"an independent online kurdish website

لە ئاخر و ئۆخری مانگی خاکەلیوە و سەرەتای مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی لە ڕێگای خزمێکم کە کوردی باشوور بوو و لە لای ئێمە پەنابەر بوو (کاک فەتاح کە لە گوندی ئەزگڵە مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو)ali_qenberi1

لە شاری کرماشان بە کادرێکی حیزبی دیموکرات بە ناوی کاک ئەبووبەکری هیدایەتی ناسێنرام و یەکەم هەنگاوی کاری سیاسی و حیزبی من لە ئەو رۆژەوە دەستی پێکرد. هەر لە ئەو ڕۆژەوە من (ئەگەر نەبێ بە خۆ هەڵکێشاندن) یەکەم بەرنامە و پرۆگرامی حدکام هێنا بۆ ناوچەکەی خۆمان و هەر دوای چەند ڕۆژێک چەند کەسی تری ئاوایی تەپەڕەش کە ئیستە ٣ کەسیان لە ولاتی ئاڵمان و چەند کەسی تر کە ئیستە لە سوید و باشوور و ناوخۆن بۆ یەکەم جار لە گوندی تەپەرەش مەقەڕی حیزبمان دانا!

 ئەو جوگرافیایەی کە ئێمە ئەو چەند کەسە کردمانە مەیدانی تێکۆشانی سیاسی خۆمان لە ئەو زەمانەدا (لە سەرەتای مانگی بانەمەر تا ٢٨ گەلاوێژی ١٣٥٨ کە مەلا خۆمەینی جیهادی دژی خەڵکی کورد ڕاگەیاند) هەر لە گوندەکانی شێخساڵە و ڕەجەوی لە ناوچەی تاوگۆزی، تا ئەزگڵە و سەرقڵا، تا جەیران و زەهاو و هەر وەها شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و تا ڕادەیەکیش قەسری شیرین بوون.

لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی داسەپاوی کۆماری ئیسلامی تازە بە دەسڵات گەیشتوو لە دژی گەلی کورد ئێمەش تووشی ئاوارە بوون بووین و لە گەڵ هەزاران بنەمالەی دیکەی ناوچەکەدا هاتینە باشووری کوردستان کە لە ژیر دەسلاتی ڕژیمی بەعسدا بوو. من دوای ٥، ٦ مانگ مانەوە لە باشوور و دوای چەندها چەرمەسەری و گیر و گرفت، لە گەڵ خانەوادەکەمدا (خیزانم و دوو کورە گەورەکەم) لە ڕێگای پێنجوێنەوە گەرامەوە بۆ کوردستان و بۆ ماوەی ساڵێک لە هەورامان لە لای حیزب مامەوە.

لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٥٩ لە گەڵ کاک نادر سەفەری و مەلا….. بە سەردانێک چووین بۆ دەفتەری سیاسی حیزب لە ناوچەی سەردەشت – پیرانشار و لە ڕاپۆرتێکدا هەلومەرجی ناوچەکەمان خستە بەر دەست ڕێبەرانی (کاک جەلیل گادانی و کاک موستەفا هیجری) حدکا و داوامان کرد کە حیزب لە ئەو ناوچەیە بنکە و بارەگا بکاتەوە.

دوای گەڕانەوەمان لە لای ڕێبەری حیزب، بڕیاردرا کە لە ناوچەی سەلاس حیزب بە فەرمی دەست بکات بە چالاکی سیاسی و نیزامی و مەقەرات دابنێ.

من مەئمووریەتم پێ درا وەک  بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە سەلاسی باوەجانی لە هەورامانەوە بگەڕێمەوە بۆ ئەزگڵە. دوای چەندها ڕووداوی تال و شیرین پاش ساڵێک مانەوە لە ئەزگلە و بناری بەموو، جارێکیتر ناچار بووم منداڵەکانم لە خاکی عێراق لە ئۆردووگای سەنگەر (لە نزیک خانەقین) نیشتەجێ بکەمەوە.

بەم شێوەیە تا هاوێنی ساڵی ١٣٦١ پێیەکم لە لە بەمۆ بوو بۆ ئەرکی پێشمەرگانە و پێێەکی ترم لە ئۆردووگای سەنگەر هەم بۆ چاودێری منداڵەکان و هەم بۆ کار و باری حیزبی لە ناو ئەو خەڵکەدا کە وەک ئاوارەی شەڕ لە ئەوێ گیرسابوونەوە،

ئەو هاوڕێ حیزبییانە کە ئەو کات وەک ئەندام و لایەنگر لە شانە حیزبییەکاندا ڕێکمان خستبوون دەبێ باش لە بیریان بێت کە چۆن لە ترسی جەماعەتەکەی سەرداری جاف زۆر بە ترس و خۆپارێزییەوە دەڕۆێشتین بۆ جیگە چۆڵ و دوور دەستەکان بۆ گرتنی کۆبوونەوە حیزبییەکانمان.

بەم شێوەیە تا ٢١ – ٧ – ١٩٨٢ کە ئەو ڕۆژە  لە گەڵ دەیان بنەمالەی دیکە ڕاپێچی ئۆردووگای ڕۆمادی کراین تەواوی ژیانم بۆ کاری حیزبی تەرخان کرد بوو. لە بیرمە شاهۆی کوڕم کە ڕۆژی ١٣ – ١ – ١٩٨٢ لە دایک بوو، هەموو پووڵ و پارەمان ٣ دیناری عێراقی بوو و لە خانوویەکی بە قوڕ درووست کراوی ٨، ٩ متری چوار گۆشەدا دەژیاین.

 بە شاهۆی تازە لە دایکبووە ئێمە ٥ کەس بووین و٤، ٥ بەتانی ڕەشی سەربازی کە پێشتر لە ئەزگڵە لە لایەن حیزب وخزمانەوە پێیان دابووین.

ئەوەی کە باسم کرد کورتەیەک لە مێژووی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەم بوو لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.

  تا بە ناچار ناردراین بۆ ئۆردووگای ڕۆمادی من ئەوەی کە توانیم و زانیم لە پێناوی ئامانجەکانی کورد و حدکادا کۆتائیم لێ نەکرد. بەلام کە چوومە ڕۆمادیە پێوەندییەکانم لە گەڵ ئەو حیزبەدا بچرا و پاش ساڵێک دەست و پەنجە نەرم کردن لە گەڵ دژوارییەکانی ژیان و هەژاری و هەوڵدان بۆ ڕزگار کردنی مندالەکانم لە برسیەتی و مەترسی لە نیوچوون، جارێکی تر بەڵام، ئەم جارەیان لە گەڵ ڕێکخراوێکی دیکەی کوردستاندا، واتە کۆمەڵە خەباتی سیاسی خۆم گرێدایەوە.

ئیستە سەرە رای جیاوازی بیر و بۆچوونی سیاسیم لە گەڵ حیزبی دیموکراتدا، خۆم بە بەختەوەر ئەزانم کە لە ناوچەیەک کە ڕۆژی لە ڕۆژان ئێمە تەنیا چەند کەسێک کاری حیزبیمان تێدا ئەکرد، تا ئیستە دەیان و سەدان و بگرە هەزاران کەسی تر ڕوویان لە حیزبایەتی و پێشمەرگایەتی کردووە و ئەو حیزبەش کە من یەکەم هەنگاوی کاری سیاسی و پێشمەرگایەتی خۆمم لە ئەوێوە دەست پێ کرد ئیستە خانە خوێی کۆمەڵێکی بەرچاوی خەڵکی ناوچەکەی ئێمەیە!

 یەکڕیزی و سەرکەوتنی گەلی کورد و شۆڕشگێرانی بە ئاوات ئەخوازم!

عەلی قەنبەری ١ – ١- ٢٠١٣ زایینی، ساڵی تازەتان لی پیرۆز بێت!

بەشی دووهەم لە سەر دەست پێکردنی خەباتی سیاسیم لە گەڵ کۆمەلەدا دەبێت و لە بەشی سێهەمدا باسی بیرۆکەی دامەزراندنی ناوەندی مەدەنی کرماشان دیالوگ دەکەم!

چەند تێبینی یەکی تر:

کاک ئەبووبەکری هیدایەتی کە من بۆ یەکەم جار پێوەندیم پێوە کرد خەڵکی بۆکان  و لە شاری کرماشان مامۆستای (دەبیر) دەبیرستانی رازی بوو. بە داخەوە لە لایەن تروریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە وڵاتی سوید ترور کرا.     یادی بەرز و بەڕێز بێت!

بەشێک لە ئەو کەسانە کە لە سەرەتاکانەوە پێکەوە کارمان کرد لە بەشی ٤ و ٥ی نووسینەکانم لە سەر کرماشان ناسی ناویانم هێناوە. لە هەر کوێی ئەم جیهانە کە هەن ڕێز و خۆشەویستی خۆم دەهەنێرم بۆ هەموویان و هیوام سەرکەوتن و بەختەوەرییانە!

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی