"an independent online kurdish website

 ژیان ‌و مەرگ، ئەو پرسیارە ھەمیشەیی ‌و فەلسەفەییەیە کە بە درێژایی بوونی مرۆڤ ‌و لەو کاتەوە کە ئاوەزمەندانە سەرنجی داوەتە دیاردە سرووشتیەکان، بیری سەرقاڵی وەڵامێکی لۆژیکیی ‌و جێی باوەڕ کردووە ‌و بە ھەزاران فەیلەسووف، بلیمەت ‌و پسپۆڕ تا دەگاتە مرۆڤی ئاسایی، بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوە بوون ‌و بۆ دەربازبوون لە خۆفی مەرگ ‌و بەجێھێشتنی ھەموو ئەو شتانەی ھۆی بەستراوە بوونی مرۆڤن بە دنیاوە،nahid_huseini16

گەلێک لێکۆڵینەوە ‌و توێژینەوە کراوە. ھەوڵدراوە رازی ژیانی تاھەتایی بدۆزرێتەوە ‌و وەک دەبینین ئیکسیری ژیانی ئەبەدی بە گشتی خەونی ھەمیشەیی مرۆڤ بووە. ئەوەی روون ‌و ئاشکرایە، ئەوەیە کە مرۆڤ ‌و بەگشتی ھیچ گیانلەبەرێک ھەتا ئەمڕۆ نەیتوانیوە خۆی لە بازنەی مەرگ دەرباز بکات ‌و وەک چۆن لەدایک بوون دەچێتە خانەی جەبرەوە، مردنیش لە بازنەی جەبر دەرناچێت ‌و ژیانی تاھەتاییش خەونێکی ھەمیشەیی وەدی نەھاتووە. بەڵام کاردانەوی مەرگ لە ماناکانی ژیاندا، دەبێتە ھاندەر ‌و ھۆکاری کراوەیی دەستی مرۆڤ بۆ داڕشتنی پلان ‌و گەڵاڵەی درێژخایەن لە ژیانیدا بۆ ئەوەی جیاوازییەک لە باری مانا ‌و ناوەرۆکدا لە نێوان (ژیان‌و مەرگ) ‌و (مان‌و نەمان)دا بدۆزێتەوە ‌و لەو سۆنگەوە ‌و وەکوو مرۆڤێکی دەربازبوو لە بێھیوایی بازنەی جەبری سەپاو، مامەڵە لەگەڵ ژیان‌و چارەنووسی خۆی بکات. جەبر بە چۆکدا بێنێت، بە مەرگ پێبکەنێت ‌و بلێت، بە پێی جەبری سروشت لەدایک بووم ‌و بە پێی ئەو جەبرەش دەمرم، بەڵام ئەوە خۆمم کە بڕیاردەرم لە چۆنیەتی مانم ‌و کە بڕیاریش بێت جەبری نەمان قبووڵ بکەم، ئەوا وەھا مردنێک ھەڵدەبژێرم کە بارتەقای ئیکسیری ژیان بێت. ئەوە منم کە سنووری خۆفی مەرگ ‌و نەمانم تێپەڕاندووە. ئەوە منم کە لەوپەڕی ژیان خۆشەویستیدا بۆ ژیانی ئاسوودەی خۆم، نەتەوەکەم ‌و بەگشتی ئاسایشی مرۆڤ تێدەکۆشم ‌و گەر لەو رێبازەدا گیانی خۆیشم بەخت بکەم باکم نییە. ئەوە منم کە پێش مەرگ دەکەوم، بەڕوویدا پێدەکەنم ‌و دەڵێم من نازناوی پێشمەرگە بۆ خۆم ھەڵدەبژێرم ‌و جەبری مەرگ بە ئیرادەی خۆم دیاری دەکەم ‌و دەڵێم ھەتا من ھەم مردن نییە ‌و کەمن مردم مانا بە نەمانم دەبەخشم ‌و دەگەمە قۆناغی ھەرمان، بەڵام ھەرمانێک لە ناخی ویژدانی مرۆڤایەتی، گەلەکەم ‌و لە دووتوێی مێژوویەکی پرشنگداردا. ژیان ‌و مەرگ، مان ‌و نەمان واتای سروشتیی خۆیان لەدەست دەدن ‌و چۆن مان ‌و چلۆن ژیان دەبنە واتای سەرەکیی ژیان. ئەوەش فەلسەفەی مانەوەی ناو ‌و پێگە ‌و خۆشەویستیی پێشمەرگەیە.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی