"an independent online kurdish website

کاک جەمالی بەرێز  وەک دەزانن لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز  رۆژی پێشمەرگەی کوردستان دایین ، هەر بەو بۆنەوە پێمان خۆش بوو لە لایەن ماڵپەری پێشمەرگەکانەوە بێینە خزمەتتان . جا بۆیە هەم لە لاین خۆم و هەم ماڵپەری پێشمەرگەکانەوە پیرۆزبایی رۆژی پێشمەرگەتان پێدەلێین . cemal_tajebani1

– منیش بەخێر هاتنتان پێدەڵێم و سوپاستان دەکەم ،هەروەها سوپاسی ماڵپەری پێشمەرگەکانیش دەکەم .

هەر بە بۆنەی ئەم رۆژە مێژووییە پڕ بە دڵ سلاوم هەیە بۆ خەڵکی کوردستان و زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی بەرێزی شەهیدانی کوردستان و هەموو پێشمەرگە خۆشەویستەکان و بنەماڵەکانیان .

کاک جەمال دەکرێ کەمێک باسی خۆتمان بۆ بکەی ؟

– من جەمال یوسفی ناسراو بە جەمال تاژەبانی خەڵکی گوندی تاژەبانی شاری بانەم ،١٣٤٦ی هەتاوی لە دایک بووم و کوری کاک رەشید تاژەبانیم  . بەداخەوە وەک زۆربەی منداڵانی کوردستان بەهۆی نەداری و بێدەرەتانیەوە نەمتوانی بچمە قوتابخانە و لە مافی خوێندن بێبەش مامەوە و هەر لە تەمەنی مێرمنداڵێمەوە شانم دایە بەر کار و کاسپی لە مووچە و مەزرا شان بە شانی بنەماڵەکەم.

پاشان بە هۆیی ئەوەی کە گوندی تاژەبان ، گوندێکی نیشتمان پەروەر بوو، بیری ئازادی ناخی تاک بە تاکی گرتبووە و لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەیەکی زۆری هەبوو کە زۆربەشیان لە بنەماڵەی خۆم بوون ، منیش هەر لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە رووم لە پێشمەرگایەتی کرد . وەک بنەماڵەش خاوەنی چوار شەهیدین ،برایەک و دوو ئامۆزا و مامێک ، شەهیدان کەمال یوسفی ، محەممەد ئەمین یوسفی ، ساڵح ساڵحی و رەحیم ساڵح .

kemal_yusfi

شەهید کەمال یووسفی

کاک جەمالی بەرێز ئێوە چۆن پێناسەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن ؟ پێشمەرگە چ واتایەکی هەیە و گرنگی رۆژی پێشمەرگە لە چیدایە ؟

–  لە مێژووی هەر نەتەوەیەک  هێندێک رۆژی مێژووی هەن کە گرنگن و بۆ گەلی کوردیش رۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک رۆژی پێشمەرگە جێگایەکی تایەبەتی خۆی هەیە و یادکردنەوە لەو رۆژە و پێشمەرگە دەبێ بکرێتە رۆژی نەتەوەیی و هەوڵی زیاتریش بدرێ بۆ بە نەتەوەیی کردنی ئەو رۆژە لە هەموو بەشەکانی کوردستان و رێزی لێبگیردرێ .

من پێشمەرگە بە گوڵێکی بۆن خۆش دەخەمڵێنم کاتێک خەڵک بۆنی پێوە دەکا ، دڵی گەش دەبێتەوە و چاوی روون و مێشکی ئارام دەگرێ . پێشمەرگە مرۆڤێکی خاون بیر و باوەری بەرزی نەتەوەییە و ئامادەشە لە پێناو بیر و باوەرەکەیدا خۆشەویسترین بەهانی ژیانی کە گیانیەتی بە دڵ فراوانییوە بی بەخشێ .پێشمەرگە بە ویست و خواستی خۆیی ئەو رێگەیە هەڵدەبژێرێ و دڵسۆزانەش سنگی خۆی بۆدەکاتە قەڵغان لە پێناو پاراستنی ئامانجەکەی . گرینگی ئەو رۆژە لەوەدایە ٦٧ ساڵ لەوەبەر واتە لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی دەستەیەک لە شۆرشگێرانی کوردستان توانیان تەخت و بەختی پاشایەتی بە دەست بەسەرداگرتنی دوا مۆڵگەی دوژمن وەک شارەوانی مەهاباد ،کۆتایی پێبێنن و دەسەڵاتی بەشێکی بەرچاوی کوردستان وەئەستۆ بگرن لە جێر چەتری پێشەوای مەزنی کورد پێشەوا قازی محەممەدی نەمردا .

جەنابتان پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون ، ئەگەر زەحمەت نییە باسێک لەو بارەوە بە کورتی لە دەورانی پێشمەرگایەتی و ئەو ئەرک و پۆستانەی پێتان سپێردران بکەن و هەروەها خەباتی سەخت و خوێناوی ئەو سەردەمە و بەشداریتان لە شەڕەکانی ئەو سەردەمەدا .

– بە شانازییەوە من ١٦ ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووم . واتە لە ساڵی ١٣٦٠ کە چواردە ساڵان بووم تا ساڵی ١٣٧٦.

بۆ ئاگاداری خوێنەرانی بەرێزی ماڵپەری پێشمەرگەکان ، باوکیشم هەر پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو بە ناوی رەشید یوسفی لە ٥٨تەوە تا ٦٥ی هەتاوی .کاتێک کە بووم بە پێشمەرگە ١٤ساڵان بووم، بەرپرسانی حیزب زۆریان هەوڵدا بمنێرەنەوە بۆ ماڵەوە ، بەڵام بە قسەم نەدەکردن، بە تەواوی وجوودمەوە هەستم بە ناعەداڵەتی و زوڵم و زۆر دەکرد و باورم بەوە هێنابوو کە لە رێگای پێشمەرگایەتیەوە دەتوانم خزمەت بە نەتەوەکەم و ولاتەکەم بکەم،بۆیە پێداگریم لە مانەوە دەکرد. پاش سێ رۆژ جارێکیتر مەسئوولەکان هاتنەوە و داوایان لیکردم کە برۆمەوە، دوبارە بە قسەم نەکردن ، ئیتر وتیان مادام نارۆیتەوە دەبەی لە مەقەر بۆ ماوەی ٦ مانگ چایپەزی بکەی ، جا تفەنگەت ئەدەینە دەست و منیش لە ولامدا وتم بۆ چایی پەزی خزمەت نییە، بەسەر جاو و دەیکەم . ئیتر پاس دوو ساڵ نیو پێشمەرگایەتی ناردیانمە دەورەی سیاسی نیزامی لە ناوچەی ئالانی سەردەشت لە گوندی مەزناوێ ، ئەگەر هەڵە نەبم ئەوە دووهەم دەورەبوو کە حیزب داینابوو .دوایەش درێژەم بە پێشمەرگایەتی دا و لە ماوەی ئەو ١٦ سالەدا پلەکانی پێشمەرگایەتیم بەدوای یەکدا برین وەک جێگر پەل ، سەرپەل ، جێگر لەک ، سەر لک ، جێگری دەستەی کوماندۆ  و هەروەها کادری سیاسی .

لەو ماوەیەدا ٦جاران خەڵات کرام ، ٣ جار بە نووسراوە و ٣ جاریش شفاهی .بە نیسبەت شەری بەرگریشەوە ، لە زۆربەی شەرەکاندا بەشدار بووم کە گرنگترینیان شەری سوورکێو بوو کە تەیدا ٤٠٠ کەس لە داگیرکەرانی کوردستان کوژران و ٩٥ کەسیش  بەدیل گیران ، بەڵام بەداخەوە لەو شەرەدا ٢ پێشمەرگە کە یەکێکیان مامی خۆم بوو بە ناوی ساڵح ساڵحی  شەهید بوون.( دیارە لەو شەڕە دا پێشمەرگەی حیزب و سازمانی خەبات بەشدار بووین)

لەبەر ئەوە کە باس کردن لەو شەرانە هەم کاتی زۆرێ دەوێ و هەم رەنگە هێندێکیانم بە باشی لە بیر نەمابن ، تەنیا باس لە ناو و شوێنی برێکیان دەکەم

ئەوانەی لە بیرم مابن ئەم شەرانەن ،شەر جادەی بانە ئارمردە، کێوی رەزە پیر، ئارمردە – بلەکێ ، نێزەرۆ ، گرتنی پایەگای تاژەبان ، پشتی ساڵووک ، جادەی بانە –بلەسەن ، کێوی گاکڕ ، درگای شێخان، کێوی سەرتوون. پشتی کانی ناو ، گوندی بەنەژاژ ، پشتی بەردەرەش ،لە دەرەوەی ناوچەی بانەش ، شەرەکانی سێوە سوورە، کێوی گردەکۆ لە ناوجەی سەقز . پێویستە بڵێم کە لە زۆربەی ئەم شەرانەدا من هەڵگری چەکی قورس بووم و بەکارم دێنا وەک ئارپیجی و بیکەیسی و هەروەها بەشداری لە شەری جادەی سەردەشت پیرانشار کە بۆ ماوەی مانگێک وەک مەئمووریەت ناردرابووینە پیرانشار .

کاتێک دەچوونەوە بۆ ناوچە ، پێشوازی خەڵک لە چ ئاستێکدا بوو ؟ خەڵک چۆن سەیری پێشمەرگەی دەکرد ؟{jcomments off}

– پێشوازی خەڵک بە ڕادەیەک بوو کە زیاتر پێشمەرگەی دڵ گەرم دەکرد بە خەبات و تێکۆشان ولە ناو ئەواندا بژین و هەر بۆوانیش بمرین. بە چاوی رێزەوە سەیریان دەکردین و بەبینینمان دەگەشانەوە هەروەک ئەوەی لە مێژ بێ چاویان بە ئازیزانی خۆیان نەکەوتبێ ، کەدەچووینە ناویان لە ئامێزیان دەگرتین ، ماچیان دەکردین  ، دەوریان ئەداین و گوێیان لێ دەگرتین ، نان و پێخۆریان پێدەداین و رێگایان پیشان ئەداین و پێشمان دەکەوتن بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو داوی دوژمن . پێیان دەوتین کە نان بە ناوچاوی پێشمەرگەوەیە و ئەگەر پێشمەرگە لە ناوچەدا نەبێ ، کار و کاسپیش نابێ ، ئەوان داییم پێیان دەوتین کە پارێزگارییان لی دەکەین و ئەگەر دوژمن هەستی بە بوونی ئێوە نەکردایە ، ئێمە نەماندەتوانی پارێزگاری لە شەرەف و نامووسی خۆشمان بکەین ، خەڵکی کوردستان پێشمەرگەکانی وەک کچ و کوری خۆی سەیر دەکرد ، خۆ ئەگەر ئەو هەموو خۆشەویستی و هەست و سۆزەی خەڵکەکەمان نەبوایە ، چۆن دەمانتوانی لە بەرانبەر ئەو هەموو ماندوو بوون و سەرما و گەرما و برسیەتی و شەونخوونی و برینداری و شەهید بوون و دووری لە کەس و کار و ژن و مندال و ئازیز و دۆستانەمان  خۆڕاگر بووینایە، بێ گومان نەمان دەتوانی و بەڵام هەلوێستی ئەو خەڵکە وای لێدەکردین ئەگەر لەوەش زیاتر ماندوو بووینایە هەستمان پێنەدەکرد و هەر بە چوونە ناو ئەو خەڵکەوە دەحەساینەوە ، هەروەک چۆن ماسی لە ناو ئاو دەری بێنی پاش کەمێک بێ هێز دەبێ ، بەڵام هەر کە خستە ناو ئاوەکەوە زیندوو دەبێتەوە، ئێمەش وەک پیشمەرگەی کوردستان ئاوها بووین .

بە بڕوای بەرێزت  ئەو هەموو خۆشەویستیەی خەلک بۆ پێشمەرگە . لە چییەوە سەرچاوەی دەگرێ ؟

– هۆکار زۆرن بۆ خۆشەویست بوونی پێشمەرگە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە ، بە بڕوای من زیاتر بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە پێشمەرگە بە پارێزەری مافە رەواکانی خۆیان دەزانن کە لە لایەن رژێمە داگیرکەر و دیکتاتۆرەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا زەوت کراون. خەڵکی کوردستان باش دەزانن کە ئەگەر ترسی پێشمەرگە نەبوایە ، ئەو رژێمانە کە داگیرکەری کوردستان وەک گورگی هار قەتل و عامی کوردستانیان دەکرد ، نموونەی بەرچاوی حکومەتی مالکییە کە ئەگەر لە ترسی هێزی پێشمەرگە نەبایە، زۆر لە سەدام خراپتر دەبوو و ماڵی کوردی زیاتر وێران دەکرد .بەشێکی تری ئەو خۆشەویستیە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە وڵاتەکەمان داگیرکراوە و خەلکیش لەوە بیزارن و دەیان هەوێ کە وەک هەموو نەتەوەکانی جیهان ئازاد بژین و ولات و حکومەت و دەسەلاتی خۆیان هەبێ ، بۆ ئەوەش تەنیا پیشمەرگەیە کە ئامادەی فیداکاریە لە پێناو وەدی هاتنی ئەو ئاواتە و لە پێناویشیدا گیانی خۆی بۆ بەخت دەکا .

با بێینە سەر باسی بنەماڵەییە و ژیانی تایەبەتی خۆتان ، خوشکە سوعدا هاوسەری ژیانتانە و کچی پێشمەرگەی ناوریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک جەعفەر حەسەنزادەیە ، دەکڕی بە کورتی باسێکمان لەو بارەوە بۆ بکەن ؟ کەی ژیانی هاوبەشتان پێکهێنا ؟ خوشکە سوعدا لە ژیانی هاوبەشی ئێوەدا و بە تایەبەی لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا چ رۆڵی گێراوە و چۆن سەیری رۆلی خوشکە سوعدا دەکەن ؟

 – ساڵی ١٣٧٠ لە گەڵ سوعدا حەسەنزادە کچی پێشمەرگەی دێرێنی ناو رێزەکانی حیزبی دێموکرات کاک جەعفەر حەسەنزادە ژیانی هاوبەشم پێکهێناوە .سوعدا ئەندامی بنەماڵەی سێ شەهیدە  خاڵ و خاڵۆزا و مامێک واتە شەهیدان عێزت پەیرەوان ، مەجید پەیرەوان و شەهید عومەر .

بیرەوەری زۆر خۆشی شیرینی خواردنەوە و مارەکردنەکەمان ئەوە بوو کە وەزی بەهار لە قەندیل و رێک رۆژی ئازاد کردنی کەرکووک بوو بە دەستی پێشمەرگە ، دیارە پاش شیرینی خواردنەوەکەمان و بەستنی پەیمانی هاوسەریمان  ، من چوومەوە بۆ ناوچە و ٥ مانگ دوایی گەرامەوە و لە ١٩ی سەرماوەزدا لە چادرێک کە حیزب پەیداین شایی و زماوندمان کرد و ئەوەش کە لە مانگی سەرماوەز واتە مانگی پێشمەرگەدا زماوندمان کرد جارێکیتر خۆشی بە ئێمە بەخشی .ئێستا ئێمە ٢١ سالە بە یەکەوە هاوسەرین کە لەو ماوەیەدا تووشی زۆر تەنگ و چەلەمە بووین و زۆر تاڵی و سوێریمان چێشتووە ، ژیانی سەختی ناو خێمە لە قەندیل و لە ژێر شەختە و سەرما و بەفەردا کە شەوی وابوو دەبایە چەند جار بەفری سەر چادرەکەمان بماڵیایە تا نەرووخێ بەسەرمانا  و لەگەڵ ئەوشدا کۆستەی گەورەی سەر رێی ژیانمان کە هەر لەسەرەتای خۆشی ژیانی هاوبەشماندا ، تووشی خەم و تاڵی ژیانی کردین ، تیرۆری رێبەری شەهید کاک دوکتور سادق شەرەفکەندی  بەدەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و شەهید بوونی عێزەت پەیرەوان خاڵی سوعدا بە هۆیی وەرگەرانی تراکتۆر لە قەندیل و شەهید بوونی رەحیم ساڵحی ئامۆزای خۆم لە شەرێکی قارەمانانەدا لە ناوچەی رەبەت بوو سەرەڕای ئەوەیی کە زۆرجار بۆ ماوەی ٣ تا ٥ مانگ لە یەکتر دووردەکەوتینەوە بە هۆیی مەئمووریەتەوە و تۆپباران کردنی مقر و بنکەکانی حیزب لە قەندیل لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە و گواستنەوەی مەقەڕ و ماڵەکان ، ئەمانە هەموو لە ناخۆشیەکانی ژیانماندا بوون و بەداخەوە لە کۆتایشدا ناچار بووین رێگای هەندەران بگرینەبەر و لە ولات بێنەدەر و ئێستا لە ولاتی ئالمان نیشتە جێین . یەکەم جار هاتنیە یۆنان و پاشان رۆشتین بۆ نوروێژ و پاش چەند مانگان جارێکیتر نوروێژ ئێمەی ناردەوە بۆ یۆنان و لەوێش چەندمانگیتر ماینەوە و دوایە هاتینە ئاڵمان و ئێستە لێرە ولاممان وەر گرتووە. لە ماوەی ژیانماندا پازدە جاران ماڵمان پێکەوە ناوە و بە هۆیی شۆرش و پێشمەرگەیەتی و ئاوارێی هەموو جارێک لەدەستمان داوە و دیسانەوە لە سەرەتاوە دەستمان پێکردۆتەوە .

دیارە ژیانی پێشمەرگایەتی پڕە لە بیرەوەری خۆش و ناخۆش ، لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی خەباتی چەکداری  پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و فیداکاری و حەماسەی دوژمن بەزێنیان وێردی سەر زاری خەڵکی کوردستانە بە ئێستاشەوە . لەو چوار چێوەیەدا ئایا  بیرەوەریەکتان هەبیە کە بۆمان باس کەن ؟ 

– بێگومان بیرەوەری زۆرن ، خۆش و ناخۆش ، بەداخەوە من زیاتر بیرەوەری ناخۆشم لان . هەڵبەت لە بیرەوەریە خۆشەکان ئەوەیە کە کاتێک وەرزی بەهار دەهات و حیزب بریاری ئەدا کە هێزەکان پێویستە برۆنەوە ناوخۆیی ولات ئیتر پێشمەرگە دەستی دەکرد بە شایی و خۆشی و هەڵپەڕکێ ، زۆر جار کە دەرۆشتینەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر دەماینەوە جار و بار تیمەکان ئاڵ و گۆریان بەسەردا ئەهات و دەگەرانەوە و تیمی نوێ دەچوونە ناوچە ، لەو دەرفەتە پێشمەرگە کەڵکی وەر دەگرت و بە هاورێکانیاندا نامەیان بۆ خۆشەویست و کەس و کاریان دەناردەوە چ لە بنکە سابتەکانی حیزب و چ بۆ ناوچە.

 لەو بیرەوەریانەی کە زۆر ناخۆش بوون و کاریان کردۆتە سەر ژیانم و لە بیرم ناچن دەتوانم ئێشارە بە ٣ دانە بە کورتی بکەم، یەکەم بیرەوەری ناخۆش ئەوە بوو کە شەهید کاک سەرگورد کەریم عەلیار کاتێک لە مەئمووریەتێکی حیزبی لە جنووبی کوردستانەوە دەگەرایەوە بەرەو دەفتەر ، بریاردرا لکێک لە پێشمەرگەکانی بانە بچین بەرەو پیری و ئێمەش وەرێکەوتین و بۆ شەو چووینە گوندی کۆخە مامۆ ، هەر شەو لە لایەن تەشکیلاتەوە ئاگادار کراین کە دوژمن بەرەو لای ئێمە لە جم و جۆڵدایە ، تاریک و روونی بەیانی دەستەیەک لە پێشمەرگەکان بەرەو بەرزایی کوندەکەوە ڕێکەوتین بێ خەبەر لەوە کە جاشەکان لەو بەرزاییە دامزراون و کەمینیان بۆ داناوین، هەر کە لێیان نزیک بوینەوە دایانینە بەر دەسترێژ و یەکێک لە پێشمەرگەکان کە ئامۆزای خۆم بوو بە ناوی محەممەد ئەمین یوسفی شەهید بوو و هەر لەو شەرە بەربڵاوەدا بوو کە کاک سەرگورد کەریم عەلیار و چەند پێشمەرگەیتر شەهید بوون .

بیرەوەری زۆر ناخۆشیتر کە هەمە ئەوەیە کە جارێک من لە گەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان لە گوندەکەی خۆمان تاژەبان بووین ، لە کاتی رۆشتنماندا  کەمالی برام وتی منیش دێم و دەبمە پێشمەرگە . هاورێکەی پێشمەرگە لەیپرسی بۆ ؟ لە ولامدا وتی من سەربازم و رام کردووە و نامهەوێ سەربازی بۆ ئەو رژێمە کورد کوژە بکەم، دوایی لە گوندەکە هاتینە دەر و رۆشتین و کەمالمان لە گەڵ خۆمان هێنا ، هێشتا چەند سەعات تێنەپەریبوو کە بەداخەوە کەوتە سەر مینی چێندراوی دوژمن و شەهید بوو .

بەڵام لەمانە بەداختر بیستنی هەواڵی شەهید بوونی رێبەری مەزنی گەلەکەمان کاک دوکتور قاسملوو بوو.

ساڵی ٦٨ی هەتاوی لە ناوچە بووین . پێشمەرگەکانی هێزی بەیان برینداریان هەبوو . من وەک چاو ساغ لەگەڵ دەستەیەک پێشمەرگە بریندارەکانمان بەرەو باشوور ڕاگواست و پاش دوو شەو و رۆژ گەیشتینە ناوچەی سوورکێو و شوێنی مەبەست و پاشان گەراینەوە بۆ ناوچە  ، لە کاتی گەرانەوەماندا کەوتینە مەیدانی مینەوە و ٣ پێشمەرگەمان بریندار بوون و لەو شوێنە هیچ دەرەتانێکمان نەبوو بێجگە لەوەی کە بریندارەکان بەرەو پایەگایەکی عەرەبەکان بەرین و شەو لایان بمێنینەوە ، نە ئێمە هیچ ئیمکاناتێکی وامان پێبوو و نە عەرەبەکانیش یارمەتیان داین و بەداخەوە یەکێک لە بریندارەکان بە ناوی عەبە سپیدارەیی شەهید بوو ، بۆ رۆژی دوایی بە زیلێکی عەسکەری بردیانین بۆ سلێمانی و ئەوکات بەپرسی پەیوەندیەکانی حیزب لە سلێمانی شەهید کاک غەفوور هەمزەیی بوو ،لەوێ پێیان وتین کە حیزبمان ئاگادار کردۆتەوە بەلام زۆریان پێ چوو و هەر نەهاتن، هەر بۆیە پێیان دەوتین کە ئێمە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات نین بۆیە بە هانامانەوە نایەن، بەلام پاش چەند سەعاتێک کاک غەفوور هەمزەیی هات ، بەڵام کە هات زۆر خەمباری و ناراحەتی پیوە دیار بوو و بە خەمباریەوە وتی شەهید و بریندارەکان بخەنە ناو ماشینەکە و ئیتر لە رێگادا لێمان پرسی کە بۆ خەمبارە و چی روویداوە  ، لە ولامدا و بە دڵێکی پڕ لە گریانەوە  وتی بۆ مەگەر نازانن چی رووی داوە، وتمان نەوەڵا. لە ولامدا وتی ترۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی کاک دوکتوریان لە ئەرووپا  شەهید کردووە .کە ئەمرووداوە ناخی هەموو تاکێکی کوردی هەژاند و لە هەموان زیاتر ئەندام و لایەنگر و کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبەی تاساند و هەروەها لەو حالەدا و بەو هەموو ناخۆشی و شەهید و بریندارەوە و لە ناکاو هەواڵی شەهید قاسملوم بیست ، زۆر کاری تێکردم و داییم لە مێشکمدایە و یەکێکە لە هەرە بیرەوەریە ناخۆشەکانم .

هەل و مەرجی خەباتی ئەمرۆ چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟بە بروای بەرێزتان هێزە سیاسیەکانی کورد لە کوردستانی رۆژهەلات و بە تایەبت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم بارودۆخە چە ئەرکێکیان لەسەر شانە و پیوسیتە  چی بکەن بۆ گەلی کورد ؟

جەمال یوسفی –  بە بروای من هەل و مەرجی خەباتی ئەمرۆ کەمێک جیاوازی هەیە لە گەڵ سەردەمی پێشوو ، بە تەواوی لە تێکەوەپێچانی زۆردان نزیک بۆتەوە ، یەکەم دۆستی مەلاکانی ئێران واتە رژێمی ئەسەد بەرەو نەمان دەروا و ئەو شنەبای ئازادییە کە لە ناوچەکەدا هەڵی کردووە بە دڵنیایەوە ئێرانیش دەگرێتەوە.

هەر بۆیە ناوچەکە بەرەو گۆران دەروا و پێویستە هێزە سیاسیەکانی کوردیش ئامادەگیان هەبێ لەبەرنابەر هەرجۆرە گۆرانکاریەکدا .

من پێموایە هێزە سیاسیەکانی رۆژهەلاتی کوردستان بە هەموو بیر و بۆچونێکی جیاوازەوە  پێویستە لەخۆبردووی لە خۆیان نیشان بدەن  و هەوڵی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی بدەن و بێگومان لەو نیوەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەتوانێ بە هۆی پێگەی تایەبەتی و ئەزموونی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان کە هەیەتی رۆڵی کاریگەر بگێڕێ و مێژووش ئەوەی سلماندووە کە خاوەنی هەلوێستی تایەبت و نەتەوەییە و گرنگتر لە هەموان کە حیزب سکرتێرێکی زۆر دلسۆز و سادقی وەک کاک مستەفای هەیە دڵنیام کە سەرکوتن بەدەست دێنێ 

کاک جەمالی بەرێز پڕبەدڵ سوپاستان دەکەین و هیوای ژیانێکی شاد و خۆشتان بۆ بە ئاوات دەخوازین ، ئەگەر لە کۆتاییدا شتێکتان هەبێ بۆ خوێنەرانی ماڵپەری پێشمەرگەکان ، فەرموون .

– منیش سوپاسی ماڵپەری پێشمەرگەکان و خوێنەرانی بەرێزی دەکەم ، هیوام سەرکەوتنی بزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کورد و ئازادی کوردستانە. هیوادارم کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانین لە کوردستانی ئازاد و سەربەست گۆڤەندی شایی و خۆشی بگرین و جارێکیتر رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو لایەک پیرۆز بێ .

ئا : رەشید ز

cemal_tajebani2cemal_tajebani5

cemal_tajebani4

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی