"an independent online kurdish website

بۆ:
     رێکخراوی نەتەوە یکگرتوەکان
     رێکخراوی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ
     رێکخراوی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ)
     ھێزە ھاوپەیمانەکانی داکۆکیکار لە دۆسیەی دیمۆکراتیزەبوونی رۆژھەڵاتی ناوین
     ھاوڵاتییانی دنیای ئازادی ئورووپا و ئامریکا و ئۆسترالیا و …hiwa_kur12

     لایەنە سیاسی و مەدەنی و رۆشنبیرییەکانی دنیای ئازاد
     میدیای جیھانی و کوردی
     حکوومەت و پارلمانی ھەرێمی کوردستان
     لایەنە سیاسی و کلتووری و مەدەنییەکانی کوردی چوار پارچەی کوردستان
      کەسایەتییە چالاکە جیھانی و ئێرانی و کوردستانییەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ

لەگەڵ سڵاو

ھەروا کە ئاگاداری بارودۆخی رۆژھەڵاتی کوردستانن – ئەو پارچەیەی کوردستانی لەتلەتکراو کە حکومەتی ئێران ساڵانێکە خستوویەتیە بندەستی خۆیەوە و بە ھەموو شێوەیەک دەیپلیشینێت – لەم ساڵانەی دواییدا کە فشارەکانی نێودەوڵەتی بۆسەر ئێران زیادی کردووە، ئێرانیش لە درێژەی سیاسەتی کوردقڕان و خوێنڕشتنی خۆیدا لە کوردستان، رۆژانە گیان و ماڵی ھاوڵاتییانی کوردی کاسبکاری سەرسنووری کردوەتە ئامانج و بە بەردەوامی گیانی ھاوڵاتییانی سەر سنوور دەگرێت.
ئێمە بە پێویستی دەزانین کە چیتر لە بەرانبەر ئەم سیاسەتە دڕندانەی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگی ھەڵنەبژێرین و بە ھەموومان کارێک بکەین سوودی بۆ گیان و ماڵی ئەو ھاوڵاتییانە و چارەسەریی کێشەکانیان ھەبێت.
بۆ پێشگرتن بە کوردقڕانی ناوچە سنوورییەکان پێویستە “ناوچەی ئاشتی نێودەوڵەتی” بۆ سنوورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دروست بکرێت.ئەمەش سەرەتاییترین داوای ئینسانیی ئێمەی کوردە کە ساڵانێکە بە پلاتفۆرمە جۆربەجۆرەکانمانەوە بە گوێی ناوەندە جیھانییەکاندا دەیچرپێنین.
سنوورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کە دەکەونە ناوچەیەکی ستراتێژیکی پڕ لە کێشەوە کە شوێنی دابەشبوونی دەسەڵاتی زلھێزەکانی ناوچەکە و تەنانەت جیھانیش بووە، لە ئێستادا لە رابردوو مەترسیدارتر بووە بۆ ژیان. چونکا بە بەراورد لەگەڵ رابردوودا، داگیرکارانی کودرستان زیاتر ھەست بە کڵۆڵی و رووخانی دەسەڵاتەکەیان و نزیکبونەوەی ھەڵاتنی خۆری رزگاریی کوردستان دەکەن و بۆ ئەوەی بتوانن باشتر کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکان بکەن و زیاتر کورد بەرەو نەھامەتی و رۆژڕەشی پەلکێش بکەن، سنوورێکی رەشی پۆڵایینیان بە تێکنۆلۆژیا و چەکە قورس و سووکەکانیان تەنیوە و ناھێڵن، تەنانەت خەڵکی کورد لەو ناوچانەدا خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان بن.
کەس لەو ناوچانەدا بۆی نییە لە سنووری دەسکردی ئەوان نزیک بێتەوە و بەگوێرەی ئاماری میدیا و ناوەندەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بە سەدان ئینسان لەم ناوچانەدا بوونە قوربانی و رۆژانە دەیان کەس بە گوللەی ھێزە ئەمنییەکان و ھێزەکانی پاراستنی ئەو سنوورە ڕەشانە دەکوژرێن، یان بریندا دەکرێن.
بۆ ئەو مەبەستەش بە پێویستی دەزانین، کۆمەڵە چالاکییەکی نێوەدەوڵەتی بۆ پاراستنی گیان و ماڵی ھاوڵاتییان و کاسبکارانی سەرسنووری رۆژھەڵاتی کوردستان ئەنجام بدرێت:

١- نەتەوەیەکگرتووەکان بەرپرسیاری یەکەمە لە کوژرانی کاسبکارانی کورد، چونکا ئاگاداری جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانە.
٢- دەبێ کورد – یش وەکو فەلەستین یەکان کورسییەکی لە نەتەوەیەکگرتوەکاندا پێ بدرێت. ئەمە سەرەتاییترین کارێکە کە بۆ ھێنانە ناوەی کورد بۆ ناو بازنەی مرۆڤایەتی دەکرێت.
٣- دامەزراندنی ناوچەیەکی ھێمن و ئارام تا گەیشتن بە ئارامیی ئێجگاری لەو شوێنانەی خەڵکەکانی بە بەردەوامی دەبنە قوربانیی پیلانی شوومی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی، ئەرکێکی سەرەتایی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ پاراستنی گیانی ئێمەی کورد. ئەوەی بۆ پێشگرتن بە ژینۆساید لە بۆسنی و ھێرزێگۆڤین کردیان و تێیدا سەرکەتوو بوون.
٤- ئیران پێویستە وەڵامی داواکانمان بداتەوە، چونکا ئەگەر ئەمە نەکرێت کورد مەجبوورە وەڵامی گوللە بە گوللە بداتەوە.
٥- ئێمە مرۆڤدۆستترین نەتەوەی سەر ئەم گۆی زەوییە بووین کە تا ئێستا دەستدرێژیمان بۆسەر خاکی ھیچ نەتەوەیەک نەکردووە و ھەرگیزیش قبووڵمان نەکردووە، بندەست و پێشێلکراو بین. بۆیە ئێران ناتوانێ ھەروا بە سانایی لەم تاوانانەی کردوویەتی خۆی رزگار بکات.
٦-    پێویستە نەتەوەکانی براوەی شەڕی جیھانی یەکەم و پێکھێنەری کۆنفرانسی جیھانیی پاریس – وێرسای  (١٩١٩) شەرم لەخۆیان بکەن و پێداچوونەوە بە سیاسەتی ھەڵەی سەد ساڵەی رابردوویاندا بکەن و چیتر لە داگیرکارانی کوردستانی قبووڵ نەکەن، کورد بکەن بە قوربانیی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان خۆیان و ئەوان.
٧-    پێویستە بەندێکی تازە لە جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ و بریارنامە نێوەدەوڵەتییەکاندا بگونجێت کە ھێزەکانی ناتۆ و ھێزی فرەرەگەز لە بەرانبەر دەستدرێژیی لایەنە لاسارەکانی وەک کۆماری ئیسلامیدا بەرپرسیار بن و لە ھەر کات و ساتێکدا کە دەستدرێژییان بۆ سەر نەتەوە ھەژارەکانی وەک کورد کرد، وەڵامی پێویست و بە کردەوەی بدەنەوە.
٨- پێویستە زیانەکانی سەر ناوچە پڕمەترسییە سنوورییەکانی رۆژھەڵات، بە زۆری یاسا نێوەدەوڵەتییەکان قەرەبوو بکرێنەوە و پێویستە بەندێک بۆ قەرەبووکردنەوەی نەتەوە زیانلێکەوتوەکان دابنرێت کە کوردیش وەبەر ئەو لایەنانە دەکەوێت، ساڵانێکی زۆرە حەوانەوەی بەخۆوە نەدیوە.
٩- پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەست لەو باوەڕە بیست ساڵەیەی خۆی ھەڵبگرێت کە ناتوانێ ھیچ بە دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان و بەتایبەتیش کۆماری ئیسلامی بلێت.
کۆماری ئیسلامی تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، بۆ دەسەڵاتی لۆکاڵیی ھەرێمی کوردستان ھیچ قازانجی نەبووە و تەنانەت لە ھێندێک بواردا ھەرێمی لە بەرانبەر نواندنی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی خۆیدا بەرانبەر خەڵکی پارچەی رۆژھەڵات، شەرمەزار کردووە. ئەمەش بابەتێکە کە لە داھاتوودا بەرۆک بە دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەگرێت و تەنانەت ھێزەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و خەڵکەشی وا لێدەکات متمانە بە دەسەڵاتدارانی ھەرێم نەکەن، کە لە کاتی ھاتنە ئارای دۆخی چارەسەریی کێشەکاندا پشتی پێ ببەستن.
کەواتە تا درەنگ نەبووە، ھەرێمی کوردستان دەبێ خاوەندارێتی خۆی بۆ پرسی کوردقڕانی سەرسنوورەکان پیشان بدات.
١٠ – پارلمانی کوردستان نابێ لە بەرانبەر ئەم کوردکوژییەی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ بێت. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە کە بە نوێنەرانی پارلمان دراوە و گەل لە داھاتوودا داوای وەڵامیان لێدەکات.
١١-  حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێ بە نھێنی و لە رێگای دیپلۆماسییەوە بانگەشەی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی بۆ رووخانی ئێران و لاچوونی سێبەری شوومی دەسەڵاتەکەی لەسەر وڵاتەکەمان بکات. چونکا ھەتا ئێران بەو جۆرەی ئێستا درێژە بە دەسەڵاتەکەی خۆی بدات، ھەرێمی کوردستان بە بەردەوامی بەرەوڕوی تەھدید و فشار دەبێتەوە و پێویستە بۆ رووخانی ئەم دەسەڵاتە – نەک راگیرکردنی ئۆپۆزیسیۆنەکەی – ھاوکارییەکانی بە شێوەی گونجاو زیاتر بکات.

 

ھیوا کوردستانی: چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی کوردستان{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی