی تیرۆره‌كه داده‌رێژرێت. سه‌حراڕوودی‌و كه‌سی دووهه‌م به‌ناوی “بزۆرگیان”و كه‌سی سێیه‌م به ناوی “شا مێهری” دوای نیوه‌ڕۆی رۆژی 13ی ته‌موز له باڵوێزخانه‌ی ئێرانه‌وه ده‌چنه شوێنه دیاریكراوه‌كه‌ی قاسملو. هه‌ر كام له‌و سێ دیپلۆماته ده‌مانچه‌یه‌كی جۆری 7/65 میلیمتریان پێ ده‌بێت. له‌وێ سه‌حراڕوودی داوا ده‌كات كه خۆی‌و قاسملو دوو قۆڵی قسه بكه‌ن. ئه‌و ده‌ڵێ “په‌یامی تایبه‌تی پێیه‌و ئه‌وه‌نده پێداگری ده‌كات كه قاسملو رازی ده‌بێ‌و ده‌چنه ژوورێكی دیكه‌و دوو دیپلۆماته‌كه‌ی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ره‌كانی قاسملو چاوه‌ڕوان ده‌بن”.
رووداوه‌كه له‌زمانی سه‌حراڕوودییه‌وه
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپا له نامه‌كه‌یدا بۆ”نوریزاد” ده‌ڵێ كه راسته‌وخۆ له خودی”سه‌حراڕوودی”م بیست كه وتی:”له‌گه‌ڵ قاسملو چووینه ژوورێكی دیكه. وتووێژه‌كان كورت بوون. كاره‌كه‌م گه‌یانده شوێنێكی باریك. به‌جۆرێك كه وتووێژه كورته‌كه‌مان خێرا بوو به‌شه‌ڕه قسه‌و ده‌نگمان به‌رزكرده‌وه. من (سه‌حراڕوودی) ده‌ستم بۆ ده‌مانچه‌كه‌م برد‌و ته‌قه‌م له قاسملو كرد. ته‌قه‌كه‌م مێشكی نه‌پێكاو نه‌یكوشت. بریندارم كرد‌و له سه‌ر ئه‌رز كه‌وت. په‌شۆكام‌و نه‌متوانی دواتر به‌دروستی ته‌قه بكه‌م. قاسملوش ده‌مانچه‌ی پێبو. ئێستا نۆره‌ی ئه‌و بوو كه یه‌كه‌م گولله‌و دووه‌مین گولله له بن باڵم‌و لا ملم بدا. دواجار یه‌كێك له گولله‌كانی من مێشكی قاسملوی پێكا‌و كوشتی”.
هاوكات به‌هه‌مان شێوه له ده‌ره‌وه‌ش دوو دیپلۆماته‌كه ته‌قه له یاریده‌ده‌ره‌كانی قاسملو ده‌كه‌ن. له‌م ده‌رگیرییه‌دا “شامێهری”ش گولله‌ی به‌رده‌كه‌وێ‌و یاریده‌ده‌ره‌كانی قاسملوش له خوێندا ده‌كه‌ون. “بزۆرگیان” كه په‌شۆكا بوو ده‌چێته ژووره‌كه‌ی قاسملو ده‌بینێ قاسملو‌و سه‌رحراڕوودی كوژراون. ده‌ستی شامێهری ده‌گرێ‌و له شوقه‌كه ده‌چنه ده‌ره‌وه. هێشتا زۆر دورنه‌كه‌تبوونه‌وه كه ده‌نگی ئاژیری پۆلیس دێت، بزۆرگیان ده‌ستی شامێهری به‌رده‌دات‌و خۆی ده‌گه‌ێنێته ماڵێكی متمانه پێكراو.
سه‌باره‌ت به‌م رووداوه ئه‌و فه‌رمانده ده‌ركراوه ده‌نووسێ چیرۆكێكی دیكه‌ش ده‌ڵێ “هاوكات له‌گه‌ڵ شه‌ڕه قسه‌ی قاسملو‌و سه‌حراڕوودی كه خۆی جۆرێك سیگناڵ بووه بۆ ده‌ستپێكردنی ده‌رگیری، بزۆرگیان‌و شامێهری سه‌ره‌تا یاریده‌ده‌ره‌كانی قاسملو‌و ده‌كوژن. شامێهری به ته‌قه‌ی قاسملو بریندار ده‌بێ‌و سه‌حراڕوودی قاسملو تیرۆر ده‌كاو بزۆرگیانیش ده‌ست‌و لاقی خۆی ون ده‌كات‌و به‌هه‌ڵه له سه‌حراڕوودی ده‌دات‌و برینداری ده‌كات‌و به‌په‌له له‌گه‌ڵ شامێهری له شوقه‌كه هه‌ڵدێن.
دوای تیرۆره‌كه
سه‌باره‌ت به دوای رووداوه‌كه له درێژه‌ی نامه‌كه‌دا هاتووه “ئیتلاعاتییه‌كان له باڵوێزخانه‌ی ئێران به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ رووداوه‌كه ده‌كه‌ن‌و زانیارییه‌كان ده‌ده‌نه‌وه به مه‌نوچێهر موته‌كی. سه‌ره‌تا هه‌واڵه‌كان باسیان له كوژرانی سه‌حراڕوودی‌و ونبونی شامێهری ده‌كرد. چه‌ند كاتژمێر دواتر ته‌له‌فزیۆنی نه‌مسا راپۆرتێكی سه‌باره‌ت به رووداوه‌كه بڵاو كرده‌وه كه تێدا دیار بوو كه سه‌حراڕوودی بێهۆشه‌و له نه‌خۆشخانه‌یه. له‌كاردانه‌وه‌یه‌كیشدا ژووری عه‌مه‌لیاتی ئێران هه‌واڵێكی به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بڵاوكرده‌وه كه گوایه به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان وتووێژێكی گرنگ له‌نێوان دیپلۆماته‌كانی ئێران‌و عه‌بدولره‌حمانی قاسملودا له‌ئارادا بووه، به‌ڵام رێكخراوی موجاهیدینی خه‌لق كه پێی‌خۆش نه‌بووه ئه‌م رێككه‌وتنه بكرێ، هێرشیان كردۆته سه‌ر نووسینگه‌ی قاسملو‌و ناوبراو‌و یاریده‌ده‌ره‌كانی‌و دیپلۆماته ئێرانییه‌كانیان كوشتووه‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه به‌رامبه‌ر به‌گیانی دیپلۆماته‌كانی، ده‌وڵه‌تی نه‌مسا به به‌رپرسیار ده‌زانێ.
چه‌ند كاتژمێر پاش رووداوه‌كه شامێهری به‌برینداری ده‌كه‌وێته ده‌ستی پۆلیسی نه‌مسا‌و ده‌رده‌كه‌وێ كه كێیه‌و ناسنامه‌كه‌ی چییه. رۆژێك دواتر وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌گاته نه‌مسا‌و له‌گه‌ڵ “كۆرت والدهایم” راوێژكاری ئه‌وكاتی نه‌مسا كۆده‌بنه‌وه‌و داوای گواستنه‌وه‌ی برینداره‌كان بۆ تاران ده‌كه‌ن. یانزه رۆژ دواتر سه‌حراڕوودی‌و شامێهری ده‌گوازرێنه‌وه بۆ تاران‌و له نه‌خۆشخانه‌ی سوپا چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێ.
له‌كۆتایی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رووداوه‌دا ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران ده‌نووسێ “ئه‌گه‌رچی دوای سكاڵای بێوه‌ژنه‌كه‌ی قاسملو دادگا داوای راده‌ستكردنی ئه‌و دوو دیپلۆماته ئێرانییه‌ی كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڤیه‌ننا‌و تاران رێگای له‌مه گرت‌و هێشتا ئه‌م دۆسێیه‌ی به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه”.
تاڵه‌بانی سه‌حراڕوودی ده‌رباز ده‌كات
له درێژه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌دا ئاماژه به پۆسته جۆربه‌جۆره‌كانی سه‌حراڕوودی له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا له كۆماری ئیسلامی كراوه‌و هه‌روه‌ها باسی رۆڵی ناوبراو له سوپای به‌در‌و دروستكردنی سوپای مه‌هدی له عێراق ده‌كات‌و هاتووه كه له‌و ساڵانه‌شدا له‌گه‌ڵ دۆسته دێرینه‌كانی له یه‌كێتی نیشتمانی، واته تاڵه‌بانی‌و جێگره‌كه‌ی ئه‌وكاتی (نه‌وشیروان مسته‌فا) په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی هه‌بووه.
له‌كۆتایی ئه‌و نامه‌یه‌دا به ئاماژه به‌وه‌ی كه سه‌حراڕوودی له ده‌وڵه‌تی پێشووی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا جێگری به‌رپرسی باڵای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران بووه، هاتووه كه “له11ی ته‌موزی ساڵی 2007دا ناوبراو له هه‌ولێر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه گه‌مارۆ ده‌درێ، به‌ڵام ده‌ستبه‌جێ تاڵه‌بانی دێته ناو مه‌سه‌له‌كه‌وه‌و به‌په‌له ئازادی ده‌كات‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێران، كه‌چی ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ی كه له‌گه‌ڵی بوون له‌و رۆژه‌دا ده‌ستگیر كران‌و بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك دیلی ئه‌مریكییه‌كان بوون”.
{jcomments off}