لە گردکاشانی ناوچەی شنۆ کوردێکی هەژاری دڵ و دەروون پاک ، لە نێوچاوان و قەد و قەڵافەتی را هەژاری و نەداری ، باری قورسی ژیانی کوردەواری، و لە هەمانکات دا قسەی خۆش و ئۆمێد دەبارێ ، هەر لە سەرەتای دەست پێکردنی خەباتی ئاشکەرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران روودەکاتە بنکەکانی حیزب و چەکی پێشمەرگایەتی لە شان دەکا .
ئەو پێشمەرگەیە ناوی عەزیز حەسەن زادە و ناسراو بە (عەزیز پۆتە) بوو. پاشگری “پۆتە” وابزانم لەقەبێک بوو کە لە دایکی یەوە بۆی بە جێ مابوو .
کاک عەزیز دوای ماوەیەکی زۆر پێشمەرگایەتی لە ناوچەی شنۆ ، ئەوجار لە هیزی شەهید نەحۆی ورمێ( دیارە ئەوکات) درێژەی بە خزمەتی خۆی دەدات. ئەو کە تەمەنی چووبووە سەر ، ئیدی وردە وردە پێشگری ” مام” ، پاشگری “پۆتە” ی لە بیر دەبردینەوە و بە ناوی مام عەزیز ناومان دەبرد.
من مام عەزیزم لە هاوینی ساڵی ١٣٦٤ ناسی . دواتر کە هیزی ئاگری پێک هات ، لە نیزیکەوە ئەو پێشمەرگە بە تەمەنەم ناسی و لە گەلی ئاشنا بووم. ئەو ئینسانێکی نەخوێندەوار بوو ، بەڵام بە تەواوی هەستی بە ژێر دەستەیی و بێ بەشیی نەتەوەکەی دەکرد . زۆر جار باسی لە ژیانی خۆی و هاوتەمەنەکانی دەکرد و لە گەل هەموو باسێک دا کە پڕ بوو لە هەژاری و نەهامەتی ، بە داگیرساندنی سیگارێک و تۆزێک سەری رادەوەشاند و هەناسەیەکی قووڵی هەڵدەکێشا . تەمەنی لە پەنجا تا پەنجا و پێنج ، یان زیاتر دەبوو. بەڵام چەرمەسەرییەکانی ژیان وایان لێکردبوو کە تەمەنی لە سەرووی هەفتا نیشانی دەدا، دایک و بابی نەمابوون ، لە بیرمە کە براگەورەکەشی کۆچی دوایی کرد ، خۆیشی ژن و مناڵی نەبوو و بگرە لەو بارەوە زۆر نائۆمید بوو . دانیشتن لە گەل هاوتەمەنەکانی بۆ ئەو خۆش بوو ، بەڵام بە هۆی ژیانی پێشمەرگایەتی ، کەمتر ئەو هەلەی بۆ دەرەخسا تا بە دڵی خۆی لە گەل هاوتەمەنانی مەجلیس گەرم بکا.
مام عەزی هەتا بڵێی ئینسانێکی دەست و دەروون پاک بوو ، زۆر جار بەرپرسانی حیزبی کەل و پەل و بگرە بەڵگە حیزبییەکانیشیان ئەمانەتی ئەو دەکرد و لێی دڵنیا بوون.
مەئمووریەتە درێژەکان ، مام عەزیز دەبوو بە بەرپرسی کاروانی تەقەمەنی ، پێخەو و خواردنێک کە لە گەل پێشمەرگە دەبوو. ئینسانێکی تێکەڵاو ، خاکی و خەڵکی بوو . زۆر زوو دەیتوانی بچێتەوە نیو خەڵک و سرنجی خەڵکی دێهات بۆ لای خۆی ڕابکێشێ . لە ناوچەکانی تەڕگەوەر، مەڕگەوەر و بەراندێز و شنۆ ، کەمتر کەسێک هەبوو کە مام عەزیزیان نەناسیبێ.
مام عەزیز لە ڕیزەکانی حیزب دا ، خزمەت و تێکۆشانی خۆی لە هەر بەشێک و هەر مەئمووریەتێک دا بووبایە ، پێی شانازی بوو ، ئەرکێک نە بوو کە حیزب پێی بسپێرێ وئەو بڵی ناتوانم ، نایکەم ، ناڕۆم. تەنانەت لە بیرمە کاتێک مەڵبەندی شیمال ٤٠٠ سەر مەڕی کڕیبوو بۆ ئەوەی موحتاجی کڕینی گۆشت نەبێ ( ئەوکاتیش زۆر زەحمەت بوو لە باشووری کوردستان گۆشتی ساڵم پەیدابێ ) کە مام عەزیز نیزیک بە پێنج تا شەش مانگ بە تاقی تەنیا ئەو مەڕەی دەبردە شاخی حەسەن بەگ و بێشێ و دەیلەوەڕاند و نەتەنیا ئەو کارەی خۆی پێ شوانی نەبوو ، بگرە بە شانازی دەزانی کە حیزب هیندە ئیعتیمادی پێ یە .
ساڵی ١٣٧٠ مام عەزیز ئیدی پیری و لاوازیی جەستە خەریک بوو بڕستی لێ دەبڕی یەوە و لە لایەکیش هەستی بەوە دەکرد کە ئیدی داهاتووی ژیانی هەر ئەوە دەبێ کە هەیە ، بیری لەوە کردەوە کە ئیدی تەمەنی بەشی ئەوەندە نەماوە تا ژیانی هاوبەش پێک بێنێ ، مناڵی هەبێ و … بۆیە لە سەر ئیزنی حیزب ماوەیەک لە دیانان دانیشت و دواتریش رووی کردە باکووری کوردستان تا لە ناوچەکانی شەمزینان لای ناسیاوێک جێگا و ڕێگایەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە . زۆر کەسیش پێی گووتبوو کە بگەڕێتەوە ناوخۆ و تەسلیم بێ ، بەڵام ئەو حازر نەبوو و ژیانی تاڵ و دژواری پێ باشتر بوو لە سەردانەواندن بۆ دوژمن .
بەداخەوە مام عەزیز لە ناوچەی شەمزینان کەوتەوە داوی سەربازی تورک و زیندان کرا ، و دوای چەند مانگ مانەوە لە زیندان دا ، بەداخەوە تووشی نەخۆشی یەکی کوشندە دەبێ و لە بێ کەسی و زیندان و غەریبی دا سەری نایەوە و ڕەنگە تەنانەت مەزاریشی دیار نەبێ . ئەو بە بێ کەسی ژیا و بەداخەوە هەر واش ماڵئاوایی لە ژیان کرد وکەسیش نەبوو جارێک یادی بکاتەوە . مام عەزیز نە هاودەمی هەبوو ، نە هاوغەم ، نە خزمێکی ئەوتۆی هەبوو ، نە خێزان و مناڵ ، نە سەرپەنایەکی هەبوو ، نە دڵسۆزێکی ئەوتۆ و سەرەنجام ئینسانێکی بەراستی مەزڵووم و بێ کەس کە ، ڕەنگە هاوشێوەی ژیانی ئەو ئینسانە ، لە کوردستان کەم کەس هەبێ . {jcomments off}
یادی مام عەزیز بە خێر و ڕووحی شاد
تێبێنی: ئەم کورتە نووسینەم لە سەر پێشنیاری هاوڕێ تاهیر سۆفی نووسیوە کە بەداخەوە کەمترین زانیاریم لە سەر ژیانی مام عەزیز هەبووە ، بەڵام لە سەر پێشنیاری کاک تاهیر ویستم لانی کەم وەک وەفایەک بۆ ئەو هەموو زەحمەت و کوێرەوەریانەی مام عەزیز لە پێناو نەتەوەکەی ، شتێک بنووسم و بیکەمە هاندەرێک تا بەڵکوو هاوڕێ یەک قۆڵی لێ هەڵماڵێ و شتێک کە شیاوی دڵسۆزی و پاکیی مام عەزیز بێ ، لە سەری بنووسێ .