(بۆ کۆچی ناوادەی خالیدە سوور)
غوربەتێکی وەنەوشەیی و
هەسارەیەک لە باران!
تۆ بپرسە هەوای سەر دوندی مام سوار چۆنە؟
تەمەنێکی پڕ لە سەروەری و
ماچی دەمی کانیی خودا
سیلە چاوێک لە ئاسۆیەکی دوور و تەریک!
ئەو
هەموو بەیانییەک
ئەندێشەی لاوانی ئەم دەوەرە دەپشکنێ و
بە قەڵافەتێکی میرانەوە دەگژ دێوەزمەی تاریکی رۆدەچێ.
منداڵی داوێنی چارشێو بەسەرە!
بە سۆزەوە
هەموو شەوێک
شابسکی کچانی ئەو وڵاتە شانە دەکا
ئەو هەموو دەمێ
بە سەر گەڵا و گوڵی شێعرەکانمدا پیاسە دەکا
هەموو وەرزێ روبارە و
بە مەزراکانی تینووی سندووس دا تێدەپەڕێ
هەموو ساڵێ
بارانەوە و
بیرەوەری رۆژگارانی دوور زیندوو دەکاتەوە.
کاوە حەسەن پوور