"an independent online kurdish website

ڕێگای مێژوویی ئاورێشم کە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش لە ئێستاوە وەک پردێکی بازرگانی لە نێوان ئیمپراتۆریەتی “هان” لە وڵاتی چین و بە مەبەستی گواستنەوەی کەلوپەل و بازرگانیکردن لەگەڵ وڵاتانی ئورووپا و ئاسیا و باکووری ئافریقا کەڵکی لێوەرگیراوە، گرنگییەکی تایبەتی لە پێوەندی سیاسی و ئابووری وڵاتانی ناوچەکەدا هەبووە.aref_shexahmadi

ئەم ڕێگەیە لە نێوان کێو و تەلان و بیابانی زۆرەوە تێپەڕ دەبوو و لە وڵاتی ئەفغانستانی ئەمڕۆدا دەبووە دوو بەش و ڕێگەیەکیان بەرو کەنداو و شاری کەراچی پاکستان دەڕۆیشت، ڕێگەی دووهەم لە مەودایەکی درێژتردا ڕووی دەکردە کەنارەکانی دەریایی ناوەڕاست و هەر ئەم ڕێگەیە بوو کە لە لای ئیپمراتۆریەتی ڕۆم وەک ڕێگەیەکی پڕ کەڵکی ئابووری چاوی لێدەکرا.

هۆکاری ناولێنانی ئەم ڕێگەیە بە “جادەی ئاورێشم” ئەوەبوو کە لە وڵاتی چین ئاورێشم و پارچەی ئاورێشمی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکراو و بەم هۆیەوە ناویان نابوو جادەی ئاورێشم و لە دوو سەدە پێش زایین تاوەکوو دوو سەدە دوای زایین، هەریەک لە ئیمپراتۆریەتی هان لە وڵاتی چین و کووشان لە ئاسیای ناوەڕاست و ئیمپراتۆریەتی پارس لە ئێران و هەروەها ئیمپراتۆریەتی ڕۆم لە ئورووپا بۆ بەرژەوەندی ئابوووری و ئایینی و زنجیرەیەک شتی دیکە بە بایخەوە دەیانڕوانیە ئەم ڕێگەیە.

دواتر لە سەرەتاکانی فەرمانڕەوایی “تانگ” لە وڵاتی چین ڕێگەی ئاورێشم وێڕای تایبەتمەندییەکانی دیکەی بۆ کاروباری ئایینی کەڵکی لێوەرگیرا و ئایینی بوودا لە وڵاتی هێندوستانەوە گەیشتە چین و لە بەشێکی زۆر لەم وڵاتەدا بڵاو بووەوە.

لێرەدا نامهەوێت بە وردی باسی مێژووی ئەم ڕێگەیە بکەم و هەر بۆیە لە دوای سەدەی ١٠ی زایینی و داوبەداوی ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابووری لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی وڵاتانی جیهان و ئورووپا و هەروەها پێشکەوتنی هاتووچۆی دەریایی و گواستنەوەی کاڵاو پێداویستییەکان لە ڕێگەی دەریاکانەوە لە گرینگی ئەم ڕێگەیەی کەم کردووەتەوە و لە کۆتاییەکانی سەدەی دوانزەدا تا ڕادەیەکی زۆرتر لەبیر کرا.

ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا ڕێکخراوی جیهانی یۆنسکۆ بۆ زیندووکردنەوەی ئەم ڕێگەیە ناوی نابوو”جادەی گفتوگۆ” بەڵام هەرگیز نەتواندرا وەک ڕابردوو زیندوو بکرێتەوە.

لەمڕۆدا جادە کۆنە مێژووییەکان و کوێرە ڕێگەکان، وێڕای گرنگی مێژوویی و درووستبوونی جادەوبانی نوێتر لە پاڵیانەوە، بوونەتە ڕێگەی سەرەکی هاتووچۆی باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچی مرۆڤ و …تاد.

گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستانەوە بۆ وڵاتانی ئورووپا بەشێک بووە لەو مامەڵە بازرگانیانەی ئەم سەردەمە کە لەم ڕێگەیەوە و لە کابینەی دەوڵەتی پێشووی تالیبان لە ئەفغانستان ئەنجام دەدرا و بە پێی زانیارییەکان ساڵانە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی ڕێژیمی تالیبان لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر و گواستنەوەی لە ناو وڵاتانی هەڵکەوتوو لە ڕێگەی ئاورێشم جێبەجێ دەکرا و دواتر دەگەیێندرا ئورووپا.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستان و بەشێک لەو پانتاییە جوگرافیاییە کە ڕێگەی ئاورێشمی پێدا تێپەڕ دەبێ لە سوود و زیانەکانی هاتووچۆی باندەکانی مافیا و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ڕێگەی ناوبراو بێبەش نین و ساڵانە بە پێی ئامارەکان ڕاژەی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە و کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەک بەشێک لە مافیای نێودەوڵەتی هۆکاری ئەم پڕۆسە قڕکردنەن و بە دەست ئانقەست بازرگانیکردن لە ڕێگەی ئاورێشمەوە بە کاردێنن بۆ وەدەستهێنانی پارەی خەیاڵی و هاوکات سەرکوتکردنی نەتەوەی بەلووچ لە بەلووچستان و کورد لە کوردستان وەک دوو نەتەوەی بەرهەڵستکاری سیستەمی داگیرکەری ویلاتی فەقێ و دوو نیشتمانی هەڵکەوتوو لە سەر ڕێگەی ئاورێشم، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کاسبکارانی ئەم دوو نەتەوەیە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و کاڵا و شتوومەکی دیکەوە لە ناو دەبن، لە حاڵێکدا کاسبکارانی سەر سنوورەکان تەنیا بۆ وەدەستهێنانی بژیوی ڕۆژانەیان گیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە و لە مامەڵەی مافیای سوپای پاسداران لە پێوەری گەورەی ناوچەیدا هیچ ڕۆڵێکیان نیە.

لەگەڵ ئەمەش مامەڵە کردن لە ڕێگەی قاچاخی مرۆڤەکان کە بە مەبەستی گەیشتن بە ئورووپا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەموو سامانی خۆیان هەڕاج دەکەن و لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەفغانستانەوە ڕێدەگرنەبەر و لە ڕێگەی مێژوویی ئاورێشم و لە سەر دەستی مافیای نێودەوڵەتی سوپای پاسداران و لایەکی ڕێگەکەش لە لایەن باندە چکۆڵانەکانی کوردە و دوای بەزاندنی سنووری چەند وڵات ناوچەکە دەگەنە ئورووپا، بەشێکی دیکەیە لە داهاتی باندەکانی مافیای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی جادەی ئاورێشم گیریان دەکەوێت.

ڕۆڵی سوپای پاسدارانی ڕێژیم لەم دواییانە و دوابەدوای دەستگیرکرانی چەندین باندی قاچاخچی مرۆڤ لە وڵاتی یونان و ئیسپانیا دەرکەوت و هاوکات چالاکی سوپای پاسداران تەنیا بە قاچاخی مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان کۆتایی نایەت و دەیان مامەڵەی دیکەش لەم ڕێگەیەوە بۆ خۆی ساغ دەکاتەوە.

ڕەنگە لە ڕوانگەی زۆر کەسەوە کۆماری ئیسلامی دەستی لە ڕاپەڕاندنی پەنابەراندا بۆ ئورووپا نەبێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە پەنابەرانی وڵاتانی وەکوو بەنگەلادیش و پاکستان و ئەفغانستان لە لایەن وڵاتانی یەکێتی ئورووپاوە وەردەگیرێت، سەرەڕای هەموو دەنگۆکان کۆماری ئیسلامی سوودێکی زۆر دەبات لە ڕاگواستنی پەنابەران و یەکەم وڵات پێناسە دەکرێت لە پرۆسەی ڕێکەوتنی نێوان قاچاخچی مرۆڤ و پەنابەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.

کەوابوو زیندوو کردنەوەی ڕێگەی مێژوویی ئاورێشم لە لایەن مافیای سوپای پاسدارانەوە تەنیا بە مەبەستی گیرفان پڕکردنە و هیچ ڕێگەیەک نیە بۆ گفتوگۆی نەتەوەکان وەک ڕێکخراوی یۆنسکۆ باسی دەبات.  

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی