"an independent online kurdish website

پرسیارێکی زۆر سەبارەت بە کۆتایی هاتنی  جیهان لە ساڵی ڕابردوودا هاتەئاراوە، کە چلۆن بە پێی ساڵ ژمێری مایاکان لە ڕۆژی ٢١ی مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠١٢ دونیا کۆتایی دێت.aref_shexahmadi

لێرەدا دەمهەوێت بە پێشکەش کردنی ئەم بابەتە چۆنیەتی درووستکردن یان باشترە بڵێین هەڵبەستنی چیرۆکی کۆتایی هاتنی جیهان لە لایەن ناوەندەکانی ڕیکلام و سات و سەوادی وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە سەرو هەموویانەوە ئەمریکا لێکبدەینەوە و سوود لە زانیاریی زانستی و دەقی پیرۆز وەردەگرین.

پێش لە هەموو شتێک لەو ناوەندە هەواڵانەوە دەست پێدەکەین کە ئەگەری وەها ڕووداوێکیان ڕاست دەکردەوە و ڕۆژانە هەواڵی تایبەت بەم چیرۆکەیان بڵاو دەکردەوە، و لەگەڵ ئەمەشدا تەنیا ساڵ ژمێری مایاکانیان بە سەرچاوە دەهێناوە و کۆمەڵێک بەڵگەی زانستییان بۆ ساز دەکرد.

زۆر هەواڵی زانستی کە هیچ پێوەندییەکیان بە زانستی بۆشایی ئاسمانەوە نەبوو لە ئاژانسەکانی هەواڵدەریی بڵاو کرایەوە، لە گۆڤاری “نیوساینتیست” ئەمریکاییدا کە تایبەتە بە زانست و تکنۆلۆژی، ڕاپۆرتێکی زانستیی کە دەرنجامی چالاکی گرووپێک لە زانایانی ناسا بوو بڵاو کرایەوە کە رۆژەکانی کۆتایی مانگی دیسامبر، بورکانێکی هەتاو ڕوو لە گۆی زەوی دەکات و لە ئاکامدا وەزعییەتی ژیان دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتاکانی پێکهاتنی گۆی زەوی.

ئەم زانایانە ڕایانوابوو کە دەوری گۆی زەوی بە پشتێنەیەکی ئاگرین دادەپۆشرێت و لە ئاکامدا ژیان لە سەر زەوی ئاستەم دەبێت و کۆتایی بە دونیا دێت.

بێ شک ئەم هەواڵە زانستی نەبوو، لەبەر ئەوەی کە هیچ سەرچاوەیەکی زانستی لەمبارەیەوە نەدرکێندرابوو و نەگوترابوو کە چلۆن وەها بورکانێکی هەتاو گۆی زەوی دەگرێتەوە، لە هەمانکاتیشدا پێنج میلیارد ساڵ لە تەمەنی خۆر تێدەپەڕێت و بە دەیان لافاو و بورکانی هەتاو لە ماوەی ئەم میلیۆنان ساڵەدا ڕووی داوە.

سایتی CNN ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوەو و ڕایگەیاند کە زۆر سەرچاوەی ئایینی و هەروەها ساڵ ژمێری مایاکان کۆتایی ساڵی ٢٠١٢یان وەک کۆتایی دونیا ڕاگەیاندووە.

شایانی باسە ساڵ ژمێری مایاکان پێش لە ٥١٢٦ ساڵ لەمەوبەر دانراوەو و زۆرتر لە زانستی ئەستێرەناسی ئەوە سەردەمە کەڵکیان وەرگرتووە و هیچ بەڵگەیەکی زانستی و ئەمڕۆیی تێدا بەدی ناکرێت و تا ئێستا نەزاندراوە بۆچی ئەم ڕۆژ و ساڵەیان وەک کۆتایی جیهان دیاریکردووە.

“دیوید ئێستوارت” بەڕێوەبەری ناوەندی “میسو” لە زانکۆی تگزاس رایگەیاند کە “زۆربەی خەڵک لەو باوەڕەدان کە رۆژی قیامەت هەر ئەو ڕۆژەیە کە لە شارستانیەتی مایادا دیاریکراوە، بەڵام هیچ زانایەکی مایا ئەم ڕۆژەی بە بەڵگەوە نەسەلماندووە”.

لە زۆربەی سایتە ئینترنێتییەکاندا ئەگەر تەنیا لە بەشی گەڕندا ژومارەی ٢٠١٢ هەڵبژێردرایە، هەموو زانیارییەکانی چیرۆکی کۆتایی هاتنی جیهانیان دەخستەڕوو، هاوکات چەند سایتێکی ئینترنێت ڕێگەکانی قوتاربوون لە ڕۆژی قیامەتیان باس دەکرد و ڕیکلامیان بۆ جل وبەرگی تایبەت بەم ڕۆژە دەکرد.

زۆربەی خەڵک دەیانگوت لەم ڕۆژەدا زەوی لە خوڵانەوە دەکەوێت و گۆی زەوی پڕ دەبێت لە بورکانی ئاگرین و هەموو سەهۆڵی جەمسەرەکانی زەوی دەتوێتەوە، دیارە ئەوان بەشێک بوون لە بینەرانی فیلمەکانی سینەمای جیهانی سەبارەت بە چیرۆکی کۆتایی دونیا، لەگەڵ ئەمەشدا سینەمای هالیوودی ئەمریکا بێکار نەبوو و بە خێراییەکی زۆر لەمبارەیەوە و دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی زنجیرەیەک فیلمی تایبەت بە چیرۆکی قیامەت و لە بەشی پڕ فرۆشترین فیلمەکانی جیهاندا جێگیری کرد.

لە دونیای کتێبیشدا سەدان کتێب کە سەردێر و ناوەرۆکیان تایبەت بوو بە ڕووداوی ٢٠١٢ چاپ و بڵاو بوویەوە. هێشتا پەرتووکخانەکان لە چاوەڕوانی چاپکردنی ژومارەیەک کتێبن سەبارەت بەم بابەتەوە.

 “لۆڕێنس جۆزێف” نووسەری کتێبی Apocalypse2012 بە لێکدانەوەی چۆنیەتی قیامەت، ڕایوایە کە لەگەڵ ئەوەی ڕەنگە ئەم ڕووداوە ڕوو بدات، بەڵام هەرگیز لەو باوەڕەدا نیە کە ئەم ڕۆژە کۆتایی جیهان بێت.

لە سایتی ڕێکخراوی “ناسا”دا، تەنیا هەواڵیکی کورتیان سەبارەت بەم ڕووداو و بەمجۆرە بڵاو کردەوەو کە گۆیا گڕکانێکی خۆر ڕوو دەدات و ئەمەش هەر ١١ ساڵ جارێک دووپات دەبێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٢ و لە کۆتاییەکانیدا هەر ئەم ڕووداوە بە گەورەیی ٥٠ بەرانبەری جارانی پێشوو دووپات دەبێتەوە و وەها ڕووداوێکیش زۆر سرووشتیە.

لە ڕاستییدا دەبێ بگوترێت کە لە ناوندەکانی بیرکردنەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا زۆرجاران سەبارەت بە زۆر چیرۆکی گەردوونی و ئایینی دووبەرەکی دەقومێت و ئەمەش زنجیرەیەک هۆکاری ماددی و سیاسی لەپشتەوەیە و دەخوازن لە نێوان دەقە پیرۆزەکان و زانستی ئەستێرەناسی کۆن لە لایەکەوەو و زانستی گەردوونی سەردەم لە لایەکی دیکەوە پێکدادان درووست بێت و ببێتە پێگەیەک بۆ بازرگانیکردن و سوودی ئابووری و هاوکات سەروەری سیاسی لێ تۆمار دەکرێت.

ئەگەر ڕای زانایانی ڕێکخراوی ناسا دەربارەی ئەم چیرۆکە هەڵبەستراوە وەرگرین ئەوە دەبینین کە لە ساڵی ١٩٥٨دا گڕکانێکی زۆر بەهێزتر لە ڕووداوی پێشبینی کراوی ٢٠١٢ ڕوویداوەو هیچ کارەساتێکی ئەوتۆی لێ نەکوتۆتەوە، “دەیوید    مۆرسون” پسپۆڕی تایبەتی زانستی بۆشایی ئاسمان لە ڕێکخراوی ناسا، سەرجەم درۆ و دەلەسەکانی چیرۆکی کۆتایی هاتنی دونیا ڕەتدەکاتەوەو ڕادەگەیێنێت کە ناسا تەنیا دەخوازێت خەڵکی جیهان لە زانیارییەکانی ئەم ناوەندە سوودمەند بن و هەموو دەنگۆکانی کۆتایی هاتنی دنیاش دەستی سیاسی و ئابووری لەپشتەوەیەو و گاڵتەجاڕیە بە عەقڵی خەڵک.

ناوبراو هەروەها لێدرانی زەوی لە لایەن هەسارە یان خود ئەستێرەیەکی نادیار بە ناوی “نیبرۆ” بە هەڵبەستراو دەزانیت و دەڵێت کە ئەم بۆچوونە ڕێک بە پێچەوانەی ڕای زانایانی ناوەندی ناسایە و هیچ بناغەیەکی ڕاستی نیە.

لە ئایینی ئیسلامدا سەبارەت بە ڕۆژی قیامەت هاتووە کە هیچ کەس جگە لە خودا نازانێت کەی قیامەت دێت و کەس نازانێت کەی وەها ڕۆژێک بەڕێوەیە، لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە کە” (إِنَّ السَّاعَةَ آَتِيَةٌ أَكَادُ أُخْفِيهَا لِتُجْزَى كُلُّ نَفْسٍ بِمَا تَسْعَى * فَلَا يَصُدَّنَّكَ عَنْهَا مَنْ لَا يُؤْمِنُ بِهَا وَاتَّبَعَ هَوَاهُ فَتَرْدَى[طە 15-16]) “. واتە “قیامەت نەهاتووە و شاراوەتەوە بۆ هەر نەفسێک کە تێدەکۆشێت، کەوابوو نابێت کەسێک کە ئیمانی بەم ڕۆژە نیە و وەدوای نەفسی خۆی کەوتووە تۆ لە ئیمان بەم حەقیقەتە دوور بخاتەوە”.

کەوابوو لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە هاتنی قیامەت و زانستی ئەم ڕۆژە تەنیا و تەنیا لە خزمەت خودادایەو کەس نازانێت کەی و چۆن ئەم ڕۆژە دەقومێت.

لە شوێنێکی دیکە لە قوڕئانی پیرۆزدا سەبارەت بە ڕۆژی قیامەت و کۆتایی دونیا هاتووە کە “(يَسْأَلُونَكَ عَنِ السَّاعَةِ أَيَّانَ مُرْسَاهَا قُلْ إِنَّمَا عِلْمُهَا عِنْدَ رَبِّي لَا يُجَلِّيهَا لِوَقْتِهَا إِلَّا هُوَ ثَقُلَتْ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ لَا تَأْتِيكُمْ إِلَّا بَغْتَةً يَسْأَلُونَكَ كَأَنَّكَ حَفِيٌّ عَنْهَا قُلْ إِنَّمَا عِلْمُهَا عِنْدَ اللَّهِ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ) ”  [الأعراف: 187]

واتە سەبارەت بە کاتی ڕۆژی قیامەت لێت دەپرسن، تۆ بڵێ زانستەکەی لە خزمەت خودادایەو و کەس جگە لە خدا نازانیت، و تا کاتی خۆی دەرناکەوێت و …هتد.

کەوابوو بڵاوبوونەوە و گەورەکردنەوەی چیرۆکی کۆتایی هاتنی دونیا و هاتنی ڕۆژی قیامەت و بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتە ئینترنێتییەکان و ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی جیهان و لە کۆتایشدا بە درۆ دەرچوونی وەها ڕووداوێک لە وەها کات و ساتێکدا واتە لە ڕۆژی ٢١ی مانگی دیسامبری ساڵی ٢٠١٢، تەنیا بەزمێکی دونیایی سەرمایەداری بووە بۆ لەخۆچوونی بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی گۆی زەوی و ڕیکلام بۆ کاڵاو شتومەکی تایبەت بە قیامەت…!!! 

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی