"an independent online kurdish website

ئەو دەمانە نەگبەتی و ڕۆژڕەشی میللەتێك دەسپێدەکات کاتێ خوێنمژێك وەک ڕزگاری دەری ببینێ ، یان ئەوەی بوەتە هۆکاری هەژاری و خولانەوەی لە بازنەی نەزانین و چەوسانەوەدا بە دۆست بناسێ .dana_elyasi10

کاتێ دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی بەرەو لاواز بوون دەچوو وڵاتانی ڕۆژئاوا هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە بتوانن شیرازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەیەك هەڵوەشێنن و بە مەیلی خۆیان دەست بکەن بە سیاسەتی هەناردە کردن و بارهێنانی دیکتاتۆرەکان بەرەو ڕۆژهەڵتی ناوەڕاست .
دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و ملکەچ بوونی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بە دەستبەرداربوونی لە کورسی دەسەڵات و دورخستنەوەی بۆ دورگەی سولونیك وەك دەسبەسرێك و مردنی لەوێ و دابەشکردنی قەڵەمرەوی عوسمانی و پێكهێنانی وڵاتانی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەو پێکهاتەیە بە پێی سیاسەتێکی نەخشە بۆ داڕێژراودا بووە و تا ئێساتش هەر درێژەی هەیە .
ئەگەر چاوێك بە مێژوودا بگێڕین دەبینین چەندە ڕۆژئاوا لەو سیاسەتەدا کارامە بووە و چەندە میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گێل و نەزان .
دەرپەڕاندنی بنەماڵەی هاشمیەکان لە حیجاز و بە دەسەڵات گەیاندنی عەبدولعەزیز ئال سعود لە ئەوێ و دامەزراندی حکومەتێکی ئەڵقە لە گوێی خۆیان لە ژێر ناوی پاشا نشینی عەرەبستانی سعودی کە نازناوی باپیرەی عەبدولعەزیزە وەک ناوی فەرمی ئەو وڵاتە ، هەروەها دانانی فەیسەڵی ڕاونراو لە حیجاز وەك پادشای وڵاتی تازە دروستکراوی سوریا لە لایان ئینگلیزەکانەوە و دانانی عەبدوڵای برای وەك پادشای ئوردون و فەڵەستین, و دوای داگیرکرانی سوریا لە لایان فەرەنسا فەیسەڵ لەوێ دەرکراو و ئینگلیزەکان هێنایان کردیانە پادشای وڵاتی تازە دروستکراوی عێراق ، کە لە سێ ویلایەت پیکدەهات کە بریتی بوون لە ( ولایەتی بەغدا .

ویلایەتی موسڵ . ویلایەتی بەسرە ) پارچە پارچە کردنی وڵاتی کوردان لەو گەمە بۆگەنە سیاسەیەدا و تێك ئاخاندنی چەندین ڕەگەزو میللەتی جیا لە یەك و ناکۆك لە گەڵ یەکدا لە قەوارەیەکی جوگرافیدا بۆ هێشتنەوەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە کێشەیەکی هەمیشەیی نەتەوەیی و ئایینی .

بۆ نموونە ، گەر وای دابنێین ئینگلیزەکان و فەرانسیەکان وڵاتی کوردانیان وەك خۆی بهێشتایە و عەرەبی سونە و شیعەیەن لە دوو وڵاتی جیادا پێك بهێنایە ، عەلەویەکانی سوریا و لوبنان و تورکیا لە قەوارەیەکدا و دروزەکانی سوریاو فەلەستین و لوبنان لە قەوارەیەکدا و مەسیحیەکانی عێراق و سوریا و لوبنان لە یەك قەوارەدا ، ڕەنگە ئەم خوێنڕێژییەی کە ئەمڕۆ سەراپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاتی گرتۆتەوە بەم شێوەیە نەبوایە نەدەبوو.

بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن بۆ هەمیشە بەرهەمی ڕۆژهەڵات بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و نەهێڵن تاوێك پشووی ئازادی و ئاسودەیی گەلانی ئەو ناوچە پڕ خێرە لە ئامێز بگرێ بەشیان هەردەم ماڵوێرانی و ڕەنجەڕۆیی بێ، هاتن و بەم شێوەیەی ئێستا ئەو جوگرافیا شەیتانیانەیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشت و هەر چەند ساڵێك دیکتاتۆرێکی بۆ هەناردە دەکەن . کە نمونەیان هەردەم ڕوو لە زیاد بوون دەکات و هیچ کاتێك گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خۆیاندا ناچنەوە و ناگەڕێن بە دوای سەرچاوەی ئەم هەموو ئازار و مەینەتییەیاندا و هەرچەند ساڵێك بە وتە ژەهراویەکانی دیکتاتۆرێکی تر هەڵدەخەڵەتێن و جەهەنەم لە وڵاتەکانایندا بەرپا دەکان .

دوابەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی سەڕۆیی پاشایەتی لە ئێران و هەڵاتنی حەمە ڕەزاشا بەرەو ئەو دەستانەی کە ساڵانێك پشتیوانی بوون وەك پۆلیسی کەنداوی عەرەب ناوبانگیان بۆ دانابوو ، کەچێ بێجگە لە بێ هیوایی و دەرگا بە ڕوودا داخستن زیاتر هیچی بەدی نەکرد وە بە زەلیلی و ڕەجاڵی هات لە میسردا مرد . لە جەرگەی لانکی دیموکراسی و ئازادی ڕۆژئاواوە جەلادێکی خوێنمژیان بەرەو ئێران بەڕێ کرد و بە ناوی حوکمی خودا زەوی و ئاسمانی لە ئێرانیەکان گەلانی ناوچەکە کردە جەهەنەم، وای لێهات کە گەلانی ئێران ئەنگوستی خۆیان دەگەزن بۆ ئەو شۆڕشەی دژ بە شا کردیان .

بەڵام ئەوەی ئێرانیەکان نەیاندەزانی کە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو کە شا بەو شێوەیە وە دەر بنرێ و خومەینی و دارو دەستەکەی وەك خەڵات پێیان ببەخشرێ کە چەندین هۆکاری خۆی هەبوو کە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە .

1- پێویست بوون بە دابەش کردنێکی هەتا هەتایی بۆ جیهانی ئیسلامی لە نێوان دوو بیرۆکەی دژ بەیەك ( شیعە و سونە )
2- ڕیگرتن لە خەونی سەدام حوسەین سەرانی تری عەرەب بۆ یەکخستنی وڵاتانی عەرەب
3-پایەدارکردنی هەتا هەتایی ئیسرائیل
4-بەتاڵ کردنی ئەنبارەکانی چەك و تەقمەنی لە وڵاتەکانیان و بەتاڵان بردنی نەوت و گاز و بەرهەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست

1- رۆژئاوا بۆ ئەوەی ئاسوودە لێێ بخەوێ و نەهێڵی جیهانی ئیسلامی بۆ هەتا هەتایە لە ژێر ئاڵایەکدا یەك بگرێ و دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوانیاندا پەرە بستێنێ خومەینی شیعە مەزهەبی قوت کردەوە و نەخشەی دروستکردنی مانگێکی شیعەی بۆ خستە خەیاڵیەوە، کە خومەینی هەمیشە دەیگووت ڕێگای قودس لە کەربەلا تێپەڕ دەبێ ، واتا هەتا کەربەلا نەخەینە ژێر ڕکێفی خۆمانەوە ناتوانین قودس ڕزگار بکەین وە لە هەمان کاتدا لەو بەری ئاوەکانی کەنداوی عەرەبەوە شیعەکانی بەحرەین سعودییە و کوەیتی هاندەدا بۆ ڕاپەڕین سەرپێچی کردن لە دەسەڵاتی وڵاتەکاناین و ڕاگەیاندنی ملکەج بوون بە ئەو(خومەینی) وەك ئیمامی موسڵمانان، کە ڕووداوەکانی حەجی ساڵی 1987 ی لێکەوتەوە ، کە بە ڕاشکاوی ئێرانیەکان و شیعەکانی وڵاتانی تری عەرەبی وێنەی خومەینییان بەرز کردبوەوە .

وە هەوڵی کوشتنی میری کویەت لە ساڵی 1985 ،وە گرژی ئالۆزیەکانی بەحرەین و عەرەبستانی سعودییە لە ساڵەکانی نەوەدی سەدەی ڕابردوو تا ئێستا و دامەزراندنی ڕێکخراوی حزب الله ی لوبنای و پەرەپێدانی پرۆسەی بڵاو کردنەوەی مەزهەبی شیعە لە وڵاتانی باکوری ئەفریقا، وە شەڕی ماڵ وێرانکەری ئێران و عێراق گەورەترین خاڵی هێنانی خومەینی بوو .

2- رۆژئاوا بۆی دەرکەوتبوو کە سەدام حوسیەنی بەدەسەڵات گەیشتوو لە لایان ئەوانەوە بڕێکی تر لە سەرانی عەرەب خەریکن خۆیان بۆ ئەوە ئامادە دەکەن وڵاتانی عەرەب یەك بخەن و دژی نەخشە و پلانەکانیان دەجوڵێنەوە ، بۆیە ئاگری شەڕی هەشت ساڵ ماڵ وێرانکەری ئێران عێراقیان خۆش کرد و بە هەموو جۆرە چەك و تەقەمەنیەك هاوکارییان کرد وە چاوپۆشییان کرد لێی لە بەکار هێنانی چەکی شیمایی قەدەغەکراو لە دژی کوردان و بە گوڵ و مەدالیاوە پێشوازییان لیدەکرد وە بۆ ئەوەی ئەو خەونە بۆ هەتا هەتایە لە چاڵ بنێن، هانیان دا بە داگیرکردنی کوەیەت و دواتر بە زۆری گورزی سەربازی لە کوەیەت دەریانپەڕاند و هەموو ڕیسەکەیان لێکردەوە بە خوری گەلانی بەش مەینەتی ئیران و عێراق و ناوچەکە تا ئێستاش باجی ئەم سیاسەتە بۆگەنەی ڕۆژئاوا دەدەنەوە ، وە سەرانی عەرەبیان لە چەندین بەرەی دژ بە یەکدا هێشتەوە.

3- بۆ ئەوەی وڵاتی ئیسرائیل بە ئاسوودەیی بتوانێ نەخشەی خۆی بەڕێوە ببات بۆ هەرچی زیاتر داگیرکردنی زەویی فەڵەستینیەکان ، دەبوو وڵاتانی عەرەب و جیهانی ئیسلامی بە چەندین کێشەوە سەرقاڵ بن و بۆیان نەکرێ ئاوڕێك لە فەڵەستین بدەنەوە وە ئیسرائیل بە مەیلی خۆی تەڕو وشك پێکەوە بسوتێنێ و کەس نەڵێ پشتی چاوت ئەبرۆیە ، ڕەنگە پرسیار بکرێ بۆ حزب الله ی لوبنان و گروپە فەڵەستنیەکان و سوریا هەردەم هەڕەشە بوون بۆ سەر ئیسرائیل. وڵام ئەوەیە . ئەویش خاڵێکی تری ئەو ناکۆکی و دووبەرەکییە بوو کە خستیانە نێو جەستەی وڵاتانی عەرەب و جیهانی ئیسلامەوە .

کە حزب الله لە گەڵ ئێران و سوریا فەڵەستینیەکانیان بەرەو جێگایەك دەبرد وە عیراق و وڵاتانی تری عەرەبی بەرەو جێگایەکی تر، وە دوا بە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی کەنداو فەڵەستینیەکان دابەش بوون بە سەر چەندین جەمسەری جیاوازدا . جەمسەری ئیران-سوریا . جەمسەری عەەرەبستان و وڵاتانی تری عەرەبی . جەمسەری وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا . کەچی لەم ساڵانەی دواییدا جەمسەری تورکیای پێ زیاد بوو ، واتا فەڵەستینیەکان قەد ناتوانن هاوڕا بن لە سەر کێشە چارەنووس سازەکانیان وە ئیسرائیل بە ئارەزووی خۆی ئەوەی پێ خۆش بێ دەیکات،وە تا کاتێك ڤیتۆی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسای لە پشت بێ.

4-کاتێ خومەینییان بۆ ئێران هێنا و سەدامیان بۆ عێراق ، ئەنباری چەك و تەقەمەنی وڵاتانی ڕۆژئاوا لێواو لێو بوو، وە زۆربەی ئەو چەکانە کۆن بوون وە دەبوو بە شێوەیەك لە کٶڵ بکرێنەوە ، بۆیە سازکردنی جەنگی ئیران عێراق باشترین هەل بوو بۆ بەتاڵ کردنی ئەنبارەکانیان وە دوورخستنەوەی ئەو چەکانە لە سنوورەکانی خۆیان کە زیانی ژینگەیی زۆری بەدواوە بوو وە هەروەها بۆ بەرهەم هێنانی چەك و تەقەمەنی نوێ و وەگڕخستنی ئابووری وڵاتەکانیان لە لایەك و کڕینی بەرهەمەکانی نەوت و گاز و سەرچاوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نرخێکی کەم وە تێكشکاندنی ژێرخانی ئابووری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەچەندین دەیەی تر ناتوانرێ قەرەبوو بکرێتەوە ، وە هەروەها پشتگیری کردن لە دروست بوونی چەندین ڕێکخراوی توندئاژۆی ئیسلامی ، کە یارمەتی ماڵی و لۆجیستییان لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە پیدەگەیشت.

بۆیە ئەم پێشەکییە مێژووییەم خستە بەردەم باسەکەم بۆ ئەوەی بتوانم بە باشی خوێنەری بەرێز لە ناوەڕۆکی ئەم باسەم تێبگەیەنم.

ڕۆژی 2ی فبرایەری 2013 لە شاری پاریس پێتەختی وڵاتی فەرانسا کۆنفراسێك پێکهات لە ژێر ناوی ( 2013 ساڵی گۆڕانکاری لە ئیراندا ) کە بۆ ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵك پێك هاتبوو لە لایان ڕێکخراوی فەرانسی بۆ ئێرانێکی دیموکراسی .
بەڵام سەیر ئەوەیە کە ڕێکخراوێکیان خۆی بە نوێنەری گەلانی ئێران ناساند و بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤیان بۆکرد، کە لە چوارچێوەی پێڕەوی ناخۆییدا هیچ باوەڕێکی بە مافی مرۆڤ و دیموکراسی و مافی گەلان نیە ، ئەو هێشتا گەلانی تری جوگرافیای ئێران وەك کۆمەلەگەلێکی بچوك دەبینێ کە شایانی نازناوی میللەت بوون بۆیان شیاو نیە ، رێکخراوێك کە هیچ جیاوازییەکی نیە لە گەل کۆماری ئیسلامی و ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتی هەیە بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە وەك ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەیەتی .

گەرچی دروشمی کۆماری ئیسلامی ( استقلال آزدای جمهوری اسلامی ) بوو دروشمی ڕیکخراوی موجاهدین ناسراوەو وە هەموومان دەیزانین ( ایران رجوی رجوی ایران ) وە پێك هێنانی جمهوری دیموکراتیك ئیسلامییە وە هیچ جیاوازییەکی نیە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و ئەسڵی ولایەتی فەقیه ، ئەگەر لە ئێرانی ئاخوندیدا خامنەیی هەموو کارە بێ نازناوی ویلاتی فەقیهی هەبێ، ئەوە لە جومهوری دیموکراتیك ئیسلامی موجاهدیندا ڕەجەوی هەموو کارە دەبێ و هێشتا ناز ناوی موبارەکیان بۆ دیاری نەکردوە ، گەرچی لە کۆماری ئاخوندیدا بە عەمامە و عەباوە ئاخوندەکان حوکم دەکەن و ژنان بە چادرەوە ، ئەوا لە کۆماری دیموکراتیك ئیسلامی موجاهدیندا پیاوان بە کوتر و شەرواڵ و ژنان بە ڕووسەرییەوە . واتا بە کورتی کورمانجی هەردووکیان لە ڕوانگەی منی کوردەوە دوو ڕووی یەك دروان .
بەڵام سەیر و سەمەرەترین شت ئەوەیە، دووبارە بوونەوەی مێژووە ، گەرچی هەموومان دەزانین ئەوکەسەی شۆڕشی گەلانی ئێرانی بۆخۆی قۆرخ کرد و خەون خوێنی گەلانی ئێران خستە بن پێیەوە، بەر لە 33 ساڵ لە هەمان ئەو پاریسەوە بەدرەقە کرا، کە ئێستا ئاهەنگی بەرهەم هێنانی دیکاتۆرێکی تر بەڕێدەخات، بەڵام سەیر لەوەدایە کە ئەو خەڵکە دەبینی ولآتێکی ئازادا دەژین و ئازادی تاك و دەنگی تاك هەست پیدەکەن کە چۆن دەنگی تاکەکان قورسایی دەخاتە سەر حکومەتەکان چۆن چەپڵە و هەراو هۆریا دەکەن بۆ دیکتاتۆریەتی موجاهدین .

و سەیرتر لە هەمووی ئەوەیە ئەو لاوانەی کە لە ئێرانەوە هەڵاتوون لەوێدا بەشدار دەبن و مەریەمی ڕەجەوی وەك سەرۆك کۆماری بێ ئەملا و لای ئێران دەناسێنن ، ئایا ئەوان هیچیان لە خوێنمژی کۆماری ئیسلامی لە یاد نییە؟
ئایا بڕوایان بە ئازادی ڕادەڕبڕین نیە ؟ ئایا ئەوە ناگەیەنێت کە قەومی فارس بۆ دەسەڵاتی خۆیان و پارچەنەبوونی جوگرافیای ئێران و زاڵ بوون بە سەر گەلانی تردا ئامادەن هەموو دەسەڵاتێکی شەیتانی تاقی بکەنەوە ، ئەی کەنگێ ئێمەی کورد وە خەبەر دێینەوە ؟؟؟

گەلۆ دەبێ ئێمە چاوڕوانی شەڕێکی تری ناوچەیی بین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ یان گەلانی ناوچەکە بە گشتی و گەلانی جوگرافیای ئێران ڕێگر دەبن کە ئەم خەونە نەزۆکەی ڕۆژئاو ئەم جارەیان نەیەتە دی؟ وە ئەگەر ئەمجارەش ئەمە بوو بە ڕاستییەکی تاڵ ئێمەی کورد لە کوێی ئەم سات و سەودایەدا جێگیر دەبین ؟
بۆیە ئەرکی سەرشانی ڕێکخراوەکانی کوردستانە کە وە خۆیان کەون و هیچ کاتێك بە زەردەخەنەی ژەهراوی ڕۆژئاوا باوەڕ نەکەن ، وە خۆیان و گەلەکەیان بۆ سەردەمێكی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەستەمەکان ئامادە بکەن ، وە ماڵی کورد یەك بخەن و لە بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی بێنە خوارەوە ،
ئەگیانا وەك عەرەبەکان دەڵێن ( کأنك یا أبو زید ماغزیت ) وتا (وادیارە ئەبو زێد جوڵەت نەکردبێت ) تێبینی (ئەبو زێد ) پاڵەوانێکی ئەفسانەیی عەرەبییە هەمیشە لە شەڕ و شۆڕ و هێرش کردندا بووە ، وە ئەم پەندە بە کەسێك دەڵێن کە کورد وتەنی ڕیسەکی لێبێتەوە بە خوری

تێبینی … هەرچی لە ناوەڕۆکی ئەم بابەتەدا هاتووە بیرو ببۆچوونی خۆمە ، وە هێچ پەیوەندییەکی نیە بە ئەم ماڵپەرە بەڕێزەوە کە تێیدا بڵاو بۆتەوە
فایەق ئەلیاسی – دانا
{jcomments off}05-02-2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی