"an independent online kurdish website

هەر وەک دەزانین بە پێی خشتەی هەڵبژاردنەکانی ستادی ئینتخابات لە وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢، یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا بەڕێوە دەچێت،aref_shex_ahmadi-

هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ بۆ وڵات، هەڵبژاردنی شووڕا ئیسلامیەکانی شار و گوندەکان و زنجیرەیەک جێ گۆڕکێ بە نوێنەرانی چەند شوێنی دیکەش لە ئارادایە.

لە سەرەتای دامەزراندی کۆماری ئیسلامیەوە و دوابەدوای ڕاپەڕینی مەزنی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و داوتر بەرخۆدانی قارەمانانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمبەر پیلانگێڕی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئاخوندی و داگیرکردنەوەی سەر لە نوێی کوردستان، شۆڕشگێڕانی کورد و خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان هەستیان بە دووڕوویی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر خواست و ویستەکانی خۆیان کردو و هەر بۆیەش کوردستان بە گشتی بووە سەنگەری بەربەرەکانێی کۆنەپەرستان و ئەوانەی دەیانهەویست ئاخی کوردستان بە بیانووی شەڕ و ڕاوەدوونانی ئۆپۆزسیۆنی وڵات پارێزی کوردەوە بکەنە مەیدانێکی نیزامی و بە گشتی هەوڵی میلیتاریزەکردنی بدەن.

خەڵکی بە شەرفی کوردستان شانبەشانی ڕۆڵە خەباتکارەکانیان لە یەک سەنگەری پاراستنی ڕەوا و بە مەبەستی بەرگریکردن لە نیشتیمانەکەیان ڕووبەڕووی لەشکری پاسدارانی پارێزەری جەهل و نەزانین بوونەوە و بەگژ سیاسەتە چەپەڵەکانی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئێران و داگیرکاری کوردستاندا چوونەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیم دوابەدوای دیتنی حەماسەت و قارەمانیەتی نەتەوەی کورد و لەگەڵ ئەوەشدا سەرهەڵدانی قەیرانی مەشرووعیەتی سیاسی خۆیان کە لە پاش شەڕی ٨ ساڵەی ئێران _ عێڕاق تووشی هاتبوون، لە لای خۆیانەوە خەریکی داڕشتنی گەڵاڵەگەلێکی نوێتر و داپڵۆسێنەرانە لە دژی نەتەوەی کورد بوون و هەربۆیەش لە ڕێگەی سیاسەتی دووڕوویانە لەگەڵ خەڵکی کورد، بە گوتنەوەی گوتاری برایەتی لە تەک کورد و ئەوەی کە نەتەوەی کورد باشترین پارێزەری سنوورەکانن و دەیان دەستەواژەی لەم بابەتە، هەوڵیاندا بەشێک لە ڕۆشنبیرانی کورد و ئەوانەی لە فەلسەفەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی نێزیک بوون بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و لە هەمانکاتیشدا بۆ سڕینەوەی هەستی نەتەوایەتی و لێکدابڕانی خەڵک و خەباتکاران، بە بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و هەر بەم هۆیەشەوە لێکترازانی شیرازەی بنەماڵەکان و لەناوبردنی چینی مام ناوەندی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا کە وەک چینێکی سەربەخۆ لە بواری ئابوریدا گوێ ڕایەڵی گوتاری سیاسی ڕێژیم نەبوو، دیوێکی دیکەی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی پێشانی خەڵک بدات و بەمجۆرە خۆی وەک براوەی هەمەچەشن لە شەڕی نیزامی و سیاسی لە دژی خەڵکی کوردستاندا ڕابگەیێنێت و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت.

لە ئێستادا و لە پاش ٣٤ ساڵ حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو کەسانەی وەدوای وەدیهاتنی شاری خەونەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتوون و ڕایانوایە لە مانیفێست و پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەم ڕێژیمەدا دەتواندرێت مافەکانی نەتەوەی کورد دەستەبەر بکرێت لە هەر دوو لایەنی پاوانخواز و ڕێفۆرمخوازی سیستەمی ولایەتدا خۆیان دەبینەوە و هەر یەکە و بە جۆرێک هەوڵ دەدەن سەرنجی ڕای گشتی کوردستان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی بۆ لای سیاسەتەکانی ڕێبەران و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕابکێشن.

سەرمایەدارانی کورد و بەشێک لە ڕۆشنبیرانی لایەنگری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و هەروەها بەشێک لە لایەنگرانی مەزهەبیی ئەهلی سوننەت و جەماعەت لە ژێر ناو و ناوەرۆکی جۆراوجۆردا کە وەک ئاماژەدان دەتوانین “بەرەی یەکگرتووی کورد” و جەماعەتی “دەعوەت و ئیسلاح” و بەشێک لە نوێنەرانی پێشووی بە ناو خەڵکی کوردستان لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و چەندین کەسایەتی ناسراوی دیکەی کورد، ناویان بێت کە هەر هەموویان لەمڕۆدا لە ژێر سێبەری دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا لە ناوخۆی ئێران و کوردستان چالاکی دەکەن و خۆیان لە ناو چوارچێوە و بازنەی  ویلایەتی فەقێدا دەبینەوە و ڕایانوایە ڕێفۆرم لە کۆماری ئیسلامی باشترە لە گەڕان بەدوای ئاڵترناتیڤی ئەم دەسەڵاتەدا و هەر بۆیەش لە شانۆگەرییە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، ئەمانەش پلانی هاوشێوە لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێژیم لە بەرنامەی کاری خۆیاندا دادەنێن و هیچ بیروڕایەکی ئازادیخوازانە و بەدەر لە چوارچێوەی ویلایەتی فەقێ لە ناوەرۆکی قسەوباس و پرۆگرامیاندا سەبارەت بە داهاتووی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا نابیندرێت.

ئەگەرچی لە دوای تەواوبوونی خولی ٨ ساڵەی سەرۆک کۆماری محەمەد خاتەمی و کەوتنەوەی قەیرانی ناوخۆیی و سیاسی لە نێو باڵی ڕیفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی و داوتر شکستهێنانی یەکجارەکی ئەم بزووتنەوەیە بە سەرۆکایەتی مووسەوی و کەڕووبی و هاتنە سەرکاری دووبارەی باڵی پاوانخواز لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨دا، ئەم ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە بە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێندرا کە چیدی ناکرێت لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا چاوەڕوانی هیچ گۆڕانگارییەکی ئەوتۆ بن و ڕیفۆرمخوازی هیچ واتایەکی نەماوە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا بەرەی ڕیفۆرمخوازانی کورد لە ناوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵاتیش چەند لایەنی وەک ” بەرەی کۆماریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” هێشتا ئاواتەکانیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە ژێر سایەی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقێدا هەر گوڵ دەکات و هەر بۆیەش خۆیان ئامادە دەکەن کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا پشکی شێریان بەرکەوێت.

لەمڕۆدا و لە کاتێکدا تەواویەتی کۆماری ئیسلامی و مەشرووعیەتی ئەم ڕێژیم کەوتۆتە ژێر پرسیار و گوشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تەنگی بە کاربەدەستانی سەرەڕۆی ئاخوندی هەڵچنیوە و پێدەچێت ڕووخانی دیکتاتۆریەتی فەقێ لە کۆتایی نێزیک بووبێتەوە، هەوڵدان و بانگەشە کردن بۆ هەڵگیرسانەوەی خواستی ریفۆرمیستی لە ناو بەشێکی کەم لە ئۆپۆزسیۆن و سیاسیەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک بە پێچەوانەی خواستی گەلی کوردستانە و بەدڵنییایەوە بێجگە لە شکست و ڕیسوایی بۆ ڕیفۆرمخوازانی کورد هیچ دەسکەوتێکی دیکەی نابێت و باشترە لە جیاتی سووڕانەوە لە دەوری ئەم دەسەڵاتە و بەدووکەوتنی کاربەدەستانی سەرەڕۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خەمی خەڵک و داهاتووی کوردستان دایان بگرێت و واز لە سیاسەتی چەواشەکارانەی بە ناو ڕیفۆرمخوازی لە نێو دەسەڵاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقێ بێنن و جێگە و پێگەی خۆیان لەوەی کە هەیە زیاتر لێژ نەکەن.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی