له مانگی 1 ساڵی 2013 دا
46 که‌س له سێداره دراون
20 که‌س ده‌ست به‌سه‌ر کراون و گیراوێک بێسه‌ر و شوێن کراوه
کوشتنی 5 کاسبکار، بریندار کردنی 1 کاسبکار ، ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی 11 که‌س، کوشتنی 100 وڵاخ، سوتاندن و تاڵان کردنی ده‌یان میلیون له باره‌کانیان.
تێرۆری 3 ژنه سیاسه‌تمه‌داری کورد لە پاریس
هێرشی چه‌ندین گروپی تێرۆریست بۆ سه‌ر گه‌لی کورد له رۆژئاوا به هاوکاری راسته‌وخۆی حکومه‌تی تورک و گه‌مارۆی دژواری ئابوری و خوارده‌مه‌نی به سه‌ریان دا
هه‌ره‌شه‌ی هێزی دجله بو سه‌ر گه‌لی کورد له باشور
دیداری ده‌وڵه‌تی تورک له گه‌ڵ بەڕێزعه‌بدولله ئۆجاڵان لە زیندانی ئیمراڵی
بۆمبارانی رۆژانه‌ی گریلاکانی کوردستان له لایەن فرۆکه شەڕکەرەکانی ده‌وڵه‌تی تورک و گیان له‌ده‌ست دانی ده‌یان گریلایی کوردستان
کوشتن و تاڵان‌کردنی کاسبکاران
ژماره‌یه‌کی زۆر له چه‌کداران و پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی 14 به‌فرانبار واتا 4ی ژانویه له هه‌رێمێکی سه‌ر به شاری سه‌رده‌شت و نزیک له سنووری هه‌رێمی باشوری کوردستانه‌وه هێرش ده‌که‌نه سه‌ر کاسبکارانی کورد و بانگه‌شه کرا که زیاتر له (100) وڵاخی کاسبکاران کوژراون که به‌شی زۆری باری کاروانه‌که‌یان تاڵان کردووه و به‌شه‌که‌ی تریشیان سووتاندووه.
ئه‌وه له کاتێک دایه که له ساڵی رابردو به ده‌یان کۆڵبه‌ر و کاسبکاری کورد به ده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و به‌دیانی دیکه بریندار و که‌م ئه‌ندام بون.
له ناوچه‌یه‌کی نزیکی سه‌رده‌شت کاسبکارێکی کورد به سه‌ختی بریندارکرا
7/1/2013
به پێی زانیارییه‌کانی ناوخۆیی له ده‌وروبه‌رى گوندى سه‌رشیوى سه‌رده‌شت کاسبکارێکى کورد به ناوى “سمکۆ ئه‌حمه‌دی” ته‌مه‌ن (18) ساڵه له‌لایه‌ن چه‌کداره‌کانی سه‌ر به رژێمی ئێرانه‌وه به سه‌ختى بریندار ده‌بێت و ئێستا بۆ تیمار کردن براوه‌ته نه‌خۆشخانه‌ى قه‌ڵادزێ له باشورى کوردستان.
هێرشی پاسداران بۆ سه‌ر کاسبکارانی کورد سێ قوربانی تری لێکه‌وته‌وه
23-1-2013
له سه‌ر سنووری نێوان رۆژهه‌ڵات و باکور و رۆژهه‌ڵات و باشوری کوردستان (3) کاسبکاری تری کورد بوونه قوربانی ده‌ستڕێژی پاسدارانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران .
به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به ANF گه‌یشتووه کاسبکارێکی کورد به‌ناوی (شوکری سه‌حرایی) له ئه‌سه‌نده‌ره له کاتی کۆڵبه‌ریدا به‌ره‌و گه‌ڤه‌ر، له چیای کۆتۆڵ ده‌بێت به ئامانجی گوله‌ی هێزه چه‌کداره‌کانی رژێمی ئێران و دوای ئه‌وه‌ی به سه‌ختی بریندار دەبێ، سنوور تێپه‌ڕ ده‌کات و به‌هۆی خوێنڕژانێکی زۆره‌وه ژیانی له‌ده‌ست ده‌دا . راگه‌یه‌نرا که ته‌رمی ناوبراو له نه‌خۆشخانه‌ی گشتی شارۆچکه‌ی گه‌ڤه‌ری سه‌ر به شاری جوله‌مێرگه .
له‌لایه‌کی تره‌وه شه‌وى یه‌کشه‌ممه‌ی ڕێکەوتی20/1/2013 کۆمه‌لێک کاسبکارى خه‌لکى بانه له گوندى سه‌یدسارم” ده‌که‌ونه ناو بۆسه‌ى هێزه چه‌کداره‌کانى رژێمه‌وه و له ئاکامى ته‌قه‌ى راسته‌وخۆى چه‌کدارانى رژێمدا کاسبکارێک به ناوى ( جه‌مالى حاجى عه‌بدوڵڵا ) وەبەر پەلامارەکە دەکەوێت، هه‌روه‌ها رۆژى دوشه‌ممه ڕێکەوتی21/1/2013 کاسبکارێکى کوردی ته‌مه‌ن (17) سالان به ناوى ( سابیر ئاڵتوون ) خه‌لکى (لمنجێ) ى سه‌ر به پیرانشارله لایه‌ن هێزه چه‌کداره‌کانى رژیمه‌وه ده‌درێته به‌ر ده‌ستڕێژ و له شوێنی په‌لاماره‌که ژیانی له‌ده‌ست ده‌دا .
چه‌کدارانی رژێمی ئێران کوردێکی تر ده‌کوژن و (8)ی تریش ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌که‌ن
24-1-2013
سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ رایانگه‌یاند که به‌هۆکارێکی نه‌زانراو ژماره‌یه‌ک چه‌کداری سه‌ر به رژێمی ئیسلامی ئێران کوردێکی خه‌ڵکی ناوچه‌ی نه‌ستانی سه‌ر به شاری سه‌رده‌شت به‌ناوی ( ئیسماعیل شه‌ریفی ) ده‌ده‌نه به‌ر ده‌ستڕێژی گوله و له شوێنی رووداوه‌که ده‌یکوژن . جه‌ماوه‌ری توڕه‌ی ناوچه‌ی نه‌ستان و سیسێر هێرش ده‌که‌نه سه‌ر پاسگای ( گۆلی کورته‌ک ) و رووبه‌ڕووی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کی توندی هێزه ئه‌منییه‌کانی ئێران ده‌بنه‌وه و له ئه‌نجامدا که‌سێک بریندار ده‌بێت و (8) که‌س که ناوه‌کانیان ئاشکرا نه‌بووه، ده‌ستبه‌سه‌ر کراون.
جێگاى باسه خه‌ڵکى ناوچه‌ی ره‌به‌ت له‌سه‌ر ئه‌و ره‌شبگیرییه‌ى رژێم، دوکانه‌کانیان بۆ ماویه‌ک داخست.
چه‌کداره‌کانی رژێمی ئێران ده‌ستیان بە خوێنی کاسبکارێکی تریش سور بوو
29-1-2013
سه‌رچاوه‌کانى هه‌واڵ رایانگه‌یاند که له رۆژانی 26 یان 27 ژانویه کاسبکارێکی خه‌ڵکى شارى سه‌قز به ناوى ( ناسح شه‌هبازى ) له‌لایه‌ن چه‌کداره‌کانی رژێمی ئیسلامییه‌وه ده‌درێته به‌ر ده‌ستڕێژى گوله، به سه‌ختى بریندار ده‌بێت و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی تایبه‌تی ئیتلاعات ده‌خرێته ژێر چاودێرییه‌وه .
دیداری حکومه‌تی تورک له گه‌ڵ ئۆجاڵان
له سه‌ره‌تایی ساڵی تازه‌یی زایینی دیداری هاوسه‌رۆکی ب.د.پ ئه‌حمه‌د تورک و پارلمانتاری کۆما جڤاکی دمۆکراتیک ئایلا ئاکات له گه‌ڵ بەڕێز عه‌بدالله ئۆجه‌لان پێک هات که ئه‌وه هه‌نگاوێکی دڵخۆشکه‌ر بوو بۆ گه‌لی کورد و راوه‌ستاندنی شه‌ر و خوێن رشتن. ئه‌وه له کاتێک دایه که زیاتر له 20 مانگه که ناوبراو مافی هاودیتنی له گه‌ل پارێزه‌رانی لێ قه‌ده‌غه کراوه و له‌و ماوه‌یه‌ش دا ته‌نیا براکه‌ی محه‌مه‌د ئۆجالان توانیوییه‌تی 2 جار چاوی پێی بکه‌وێت.
سێداره
دوشه‌م 25 به‌فرانبار
رۆژی 24 به‌فرانبار واتا یه‌کشه‌ممه (13 ژانویه) که‌سێک به تاوانی ده‌ستدرێژی ره‌گه‌زی له گرتوخانه‌ی ناوه‌ندی شاری کورد له سێداره درا.
له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا (5) گیراوی تر به تۆمه‌تی جیاجیا له‌سێداره دراون
سه‌رچاوه هه‌رێمییه‌کان رایانگه‌یاند که سه‌ر له به‌یانی 5/1/2013 له زیندانى زاهدان گیراوێک به ناوى “جه‌واد ره‌فیع” که پێشتر به‌تۆمه‌تی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی سزاى سێداره‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو، له حه‌وشه‌ی زیندانه‌که له سێداره دراوه
سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵیش رایانگه‌یاند که رۆژى 1/1/2013 دوو گیراو له زیندانى پارسیلونى خۆره‌م ئاباد به تۆمه‌تی کێشه‌ى په‌یوه‌ندیدار به ماده هۆشبه‌ره‌کانه‌وه سزای سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو، ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه له سێداره دراون
له شاری کورد دوو برا له‌به‌رچاوی خه‌ڵک له‌سێداره دران
7/1/2013
رۆژی 5ی کانوونی دووه‌م، دوو برا که پێشتر به تۆمه‌تى کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تی سزاى سێداره‌یان به سه‌ردا سه‌پێندرابوو، له‌به‌ر چاوى خه‌ڵک سزاکه جێبه‌جێ کراوه.
شایانی باسه له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2013 ه‌وه (3) که‌س له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک له سێداره‌دراون و هه‌روه‌ها به گوێره‌ى ئاماره ڕاگه‌یێندراوه‌کان له ساڵى 2012 ى زاینی‌دا ڕ‌ژێمى ئێران (593) که‌سی زیندانیی له سێداره داوه.
له زیندانی شاری کورد زیندانییه‌ک له سێداره درا و دووکه‌سی تر له‌ژێر په‌تی سێدارە دان
ڕۆژى یه‌کشه‌ممه 13/1/2013 گیراوێک له زیندانى ناوه‌ندى شارى کورد به تۆمه‌تى کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له سێداره درا.
به گوێره‌ى ئاماره ڕاگه‌ییێندراوه‌کان له سه‌ره‌تاى ساڵه‌وه ڕ‌ژێمى ئیران (7) گیراوی به ئاشکرا له سێداره داوه .
چوار كەس لەسێدارەدران، دوانی تریش چاوەڕێی پەتی سێدارەن
17/1/2013
رۆژی چوارشەممە 16/1/2013 (2) زیندانی لە مەشهەد و سەبزەوار له پێش چاوی خه‌ڵک و (2)زیندانی دیكەش لە زیندانی گەوهەردەشتی كەرەج لە سێدارە دراون.
به پێی سه‌رچاوه‌کان “عەلی نادری” 21 ساڵ و ” ئیبراهیم ئەحمەدی” تەمەن 37 ساڵ خەڵكی وەرامین بە تاوانی “قەتڵ” لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج لەسێدارە دراون و ناوی ئه‌و دو که‌سه‌ی له مه‌شهه‌د و سه‌بزه‌وار له سێداره دراون نادیاره.
له سێداره‌دانی 3 که‌س به تاوانی پێوه‌ندی به ماده سرکه‌ره‌کانه‌وه
رۆژی شه‌ممه 30 به‌فرانبار 3 که‌س به ناوه‌کانی عه‌لی که‌ماڵی له دایکبویی 1359 ، مه‌حمود شه‌هره‌کی له‌دایکبوی 1359 و داود قه‌نبه‌ری له‌دایکبویی 1360 هه‌تاوی به تاوانی پێوه‌ندی به ماده سرکه‌ره‌کانه‌وه له گرتوخانه‌ی ناوه‌ندی شاری زاهدان له سێداره دران.
هه‌روه‌ها رۆژی 20/1/2013 که‌سێکی دیکه به تاوانی ماده سرکه‌ره‌کانه‌وه له شاری ئیسفه‌هان له سێداره درا.
سه‌رله‌به‌یانى رۆژى 17/1/2013 به تۆمه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى کۆمه‌ڵایه‌تى دوو به‌ندکراو له مه‌یدانی” موعه‌لم”ى شارى پاکده‌شت له پێش چاوی خه‌ڵک له‌سێداره دران.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌کانى هه‌واڵى ئێران رایانگه‌یاند که سه‌ر له به‌یانى 18/1/2013 زیندانییه‌ک له شارى ورمێ له پێش چاوى خه‌ڵک له سێداره دراوه.
له‌لایه‌کى دیکه‌وه به‌پێى هه‌واڵه‌کانی ناوخۆیی رۆژی 17/1/2013 له شارى زاهیدان سێ زیندانى به‌ڕه‌گه‌ز به‌لووج له حه‌وشه‌ى زیندانى ناوه‌ندى ئه‌و شاره له‌سێداره دراون. جێبه‌جێکردنى ئه‌و سزایانه ناره‌زایه‌تى خه‌ڵکى زاهیدانى لێکه‌وتۆته‌وه و له‌به‌رده‌م زیندانى ناوه‌ندى ئه‌و شاره گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه .
ئێران زیندانییه‌کی تری له سێداره‌دا
22/1/2013
گیراوێک به ناوى ( موحسین ) به تۆمه‌تى کێشه‌ى پێوه‌ندیدار به ماده سڕکەره‌کانه‌وه، له‌لایه‌ن دادگاى ئینقلابى ئیسفه‌هانه‌وه سزای له‌سێداره‌دانی به سه‌ردا سه‌پێندراوه و ڕۆژى یه‌کشه‌ممه له زیندانى ناوه‌ندى ئیسفه‌هان له سێداره دراوه .
رژێمی ئێران له کرمان زیندانییه‌کی له سێداره‌دا
کرمان 27.01.2013
ماڵپه‌رى فارس بڵاوى کردۆته‌وه که سه‌رله‌به‌یانی 26/1/2013 زیندانیه‌ک به‌ناوی ( یاسر) ته‌مه‌ن (27) ساڵ به تۆمه‌تی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له مه‌یدانى خاجوى شاری کرمان لە به‌ر چاوى خه‌ڵک له سێداره‌دراوه.
له‌کرمان، ئه‌سفه‌هان و که‌ره‌ج (12) به‌ندکراو به‌ده‌ستى رژێمى ئێران له‌سێداره دران
30.01.2013
له‌درێژه‌ی سیاسه‌تی له‌سێداره‌داندا له‌ئێران له‌زیندانی کرمان (5) زیندانی به‌لوچ و له‌ئه‌سفه‌هانیش (6) له زیندانی ره‌جایی شه‌هری که‌ره‌ج به‌ندکراوێکی تر له‌سێداره دران .
به پێی سه‌رچاوه‌کانی مافی مرۆڤ له ئێران (5) به‌ندکراوی به‌لوج به ناوه‌کانی ( شاه به‌خش، کوری الله داد، نیعمه‌توڵا شاه به‌خش، عه‌بدوڵا شاه به‌خش، عه‌بدالرحمان شاه به‌خش، ساڵح تونی زه‌هی )که به‌ر له (5) ساڵ له‌سه‌ر رێگای سیرجان بۆ کرمان له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئیتڵاعاته‌وه ده‌ستگیرکرابوون، سه‌رله‌به‌یانی 30/1/213 له زیندانی کرمان له‌سێداره دران .
له‌لایه‌کی تره‌وه سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ی 28/1/2013 (6) به‌ندکراوی تر که دوانیان ژن بوون و یه‌کێکیشیان ئه‌فغان بووه له له‌زیندانی ناوه‌ندی ئه‌سفه‌هان له‌سێداره دران .
هاوکات هه‌ر رۆژی یه‌کشه‌ممه 28/1/2013 له زیندانی ره‌جایی شه‌هری که‌ره‌ج به‌ندکراوێکی تر له سێداره دراوه .
راگه‌یه‌نرا که سه‌رجه‌م به‌ندکراوه‌کان به تۆمه‌تی به‌کارهێنان و بازرگانی کردن به ماده سڕکه‌ره‌کان سزایان به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو
به‌ندکراوێک له زیندانێکی ته‌ورێز له سێداره درا
سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ رایانگه‌یاند که رۆژی دوو شه‌ممه 29/1/2013 زیندانییه‌ک له زیندانى میانه‌ى سه‌ر به ته‌ورێز له سێداره‌درا که به تۆمه‌تى کێشه‌ى په‌یوه‌ندیدار به ماده سڕکه‌ره‌کانه‌وه به بڕی (3) ملیۆن تمه‌ن و پاشان به له سێداره‌دان سزادرابوو .
تا ئێستا ناو و ناسنامه‌ی ئه‌و زیندانییه ئاشکرا نه‌بووه .
گرتن و ده‌ستبه‌سه‌ر کردن
ده‌ست به‌سه‌ر کردنی محه‌مه‌د مه‌ولانا یی له شاری مهاباد
محه‌مه‌د مه‌ولانایی چالاکی کرێکاری رۆژی 16 به‌فرانبار واتا 6 ژانویه 2013 به ده‌ستی هێزه‌کانی ئیتلاعاتی شاری مهاباد ده‌ست به‌سه‌ر کرا و هه‌ر وه‌ها واحد سه‌یده چالاکی کرێکاری بۆ ماوه‌ی 2 سه‌عات لێپرسینه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ کرا.
زیندانییه‌کی سیاسی کورد له زیندانه‌کانی رژێمی ئێران بێ سه‌روشوێن کرا
15/1/2013
به پێی سه‌رچاوه ناوخۆییه‌کان رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ی ڕێکەوتی 13/1/2013 زیندانییه‌کی سیاسی کورد به‌ناوی “یوسف ره‌حمانى پور” له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانى زیندانى ناوه‌ندى ورمێیه‌وه بانگهێشت کراوه و ڕاگوازراوه بۆ شوێنێکى نادیار.
ناوبراو خه‌ڵکى بۆکانه و له لایه‌ن دادگاى ئینقلابى مه‌هاباده‌وه به تۆمه‌تى هاوکارى کردنی یه‌کێک له پارته کوردییه‌کان (٥) سال سزاى زیندانى به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه، که زیاتر له (٤)ساڵ له زیندانه‌کانى ئیسفه‌هان، خۆى، مهاباد و ورمێ دا به‌ند کراوه .
ده‌ست به‌سه‌ر کردنی خزم و که‌سه‌کانی حسێن په‌ناهی له لایەن رژیمی ئێرانه‌وه
17/1/2013
دوو برای تر له خزمانی ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهى به‌ناوه‌کانی ( شێرزاد و فایه‌ق حوسێن په‌ناهی ) که خه‌ڵکى گوندى “قوڕوچا”ى سه‌ربه شارى دێولانن له‌لایه‌ن هیزه‌کانی ئیتلاعاتی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه سه‌رله‌به‌یانى 16/1/2013 ده‌ستبه‌سه‌رکران و بۆ شوێنێکی نادیار براون.
نیوه‌ڕۆى رۆژى چوارشه‌ممه ڕێکەوتی 9-1-2013 سیروان حسێن په‌ناهى چالاکى مه‌ده‌نى و خوشکه‌زاى ئه‌نوه‌ر حسێن په‌ناهى زیندانى سیاسى کورد له لایه‌ن چوار ئۆتۆمبێلى هێزه‌کانى ئیداره‌ی(ئیتلاعات) له ماڵى باوکی‌دا له ئاوایى قرۆچیاى سه‌ر به شارى دێگولان قوڵبه‌ست و بۆ شوێنێکى نادیار ڕاگوێسترا.
شایانى باسه سیروان حسێن په‌ناهى له دایکبووى 1988 ه و تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ک له‌سه‌ر شوێنى ده‌ستبه‌سه‌رییه‌که‌ى نازانرێت. هاوکات ناوبراو خوشکه‌زاى ئه‌نوه‌ر حسێن په‌ناهى چالاک و هه‌ڵسوڕاوى کورده که له‌لایه‌ن دادگاى ئینقلاب سزاى له‌سیداره‌ى به‌سه‌ردا سپێنراوه. به‌ڵام له دواى کاردانه‌وه‌ى لە ناو رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کانى مافى مرۆڤ، سزاکه بۆ (6) ساڵ زیندانى گۆڕدرا.
رۆژی دووشه‌ممه 2ى رێبه‌ندان،21-1-2013 باوک و دایک و براچکۆله‌که‌ى ئه‌نوه‌ر حسێن په‌ناهى بانگهێشتى ئیداره‌ى ئیتلاعاتى شارى قۆروه کراون و له کرده‌وه‌یه‌کى نامرۆڤانه‌و نایاسایى به مه‌به‌ستى گوشار خستنه سه‌ر ئه‌م زیندانیه سیاسیه و بنه‌ماڵه‌که‌ی، ئه‌و یارمه‌تیانه‌ى که براکه‌ى ناوبراو رژاندبوویه سه‌ر حیسابى بنه‌ماڵه‌که‌ى بلۆکه کردووه و ده‌ستیان به‌سه‌رئه‌و پاره که (10) ملیۆن تمه‌ن بووه گرتووه.
ئه‌شره‌ف حسێن په‌ناهى براى ناوبراو سێ ساڵ له‌مه‌وپێش له کاتێکدا هه‌ڵگرى به‌ڵگه و تۆمارێکى 5000 واژۆیى له مه‌ڕ بێ تاوانى براکه‌ى ره‌وانه‌ى تاران بوو به شێوه‌یکى گۆماناوى کۆژرا. ئه‌فشین حسێن په‌ناهى براى دیکه‌یان که له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌وه پێداچوونى دۆسیه‌ى برا گه‌وره‌کانى بوو، ته‌نیا به هۆى ناڕزایه‌تى ده‌ربڕین به‌م حوکمه و کوژرانى براکه‌ى دیکه‌ى له دوو ساڵى رابردووه‌وه چه‌ندێن جار له لایه‌ن دامه‌زراوه ئه‌منیه‌تیه‌کانى شارى قۆروه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه و ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش دواى یه‌ک ساڵ زیندانى ئازاد کرا .
یەکێک له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یی حسێن په‌ناهی که نه‌یویستووه ناوی ئاشکرا بکرێت راگه‌یاندووه” ئێستاکه له حاڵێکدا ئه‌م دۆخه دژواره به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ى ئێمه دا زاڵه، ئێمه هاوارى بێ تاوانى و داد خوازى خۆمان به گوێى ئێوه مرۆڤان و رێکخراوه‌کانى مافى مرۆڤ ده‌گه‌ینین، هه‌ر بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌داین که ئیدى هیچ به‌رپرس و ئۆرگانێکى یاساى کۆمارى ئیسلامى وڵامده‌ره‌وه‌مان نییه. “
شایانى باسه: له ماوه‌ى 6 ساڵى رابردوو دواى ده‌ستبه‌سه‌ر بوونى ئه‌نوه‌ر حسێن په‌ناهى زۆرتر له 33 که‌س له بنه‌ماڵه و خزم و دۆستانى حسێن په‌ناهى به شێوه‌گه‌لێکى جۆراو جۆر ده‌ستبه‌سه‌ر کراون.
چالا‌کوانێکی پیشه‌یی خه‌ڵکی کرماشان ده‌ست به‌سه‌ر کرا.
به پێی زانیارییه‌کانی ناوخۆیی محه‌مه‌د ته‌وه‌کولی چالاکوانی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ندامی ناوه‌ندی پیشه‌یی ماموه‌ستایانی کرماشان له لایان حراسه‌تی ئیداره‌یی په‌روه‌رده و زانیاری ئه‌و شاره بانگهێشتی ئیداره‌یی ئیتلاعات کراوه و ده‌ست به‌سەریان کردووه.
سزای (10) مانگ زیندانى به‌سه‌ر هاوڵاتییه‌کی مه‌هابادی دا سه‌پێندرا
22/1/2013
به گویره‌ى هه‌واڵێک که چالاکانى مافى مرۆڤ و دێمۆکراسى له ئێران بڵاویان کردووه‌ته‌وه، کوردێکى خه‌لکى مه‌ها‌باد به ناوى ( سیاوه‌ش قه‌نبه‌ری )له لایه‌ن دادگاى ئینقلابى ئه‌و شاره‌وه به تۆمه‌تى هاوکارى له گه‌ڵ یه‌کێک له حیزبه کوردییه‌کانى نه‌یارى ڕژیمى ئیران سزاى 10 مانگ زیندانى به سه‌ردا سه‌پیندراوه.
ده‌ست به‌سه‌ر کردنی 8 که‌س له نه‌ستانی سه‌ر به شاری سه‌رده‌شت
23/1/2013
به پێی زانیارییه‌کانی ناوخۆیی رۆژی چوارشه‌مه 23/1/2013 له نێوان هێزه چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران که بۆ ده‌ست به‌سر داگرتن به سه‌ر ماڵ و باری کاسبکاران هێرش ده‌که‌نه نێو ماڵه‌کانیان و نێوان کاسبکاران له گوندی نه‌ستانی سه‌ر به شاری سه‌رده‌شت شه‌ر و پێکدادان دێته ئاراوه و له ئاکام دا 8 که‌س به ناوه‌کانی ئه‌بوبه‌کر محه‌مه‌دی، قادر خزرزاده، شیرزاد مامخزری، ئیبراهیم پور ئه‌حمه‌دی، عه‌لی قاله‌یی، محه‌مه‌د حه‌بیبی، ئیبراهیم حسێنزاده و ئاکۆ نازی ده‌ست به‌سه‌ر کراون.
چوار فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی کورد له باشوری کوردستان (گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ و ئاینده) ، گه‌لی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، نوسه‌ران، روناکبیران، زۆربه‌ی پارته سیاسیه‌کانی کوردستان، ده‌سته‌ی باڵای کورد له رۆژئاوا، به حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیان راگه‌یاند که : داخستنی سنووره‌کان، گه‌لی کورد توشی قه‌یرانی مرۆڤی ده‌کات و خزمه‌ت به دوژمنان ده‌کات.
کوردستانیان ده‌ڵێن که له‌م کاته‌دا که رۆژئاوای کوردستان به‌دۆخێکی هه‌ستیار و چاره‌نوسسازدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، له پاڵ ئه‌مه‌دا دۆخێکی نه‌خوازراو له که‌می خۆراک و ئاوی خواردنه‌وه و ده‌رمان و پێداویستییه‌کانی دیکه‌ی رۆژانه ته‌نگی به هاو نه‌ته‌وه و خوشکان و برایانمان له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان هه‌ڵچنیوه، به‌جۆرێک هه‌ندێک سه‌رچاوه ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که ئه‌گه‌ر کار وا بڕوات چاوه‌ڕێی روودانی کاره‌ساتی مرۆیی ده‌کرێت ، هه‌ر بۆیه داوا له حکومه‌تی هه‌رێم ده‌که‌ن که به جێگایی داخستنی سنوره‌کان و ته‌ل به‌ندکردنیان به زووترین کات ده‌رگا به‌ڕووی هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستاندا بکاتەوە.
له په‌روه‌رده‌ی کرماشان‌دا زمانی کوردی قه‌ده‌غه ده‌کرێت
9/1/2013
ئیداره‌ى په‌روه‌رده و راهێنانى کرماشان له بڕیارنامه‌یه‌کى نوێ‌دا هۆشداریى به سه‌رجه‌م مامۆستایانى خوێندنگه‌کانى ئه‌و پارێزگایه داوه، له کاتى وانه‌وتنه‌وه‌دا ده‌بێ به زمانى فارسى بدوێن و نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ک زمانى کوردى به‌کار بهێنرێت.
ئه‌م بڕیارنامه‌یه سه‌رجه‌م مامۆستایانى خوێندنگه‌کانى ئه‌رکدار کردووه، جگه له زمانى فارسى نابێ هیچ زمانێکى دیکه له خوێندنگه‌کاندا به‌کار بهێنن. بۆ ئەوەی که زمانی فارسی پێشکه‌وێت.
ئه‌م بڕیارە نوێیه له حاڵێکدایه که به پێ ماده‌ى (15)ى یاساى بنه‌ڕه‌تى کۆمارى ئیسلامى ئێران، به‌کارهێنانى زمانه‌کانى دیکه‌ى له خوێندنگه‌کاندا و له پڕۆسه‌ى خوێندندا له په‌ناى زمانى فارسى یاساییه.
له ورمێ رێگه به بڵاوکردنه‌وه‌ی وتاری کوردی نه‌درا
21/1/2013
رۆژنامه‌ى ئاراز سه‌ره‌تا بڕیار بوو به سێ زمانى کوردی، فارسى و ئازه‌رى له پارێزگاى ورمێ چاپ و بڵاو ببێته‌وه، به‌ڵام له کاتى ده‌رچوونى یه‌که‌م ژماره‌ى له رێکه‌وتى ٢٧ى خه‌رمانانى ساڵى رابردوه‌وه هه‌تا ئێستا سه‌ره‌ڕاى پێداگری و به‌دووداچونى نووسه‌رانى کوردى شارى ورمی، به‌ڵام ڕێگه‌ى نه‌داوه به چاپ و بڵاو کردنه‌وه به زمانى کوردى .
3 ژنه سیاسه‌تمه‌دار، چالاکوان، کورد تیرۆر کران
رۆژی 9/1/2013 له پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا له ئه‌نجامی هێرشی گرووپێکی چه‌کداردا سێ ژنه سیاسه‌تمه‌داری کورد کوژران که له ناویاندا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان ” پ.ک.ک” سکینه جانسز، نوێنه‌ری کۆنگره‌یی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان “ک.ن.ک” له پاریس فیدان دۆغان و کچه گه‌نجێکی تر که ئه‌ندامی ده‌سته‌یی رێوه‌به‌ری خه‌باتی لاوانی کورد له ئوروپا بوو به‌ناوی (له‌یلا شایله‌مه‌ز) ژیانیان له‌ده‌ست دا.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ده‌ست گه‌یشتوون که‌سانێکی نه‌ناسراو، په‌لاماری نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی کوردستان له ناوچه‌ی” گاره دو نۆرده “یان داوه.
پۆلیسی فه‌رانسه رایگه‌یاندووه که له په‌لاماره‌که‌دا چه‌کی بێده‌نگ به‌کار هاتووه، هه‌روه‌ها رۆژێک پێش روداوه‌که زه‌نگی ده‌رگایی ئه‌و نوسینگه‌یه له لایەن تێرۆریستانه‌وه له کار خراوه و قفلی ده‌رگاکه خراپ کراوه تاوه‌کو پێش کۆمه‌ڵکوژییه‌که ، له کاتی کۆمه‌ڵکوژییه‌که و ماوه‌یه‌ک پاش کۆمه‌ڵکوژییه‌که که‌س نه‌توانێت بچێته ژوره‌وه یان بچێته ده‌ره‌وه.
جانسز 4 فیشه‌ک ،دۆغان و له‌یلا شایله‌مه‌ز هه‌ر یه‌که 3 فیشه‌ک له سه‌ریان دراوه. پۆلیسی فه‌ڕه‌نسا ده‌ستی به لێکۆڵینه‌وه کردووه .
ته‌رمی ئه‌و 3 ژنه سیاسه‌تمه‌داره پاش لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت له پاریسه‌وه رۆژی 14/1/2013 به به‌شداری ده‌یان هه‌زار کوردستانی و دۆستانی کورد له ئوروپا و ده‌یان پارت و رێکخراوی ئوروپی و بیانی که بۆ ماڵئاوایی هاتبون و له پاریس کۆببونه‌وه بۆ ستانبول به‌رێ کرا.
له ره‌وانسه‌ر دوو ژن خۆیان ده‌سووتێنن
17/1/2013
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ده‌ستمان گه‌یشتوون ژنێکی ته‌مه‌ن (42) ساڵ به‌ناوی ( ر.ع) دانیشتووی گوندی بناوه‌چکووی سه‌ر به شاری ره‌وانسه‌ر و ژنێکی تری ته‌مه‌ن (24) ساڵ له گوندی دێ سوور ی نزیکی گوندی بناوچکووی شاری ره‌وانسه‌ر به‌هۆکارێکی نه‌زانراو ئاگر له جه‌سته‌ی خۆیان به‌رده‌ده‌ن و کۆتایی به ژیانیان دێنن که تا ئێستا هۆکاری خۆسووتاندنی ئه‌و دوو ژنه روون نه‌بۆته‌وه.
شایانی وتنه که به‌هۆی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسه‌تی رژێمی ئێرانه‌وه له‌دژی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان رۆژانه چه‌ندین رووداوی هاوشێوه دێنه ئاراوه و هیچ هه‌وڵ و کارێکیش بۆ رێگرتن له‌و کوشتاره ناکرێت.
رژێمی ئێران له سه‌ره‌تای سالی نوێی زاینی بۆ رێگرتن له ناڕه‌زایی خه‌ڵکی سنه به‌رانبه‌ر به له سێداره‌دانی 5 گه‌نجی ئه‌و شاره له زیندانی قزل حه‌سار و راگرتنی ته‌رمه‌کانیان و راده‌ستنه‌کردنه‌وه‌یان به ماڵباته‌کانیان، ناره‌زایه‌تیان ده‌ربریبو هێزی سه‌رکوتی له‌شاره‌که جێگیر کرد.
هێزه‌کانی پاراستنی گه‌لی کوردستان ” ه.پ.گ” ئاماری شه‌ڕی 2012ی راگه‌یاند
به‌پێی ئاماره که سوپای تورک له‌ماوه‌ی ساڵێکدا (320) ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینی، (184) هێرشی ئاسمانی ــ فڕۆکه، (140) هێرش به کۆپته‌ری جۆری کۆبرا، (406) هێرشی به‌تانک و تۆپی ئه‌نجامداوه. له ئه‌نجامی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌دا (203) جار شه‌ڕ و پێکادان هاتۆته ئاراوه. له‌به‌رامبه‌ر به‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ش گه‌ریلاکان (736) چالاکییان ئه‌نجامداوه، له هه‌موو شه‌ڕ و ئۆپه‌راسیۆنه‌کاندا کوژرانی (2221) چه‌کداری ده‌وڵه‌ت تۆمارکراوه و (314) گریلاش ژیانیان ژیانیان له‌ده‌ستداوه.
به پێی ئاماری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکیکردن له‌رۆژنامه‌نوسان له‌ماوه‌ی 2012 دا له هه‌رێمی کوردستان (190) پێشێلکارى به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان کراوه.
ئاژانسی فرانس پرێس لەراپۆرتێكی خۆیدا ئاماژە بەرێژەی برسێتی له ساڵی 2012 دا دەكات و رادەگەیەنێت كە لەساڵی 2012 لەجیهاندا یەك ملیارد مرۆڤ بەدەست برسێتی و هەژاریەوە ناڵاندویانه.
هەروەها ئاژانسەكە ئاماژە بەوە دەكات كە لەسەر ئاستی جیهان 100سەرمایەدار، داهاتەكەیان نزیكەی 2 ترلیۆن دۆلار بوە بەڵام لەساڵی 2012دا داهاتەكەیان به رێژه‌یه‌کی سه‌رسورهێنه‌ر زیادی كردوە.
316 منداڵی بێ سه‌روشوێنبووی دوای کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له ئێران ده‌دۆزرێنه‌وه
ناوه‌ندی هه‌واڵه‌کان 27.01.2013
316 منداڵی هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌دوای کاره‌ساتى کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه له‌ساڵى (1988)دا به‌زیندوویی براونه‌ته کۆماری ئیسلامی ئێران و له‌ئێستاشدا ئه‌و منداڵانه دۆزراونه‌ته‌وه
له‌ماوه‌ی ساڵی 2012 دا له باکوری کوردستان زیاتر له (21) هه‌زار پێشێلکاری مافی مرۆڤ تۆمارکراوه
لقى کۆمه‌ڵه‌ى مافى مرۆڤى شارى ئامه‌د ڕاپۆرتى بنپێکردنى مافه‌کانى مرۆڤى ساڵێکى باکورى کوردستانى ئاشکرا کرد. به‌پێى ڕاپۆرته‌که له‌ساڵى 2012 دا (21) هه‌زار و (107) رووداوی پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤ تۆمار کراوه .
(56) که‌س له هێرشی بکه‌رى نادیاردا کوژراون و (228) که‌سیش برینداربوون
(23) که‌س له ڕه‌وشێکى نادیاردا مردوون .
(31) که‌س هۆکارى مردنیان نه‌زانراوه و گومانیان له‌سه‌ره و سێ که‌سیش برینداربوون .
(3) سه‌رباز و (11) پۆلیس خۆیان کوشتووه .
(41) ژن کوژراون .
(20) منداڵ خۆیان کوشتوه و هه‌وڵى کوشتى (4) منداڵیش دراوه .
(4) هه‌زار و (418) که‌س ده‌ستگیرکراون .
هه‌زار و (475) که‌س سزاى زیندانیان بۆ بڕاوه‌ته‌وه .
(876) حاڵه‌تى ئه‌شکه‌نجه و ده‌ستدرێژى ڕویداوه.
(213) جار رێگری له کۆنگره‌ی رۆژنامه‌نوسی و لێدوان کراوه و تیایدا (315) که‌س برینداربوون .
هه‌زار و (971) که‌س ڕووبه‌ڕوى لێپرسینه‌وه و سزا بونه‌ته‌وه .
(127) که‌سایه‌تى ناسراو و ڕێکخستن ڕووبه‌ڕووى هێرش بونه‌ته‌وه .
(12) پارت و کۆمه‌ڵه و سه‌ندیکا داخراون .
(447) جار قه‌ده‌غه کراوه له شوێنى ڕه‌سمیدا به زمانى کوردى قسه بکه‌ن به‌تایبه‌ت دادگاکان .
(3) هه‌زار و (263) جار پێشێل کارى له زیندانه‌کاندا کراوه .
(395) حاڵه‌تى پێشێلکارى ئابورى و کۆمه‌ڵایه‌تى بووه .
(12) گوند سوتاون یان پێیان چۆڵکراوه .
(33) حاڵه‌تى سوتانى دارستان و زه‌وى مه‌ده‌نی .
(89) جار قه‌ده‌غه‌کراوه که‌سانى مه‌ده‌نى بچنه سه‌ر مێرگ و باخه‌کانیان .
(13) گۆڕى به کۆمه‌ڵ دۆزراونه‌ته‌وه که (80) ڕوفاتى تێدابوه .
(5) هه‌زار و (631) حاڵه‌تى پێشێلکارى ئاینى ڕویانداوه .
……
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد
www.kmmk.info Telephon: 0046 73 35 52
{jcomments off}