خوشک و برایانی بەڕێز گەلی بە شەڕەفی کوردستان ڕێبوارانی ئایینی ئیسلام ،
بەبۆنەی لە دایکبونی ئەو ڕێبەرە مەزنە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە سەرجەم موسوڵمانان و بە تایبەتی خوشکو برا کوردەکانم دەکەم و هیوادارم ئەو ڕێبەرە بکەین بە سەر مەشق بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانە و مرۆڤ دۆستانەکە مان و ڕزگاری گەلو نیشتمان. ڕٶژی ١٢ی ربیع الاول ڕۆژێکی مێژوییە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دا کە هەمو ساڵی بەشکۆوە یادی دەکرێتەوە.
خەڵکی بە شەرەفی خاوەن ئیمان، گوێی بگرن لە بانگەوازی پێغەمبەر کە لە ساڵی دەیەمی کۆچیدا لە ڕۆژی ٢٥ی زیقەعیدە دا فەرمویەتی و نامەوێی دەقەکەی لێرەدا بگێڕمەوە چونکە زۆری پێدەوێی تەنیا پوختەکەی بەکورتی پێشکێشتان دەکەم کەفەرمویەتی:
خەڵکینە ئێستا لە مانگی حەرام و ڕۆژی حەرام لە شاری حەرام دان، واتە لە وانەدا هەمو خەتاو تاوانێک قەدەغەکراوە. ئەوەش پێمان دەڵێ کە گوێبگرنو فێر بن و بزانن خوێن و ماڵو ناموستان لێکتر حەرامە ، باش بزانن زوڵم خراپترین کردەوەیە و زاڵمیش خراپترین ئینسانە ، ماڵێ کەس بۆ کەس حەڵاڵ نیە و نابێ دەستی بۆ بەری مەگەر بە ئیزنی خۆی ، گیانی مرۆڤ بایخدارەو نابێ بەفیڕۆ بدرێی وبکرێتە قوربانی حەزو ویستو بەرژەوەندی کەس .
دوای من ڕێبازەکەم بەرمەدەنوئەو ڕاسپاردانە پشت گوێی مەخەن ، بزانن هەواو هەوەس و لوتبەرزی دوژمنی قەستە سەرتانن و مەچنە ژێرباریانەوە. بزانن ژنان لەلای ئێوە ئەمانەتی خوان نەک کۆیلەو یەخسیر ، ئەوانە شەریکی ڕاستەقینەو هاوبەشی ژیانتانن ، ئەمیندار بەر پرسە لە چاک ڕاگرتنی ئەمانەتەکان. ئەوانە دەبنە دایک و دایکیش شەریفترین هاوبەشی ژیانە.
دایکی ئیوەش ژنەوڕەنجو مەینەتی زۆری پێوە کێشاون و زەحمەتکێشترینو دڵسۆزترو بەئەمەگترینن و شەوو شەونخونیان لە سەر کێشاون ، پەروەردەیان کردون و پێیان گەیاندون و تەحویلی کۆمەڵگایان داون، هەرچەند ئەرکە ، بەڵام ئەگەر بۆ قەرەبوی ڕەنجو مەینەتەکانیشیان بێ پێیان قەرزدارن و دەبێ قەرزەکانیان بدە نەوە.
ژنو پیاو هەردوکیان مرڤن ووەبەر فەرمانی { یاایهاالناس} دەکەون بەبێ کەم وزیادی، بەبڕیارو فەرمانی خوایی لێک حەڵاڵ دەکرێن و لە حاڵەتی ناچاریشدا هەر بە پێی یاسای ئیسلام لێک جیا دەبنەوە. لە دایکبونی و چۆنیەتی ژیانی پڕیەتی لە دەرسو ئەزمونو ڕاسپاردەو پەیامی پر مانایان تێدایە.مناڵێکی کە باوکی نابینێو دایکی لەتەمەنێکی کەمدا لەدەستداوەو بەکوردی بە هەتیوی گەوەرەبوە و لەئاکام دا ئەو پلە بەرزەی لەخواوە پێدراوە،سرنج ڕاکێشەو ئەوە دێنێ کە بەقوڵی بە شێوەی زانستی لێک بدرێتەوە.
پە یامی پێغەمبەر[ص] بۆ پەیرەوانی پەیامی سەداقەتو ڕاستی و ئەمینداریە ، پەیامی خزمەت بەگەلو نیشتمان و هاوکاری و برایەتیە . بڕوانن : پێغەمبەر[ص] چۆن بۆ ڕزگاری زێدەکەی چەندی جزیا کێشاوەو چۆن لەو پیناویدا دەربەدەرو تەرکە وەتەن بوە. چۆن لەترسی دوژمنان لە پێناوی ڕزگاری زێدەکەیدا خۆی لە ئەشکەوتو ڕەندۆڵاندا حەشارداوە ، چۆن لە زیدەکەی ڕایکردوەوپاشان بەخەباتو قوربانیدان و فیداکاری سەر بەرزانە گەراوەتەوە .
بزانن ئێوەش کە خۆتان بە پەیڕەوانی ئەو دەزانن ،زێدو نیشتمانتان لێداگیر کراوە ، دایکو کچ ، بابو کوڕ و کەسو کارتان لێک هەڵبراون ، بۆ داوای مافی ڕەواتان ئێوەش قوربانی زۆرو گەورەتان داوە، خۆشەویستتان لە زیدی خۆی یاساغکراوە. چاڵەڕەشەکانی دوژمن لە ڕۆڵە باشەکانتان ئاخندراوە.
دەبێ خۆڕاگریو بەردەوامی پێغەمبەرەکەتان ڕەچاو بکەن ، ئامانجتان ڕزگاری گەلو نیشتمان بێ لەژێردەستی زاڵمان ، دڵنیابن رەوابونی داواو بەر دەوامی بەسەداقەتەوە زامنی سەرکەوتنە. لەدایکبونی کەسێک بەو کەسایەتیە سرنج راکێشەوە لە سەردەمی نەزانیدا خۆی جێگای شانازی پەیڕەوانیەتی و دەشی هەمو ساڵی بەشکۆوە یادی بکەنەوە.
خوشکو برایانی بەڕێزم : لەو بۆنە پیرۆزەدا دەمەوێی پێتان بڵێم : خەباتەکەمان ڕەوایەو هیچ دژایەتیەکی دەگەڵ دینەکەتان نیە ، نەکا فریوی مەکرو فێلی دوژمنان وخۆفرۆشان بخۆن و بەناوی دین کڵاوتان بچێتە سەرو واتان تێبگەێینن و چەواشەتان بکەن کە گۆیا داوای مافی رەوای نەتەوایەتیو خەبات لەو بوارەدا بە دژی ئایینی ئیسلامە!
نانا هەر گیز ئەوە ڕاستنیەو ئەو شێوە بیرکردنەوەو گوتارو کردارانە دەقاو دەق بە دژی ئیسلام و دەگەڵ عەداڵەتخوازی ئەو نایەنەوە. بێگومان پێغەمبەریش بۆ تێگەیاندنو پێگەیاندنی نەتەوەکەی و لایەنگرانی ئەو پەڕی هەوڵو تەقەلای داوە . وەک لە پێشەوە باسمکرد بەپێی دەیان ئایەتی قورعانی زوڵم خراپترین کردەوەیە و زاڵمیش خراپترینو پەستو ڕەزیلترین ئینسانە.
ئەرکی ئایینی گشت موسڵامان و ئێمانداران و لە ناویان دا زاناومامۆستا کانی ئایینیە بەدژی ئەو زاڵمانە تا ڕزگاری زێدەکەمان و وەدیهێنانەوەی مافە خودا پێداوە داگیر کراوەکە مان ڕابوەستین و بەرەنگاریان ببینەوە، ئەوە ڕێچکەیەکە پێغەمبەر پێیدا ڕۆیشتوە ، چونکە ئەگەر زوڵم و زاڵم بنە بڕ بکرێن عەداڵەت بەرقەرار دەبێ ، ئەگەر عەداڵەتیش حاکم بو مافی هەمو نەتەوەو کەسێک دیارو پارێزراوە.
کەوابو یادی لە دایکبونی پێغەمبەر[ص] بۆ لایەنگرانی دەبێ وەبیر هێنەرەوەی خەباتو تێکۆشانەکانی بێی ، دەبێ ڕەچاوکردنی ئەرکو ڕاسپاردەکانی بێ ، کە گرینگترینیان بەر هەڵستی کردنی زاڵم و زۆردارانە ، لە ناو بردنی ملهوڕان و داگیر کەرانە . شادی و خۆشی مروڤی موسوڵمان دەبێ کە وەها ڕێبەرێکی بۆ دیاری کراوە ، ئەو کاتەبێ کە هەق بە سەر ناهەقدا زاڵ دەبێی ، داگیر کەر دەستی دەبڕدرێیو بەرەو شوێنی خۆی ڕاو دەنرێی، ئەوکاتە جێژنی ڕاستی موسڵمانانە کە بتوانن زۆرتر ڕاسپاردەکانی بەڕێوە بەرنو ئاسەواری زوڵم لە زێدەکەمان نامێنێ و ماف بەخاوەن ماف دەگاتەوە .
موسوڵمان دەبێ دوای بەجێهێنانی راسپاردەکا نی خوایی جێژن بگرێی. جێژن ڕزگاری هەژاران و چەوساوانە ، ئەگەر سرنجتان دابێ خەباتی پێغەمبەریش[ص] لە ڕزگاری بەندە و نۆکەران ڕا دەستی پێکرد ، زۆرینەی گیانبازانی ئەو چینی هەژارو مام ناوەندی بون بەدەگمەن دەوڵە مندو دەسەڵاتداری ڕەگەڵ دەکەوتن ، چونکە پێیان وابو شەرمە دەگەڵ عەبدو نۆکەرانو فەقیرو نەداران نەک هاوڕێی بن بەڵکو دەگەڵ دانیشتینیشان بە شورەیی دەزانی!!
جێژنی مەولود تەنیا خورما خواردنو نوقڵو نەبات بەخشینەوەنیە ، جێژنی فێربون و دەرس وەرگرتنە لەو ڕووداوە پڕ ئەزمونە مێژویەیە ، جێژنی لەدایکبونی ڕێبەرێکە کە پەیڕەوەکانی بەردەوام دە بێ لە بەر چاویان بێ ، ئاکارەکانی بەوردی ڕەچاو بکەن ، پەیامەکانی وەک خۆی وەر بگرن بۆ مەبەستی خۆی دەکاری بێنن ، کە لە ڕاستیدا دەبنە هۆی بەختەوەری ئەنجام دەران و ڕێزلێنان لە مافی مرۆڤەکان بەو هیوایە لەو بۆنانەدا بەخۆمان دا بچینەوەو لەکردەوەدا بیسەلمێنین کە ڕێبەرو ڕاسپاردەکانیمان فەرامۆش نەکردەوە .
دوبارە جیژنتان پیرۆزبێ
براتان مەلا برایمی مەجید پور ٤/ڕێبەندانی ٢٧١٢ی کوردی ٢٣/١/٢٠١٣یزایینی {jcomments off}