"an independent online kurdish website

(لەپەراوێزی وتاری بەڕێزان ئەیوب ئەیوبزادە و حەسەن ئەیوبزادە)

جەمیل کولاهیcemil_kolahi

هەر نەتەوەیەک بۆ ناسینی رابردوو و هەروەها ریشە و رەچەڵەکی خۆی پێویستی بە مێژوویە. مێژوو هەر وەک گوتوویانە، رێ پیشاندەری داهاتوویە. ئەمە بەو مانایەیە کە هەموو بەسەرهات و نۆختە گۆڕانەکان و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی رابردووی نەتەوەیەک لە مێژوودا تۆمار دەکرێن. هەر بۆیە بۆ ئەوەی کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن کەڵکی باشی لێ وەرگرن، دەبێ بە ئەمانەتداری تەواوەوە بنووسرێتەوە، واتە بەو جۆرە کە هەیە و رووی داوە بۆ نەوەکانی داهاتوو باس بکرێ، نەک ئەوەی کە ئەگەر برگەیەکی بە دڵی نووسەر نەبوو چاو پۆشی لێ بکرێ یان بەلاڕیدا بڕوات و برگەکانی دیکە کە لە گەڵ ئاوات و ئارەزووەکانی نووسەر دێنەوە، بە زەقی باس بکرێن و تەنانەت تێکەڵ بە خۆلیا و ئاواتەکانی نووسەر بکرێن.

تا ئێستا چەند وتاری مێژووییم لە نووسینی هێندێ نووسەری کوردی رۆژهەڵات خوێندۆتەوە کە لە سەر کۆماری کوردستان و حیزبی دامەزرێنەری کۆمار واتە حیزبی دیمۆکرات بووە. لەو وتارانەدا رێبەرانی دوای کۆماری کوردستان، بە تایبەتی شەهیدی نەمر دۆکتور قاسملو، بەوە تاوانبار دەکرێن کە لە دروشمی کۆمار کە سەربەخۆیی بووە، لایان داوە و ئامانجی بزوتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتییان لە سەربەخۆیی هێناوەتە ئاستی خودموختاری.

بۆ چوونە سەر ئەم باسە لەوێوە دەست پێدەکەم کە ئایا کۆماری کوردستان حکومەتێکی سەربەخۆ بووە یان نا، بۆ پەرژانە سەر ئەو باسەش، دوو لەو وتارانە کە لەوبارەوە نووسراون هەڵدەبژێرم و باسیان لە سەر دەکەم.  ئەو دوو وتارە کە ئاماژەیان بە کۆماری کوردستان و حیزبی دیمۆکرات و دروشمی ئەو حیزبە و کۆمار کردووە بریتین لە یەکەم، وتاری مامۆستا ئەیوب ئەیوبزادە لە ژێر سەردێڕی “مێژووی ستراتیژییه‌کی شکست خواردوو” کە لە پەراوێزی رێککەوتننامەی حدکا و کۆمەڵدا نووسراوە و دووهەمین وتار لە ژێر سەر دێڕی “تەزویری بەیاننامەی دامەزراندنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان”ە کە مامۆستا حەسەن ئەیوبزادە نووسیویە.

لەم وتارانەدا کۆنگرەی سێهەم بووەتە خاڵی لادان لە رێبازی کۆماری کوردستان و تەنانەت مامۆستا حەسەن ئیددیعا دەکا کە خودموختاری پێشنیاری ئیرەج ئێسکەندەری سکرتێری حیزبی توودەی ئێران بە دوکتور قاسملو بووە و مامۆستا ئەیوبیش بە بێ هێنانی ناوی دوکتور قاسملو پێداگری لە سەر ئەو وتەیە دەکاتەوە. هەر دوی ئەو بەڕێزانە رایان وایە کە لە کۆنگرەی سێهەمەوە ئێرانچییەتی بۆتە ناسنامەی حیزبی دیمۆکرات و لە ئامانجی سەرەتایی خۆی دوور کەوتۆتەوە. لێرەدا چەند بەشی کورت لە وتارەکەی کاک حەسەن ئەیوبزادە دێنمەوە؛

“ئەو حیزب و سازمانانەی کە دوای روخانی کۆماری کوردستان پێک هاتوون و ئێرانیگەریی و خودموختاریخوازییان لە بەرنامەکانیاندا گونجاندووە، خوازایاری ئامانجەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد نەبوون. بەرنامەی ئەو حیزبانەی کە دوای روخانی کۆماری کوردستان نووسراون، نووسخەی دووهەمی بەرنامەی فرقەی دیمۆکراتی ئازەربایجان بوون.

رژیمی پاشایەتیی بە پێچەوانەی رێبەرانی فرقە و حیزبی تودە واقعییتر، بەڵام بە زمانێکی تژی لە قین لە رووداوەکان دواوە و نەیشاردووەتەوە کە رێبەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، کۆماری کوردستانی سەربەخۆیان راگەیاندووە و بەو تاوانە رێبەرانی ئەو کۆمارەیان ئێعدام کردووە. بڕوانە! “اعلامیە نیروی ستاد کوردستان” بە ئیمزای سەرلشکر همایونی”سەرچاوە رۆژنامەی “کوردستان” ژمارە ٧٤ رەشەمەی ساڵی ١٣٥٩ – خاکەلێوەی ١٣٦٠ لە ئاخری لاپەڕەی ئەم نووسراوەیەدا وێنەکەی داندراوە.

دروشمی خودموختاریخوازیی حدک لە ١٩٧١-١٩٧٣ وە بە پێشنیاری ایرج اسکندری، سکرتێری حیزبی تودەی ئێران بە د.قاسملو و پێشنیاریکردنی بە بەشدارانی کۆنفرانسی سێهەمی حدک لە ١٩٧١ و کۆنگرەی سێهەمی حدک لە ١٩٧٣ پەسند کرا.”

بەڕێز ئەیوب ئەیوبزادەش لە دوو تۆی وتارەکەیدا بە هەمان شێوە ئاماژە بەوە دەکا کە رێبەرانی حیزبی دیمۆکرات لە ژێر کارتێکەری حیزبی توودەدا لە دروشمی سەربەخۆیی کە دروشمی کۆمار بووە بۆ خۆدمۆختاری دابەزیون و لە کۆنگرەی سێهەمی حیزبەوە بەرەو ئەملا ئێرانچییەتی باڵی بەسەر حیزبدا کێشاوە و حدکا ئەوانەی وەک واقعبینی سیاسی بە سەر کۆمەڵگادا سەپاندووە. بۆ نموونە چاو لەو چوار پاراگرافەی خوارەوە بکە؛   

“یان ره‌نگه‌ راستتر بێ بڵێین: ئه‌و رێبازه‌ی به ‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد دا سه‌پێنرا، کۆتایی به‌و خەباتە مێژووییه ‌دوور ودرێژه‌ هێنا که‌ بۆ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کرا بوو. تا ئه‌و کاته‌ی بزووتنه‌وه‌کانی کورد له‌ لایه‌ن سه‌رکرده‌” کلاسیک “ەکانی کورده‌وه‌ رێبه‌ڕایه‌تی ده‌کران، هه‌موو راپه‌ڕینه‌کانی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و خۆ جیاکردنه‌وه‌ له‌ دەوڵەتی داگیرکه‌ری تاران بوو. شێخ عوبه‌یدولڵای نه‌هری،سمکۆی شکاک و پێشه‌وا قازی محەمەد له‌ ریزی ئه‌و سه‌رکرده‌ کلاسیکانه،‌ دێنه‌ ئه‌ژمار.

ئه‌م که‌شو هه‌وایه‌ وه‌ک بیر و روانینێکی سیاسی تا کۆنگره‌ی سێهه‌می حیزبی دیموکراتی کوردستان درێژه‌ی هه‌بووه‌. به‌ڵام ئه‌م رێبازه‌ فکری و سیاسییه‌ ئه‌گه‌ر تا ئێره‌ به‌شیوه‌یه‌کی نه‌نووسراو و گه‌ڵاڵه‌ نه‌کراو باڵی به‌سه‌ر بیری زۆربه‌ی ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا کێشابوو، به‌ پێکهێنانی کۆنگره‌ی سێهه‌می ئه‌و حیزبه‌ ده‌رفه‌تی به‌ یاسایی کردن و تئۆریزه‌ کردنیشی بۆ ره‌خسا.

هه‌موو ئەو که‌ره‌سه‌ و ماتڕیاڵانەی که‌ له‌و کۆنگرەیە‌ دا بۆ ساخکردنه‌وه‌ی حیزبی دیموکرات به‌ کارهێنرا ، هاورده‌یەک بوون کە لە دەزگای فکریی و سیاسیی حیزبی توودەی ئێران بەرهەم هاتبوون. لێره‌وه‌ ئیتر ئه‌رکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ خرایه‌ ئه‌ستۆی بزووتنه‌وه‌ی کورد.‌

به‌ڵام ستراتیژیی به‌ئێرانی کردنی دۆزی کورد و حه‌ولدان بۆ دیموکراتیزه‌کردنی ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ ئێران هه‌ر به‌وه‌نده‌ کۆتایی پێنه‌هات. پێ به‌پێی سه‌پاندنی ئه‌م ستراتیژییه‌، ده‌سکه‌وتی هه‌ره‌گه‌وره‌ی مێژووی هاوچه‌رخی کوردیش تووشی ده‌سکاری، ده‌ستێوه‌ردان، شێواندن و لێڵ کردن هات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا تواندرا نکۆڵیی له‌ سه‌ربه‌خۆبوونی کۆماری کوردستان کرا و “ژێ کاف”به‌ ناسیۆنالیسمی به‌رچاوته‌نگ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا و ته‌نانه‌ت به‌ ناڕه‌وا بۆ هه‌ره‌سی کۆماریش ده‌سته‌واژه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ئاش به‌تاڵ بۆ که‌سایه‌تیی پێشه‌وا به‌ کارهێنرا.”

هەر وەک بینیمان کاکڵەی باسی ئەم دوو وتارە کۆماری کوردستانە و گوایا حیزبی دیمۆکرات لە کۆنگرەی سێهەمەوە لەو رێبازە لای داوە و تەنانەت بە دەستێوەرادنی حیزبی توودەی ئێران دروشمی کۆمار گۆڕدراوە. بەڵام بە پێی هەموو بەڵگەکان هیچ کەس ناتوانێ ئەو ئیددیعایە بکات کە کۆماری کوردستان سەربەخۆ بووە. سەربەخۆیی پێناسەی خۆی هەیە، مرۆڤ بە دڵخوازی خۆی ناتوانێ رووداوە مێژووییەکان بگۆڕی و حاشا لە بەڵگەکان بکات. دیارە هەر کوردێکی نیشتمان پەروەر بە دڵەوە حەز دەکا کە خاونی وڵاتێکی سەربەخۆ بێ و چیدیکە داگیرکەر نەتوانێ مافەکانی پێشێل بکا. بەڵام ئەوە ناتوانێ ببێتە بنەما بۆ گۆڕینی راستییە میژووییەکان.

 مامۆستا حەسەن ئەیوبزادە لە وتارەکەێدا بۆ سەلماندنی سەربەخۆیی کۆمار، ئاماژە بە وتاری شەهید پێشەوا دەکا، کە دەڵێ “ملتی کورد هەزاران بەرهەڵستی سەخت و سەهەندەی لە ری دابدەستەو دایرەی دیکتاتوری بی وچان کارشکینی ایمەیان دەکرد و لە هیچ نامردیک رانەدەوەستان اختلافات عشایری وداخلیش ئشکالی کی گورە بو بوایمە اما ئەوانە هیچکامی نەیان توانی پێش بە ایمە بگرن بە دلیکی بەهیز پایداریمان کردو ادامەمان بە فعالیتی خوماندا تا استقلال و آزادی نەتەوەی کوردمان بدست هینا.”

مامۆستا حەسەن هەر لەو وتارەیدا ئاماژە بە بەڵگەیەکیتر دەکا، کە وێنەی بەشێکی لێرەدا هاتووە.

komar_jamil

لەم بەڵگەیەدا کە بە بەڵگە بۆ سەلماندنی سەربەخۆیی کوردستان ئاماژەی پێ کراوە، چەندین شت هەی کە جێ تێ ڕامانن، شەهید سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد بوو، لە لایەکەوە دەڵێ “دولت خودمختار کردستان” یان “کوردستان آزاد” لە لایەکی دیکەوە رێبەرانی ئەو کۆمارە بە “تجزیە قمستی از ایران” تاوانبار دەکا!

لێرەدا چەند پرسیار دێتە ئاڕاوە؛ ئەو حکوومەتە چۆن دەتوانێ هاوکات سەربەخۆ بێ و خەڵکەکەشی لە مەجلیسی میللی ئێراندا نوێنەریان هەبێ؟ مەگەر شەهید ئەبۆلقاسمی سەدری قازی نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیسی میللیی ئێراندا نەبوو؟ ئاخۆ خەڵکی وڵاتێک چۆن دەتوانن لە پارلەمانی وڵاتێکی دیکەدا نوێنەریان هەبێ؟ ئەگەر کۆماری کوردستان خودموختارە چۆن بە تاوانی سەربەخۆ خوازی رێبەرانی کۆمار لە سێدارە دەدرێن؟ ئایا سەربەخۆیی خوازی ئەو تاوانە نییە کە حکومەتی پەهلەوی دەیخاتە پاڵ شەهید پێشەوا بۆ سەرکوتی؟  ئایا رێبەران و حیزب و رێکخراوەکانی ئێستای کورد سەربەخۆ خوازن کە هەموو ئۆپۆزیسیون و حکومەتی تارانیش پێیان دەڵێ جۆداییخواز؟ یان کەڵک وەرگرتن لە جوداییخوازی هەموار کردنی رێگایە بۆ سەرکوت؟

ئەو وتەیەی شەهید پێشەوا کە دەڵێ “استقلال و آزادی کوردمان بدست هینا” ناتوانرێ بکرێتە بنەما بۆ ئەوە کە بڵی کۆماری کوردستان سەربەخۆ بووە و هەموو ئەو نامیلکە و بەرنامانەی دوایی حیزب و رێکخراوەکان لە سەر سەربەخۆ نەبوونی کۆمار تەزویرن. چونکە فاکتگەلێکی حاشا هەڵنەگری دیکە هەن کە سەربەخۆیی کۆمار رەت دەکەنەوە.

 بوونی نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی میللی ئێراندا نیشانەیە بۆ ئەوە کە کۆماری کوردستان سەربەخۆ نەبووە، بەڵکو کۆمارێکی خودمۆختار بووە لە چوارچێوەی سنووری ئێراندا. سەفەرەکانی شەهید پێشەوا بۆ تاران وتوێژی لە گەڵ قەوامولسەڵتەنە سەرۆک وزیری ئێران و رەزم ئاڕا سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئێران لە سەر مافی کورد، نیشانەی ئەو راستییەن، کە شەهید پێشەوا خەباتی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی سنووری ئێراندا کردووە.

وتوێژ لە گەڵ سەرۆک وزیر و سەرۆکی ئەرتەش ئەویش لە تاران، لە سەر چۆنییەتی جیا بوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان نیە، بەڵکو وەرگرتنی ئیمتیازی زۆرترە بۆ کورد و هەموار کردنی رێگەی بە فەرمی ناسینی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا. سەربەخۆیی پێویستی بە وتووێژ لە گەڵ سەرۆکی ئەرتەش و سەرۆک وەزیر لە تاراندا نیە و ئەوانیش شۆڤێنیستتر و دیکتاتورتر لەوە بوون کە رێبەرێکی کورد بتوانێ باسی سەربەخۆیی کوردستانیان لە تاراندا لە گەڵدا بکات.

شەهید پێشەوا ئەگەر بۆ سەربەخۆیی کوردستان خەباتی بکردایا، هێرشی دەکردە سەر ئەرتەشی شا لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کوردستانی رزگار دەکرد و سەربەخۆیی رادەگەیاند. بەڵام شەهید پێشەوا بۆ نە تەنیا ئەو کارەی نەکرد، بەڵکو لە گەڵ رژیمی شا  کەوتە وتوێژەوە؟ چونکە ئەو باوەڕی بە چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی سنووری ئێراندا هەبوو و پێوابوو بە وتووێژ دەتوانێ کێشەی کورد چارەسەر بکا. بەڵام بە داخەوە وەک رابردوو دۆژمن نیازێکی دیکەی لە وتووێژ هەبوو، ئەویش بەهێزتر کردن و رێکخستنی زیاتری خۆی و دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی کورد بوو، نەک چارەسەی کێشەی کورد.

تەنیا لە یەک کاتدا دەتوانین بڵین ئەو وتووێژانەی شەهید پێشەوا لە تاران بۆ سەربەخۆیی بووە، ئەویش ئەو کاتەیە کە کۆماری کوردستان لە باری هێزی سەربازییەوە لە حکوومەتی تاران بەهێزتر بووبێ و ئەوەندە قورسایی بووبێ کە حکومەتی تارانی هێنابێتە سەر مێزی وتووێژ لە سەر سەربەخۆیی کوردستان. کە ئەم گریمانەیەش لە گەڵ راستییەکانی دواتر، کە مەهاباد پێتەختی کۆمار، بە بێ تەقە لە لایەن ئەرتەشی شاوە داگیر کرایەوە و شەهید پێشەوا چووە پێشوازی ئەرتەشەوە ناگونجێ. کاتێک کۆماری کوردستان لە باری نیزامییەوە زۆر لە حکوومەتی تاران لاوازترە، سەرۆک کۆمارەکەی ناتوانێ لە تاران باس لە سەربەخۆیی کوردستان بکا، چونکە بە هیچ شێوەیەک خاونی ئەو هێزە نەبووە کە رژیمی شا پەلکێشی ئاوەها وتووێژێک بکا.

کۆماری کوردستان ئەگەرچی سەربەخۆ نەبووە، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا ئەوەندە دەسکەوتی هەبووە کە رەنگە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەتوانێ لە دە ساڵدا بیبێ. ئەوە کە ئەو کۆمارە سەربەخۆ نەبووە هیچ لە گەورەیی ئەو کۆمارە کەم ناکاتەوە، چونکە ئەگەر هەر وا درێژەی هەبوایا، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەیتوانێ کیانێکی سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێنێ. بەڵام هەڵە سیاسییەکان و واقعە سیاسییەکان، بوونە هۆی تێک روخانی ئەو کۆمارە ساوایە. بە هەڵە سەربەخۆ ناساندنی کۆمار و تاوانبار کردنی کەسایەتییەک وەک دۆکتور قاسملو بە لادان لە رێبازی کۆمار و دروشمەکانی کۆمار هیچ خزمەتێک بە جووڵانەوەی کورد ناکات و تەنیا مێژووی پڕ لە شانازی کورد دەشێوێنێ.

کەوابوو نە کۆماری کوردستان سەربەخۆ بووە نە حیزبی دیمۆکرات سەربەخۆ خواز تا دوایی  بە وتەی ئەو بەڕێزانە لە کۆنگرەی سێهەمی حیزبەوە حدکا لە سەربەخۆۆیی خوازییەوە بۆ خۆدمۆختاری دابەزی بێ. ئەوە سرۆشتییە کە حیزبێک کە باوەڕی بە چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا هەبێ، لە گەڵ حیزبە ئێرانییەکانیتر وتووێژ بکا و هاوپەیمانی پێک بێنێ. (لیرەدا باسی من لە سەر چۆنییەتی ئەو هاوپەیمانییە نیە، چونکە منیش بۆخۆم رەخنەم لە سەر ئەو شێوە وتووێژ و هاوپەیمانەتییانە هەیە، بۆیە ئەوە بابەتێکی تێروتەسەلی دەوێ و لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا ناگۆنجێ). بەڵام کاتێک دەتوانین هیوادار بە داهاتوویەکی باشتر بین کە رابردوەکەمان بە هەموو راستیەکانییەوە ببینین و قبوڵی بکەین، راستی ئەوەیە کە هیچ حیزبێکی ناسراو و جیددی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دامەزرانی کۆمارەوە تا ئەم کاتە خاوەنی دروشمی سەربەخۆیی نەبووە و لە کۆماری کوردستانەوە تا خەباتی دەیان ساڵەی حیزبەکان هیچکات باسی سەربەخۆیی کوردستان وەکوو بەرنامەی درێژخایەن لە بەرنامەو پەیڕەوی ئەو حیزبانەدا نەکراوە و هەوڵدان بۆ گۆڕینی راستییەکانی مێژوو بە دوورە لە واقیع بینی سیاسی و روانینی ئاگاهانە بۆ رابردوو کە دەتوانێ تیشک بخاتە سەر دۆخی ئێستاو چاکسازی ئەم دۆخە.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی