بەهار بوو. کوێستانەکان تازە خاڵبەڵکیان تێکەوتبوو. پەردەی سەوزی بەهار دیمەنی کەژو کێوەکانی ڕەنگاند بوو. گوڵەمێلاقەو شلێرو بەیبوون سەریان لە ئاخ وەدەرنابوو. پۆلی قازو قورینگ بە قاڕەقاڕ بارگەی سەفەریان بەستبوو.
پێشمەرگە لە خەم ڕخسابوو، لە تەنگانەی زستانی سەخت و دزێو ڕزگاری هاتبوو. لەوکاتەدا بوو کە شنەی بۆن خۆشی بەهار گوێی شیناوەردی نواڵ، تیرەک و زنوێرانی دەلەراند. دەستەیەک پێشمەرگە بۆ گەڕانێکی ئاسایی بەرەو ئەو ناوچانەی زەبروزەنگی دوژمنیان بەسەردا زاڵبوو وەرێ کەوتن. گەیشتنە هەر گوندێک ژن و پیاو بەپیرو جحێڵەوە بەپیریانەوە هاتن. بە گەرمی باوەشیان بۆ کردنەوەو ماچیان کردن. خواردەمەنیان بۆ هێنان و کیژۆڵان سەرکڵاوو گۆرەوی مەرەزو بەرگنیان بەدیاری دانێ. شوانان هەمبانەی نان و شیری گەرمیان لە پێش دانان. پیران دوعای بەخێریان بۆ کردن. بەڵام لە تەواویی ئەو ماوەیەدا جاش و سیخوڕان تەنانەت بۆ ساتێک چاویان لێ خافڵ نەکردن و قەرێ قەرێیەنیان لەگەڵ کردن! هەربۆیە بەردەوام لە جێگوڕکێ دابوون، نەدەکرا لە شوێنێک بە دڵنیایی بمێنەوە.
لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا کە نم نم باران دەباری، خۆیان گەیاندە نێو ئەشکەوتێک. بە دڕک و داڵ ئاوریان کردەوەو لە دەوری کۆبوونەوەیان گرت. پاش ماوەیەک مشاورە بە ئەم ئاکامە گەیشتن، بە چەند مەفرەزە دابەش بن و هەر مەفرەزەش بەرەو لایەک بە هاناو هاواری دانیشتوانی ئەو گوندانەوە بچن کە ماوەیەک بوو دوژمن بەبێ سووچ و تاوان پەلاماری دەبردنە سەر و ماڵەکانی بەسەردا وێران دەکردن.
تاریک و روونی بەیانی بوو، هەر مەفرەزە ڕێگاو شوێنی پێ ئەسپێردراوی خۆی گرتەبەر. هێشتا هەتاو گزینگی نەدابوو یەکم مەفرەزە خۆی گەیاندە سەر لووتکەی چیایەکی بەرز، لە وێڕا ئەو دێیەی مەبەستی سەردانەکەیان بوو، لێیان وەدەرکەوت. ماڵەکانی ئاوایی بە بەرقەدی کێوێکی نزم و بەردەڵانی قاوەیی ڕەنگدا ڕوو بە خۆرەتاو پاڵ بە پاڵی یەکەوە مات ببوون .
ئاوایی لە خەو ڕاپەڕیبوو. لە کڵاوڕۆچنەی ماڵانەوە دووکەڵێکی شین بەرز دەبۆوەو سەرگوندەکەی گرتبووە ژێر چەتری خۆی. هۆقەی گاوگۆل، باڕەباڕی بەرخ و کاڕ، ئۆحەئۆحی گاوان، زرمەو شڵقەی مەشکە، لەگەڵ قووقلەقووی کەڵەشێران، ئادەمیزادیان بەرەو خەیاڵ و ژیانی خۆش و ساکاری لادێ ڕادەکێشا.
پاش ماوەیەک پشوودان، پێشمەرگەکان لەسەر کێوەکەوە یاڵەویاڵ داکشانە خوار، لە داوێنی چیاکە ڕووبارێک بەقۆرت و پێچ تێدەپەڕی، لە ئاوە تیژەکەیاندا و پەڕینەوە. لەنێو بیشەڵانی چغوری قەراغ چۆمەکە تفەنگ و فیشەکدانیان لە خۆ کردەوە. لە ژێر تیشکی هەتاو خەریکی پاکوخاوێنی خۆیان بوون. پاش ماوەیەک حەسانەوە، ئەوسا بەنهێنی کەسێکیان ناردە نێوئاواییەکە، لەو کەسانەی جێگای متمانەو هاوڕێی پێشمەرگە بوون ڕایان ئەسپارد:
“ئەوە ئێمە لەنێو بێشەڵانی قەراخ چۆم خۆمان حەشارداوە، چ ڕێوشوێنێکمان بۆ دیاری بکەن ئێمەش ئاوا دەکەین.”
چێشتانگابوو، لەنێو گوندەوە هەواڵ گەڕاوە، بۆلای یەک تا دووی نیوەڕۆ دوور لە چاوی سیخوڕان بە پارێزەوە بچنە نێو ماڵان. ئەوانیش ئەوکاتەیان پێ لەبار بوو، لەبەر ئەوەی بە دەگمەن بیندرابوو، دوژمن لەو ساتەوەختانەدا هێرش بکاتە سەر گوندەکان. چونکە بەپێی عادەت زیاتر سەر لە پارشێوان پەلاماریان دەست پێ دەکرد.
پێشمەرگان خۆیان پۆشتە کردەوە. یەکیەک و دوودوو زۆر بە نهێنی و دوور لە چاوان خۆیان گەیاندە ئەو ماڵانەی لە چاوەڕوانیان دابوون. پاش ئەوەی بەسەر ماڵاندا دابەشبوون، پاش کورتە دەمێک حەسانەوە خەریک بوون نانی نیوەڕۆیان دەخۆارد، لەپڕ ژنان بەهەڵەداوان لەسەرکانی خەبەریان هێناوە:
“دوژمن بە هێزێکی تەیارو پۆشتەوە نێو گابەردەکانی پشت ماڵان، لەگەڵ هەر دووکلا باسکی ڕاست و چەپ ئاواییان گەمارۆ داوە.”
ئەم خەبەرە لە نەکاوە زۆر خێرا بە گۆیی پێشمەرگەکان گەیشتەوە و هەموویان دەسبەجێ لە یەک شوێن یەکیان گرتەوە. بۆ ئەوەی بە بیانووی پێشمەرگەوە، خەڵکی بێ تاوان تێدا نەچن و گوندەکە وێران نەبێ، بڕیاریاندا دەسپێشخەری تەقە نەبن و دەست ڕاگرن تاکوو بزانن لە داهاتوودا چ دێتەپێش. ئەگەر دیتیان شەڕیش قەوما ئیدی لەبەرامبەر دوژمندا راوەستن و تا دوایین دڵۆپی خوێن بەرگری لە خەڵک و خۆیان بکەن، لە ئاخر سەریشدا هەوڵ بدەن تاکوو ئەو جێگایەی بۆیان بکرێ نەهێڵن کەسیان بە زیندوویی بکەوێتە بەردەستی نەیار.
بەدوای بڕیارەکەدا چوون لەنێو کادێنێک خۆیان حەشار دا. ئەو حەشارگەیە بۆ دەست کردنەوە شوێنیکی لەبار بوو. چونکە سەرەڕای ئەوەی چەند هۆدەی چۆل و رووخاوی بەسەرەوە بوو، تایبەتمەندێکی دیکەشی هەبوو، ئەویش لە سەرپەڕی ماڵان هەڵکەوتبوو. واتە چەپەک بوو.
لە دەوروبەری ئاوایی دەنگی تەقە دەهات. هاڕەو نەڕەی بۆڵدزێرو تانگان لە دوورەوە دەگەیشتە بن گوێ، لەنێو دێ تەپەی پێی هامووشۆکەران زۆر خێرا نزیک و دوور دەکەوتنەوە. زیڕەو هاواری ژن و منداڵی شڵەژاو پسانەوەی نەبوو. دوژمن ڕق ئەستوورانە بە دژی خەڵکی گوندەکە دەی نەڕاند:
” بگرن! ببڕن، خاپوورکەن و بسووتێنن! ئەوانە یارمەتیدەری جەردەو دژی شۆڕشی ئیسلامن!”
دوژمن لەسەرەتای پەلاماردانەکەیدا لەنێو ئاواییدا ئاگادارێکی ئەوتۆی لەحزوری پێشمەرگە نابی، بەڵکوو دوایە تاقمێک دووزمان و خۆفرۆش خۆیان دەگەیەنێ و لە بوونی پێشمەگە وشیاریان دەکەنەوە.
هێرشکەران هەرکە لە مەیدان هەست بە بوونی پێشمەرگە دەکەن، دەکشێنەوە دواو هاوکات لە بەرزەوێژی مزگەوتەوە داوای خۆبەدەستەوەدان لە پێشمەرگەکان دەکەن. بەڵام پێشمەرگەکان بێ ئەوەی وڵام بدەنەوەو خۆیان ئاشکرا بکەن قورس و قایم لەنێو مەتەرێزدا بۆ بەرەنگار بوونەوە لەچاوەڕوانی هەلێکی لەباردا خۆ مات دەکەن.
نەیاران کە لەبەرامبەر خۆیاندا هیچ دژکردەوەیەک نابینن. ئەوجار زۆر بە پارێزەوە بۆ نێو قوڵایی ئاوایی دزە دەکەن، ئەوسا دەست بە پشکنین و سووتاندنی ماڵەکانی پێش خۆیان دەکەن. لە ماوەیەکی کورتدا حەشارگەی پێشمەرگەکان دەدۆزنەوەو لە سەربانی کادێنەکەوە وەبەر دەسرێژانیان دەدەن و بەشێوەیەکی مەترسیدارو گورچکبڕ نێو کادێنەکەیان لێ دەکەن بە دووزەخ. تۆزو خۆڵ، چڕە دووکەڵ، بۆنی کای خاو ئەوکی کوڕە خەباتکارەکان دەگوشی، بەڵام سەرەڕای ئەو حاڵەش پێشمەرگەکان متەق لە خۆیان دەبڕن و جێگوڕکی ناکەن، بەڵکو بۆ هەلێکی لەبارو پەلامارێکی کارساز خۆیان ئامادە دەکەن. ئەم بێدەنگی یەی پێشمەرگان دوژمن دەخاتە گومانەوەو لەقین و بوغزا دارو بەرد دەکڕۆژن و بە ئاورو ئاسن ماڵەکانی سەر ڕێ تێکدەتەپێنن.
گڕی ئاگر میچی کادێنەکە دادەگرێ. خەڵووزو دارو پووش بەسەر گەمارۆ کەوتووەکاندا دەبارێ. بۆنی دووکەڵ تاکوو پێدەچێ زیاتر لە بڕستیان کەم دەکاتەوە. پێشمەرگەکان ناچار دەبۆایە بە شێوازیک خۆیان لەم دووزەخەی تێی کەوتبوون دەرباز کردبایە. لەم کاتەدا ناسکەدا تەنیا ڕێگایەک کە بە مێشکیان داهات بڕینی دیواری حەشارگەکەیان بوو، ئەویش بە دەستوبردێکی بوێرانەو هەوڵێکی زۆر ئازایانە توانیان بە نووکی سەرنێزە چەند دیواری بەگەڵ و بەرد کون بکەن، بە چەشنێک مەیدانێکی بەرفرەوان بۆ دەستکردنەوە پێک بێنن…
تەقە توند بوو. مووشکی ئاڕپیچی یەک بە دوای یەکدا بۆ سەر بۆسەی شۆڕشگێڕان خۆفێکی بە سامی خستبووە نێو ئاوایی. بارانی ئاورو ئاسن دەرفەتی دەستکردنەوەی بە لە داوکەوتووەکان نەدەدا. تاکوو پێدەچوو هیوای زیندوومان لە دڵیاندا دادەمرکایەوە. ناچار بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دیوەزمەی مەرگ، زوو بە زوو لەم هۆدە بۆ ئەو هۆدە شوێنی خۆیان دەگۆڕی. دواین پەناگایان هۆدەیەکی تاریک بوو کە هیچ چەشنە ڕۆچنەی تێدا نەبوو. لەم شوێنە بە مەبەستی شوێنەونکەو تاکتیک بەبێ تەقە پەنایان گرتەوە.
هێرشکەرانی دزێو دەست هەڵگرتنیان نەبوو، لووت بەرزانە پێش خۆیان دەدڕی و سات بەسات لە دواین حەشارگە نزیک دەبوونەوە. گەیشتنە سەربانی مەتەرێزو کونیان کرد. دوابەدوای یەک چەند نارنجۆکیان لە پاڵ پێشمەرگەکان هاویشت.
دەنگی تەقینەوەی نارنجۆک و بۆنی باڕووت پیاویی گێژ دەکرد. شاڵاوی بێ ئەمان و بۆنی خەڵووزو باڕووت مەرگی هێنابوویە بەرچاو. دوو کەس لە پێشمەرگەکان بەتوندی پێکرا بوون و یەکیشیان پەردەیەکی ڕەشی بەسەر چاودا کشا بوو.
خەباتگێڕان دەرفەتی بیر کردنەوە نەبوو. مەرگ و ژیان تاڵە موویەکیان نێوان بوو. دەبووایە زۆر بەخێرایی لەمان و نەمان لایەکیان هەڵبژاردبایە. لایەنی مان بەهێزتر بوو. ورە کەوتەوە نێو ناخی ناخیان، گورج دووکەسیان بە نەعرەتەی بەسامەوە لە دوژمن دەرپەڕینەدەر. بەدوای ئەوانیشدا ئەوانەی ساخ بوون گورج و گۆڵ هەر وەکوو ببر بۆ دەرەوە قڵمبازیان هاویشت و دەسبەجێ سەنگەریان گرتەوە! لە ژێر بەرگری یاران ئەوانەی بریندار بوون خێرا کێشرانە دەرەوە.
مەتەرێز مەحکەم و لەگیران نەهاتوو بوو، شەڕێکی نابەرامبەر بەخەستی بەردەوام بوو. هەستی سەرکەوتن هەموو جەستەی خەباتگێڕانی داگرتبوو. مەرگ خۆی وەبەر پەنایان دابوو. ژیان بۆ جارێکی دیکە بە پێشوازییانەوە هاتبوو، هەرچەند پێشمەرگەکان بەڕادە کەم بوون و لە چاردە کەس زیاتر نەبوون، بەڵام لەبەرامبەر دوژمنی بەد ڕەویشتی زەوەنددا وەک لەشکرێکی بەهێز خۆیان دەنواند.
دوژمنی ترسەنۆک و زەندەق چوو لە هەیبەتی پێشمەرگە، پاش ئەوەی نەیانتوانی سەرکەوتن وەدەست بێنن. هەراسان و شڵەژاو ئەژنۆیان کەوتە لەزەو کتومت تاب و توانای خۆڕاگری و درەندە خوویان لەدەست دا، بەزیوو سەر لێشێواو، کلک لە نێو گەڵۆزدا بەکەلێناندا خۆیان لە مەیدانی مارەکە دەرباز دەکرد.
پێشمەرگەی تاکە مەیدانداری بەجێماو لە گۆڕەپانی ئەم شەڕە نەخوازراوەدا چاویان سوور، لە سۆیی ماڵوێرانی و ڕەنجەڕۆیی خەڵک هەناویان پڕ لە ڕق و تووڕەیی، سنگی ئاواڵەیان دابووە پێش بەهەموو تواناوە زەبریان لە دوژمن دەوەشاندو لە پشتەوەڕا مێشکیان دەپژاندن.
ئەو دوژمنە دڕو بێ بەزەیەی ساتێک پێش، وەها لەرزو چۆقەیان تێکەوتبوو، وەکوو منداڵ دەگریان و بەدەم یاحوسێن یاحوسێنەوە دەپاڕانەوە! چەکیان فڕێ دەداو هەڵدەهاتن! هی واش بوو لەسەر دیوارانەوە بە شڵەژاوی دەکەوتە نێو ئەو ئاگردانەی بە دەستی خۆیان پێکهێنابوو! پێشمەرگەکان لەکۆڵیان نەبوونەوە، بەداڕداڕ وەپێش خۆیان دان، ئەوەی سەری بەساخی دەربرد دێی بەجێهێشت، ئەوانی دیکەش لە قشون ئیمام زەمان هەڵبڕاو بریندارو کەلاک کەوتوو لە قووژبنان خاکو خۆڵ بەسەر بەجێمان…
تەقە تا دەهات دوور دەکەوتەوە. خۆر سەری بۆ پشت کێوە دووردەستەکان شۆر دەکردووە. هاوڕێیان بە پەلە گەڕانەوە لای بریندارەکان، لە کۆڵیان کردن. ڕێگایەکی دوورو سەختیان لەبەر بوو. ڕوو بە ڕۆژهەڵات بەرەو دۆڵ و بیشەڵانە چغورو زەمەندەکەی پێدا هاتبوون داکشانەوە خوار. لە ڕووبارەکە پەڕینەوە، یاڵەو یاڵ لە کێوە بڵیندەکەش سەرکەوتنەوە لەسەر لووتکەی ڕوو بە ئاواییەکە ڕاوەستان. دوو کەسیان بەسەختی پێکرابوون، ئارام لەسەرەخۆ بوون، تەنانەت ناڵەشیان لێوە نەدەهات. لەسەر هەردی ساردوسڕ درێژیان کردن. ڕەنگیان بە ڕووانەوە نەمابوو، ترپەی دڵیان شل ببووەو لەگەڵ قوڵپێک خوێن ملیان بەلارەوە نابوو. گڵکۆی دوو شەهیدی ڕێگای ئازادی تروپکی چیا سەربەرزەکەیان ئەوەندی دیکە بڵیندو بەرزتر کردەوە.
بوولێڵ پەیدا بوو. گوند بەردەوام دەسووتا. بڵێسەی ئاگری ماڵەکان تا مەیدانە ئەسپێک بەرەو ئەولاتر دەوران پشتی ڕووناک کردبۆوە. دەنگی شین و گریان و ڕۆڕۆی ژن و منداڵ، ئاخ و ناڵەی پیرو پەککەوتە تێکەڵ بە هەناسەی ساردی با، لەنێو دۆڵ و دەوەن و تاشە بەردەکانەوە بەگوێ دەگەیشت و دەرونی بێروحمترین نەوەی ئادەمی دەهەژاند و کزەی لە جەرگ و هەناوان دەهێنا. پێشمەرگەکان لە سۆیی ماڵوێرانی و بێ دەرەتانی خەڵکی ئەم گوندەو هەزاران گوندی دیکەی ئەم کوردستانە بەخوێن سوور هەڵگەڕاوە، زامی دەروون و برینی چاویان پتر دەکولایەوە…
*****
{jcomments off}