Hoppa till innehåll
Hem » کورتە باسێک لە ساڵوەگەری گەڕانەوەی ئاخوند خومەینیدا بۆ ئێران، تەوار شەریفی

کورتە باسێک لە ساڵوەگەری گەڕانەوەی ئاخوند خومەینیدا بۆ ئێران، تەوار شەریفی

زیاتر لە سێ دەیە لە گەڕانەوەی ئاخوند خومەینی بۆ وڵاتی ئێران و دامەزراندنی دەسەڵاتداری ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی تێدەپەرێت، ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی   ١٣٥٧ی هەتاوی، ئاخوند ڕووحوڵڵای خومەینی لە وڵاتی فەڕانسەوە گەڕایەوە ئێران وtewawr_sherifi

لە بەهەشتی زارای تاران باسی دامەزراندنی سیستەمی دەسەڵاتداری نوێی لە پاش ڕووخانی ڕێژیم پاشایەتی کرد و دواتر لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی هەمانساڵ، شاپووری بەختیار کە وەک تاکە بریکاری حەمە ڕەزاشا بەرگری لە دەسەڵاتی داڕماوی پاشایەتی دەکرد شکستی هێنا و بەمجۆرە ئاخوند خومەینی و سەرجەم ئاخوندەکانی دیکەی حەوزەی عیلمیەی قوم وەک کوارگ لە ژێر زەوی هەڵتۆقان و بوونە هەوێنی درووستکردنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.

لە ئێستادا و لە دوای ٣٤ ساڵ تێپەڕبوون بە سەر ئەم ڕۆژەدا، کۆمەڵێک ڕووداوی جیاجیای دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا دەقومێت کە پێویستە بە ئاوڕدانەوەی خێرا و هەڵسەنگاندنی هێندێکیان کارنامەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

لە قۆناغێکدا خومەینی و ئاخوندەکانی دیکە باسیان لە دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ کرد کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی پاشایەتی بە هۆکارگەلی دەرەکی و ناوخۆیی چیدی نەیاندەتوانی خۆیان لە بەرانبەر شەپۆلی داواکاری و ناڕەزایەتی خەڵک لەهەمبەر خۆیان ڕاگرن و هەر بۆیەش هەڵاتنیان لە مانەوە لە کورسی دەسەڵات پێ باشتر بوو، لەوەها باروودۆخێکدا چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران لەگەڵ ئەوەی دەیانهەویست نیزامی شایەتی بڕۆخێنن بەڵام نەیاندەتوانی سیستەمی داهاتوو بە پێوانەی سیاسی و لە ئاستی تێگەیشتوویدا بۆ وڵات دیاری بکەن و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش هەر یەکەیان سەرقاڵی تواندنەوەی لایەنێکی دیکەی بەرانبەری خۆیاندا بوون و هێندێکیشیان فریوی قەول و بەڵێنیەکانی خومەینی دەخۆن و لە پاڵەپەستۆی سیاسیدا خۆیان کەنارگیر دەکەن و بەمجۆرەش ڕاستەوخۆ ڕێگە بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوند خومەینی خۆش دەکرێت و هاوکات لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بەستنی پەیمانی گوادالۆپ باسی ئالترناتیڤی سیاسی بۆ داهاتووی ئێران دەکەن و لەگەڵ ئەمانەش خەڵکی ئێران داوبەدوای شۆڕشی مەشرووتیەت باوەڕی سیاسی جوراوجۆریان بە خۆیانەوە دیتبوو کە نامۆیی هێندێکیان وایکردبوو بیرۆکەی مەزهەبی و ئیسلامی وەک هەمیشە لە ناویاندا سەرهەڵبداتەوە و خۆی بە سەر ئەوانی دیکەدا فەرز بکات.

 خومەینی و هاوبیرانی بە سازکردنی ڕێفراندۆمی درۆینە کە تەنیا خۆیان براوەی بوون، سیستەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیان بە فەرمی دامەزراند و بە مەشروعیەتدان بەم کارەی خۆیان دواتر کۆماری ئیسلامیان وەک حکومەتی خودا لە سەر زەوی وەسف کرد و هەر بۆیەش ئاخوند خومەینی بووە نوێنەری خودا و هەر جۆرە ڕەخنە و بیرکردنەوەی جیاوازیش چووە ناو بازنەی داژایەتیکردنی شەرعی خودایی و بەم بیانویەش هەزاران کەسیان کوشت و بڕ کرد و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و جودابیران لە ساڵی ١٣٦٧ و دەرکردنی فەرمانی جیهاد لە دژی نەتەوەی کورد لە سالی ١٣٥٨ و دەیان جینایەتی دیکە بەشێکن لە کارنامەی هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران و دەسەڵاتداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

هاتنەوەی خومەینی تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو تراژێدیایەکی ترسناک بوو لە ستەمکاری و داکوتانی دیکتاتۆریەتی ئیسلامی لە ئێران و گوشاری هەمە چەشنە بۆ سەر نەتەوە بندەستەکانی ئێران و بەرتەسکردنی ئازادی بیروباوەڕی ئاسایی خەڵکی ئێران، هەر بۆیەش لە ساڵوەگەڕی گەرانەوەی خومەینیدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە چلۆن خەڵکی ئێران تووشی ئەم نەهامەتیە بوون و بە پێی کام یەک لە دەسکەوتەکانی ئاخوندەکان بۆ مێژووی سیاسی ئێران خومەینیان هەڵبژارد؟!

دیارە ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵگری دەیان باس و تێڕوانینە کە من نامهەوێت بە وردی باسیان بکەم، تەنیا ئەوندە دەڵێم ئەگەر خەڵکی ئێران مێژووی سیاسی خۆیان خوێندبایەتەوە و سەرنجیان دابایە بە کردەوەی ئاخوندەکان لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتندا، و لانیکەم لە کاتی مەشرووتیەتدا ئەوە هیچ کات تووشی وەها کارەساتێک نەدەبوونە کە لەمڕۆدا بووەتە مایەی نگبەتی بۆ ژیانیان.

ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر ساڵە و لە ساڵوەگەری هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران دە ڕۆژی دیاریکراو دەکەن بە جێژن و ناویان لێناوە ”دەیەی فەجر” بەڵام لە ڕاستیدا خەڵکی ناویان ناوە ”دەیەی زەجر”، خەڵکی ئێران و نەتەوە بندەستەکانی وەک کورد و بەلووچ و عەرەب و تورکمان، لە هاتنە سەرکاری خومەینی و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئەمڕۆ هیچ جیاوازییەک جگە لە زوڵم و ستەمی زیاتر لە سیستەمی دەسەڵاتداری ئاخوندەکان بەرانبەر بە خۆیان بەدی ناکەن و هەر دوو نیزامی پێشووی پاشایەتی و نیزامی ئێستای ئاخوندی لێیان بوونەتە دێوەزمەی داگیرکار و تەنگیان بە ژیانی ئاسایی ئەوان هەڵچنیوە.  

{jcomments off}