
گۆڤاری نیشتمان ژمارەی یەک،
هاتنی بیری چەپ بۆ ئیران لە سەدەی ١٩ی زایینی و بە تایبەتیی ڕوودانی شۆڕشی ئۆکتۆبر لە ساڵی ١٩١٧ لە ڕوسیەدا هاوکات بوو لەگەڵ گەشەسەندنی بیری ئازادیخوازیی و دادپەروەریی سوسیالیستیی و سەرهەڵدانی ڕێکخراوەی چەپ و تێروانینێکیدیکە بۆ چارەسەرکردنی زوڵم و زۆری چێنایەتیی، ودەست هێنانی سەربەخۆییو وەدەرنانی ئەمپیریالیسمی ئینگلیس لە ئێران.
ئەم ڕەوتە کاریگەریی لە سەر کوردیش هەبوو. لە کاتی دەستەڵاتداریی ڕزاشادا کورد قەلاچوو کرا، “سەرکوتکردنی شۆڕشی سەردار ڕەشید سەرۆکی کەڵهۆرەکان لە ساڵی ١٩٢٣ و شۆڕشی جەعفەر سولتان سەرۆکی عەشیرەتەکانی هەورامان، کوشتنی سمایل ئاغای سمکۆ لە ١٨ی ژوئیەی ١٩٣٠، سەرکوت و دوورخستنەوەی جەلالیییەکان بۆ ئیسفەهان و قەزوین لە ساڵی ١٩٣٦ و کوژرانی پتر لە سەتا ٤٠ی ئەوان لە کاتی ناردنیان بۆ ئهو دوو شارە، تیرباران و کوشتاری پتر لە ١٠ هەزار کورد بە دەستوری ژنراڵ ئەحمەدیی و لە بەندیخانە خستنی زۆرتر لە ٤ هەزار کوردی ڕۆژهەڵات لە دەیەی ١٩٣٠ بە هۆی ڕاپەڕین دژی حکومەتی پاشایەتیی ڕزاشا بەشێک لە سیاسەتەکانی حکومەتی تاران بۆ سەرکوت و ئاسیمیلاسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو”[2].[لەوەدەچێ] “لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا کە هەریمی موکریان و بە تایبەتیی شاری سابڵاخ ببووە گۆڕەپانی شەڕی نێوان دەوڵەتەکانی ڕوسیە و عوسمانی […] ژمارە کوردێکی سابڵاخی لە ژێر کارتێکردنی ئەفسەرەکانی ڕوسی لایەنگری حیزبی سوسیال دێموکراتی ڕوسیە، خویان بە بلشویک زانیوە و لە شار و گوندەکاندا بۆ ئامانجی خۆیان هەڵسوراون”. سەرۆکی ئەم کەسانە “حەمە هەتیو” لەگەڵ هاورێیانیی لە شەڕێکی قورس و نابەرامبەر لەگەڵ چەکدارەکانی حکومەتی ئێراندا کوژرا[3].
بە پێی بیرەوەریییەکانی تێکۆشەری کورد “ئەحمەد تەقی” کە پێوەندیییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ سمایل ئاغای سمکۆ و شێخ مەحموود هەبوو، سمایل ئاغا بە پێی داوای خالد بەگ جبرنلی بۆ پیوەندییگرتن لەگەڵ ڕوسەکان ئەحمەد تقی بە نوێنەرایەتی خۆی بۆ کۆنسولخانەی ڕوسیە[سۆڤییەت] لە ورمێ دەنێرێ تا داوا لە دهوڵهتی سۆڤییەتیی بۆ پشتیوانیی لە کوردەکانی تورکییە، ئێران و ئێراق بکا، بەڵام بۆ ئهو پێشنیاره وهڵامێکی ئەرێیی وەرناگرێ.[4] لە کتێبی “بزوتنەوەی میللی کورد” – کریس کوچرا ”شدا ئاماژە بە هەوڵی سمایل ئاغای سمکۆ بۆ پێوەندییگرتن لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەتیی کراوە:” بە پێی دەنگوباسان، سمکۆ لە کاتێکی زۆر ناڵەباردا کە سۆڤێیەتیی و ئێران پێماننامەی دۆستیییان بەستبوو و یەکێتیی سۆڤییەتیی چیدی درێژەی بە یارمەتی”حکومەتی شۆڕشگێری گیلان (١٩٢٠-١٩٢١) نەدەدا، هەوڵیدا تا سەرنجی سۆڤییەتییەکان بۆ دانی یارمهتیی و ئاوڕدانهوه له کورد ڕاکێشێ، سمکۆ، لە ساڵی ١٩٢٢ بهۆ ئهو مهبهسته نوێنەرێکی بۆ باکۆ نارد، بەڵام “ڕووخانی ” کۆماری سۆڤییەتیی ئێران”[مەبەست حکومەتی گیلانە] وەکو ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە کاری سمکۆ پێناسهدهکرێ. لەوەبەدوا شای دادێی ئێران تەواوی هێزی خۆی تەرخانی ئەرکێک کرد کە وەئەستۆی گرتبوو: راکێشانی خێڵەکان بۆ ژێر حوکمی دەوڵەتی ناوەندیی، چەککردن و تێكشکاندنی هێزی سەرۆکە سونەتیییەکانیان.”[5]
بە وتەیەکی دیکه چڕکردنی دهسهڵات له ناوهند، واتهناوەندکۆیی [تمرکز] ئێران. “لە ڕاستییدا “ناوەندکۆیییەک کە پێکهات بریتیی بوو له تاڵانکردنی سامناکی وەرزێران و عەشیرەتەکان، سەرکوتی خوێناویی ئەوان، دەوڵەمەندبوونی “فەرماندەرانی سپا” وەکو”ئاقا خان” ناسراوە بە قەساب و “جان محەمەد خان” جەڵادی خێڵەکانی تورکەمن و هتد[…][6] [هەروەها ژنرال ئەحمەدیی بکوژی کورد]. ناوەندکۆیییەک کە بەشێوەیەکی دڕندانە و زۆر ناحەز لە ڵایەن ڕزاشا و قەزاقەکانی بەکار گیرا و لە ڕێگای بە کارهێنانی شێوە ڕزیوکانی فیوداڵیی( خەڵەتاندنی عەشیرەتەکان و قورئان مۆرکردن و ئەماندان و پاشان کوشتاری بە کۆمەلی ئەوان و تاڵانکردنی ماڵی وەرزێران و ڕەشماڵێ خێڵەکان و شێوە نزمەکانی دیکە) بەرێوە چوو.[7] لەم ڕەوتەدا ئینگلیس بۆ کۆتایی هێنان بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ژێر ڕێبەرایەتیی سمایل ئاغای سمکۆ و پشتیوانی و بە هێزکردنی ڕزا خان نەخشێکی سەرەکیی دەگێڕێ، بە وتەی ئێحسان تەبەریی “ڕۆڵی ئینگلیس بۆ بە هێزکردنی ڕزاخان و چڕکردنی دهسهڵاتی ڕزاخان له ناوهند و دژی سمایل ئاغای سمکۆ و شێخ خەزعەل دوو سهرۆک عهشیرهتی بەهێز بوو کە مەترسیییەکی جیددی بۆ ڕزاخان بوون. بۆ لەناوبردنی هەر دووکیان دەستتێوەردان و یارمەتیی کاڕگێرانی ئینگلیس کاری ڕزاخانی زۆر ئاسان کرد”.[8] “ڕزاخانی سەردار سپە و پاشان ڕزاشا تا سەرەتای ساڵەکانی ٣٠ سەرقاڵی سەرکوتی عەشیرەتەکانی عەرەب، کورد، لۆر و مەمەسنی و بەختیاریی و بەلوچ و هتد […] بوو و لە ڕاستیدا هەر لە سەرەتا هەتا کۆتایی پاشایییەتی خەریکی سەرکوتی بزوتنەوەی خەڵک ( ڕاپەرینەکان، مانگرتن و خۆپێشاندان و خۆڕاگریی تاکەکەسی) بوو و لەم ڕەوتەدا لەبەکار هێنانی هیچ چەشنە توندوتیژیییهک کۆتایی نەکرد.[9]
ڕەنگدانەوەی شۆڕشی ئوکتۆبر و هیوای کورد بۆ ڕزگاریی و سەربەخۆیی بە تایبەتیی پاش خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاویی لە نێو ڕووناکبیرانی ئەو کاتە یەک لەوان پێشەوا قازی محەمەد دەبیندرێ. زیندوویاد عەلی گەڵاوێژ لە بابەتێکدا بەم چەشنە باسی دوو کۆبوونەوەی مێژوویی لە ٨ی بەفرانباری ١٣٢٠ و ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٢١ لە بینای ناسراوە بە ‘دادگای قازی’ و کاریگەرییسۆڤییەتی لە سەر بزوتنەوەی کورد دەکا:” لەم کۆبوونەوانەدا کە نوێنەرانی تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان و یەک لەوان نوێنەرانی عەشیرەتەکان بەشداریان کردبوو، پرسی ژیانی سیاسیی کوردستان لەسەر بنەمایەکی تازە شی کرایەوە. لە کۆبوونەوەی یەکەمدا هەروەها قازی محەمەد لە وتارەکەی خۆیدا ئاماژەی کرد ‘بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی مەزنی ئوکتۆبر لە ڕوسیە و دامەزرانی ئەوەڵین دەوڵەتی سوسیالیستیی، خەباتی گەلی کوردیش لە بنەرەتەوە گۆڕدراو نوری شۆڕشی ئۆکتۆبر ئاسمانی کوردستانیشی ڕووناک کردەوە. ئیستێعمار[داگیرکەر] هەوڵێكی زۆری داوە تا گەلی ئێمە لەم ڕووناکایییە دوور کاتەوە، بەڵام توانایی وەدیهێنانی ئەم ئامانجەی نەبووە’. لە کۆبوونەوەی دووهەمدا بریارێک بە رایگشتیی پەسەندکرا کە لە ڕاستییدا بوو بە ڕێپیشاندەری ژیانی سیاسیی کوردستانی ئەو سەردەمە، هەروەها بەرنامەی کاری هێزە پێشکەوتخواز و نیشتمانپەرەوەرەکانی گەلی کورد. لەم بریارنامەیەدا دەکوترێ:
1. گەلی کورد بە تێکەرایی یەکێتیی سۆڤییەتیی بە پشتیوانی خۆی دەزانێ و بۆ یاریدەدان و هاوکاریی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەتیی لە شەڕی دژی فاشیستی ئاڵمان ئامادەی هەر چەشنە خەبات و فیداکاریییە.
2. تەواوی عەشیرەتەکان لەم کاتەوە ناکۆکیی خۆیان وەلادەنێن و لەهەر ئاکارێک کە ببێتە هۆی دووبەرەکیی خۆدەپارێزن.
3. تەواوی بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیە قینو بێزاریی خۆیان دژی سەربزێویی و ڕێگریی و تاڵانکەریی ڕادەگەیەنن.
4. هیچ کام لە بەشدارانی ئەم کۆبووونەوەیە نابێ بە جیا یان بێڕاوێژکردن، پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی تاران بگرن.”[10]
ئەم کاریگەریییە هەروەها لە نووسراوەی ڕوناکبیرانی کۆمەڵە وەکو م. فەرووخ و بیژەن[مامۆستا زەبیحی] و هتد […] لە بابەتگەلێک وەکو “پەلامارەکەی ئەوسالی ئەلەمان لە رووسیا”، “انقلابی گەورەی اوکتوبر لە ٣ ژمارەدا و ئیمە و مەردم” لە نیشتمان بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک دەبیندرێ. تەنانەت لە ژێر وێنەیەکی لەنین کە لە ژمارەی ٦ی نیشتمان بڵاوبۆتەوە ئەم شێعرە نووسراوە:
“ باقیە ناووت ئەتو، گەرچی دەمیکە مردووی نا، لەنین! ماوی هەتا روژی قیامەت زیندووی”[11]
لە کتێبی “دیاردەی کۆمەلەی ژ. ک بو لاوەکانی کورد – ١٣٢٢” لە بەشێک لە نامیلکەی “دیاری مەلا محمدی کویی بو هەلساندنی آغاوات و سەردار عەشیرەتەکانی کورد لە خەوی نەفامی” لە هۆنراوەکانی بیژن[ مامۆستا زەبیحی] کەڵک وەرگیراوە:
“سەیاحەت کەن بچن بو سووەتەستان بزانن چون بە خێرائی هەلستان
لە قەومی روس چە ظلمیکی ئەکرد(چار) هەموی ژەهری ئەخوارد ملت بە ناچار
لە پر (لەنین) هەلستا وەک دلیران بناغەی ظلمی چاری کرد ویران
بناینا دەولەتیکی سوسیالیست لەناوی برد بە جاریک ایمپریالیست،
لەناو کومەل بە زوری دەرکرا (خان) بە تیلا (بەگ) خرایە بەندو زیندان
بە مەحضی هەلکرانی بەیرەقی سوور لەناو خەلکا نەما فیتنەو شەرو شوور
ئەلەرزیت کاکی(آغا) وەک بنی آو کە آلای سوور و آلی دیتە بەر چاو
تەماشا کەن لە مەیدانی هەراوشەر چلون سەربازی سوور، آزاو دلاوەر
شەوو روژ بی ووچان واتی ئەکوشن لە جەبهەی شەر ئەلەی شەربەت ئەنوشن
بە فەرمانی ستالین: پیاوی شەرکەر ئەدەن بەربا هەمو نەیروی هیتلەر””[12]
“ئەم ڕەوتە هەروەها لە بابەتەکانی “کوردستان” بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئەو سەردەمە پاش پێکهاتنی کۆماری کوردستان بەردەوام مایەوە. شێعرەکانی هەژار، هێمن و ووردی و نووسراوە سیاسیی و مێژوویییەکان و هتد […] پڕن لە هیوا بە یەکێتی سۆڤییەتی، ستالین و سپای سوور بۆ ڕزگاریی گەلی کورد. بۆ وێنە هەژار لە ڕۆژی هەلکردنی ئالای کوردستان لە بۆکان لە بەشێک لەو شیعرەی کە دێخوێنێتەوە دەڵێ:
” ریی نەجاتمانە پەنا بو اتحادی شورەوی سورمە بو چاوی ایمە خاکوخولی مەسکەوی
ربی(ایستالین) بژی بولاگری مظلومان تا زەمانە خول دەداو روزدە بەخشی پورتەوی”[13]
مامۆستا هێمن – یش لە شێعری “آوونگی سوور” کە بە بۆنەی ڕۆینی لەشکری سوور لە ” مجلس شعرای” تەورێز خوێندیەوە. دەڵێ:
” ئەی لەشکری سوور ئەی اوردووی ظفەر ایستا کە دەروی لیرە دەچیە دەر
خودات دەگەل بی و ئەوەی بزانە جێی تو هەمیشە دلی کوردانە
ئەی ئەو فریشتە کوردت کرد آزاد لە ژیر پەنجەی دیوی استبداد”[14]
تا ئەو کاتە ئەگەر ڕوناکبیری کورد ڕێبازی چەپیشی هەڵبژاردبێ یان پشتیوانیی لە حکومەتی سۆڤێیەتیی کردبێ لە ڕاستییدا بەو هیوایە بووه تا لە ژێر چەتری کمۆنیسم و پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤییەتی بە ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان بگات.
لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش کەسایەتیی و ڕێکخراوە سەربەخۆییخوازەکانی کورد بۆ ڕاکێشانی سەرنج و یاریدەی یەکێتی سۆڤییەتی کە بەڵێنی پشتیوانی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازنەی نەتەوە چەوساوەکانی جێهانی دابوو کهوتبوونهگهڕ و پێوەندیییان لەگەڵ نوێنەرانی ئەم وڵاتە گرتبو. بۆ وێنە “لە ساڵی ١٩٢٢ زایینی”کومیتەی سەربەخۆیی کوردستان (ئەرزروم)” بریاری دا بە یارمهتیی و لە ژێر سەرپەرشتیی سیاسیی ڕوسیەی سۆڤییەتی بە ماڤی خۆی بگات. سەرهەنگ خالد بەگ جبرنلی سەرۆکی ئەم کومیتەیە لە سەرەتای دەستپێکی کۆنفرانسی لۆزاندا لە نامەیەکدا بۆ نوێنەری حکومەتی سۆڤییەتیی نووسێ ” […] دڵسارده لە یاریدەی ڕاستگۆیانەی ئینگلیس بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆیه. ههروها بە تەمای وەدیهێنانی ئەو ئامانجە چاوهروانی پشتیوانیی ڕوسیەی سۆڤییەتیییه بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ لە ژێر سەرپەرشتیی ڕوسەکاندا.[15]
کریس کوچراش لە کتێبەکەیدا بەم چەشنە باسی ڕۆڵی سۆڤییەتییکان لە شۆڕشی شێخ سەعید دەکا: “بەڵام بەپێی وتەی ئینگلیسیییهکان خالد بەگ جبرنلی پێوندیی لەگەڵ کۆنسولی ڕوس لە ورمێ گرت. بەڵام – وڵامی کۆنسولی ڕوس نا بوو […] ئەم وتەیە ڕاست یان ناراست تەنیا نیشاندەری ئهو ڕاستیییەیە: شۆڕشی شێخ سەعید لەو پەرەی سەرنجنەدانی هێزەکانی ڕۆژئاوا پەرەی گرت و لەئاکامدا تێکشکا، ئەویش لە حاڵێکدا کە یەکێتیی سۆڤییەتیی بە چەشنێکی فرەڕەسمی لە زمانی: [ڕۆژنامەی] ئیزوئستیا”وە ئەوی وەکو شۆڕشیک لە لایەن هێزەکانی فیوداڵ و دژە شۆڕشی کورد کە بوونەتە ئەمرازی دەستی ئینگلیس پێناسه کرد. [16]
لە باشوری کوردستانیش “شێخ مەحموود” مەلیکی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٠ ژانویەی ١٩٢٣ ز. لە نامەیەکدا کە بۆ کۆنسولی سۆڤییەتیی لە تەورێز بۆ وەدەست هێنانی پشتیوانیی حکومەتی سۆڤییەتیی نارد، ئاماژە بەوە دەکا کە ” کاتێک تەواوی جیهان لە ساڵی ١٩١٧دا دەنگی ڕاستەقینەی ئازادیی و ڕزگاریی نەتەوەی ئێوەی لە چەنگی چەوسێنەر و جەنایەتکاری بەنیوبانگ بیست، تەوای نەتەوە و گەڵانی چەوساوەی گۆی زەوی پێشوازیییەکی گەرمیان لێکرد و بە هیوای وەدی هێنانی ویست و ئاواتەکانی خۆیان و بە هیوای گەورەیی و پشتیوانیی نەتەوەی ڕوس شۆڕشیان کرد […]. تەواوی خەلکی باشوری کوردستان مەیلێکی زۆریان بۆ دۆستایەتیی لەگەڵ دەوڵەتی شکۆداری سۆڤییەتیی هەیە و ئامادەی هەرچەشنە فیداکاریی بۆ ئەم دۆستیین و حازر بە پشتیوانیی ماددی و مەعنەویی لەوانن. هاوکاتیش بە ڕەسمیی ناسینی ماڤی یاسایی خۆمان وەک شەرتی ئەم دۆستایەتیییە پێشدەکێشین“[17].
ئەم داواکاریی بێ وڵام مایەوە. سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە یەکێتیی سۆڤییەتیی کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئارارات [ساڵەکانی ١٩٢٧-١٩٣١] بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بە ڕێبەریی کومیتەی نیزامیی – سیاسیی “خۆیبون” نەتەنیا پشتیوانیی لەم بزوتنەوەیە نەکرد بەلکوو هێزی سەرسنووری سۆڤییەتیی لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ئەم بزوتنەوەیە ناڕاستەوخۆ یارمەتیی تورکەکانیدا.[18]” “ئەو کاتەی کە چەک و پێداویستیی کوردەکان لە لایەن کورد و ئەرمەنیییەکانەوە تەیار دەکرا، هێزکانی تورک لە لایەن سۆڤییەتەوە یاریدە دەدران، کە بەڵێنی بەستنی سنوری چۆمی ئەرەس و ئیزنی کەڵکوەرگرتن لە هێڵی ئاسنی سۆڤییەتیان پێدرابوو.[19] بە پێی وتەی کاربەدەستانی تورکییە لە ڕەوتی سەرکوتکردنی کوردەکاندا ١٥٥٠ کورد کوژران و لە ناوچەی ئەرجیس ٢٠٠ گوند بە ئاور کێشرا و لە ناوچەی پاتنوس تەنانەت گوندێک بەجێ نەما و هەموویان لەبێن برد”.[20]
لە سەرەتای دەیەی ١٩٤٠دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانش کۆمەڵەی ژ. ک هەوڵی خۆیدا بەڵکوو بۆ چارەسەریی مەسەڵەی کورد ڕای و پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤییەتیی بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ بەرەو خۆی ڕاکێشێ بەڵام یەکێتیی سۆڤییەتیی بە پێی ئەم بیرۆکەیە کە سەربەرخۆیی کوردستان لە ژێر سەری ئەمپیریالیسمی ئینگلیسدایە و کۆمەڵەی ژ. ک نوێنەری دەربەگەکانی کوردستان و سەر بە ئینگلیسە، لە هاوکاری یان پشتیوانی لەم هێزە خۆی پاراست و تهواوی فاکت و بهڵگهکان دێسهلمێنێن کهیهکێتیی سۆڤیهتیی نهتهنیا پشتیوانی لهکۆمهڵهی ژ. ک نەکرد بهلکو “بهرپرسانی سۆوڤییهتیی له ئێران، کوردهکانیان له ئهندام بوونی کۆمهڵهی ژ. ک دهپرینگاندهوه، تێدهکۆشان چاڵاکیی ئهم ڕێکخراوهیه بهرتهسک کهنهوه[21] ههروهها له یادداشتهکانی هاشمۆڤ سهرکونسولی یهکێتیی سۆڤییهتیی لهورمێ لهیهکی ژانویهی ١٩٤٥ سهبارهت بهنهبوونی پێوهندیی دهگهڵ کۆمهڵهی ژ. ک هاتووه: “من به چاوی خۆم ههستم کردوهبهبوونی پارتی (ژ.ک) و زۆربهی خهڵک پارتی (ژ.ک) به(کۆمهڵه) ناودهبهن.
زۆربهی کوردهکان و پیاوه بهناوبانگهکانیان ڵایهنگریی سۆڤیهت دهکهن و بههیوان لهخهباتیاندا بۆ سهربهخۆیی لهسۆڤیهت یارمهتی وهربگرن. کومیتهی کوردی (ژ.ک) خهلک دڵنیا دهکات که لهئیش و کارهکانی خۆیدا پێوهندی دهکات لهگهڵ یهکێهتی سۆڤیهت. بهڵام لهنیوان ئێمهو (ژ.ک) دا هیچ پهیوهندیییهک نییه[22]” مۆلۆتۆڤ وهزیری کار و باری دهرهوهی وڵاتی سۆڤییهتیی لهگهرماوگهرمی شهری دووههمی جیهانیدا ڕقو بێزاریی خۆی و دهوڵهتهکهی له کورد دهردهبڕی و”رێبهرایهتیی بزووتنهوهی کوردی بهدهرهبهگ” ناو دهبا [23].
یەکێتیی سۆڤییەتیی پاش دامەزرانی کۆماری کورستان کە هاوکات بوو لەگەڵ پێکهاتنی حکومەتی ئازەربایجان سەرەرای پشتیوانیییەکی قورس و قایم لە حکومەتی پێشەوەری نیسبەت بە کوردستان بە پارێزەوە دەجوڵایهوە و بە شێوەی ڕەسمی قەت پشتیوانییلێنەکرد، لە باشترین حاڵەتدا وەکو بەشێکی ئازەربایجان سێری دەکرد و “لە بارودۆخی شەڕی سارد و لاسەنگیی و لاوازیی هێزیان لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بیانووی نەبوونی چەکی ئەتۆمیی لە ژێر گوشاری ئەمریکا و ئینگلیس پاشەکشەی لە ئێران کرد و کوردستان و ئازەربایجانی لەبەرامبەری سپای ئێران بە تەنیا هێشتەوە
. ڕێبەرانی سۆڤییەتی لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی مسکۆ لە دسامبری ١٩٤٥ دا لە لێکدانەوەی کێشەی ئیران خۆیان پاراست و ڕایانگهیاند کە ڕووداوەکانی ئێران لە پەنای سنوورەکانی یەکێتیی سۆڤییەتیی مەسەڵەیەکی داخڵیی ئێرانە و بەم پێیە دەوڵەتی سۆڤییەتیی دەخالەتێک لەم مەسەڵەیە ناکا”.[24] ” لە ڕاستییدا “مسکۆ پاڵپشتگەیەکی جێمتمانە نەبوو. هۆی ئەو کارە بەر لەهەر شتێک ئەو داخوازانەی ئیمپراتوریی ستالین بوو کە لە ڕۆژئاوای ئاسیا بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتەی کە لە ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئوروپای هەیبوو، پشتیوانیی نیزامیی لەپشت نەبوو، هەروەها لە ڕوانگەی ماڤە سیاسیی و نێو نەتەوەیییەکانەوە – لە یالتا و پۆتسدام (ماڤێک بۆ ئەوان) لە ڕۆژهەڵاتی نزیک وەبەر چاو نەگیرا.[25]
پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتیی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی جەماوەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشی سپای ئیسلام بۆ کوردستان و ژنوسایدی میللەتی کورد، یەکێتیی سۆڤییەتیی بە هۆی پیوەندیی دۆستانە لەگەڵ کۆماری دژی ئەمپیریالیسمی ئێران، سەرەرای داواکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نامەکانی دوکتور قاسملو بۆ ڕیبەرانی حیزبی کمۆنیستی سۆڤییەتیی[26] پشتیوانی لە بزوتنەوەی کورد نەکرد. بە باوەری خاتون “ژیگالینا” کوردناسی ڕوس: “ئاوڕنەدانەوەی یەکێتیی سۆڤییەتیی بۆ سهر ڕووداوەکانی کوردستان ڕێبەرانی بزوتنەوەی میللی دێموکراتیکی کوردی ناچار کرد تا گۆرانکاریی لە بنەما سەرەتایییەکانی خەباتیان بکەن و لەم پێناوەدا دوکتور ع. قاسملو توانیی پێوەندیی لەگەڵ حیزبە سوسیال دێموکراتەکانی ئوروپا بگرێ کە لە چوارچێوەی بەرنامەی ماڤی مرۆڤ یارمەتیی ماددی و مەعنەویییان بە کوردکانی ئێران دەکرد.”[27]
٢
سەبارەت بە بۆچوونی کمۆنیستەکانی ئێرانیش بۆ مەسەڵەی میللی پێش ڕووخانی ڕزاشا، دەتوانین ئاماژە بەم ڕاستیییە بکەێن کە سەرەرای ئەوەی کە حیزبی کمۆنیستی ئێران هەوڵین هیز لە مێژووی ئێراندا وەک بڕوامەندی چارەسەریی مەسەڵەی نەتەوەیی لە چەشنی یەکێتیی ئازاد و دڵخوازانەی نەتەوەکانی ئێران تا ئاستی جیابوونەوە بوو، [28] بەڵام هاوکات سەربەخۆییخوازیی کوردی بە فیت و سیاسەتی ئینگلیس لە قەڵەم دەدا. لە “بیانیەی فرقە کمونیست ایران – ١٣٠١” لە بەشی “مەسەڵەی میللیەت لە ئێران و خەبات بۆ کۆماری میللی” بەم چەشنە باسی مەسەڵەی کورد دەکرێ: ” بەشێک لە کوردەکان لە خاکی ئێران و بەشێتریان لە ولاتی تورکییەدا دەژین و دروشمی کۆکردنەوەی تەواوی بەشەکانی کوردستان و یەکگرتنی کوردان لە نێو دەوڵەتێکی یەکگرتووی کورد لە نێو کوردەکاندا بەنێو بانگ و سەرنج ڕاکێشە.
ئەمپیریالیستەکانی ئینگلیس لەم مەسەڵەیە کەڵکوەردەگرن و هاوکات بۆ هەڵایساندنی هەست و دەمارگرژیی نەتەوەیی لە نیو کوردان، خەباتی ئەوان دژی دەوڵەتی ئێران و تورکییە بە هێز دەکەن. ئینگلیسیییەکان دەیانەوەی دەوڵەتێکی کوردیی لە ژێر سەرپەرشتیی ئینگلیس پێکبێنن، هەر کاتێک ئەم پیلانە ڕەنگی ڕاستیی بە خۆیهوه بگرێ ئەو کاتە پێگەی ئەمپیریالیستی ئینگلیس چ لە باری نیزامیییەوە و چ لە باری سیاسیی و ئابوریییەوە و بە تایبەتیی دەرکێشانی نەوتی ئێران قایمتر دەبێ. [29] “ئاوتیس سولتانزادە” یەکێک لە ڕێبەرانی بە نێوبانگی حیزبی کمونیستی ئێران لە کتێبی “ئێرانی ئەورۆ” کە لە ٢١ ژوئیەی ١٩٢٢ لە مسکۆ بڵاوکرایەوە لە بەشی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیییەکان ئەم بیرۆکەیە دیسان ئاوا دووپات دەکاتەوە:” جارێ چوار مانگ لە سەرکەوتکردنی شۆرشەکانی گیلان و خوراسان تێپەرنەببوو کە حکومەتی تاران سەرقاڵی ئەو مەسەڵەیە بوو کە چۆن کۆتایی بە شۆڕشی کوردەکان بە سەرۆکایەتیی سمکۆ بێنێ کە بە پشتیوانیی جیددی ئینگلیس داوای سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد.
لە ژێرنووسی هەر ئەو لاپەرەدا بۆ شیی کردنەوەی ئەم ڕستەیە ئاماژە دەکا: ئینگلیس دەیەوێ لە ژێر سەرپەرشتیی خۆی کوردستان سەربەخۆ بکات تا لە لایەک ئێران و تورکییە لاواز بکات و لە لایەکی دیکەوە پشتبەرەیەکی بەمتمانە بۆ قازانجی نەوتی نێواندووچۆمان تەرخان بکات”.[30] لە تێزەکانی حەیدەر عەمۆغلی لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی کمۆنیستیی ئێران کە سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵایەتیی – سیاسیی – ئێران و تاکتیکی فرقەی کمۆنیستی عەدالەتی ئیران لە ژێر ئیمزای کومیتەی ناوەندی حیزبی کمونیستی ئێران (عەدالەت) لە ژانویە – مارس ١٩٢١ دا بڵاو بۆتەوە باسی مەسەڵەی نەتەوەیی ناكرێ. لە بەرنامەی بەلانیکەمی حیزب لە ئێران ( لقی ئێرانی کۆمینتێرن) بە قەلەمی حەیدەرخان لە بەندی ٤ی کارو باری سیاسیدا باسی “ڕاگەیاندنی کۆماری سەربەخۆی تودەیی وەک یەکەیەکی دابەشنەکراو”[31] کراوە.
“ئەبوالقاسمی لاهووتی”یش شاعیری شۆرشگێر و کمۆنیستی ئێرانیی بە ڕەچەڵەک کورد لە وتارێک بە ناوی “کورد و کوردستان” کە لە ساڵی ١٩٢٣ لە گۆڤاری “ڕۆژهەڵاتی نوێ” لە مسکۆ بڵاوبۆتەوە و “ڵازایڤ” کوردناسی ڕوس وەکو یەکەمین لێکدانەوەکانی مەسەڵەی کورد لە ڕوانگەی مارکسیستیییەوە لە قەڵەمی داوە، سەرەرای ئەوەی کە زانیاریییەکی بەرچاو سەبارەت بە مێژووی کورد و کوردستان و بارودۆخی بزوتنەوەی کورد بە خوێنەر دەدا بەڵام هاوکات بە هۆی لێکدانەوەی مەسەڵەی کورد لە ڕوانگەی کمۆنیستێکی ئێرانییەوە دەیەوەی بیسەڵمێنێ کە “ژیانی کوردەواریش بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای ئێرانییتی کوردان” ە[32] و” مێژوو و زمان و فەرهەنگی کورد و کوردستان بە فەرهەنگ و زمان و ئەدەبیاتی فارس گرێ دراوە”، هەروەها دەور دەگێرێ لە پێکهێنانی ئەم بیرۆکەیە کە”بیر و باوەڕی جوولانەوەی کوردایەتی و دامەزراندنی کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی کوردی لە لایەن ئینگلیزەوە درووست کراون و سەرانی کورد پیاوی ئینگلیزن و زوو بە زوو هەڵوێستیان دەگۆڕن و هەرجار بە هان و فیتی لایەک دژی دەوڵەتانی نێوچەکە رادەپەڕن. ئەم بوچوونانەی لاهووتی کە لایەن کوردێکەوە نووسراون […] بوونە مۆڕێک بۆ نێوچەوانی بزاڤی نەتەوەیی کوردەوە” کە وەک سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو بوو بە بناخەی لێکدانەوەی مەسەڵەی کورد لە لایەن” ڕۆژهەڵاتناسانی یەکێتیی سۆڤێەت و پاشان لە ولاتانیتری بەرەی بە نێو سوسیالیستدا و بەرهەمی هەموو فەریکە کۆمۆنیستێکی گەڵانی سەردەست و […] “[33].
پێوەنددانی بیری سەربەخۆیی کوردان بە بێگانە نە تەنیا لە بەڵگەکانی حیزبی کمۆنیستی ئێران بەلکوو لە نوووسراوەکانی دەوڵەتی سەرکوتکەری پەهلەوی و لێکدانەوەی کەسایەتیییەکانی بە ناو ڕۆشنبیری ئەو کاتەی ئێرانش وەکو “ئەحمەد کەسرەویی” و “بەهار” بە جووانی دەبیندرێ. هەمووی ئەوان بە ڕوانگەی جیاواز بە هۆی پاراستنی چوارچێوەی تەواویەتیی ئەرزیی ئێران بەم خاڵە هاوبەشە دەگەن کە بیری سەربەخۆییخوازیی پیلانی بێگانەیە یان کوردەکان ئاژاوەچی و شەڕفرۆشن. دەڵێی ئەم مێژوویە ئەمڕۆ دیسان بە هاوبەشیی بەشێک لە چەپە سەرتاسەریەکان، کۆماریخوازان و لایەنگرانی مەشروتە و حکومەتی پاشایەتیی و هتد […] لە بەرەیەکدا دووپات دەبێتەوە. کەسرەویی لە کتێبی مێژووی ١٨ ساڵەی ئازەربایجان بەم چەشنە باسی بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازیی کوردەکان دەکا: “کوردەکان هەر کات دەرفەتێکیان بۆ هەڵکەوتووە دەستیان بە نافەرمانی لەگەڵ دەوڵەت داوە.
بڕای ئەو جەعفەر ئاغایه و محەمەد ئاغای باوکی لە کاتی خۆی زۆر جار نافەرمانییان کردوە، بەڵام سمکۆ لەم زەمانەدا سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەویست و لە ڕێگای ئەم ئاواتە دەستی بە خۆسازکردن کرد. یەکێک لەو تووی ئاژاوەگێریی و زیانکاریییە کە ئوروپایییەکان لە خۆڕهەڵات چاندیان، ئەوە ئاواتی سەربەخۆیییە. کارگێرەکانی ئەوان چەندین ساڵە دەگەرێن و چوونە نێو کوردەکان، ئەرمەنیییەکان و تورکەمەنەکان و ئاسۆریییەکان و بەختیاریییەکان و هتد […] و ئەم توویەیان لە دڵی ئەواندا چاندوە.[34]
هەروەها “مەلیکالشعورای بەهار’ سیاسەتڤان و شاعیری بە نێوبانگی ئێرانیی، دۆستی زۆر نزیکی حەیدەرخان کە کاتی حکومەتی ڕزاشا چەند ساڵیش لە بەندیخانە بووە و تا ڕادەیەک سیمپاتیی بە یەکێتیی سۆڤییەتیی بوو لە کتێبی” کورتە باسی مێژووی حیزب سیاسیییەکانی ئێران – لەناوچوونی قاجار” گرتنی قەڵای چهریق پەناگای سمایل ئاغای کورد ناسراوە بە ” سیمتقو” بە پیلانی سەرتیپ ئەماناللا میرزای جەهانبانی بە یەکێک لە گرینگترین کارەکانی دەوڵەتی ڕزاشا لە قەڵەم دەدا و “شێخ عوبهیدیللا”، “حەمزە ئاغای مهنگوڕ و سهرۆکی ناوداری کورد “سمایل ئاغای سمکۆ” بە “ئەشرار” [ئاژاوەچی، شەرفڕۆش] نێو دەبا کە لە سەردەمی کەواناراوە[عهد عتیق] کاریان ڕاپەڕین دژی دەوڵەتی ئێران بووە.[35]
٣
پاش ڕووخانی دەوڵەتی ڕزاشا، حیزبی تودەی ئێران وەکو جێگرهوهی حیزبی کمونیستی ئیران لە ١٠ی ڕەزبەری١٣٢٠ دامەزرا. لە بەرنامەکانی حیزبی تودەی ئێران لە ٢ کۆنگرەی یەک [١٠ گەڵاوێژی ١٣٢٣] و بە تایبەتیی کۆنگرەی ٢ دا کە دوو سال دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و حکومەتی میللی ئازەربایجان لە ٥ی بانەمەڕی ١٣٢٧ پێکهات لە بەندی ١٠ی بەشی خەباتی سیاسییدا تەنیا باسی” ئازادی کامیل بۆ کەمایەتیییهکان لە کاروباری فەرهەنگیی و ئایینیی خۆیان”[36]
دەکرێ و باسێک سەبارەت بە مەسەڵەی نەتەوەیی و ماڤی چارەنووسی لەنینیی لە گۆڕێدا نییە، هەروەها لە پلینۆمەکانی ١ هەتا ٦ی حیزبی تودەی ئێران لە کۆی سەنەد و بەڵگەکانی حیزبی تودەی ئێران کە لە ساڵی ١٣٦٠ دا بڵاو بۆتەوە نیشانەیەک سەبارەت بە مەسەڵەی میللی لە ئیران وەبەرچاو ناکەوێ، بەڵام لە بەرنامەی حیزبی تودەی ئێران پاش پلنۆمی ٧ و کۆنفرانسی یەکگرتن لەگەڵ فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لە هاوینی ١٣٣٩ هەتاویی لە بەشی “بریارنامەی پلینۆمی ٧ (گەورە) کۆمیتە ناوەندی حیزبی تودەی ئێران سەبارەت بە مەسەڵەی یەکگرتویی ڕێبەریی و سازمانیی حیزبی چینی کریکار لە ئێران” لە بەندی ٤دا ئاماژە بە “بایخ و حەساسیەتی مەسەڵەی میللی لە ئێران” دەکا و بە چەشنێکی ڕەسمی لە بەرنامەی خۆی، لە بەشی مەسەڵەی میللیدا باسی ‘ماڤی کامیلی چارەنووسی گەلەکانی دانیشتووی ئێران دەکا. [37]
لە درێژایی تەواوی ئەو ساڵانە کە بەسەر هەوەڵین بەیانییەی فرقەی کمۆنیستیی ئێران تێپەر بووە سەرەرای ئەوەی کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی چەپی ئێرانیی لە پرۆگرامی خۆیاندا باسی یەکێتی دڵخوازانەی نەتەوەکانی ئێران و جاروبار ماڤی جیابوونەوە دەکەن بە هۆی بڕوامەندییان بە تەواویی ئەرزیی، یەکێتیی چینی کریکار و دامەزراندنی سوسیالیسم لە ئێراندا ئەم مەسەڵەیە تەنیا لە سەر لاپەرەی پڕۆگرامهکهیاندا ماوەتەوەو کێشەی میللییان وەکو پاشکۆی کێشەی چینایەتیی پێناسە کردوە و سەرەرای ئەوەی کە “خەبات بۆ یەکگرتنەوەی وڵاتە دابڕاوەکانی میللی“[38] وەکو چەشنێک لە خەباتی دژی ستەمی میللی پێناسە دەکەن، کاتێک ئەمە مەسەڵەیە بە ئێران دەگات، بەپێی ئەم وتەیەی لەنین کە” بەرژەوەندیی سوسیالیسم سەرتر لە بەرژەوەندیی و قازانجی میللەتەکان بۆ چارەنووسی خۆیانە“[39]
لە ڕەوانگەی حیزبێکی سەرتاسەریی چەپەوە، خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ولاتێک، یانی لە چوارچێوەی تەمامیەتیی ئەرزیی ئێرانن. تەنانەت کاتی هەڵسەنگاندنی بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانە کوردیش نیشانەی ناسیۆنالیست و وەدواکەتووی لێدەدەن. بۆ وێنە دوکتور گەڵاوێژ یەکێک لە کادرە کوردەکانی حیزبی تودەی ئێران و فرقهی دێموکراتی ئازهربایجان بەم چەشنە باسی کۆمەڵەی ژ. ک دەکا: ئەم حیزبە لە ژێر دروشمی دژی فاشیستیی، دژی فیوداڵیی و خەباتی دژی کۆنەپەرەستیی لە ماوەیەکی کورت نفووز و وەج و ڕێزێکی بێ وێنەی لە نێو خەڵکی نیشتمان پەروەر و پێشکەوتوخواز و شۆرشگێری کوردستان وەدەست هێنا[40]” [بەڵام] “دروشمی سەرەکیی کۆمەڵە وەکوو “کوردستانی گەورە” هۆی دوورکردنەوەی خەباتی گەلی کورد لە ڕاستیییەکان، بەهێزکردنی دوژمن و لاوازکردنی گەلی کورد بوو.[41]
دوکتور قاسملوش کە نزیک بە سی ساڵ ئەندامی حیزبی توودەی ئێران بوو تەنانەت کاتێک لەم حیزبە جیادەبێتەوە و ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بووژاندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگێرێ بە بیری چەپێکی ئێرانییەوە مەسەڵەی سەربەخۆیی کۆمەڵەی ژ. ک لێکدەداوەتەوە و لە “چڵ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی”دا، کۆمەڵەی ژ. ک بە ڕێکخراوێکی ناسیونالیستیی و داخراو ناو دەبا کە بۆ “کوردایەتی رووت” هەوڵی دەدا و نەیتوانی “خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ جووڵانەوەی هەمووی ئێران” لێکگرێ بدات.[42]
لە لایەکی دیکەوە دوکتور قاسملو وەک دوکترینی خودموختاریی سەرەتا لە کۆنفرانسی سێهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پاشان کۆنگرەکانی حیزب و بە تایبەتیی لە بابەتێک بە ناوی “باسیک لە سەر دروشمی بنەرەتیی حیزب لە ساڵی ١٣٦٤دا بە پێی نەبوونی بارودۆخ و هەڵومەرجی پێویست بۆ پێشکێشانی دروشمی سەربەخۆیی یان فیدرالیسم، “دیموکراسیی بۆ ئێران و خودموختاریی بۆ کوردستان” وەک دروستترین دروشم لە قەڵەم دەدا، لە باشترین شێوەدا تیئوریزەی دەکات و ئەم دروشمە وەک بەرهەمی “لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژ” ناودەبا.
دوکتور قاسملو سەبارەت بە هێنانی دیموکراسیی بۆ ئێران پێش خودموختاریی بۆ کوردستان دەڵێ” […] دێمۆکراسیمان لە پێشەوە داناوە هۆی ئەوەیە کە هەم پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە کە گشتیترە، بەرینترە لە کوردستان و هەم هاتوینە سەر ئەم بڕوایە کە بێ دێمۆکراسیی ڕاستەقینە، تەنانەت ئەگەر ئێمە خودموختاریشمان دەست کەوێ، ئەو خۆدموختارییە زامنێکی دیکەی نیە […]. ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان موخالیفی هەموو شێوە دیکتاتۆرییەکین کەوابوو بۆ ئێمە دێمۆکراسی وەک حیزبێکی دێموکرات هەدەفە. حیزبێکی دێموکراتین بۆ ئازادی یان بۆ ئازادی هەموو گەڵانی ئێران تێدەکۆشین“. دوکتور قاسملو لەو بەشهدا کە باسی چەشنەکانی جێبەجێ کردنی ماڤی چارەنووس دەکا، سەبارەت بە خودموختاریی کە شکڵی هەڵبژاردەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی ماڤی کورد لەو سەردەمەیە، ئاوا دەبێژێ: ” شکڵی سێهەم؛ دیاریی کردنی چارەنوووس بە شیوەی خودمختارییە. خودموختاری وەختێک دێتە گۆڕێ کە بە گشتی ئەو گەلە نەیهەوێ جودا بێتەوە، یانی واز لە سەربەخۆیی بێنێ. نەشیهەوێ یان بارودۆخی وڵات بۆ فیدراڵی لەبار نەبێ. [43]” بە واتەیەکی دیکە کوردی ڕۆژهەڵات خۆی لە هەر ئێرانیییەک بە ئێرانییتر دەزانێ و نایهەوەی لە ئێران جیا بێتەوە.
٤
بە پێی تەواوی ئەو فاکت و بەڵگانەی کە لەبەر دەست دان بزوتنەوەکانی کورد لە چواربەشی خۆی تا سەرەتای دەیەی ١٩٤٠ی زایینی و بە تایبەتیی تا کاتی ڕووخاندنی کۆماری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی پاشایەتیییەوە، بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخواز بوو و کورد بە هەر باوەر و ئایین یان شوێنگەی چیینایەتیییەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشاوە. پێکهاتنی کۆمەڵەی ژ. ک و درێژەی چاڵاکیی ئەو ڕێکخراوەیە لە ژێر عینوانی تازەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمە و دامەزراندنی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان سەرلوتکەی ئەم بزوتنەوەیە بووە و بۆ هەوەلین کەڕەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێبەریی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد کەوتۆتە دەست ڕوناکبیری ئەو کاتەو حیزبی شیاوی خۆی بۆ خوڵقاوە.
لە نوسخەی یادداشتێکی خانم ئەن لەمبتۆن [Ann Lambton] کە لە لایەن باڵوێزخانەی ئینگلیسەوە بۆ کوردستان ناردرابوو، سەبارەت بە بارودۆخی ئەو کات و هەستی خەلکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوا دەنوسێ:” ناوچە رووسیەکان لە دەرەوەی تەورێزەوە تا میاندواو و مەهاباد، بە شار و گوندەوە پڕ بوون لە چەکداری تەیاری کورد. من هیچ جەندەرمە یان پۆلیسی ئێرانم چاو پێنەکەوت. لەگەڵ ژمارەیەک لە کوردی ناوچە قسەم کرد، هەموویان لە ناخی دڵەوە لە سەربەخۆیی کوردستان دەدوان. یەکیان بازرگانێک بوو لە میاندواوو کە ئەستەم دەبیندرا سوودێکی ڕاستەوخۆی لە کوردستانێکی سەربەخۆدا وەچنگ بکەوێ[بەڵام] دەیگوت کوردستانی سەربەخۆ، هەرچەندە هەژاریش بێت و قوربانی لە پێناودا درابێت، دیسان لە بارودۆخی ئێستا هەر باشتر دەبێت. […] لە مەهاباد قازی محەمەد کە کوردێکی خەڵکی ناوچەکە و برای نوێنەری مەڵبەندەکەیە[لە مەجلیسی شۆرای ئێران] وادیارە سەرۆکی خاوەن دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بێت.
من وا هەستم کرد کە لە نزیکەوە پێوەندی لەگەڵ رووسەکان هەبێت و هەرچییەکی لەدەست بێت، بۆ بنەبڕکردنی نفووزی کاربەدەستەکانی ئێرانی درێغی ناکات […] رۆژنامەیەکی کوردی [مەبەست دەبێ نیشتمان بێ] کە دەگوتری بە نهێنی بڵاودەبێتەوە، قازی محەمەد لە چاپی دەدا و بەشداری تێدا هەیە. رۆژنامە کە بە گوێرەی قسەی ئەو، پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات و لەوە دەچێ وتاری لە سەر کۆمۆنیزمیشی تێدا بنوسرێ.[44] لە ڕاپۆرتی سێر ر. بوللارد(باڵوێزی بریتانیا لە ئێران) لە ژێر عینوانی’لە تارانەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە، ٢٩ی سیپتامبری ١٩٤٤ سەبارەت بە کوردستان ئاوا نووسراوە: “ئێمە، نیشانەمان لە لایەن ‘ئەتاشەی چاپەمەنی’ باڵوێزخانەی ئەعلا حەزرەت[شای بریتانیا]وە بە دەستەوەیە، کە کوردی ناوچەی رووس لە ئێران، بە ئاشکرا چەکیان هەڵگرتووە و لە سەربەخۆیی دەدوێن.[…] سەبارەت بە مەهابادیش ڕاستە و وا دیارە’قازی محەمەد’، مەرکەزی بزوتنەوەی سەربەخۆیی بێت لە کوردستان“.[45]
پاش ڕووخاندنی دەوڵەتی کوردستان و زاڵبوونی بیروباوهڕی چەپی سەرتاسەریی بەسەر بزوتنەوەی کورد و توانەوەی کوردی کمۆنیست لە حیزبە سەرتاسەریییەکاندا بەشێکی بەرچاو لە ڕوناکبیرانی کورد سەرەرای بیر و هەستی بەهێزی کوردانە تەواوی هێز و وزهو گیانی خۆیان تەرخانی ئەم بیرۆکهيهکرد کە پرسی نەتەوەیی و مافی چارەنووسی کورد بە تەواویی تەنیا لە کاتی دامەزرانی سوسیالیسم لەو وڵاتانە مسۆگەڕ دەکرێ کە کوردستانیان دابەش کردوە و لە ڕاستییدا ئەم ڕوانگەیە بو بە هۆی لادانی بزوتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ڕێبازەی کە کۆمەڵەی ژ. ک لە هەوەڵین ژمارەی نیشتمان لە پوشپەری ١٣٢٢ دا وەک “ئامانجی ایمە” بەم چەشنە ئاماژەی پێ کردبوو: “کومەلەی ژ. ک […]. بە هەمو هیزوتوانای خوی تیئەکوشیت تا زنجیر و کەلەمەی دیلی و ژیردەستی لە ئەستوی نەتەوەی کورد دامالی و لەم کوردستانە لەت و کوتەی ایستا کوردستانیکی گەورەو ریک و پیک بینیتە بەرهەم کە هەمو کوردیک بە سەربەستی تیابژیت.
” چاڵاکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێکهاتنی کۆماری کوردستان دەوامی ئەم ڕێبازە بوو. هەر وەکوو پێشەوا قازی محەمەد لە “نطقی” خۆی کە لە ژمارەی ١٠، ڕێکەوتی١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ وژمارەی اا لە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ لە “کوردستان” وەکوو بلاوکەرەوەی بیری ئەم حیزبە لە ژێر سەردێری “جیژنی سەربەخۆیی و استقلالی کوردستان” بڵاوبۆتەوە وێرای ئاماژە کردن بە مێژووی کوردستان و کۆبوونەوەی کوردان لە ژێر “عنوانی حزب دێموکراتی کوردستان” باسی وەدەستهێنانی “استقلال و آزادی کورد” بە هۆی پێکهاتنی کۆماری کوردستان دەکا. بهلام پاش ڕووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی قازی و بەشێک لە ڕێبەرانی ئەم بزوتنەوەیە پەیتا پەیتا دروشمی سەرەکیی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر کاریگەریی بیری چەپی سەرتاسەریی و حیزبی تودەی ئێران لە چوارچێوەی “دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاریی بۆ کوردستان ” قەتیس دەمێنێتەوە.
٥
پاش شۆڕشی ساڵی ٥٧ی هەتاویی لە ئێران و ڕاگەیاندنی ڕەسمیی بوونێتی سازمانێکی تازەی کوردستانیی وەکو کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە گۆڕەپانی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە بەشێکی بەرچاو لە ڕوناکبیر و کەسایەتییکورد لە ڕیزیدا دەستیان بە کار و تێکۆشانێکی سیاسی کرد، بە هۆی نەبوونی کۆنسێپتێکی نەتەوەیی و گرێدانی بەرژەوەندیی کورد لەگەڵ خەباتی چینایەتی لە کوردستان و ئێراندا گۆڕانکاریییەک لە ڕەوتی بزوتنەوەی کورد پێک نەهات و دروشمی خودموختاریی هەر وەکوو دروشمی سەرەکیی کورد مایەوە.
“کۆمەڵە” خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو ‘بزوتنەوەی مقاومەتی کورد’ کە بەشێک لە خەباتی شۆڕشگێرانە – دێموکراتیکی ئێران و سەنگەری سەقامگرتووی دیفاع لە دیموکراسی لە ئێرانە، پێناسە دەکا. “کۆمەڵە” سەرەرای دەربڕینی باوەری خۆی بە ‘ماڤی چارەنووس تا ئاستی جیابوونەوە’، خودموختاریی بە ویستی تایبەتمەندی گەلی کورد بۆ چارەسەرکردنی مەسەڵەی میللی لە قەڵەمدا، و وەکو بەشێک لە “پرولیتاریای ئاگای ئێران” هاوکات خۆی بە ‘نوێنەر و بەرەنگاری قازانجی کرێکاران و زەحمتکێشانی کوردستان’ پێناسە کرد، بەم باوەڕە بوو کە لە نێو بزوتنەوەی میللی – دێموکراتیکی ئەو کاتی کوردستان، خەباتی چینایەتی لە نێوان بۆرژوازیی و پرۆلیتاریا لە جەریانە و پەرەی گرتووە،”[46] هەر بەم پێیە، کۆمەڵە لە بریارنامەیەک کە لە جەنگەی شەری کۆمەڵە و دێموکرات وەک سازمانی کوردستانیی حیزبی کمۆنیستی ئێران بڵاوی کردوە، لە حیزبی دێموکرات وەک “حیزبێکی بورژوازیی لە بزوتنەوەی میللی کوردستان”[47] ناو دەبا.
کۆمەڵە سەرەرای ئەوەی کە زۆرینەی کادر و ئەندامەکانی کورد بوونو گۆڕەپانی خەباتیی ئەم ڕێکخراوەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەڵام بە پێی ئیدیۆلۆژیی و بیرو هزری سیاسیییەوە حیزبێکی تەواو چەپی ئێرانی بوو کە لە کاتی دامەزرانیییەوە بۆ پێکهێنانی “حیزبی چینی کرێکاری ئێران”[48] و “خەبات لە پێناوی شۆڕشی دێموکراتیی بە ڕێبەریی چینی کرێکار و دامەزراندنی کۆمەڵێکی سوسیالیستیی”[49] تێکۆشاو چارەسەریی ماڤی نەتەوایەتیی گەلی کوردیی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریی لە ئێران گڕێدا. لەم پێناوەدا کۆمەڵە بە ڕوونی لە وتارێکدا ئاماژەی کرد:” […] ئێمە بۆ گەلی کورد تەوزیح دەدەین کە لە ئێرانێکدا کە هی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرانسەری وڵات بێ، مافی نەتەوایەتیی ئەو بە باشترین شێوە بەدی دێ. ئێمە بە زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێن کە ئازادیی ڕاستەقینەی ئەوان و رزگارییان لە نەبوونیی و چەوسانەوە و زوڵم و زۆر، بەهاوپەیوەندیی لەگەڵ چینی کرێکاری ئێران تەمین دەبێ”. [50]
بەم چەشنە، حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە و هێزەکانی چەپی سەرتاسەریی بە تایبەتیی حیزبی تودەی ئێران و سازمانی فیداییانی ئەکسەرییەت [زۆرینە] لە ڕاستییدا لە سەقامگرتنی ئەم دروشمە لە “ڕەوانی کۆمەڵگادا” دەوری سەرەکیێیان گێرا و خودموختاریی وەک باشترین ڕێگای چارەسەریی کێشەی کورد ڕەخنەی کردە ناو مێشکی رووناکبیری کورد. ئێستاش دوای ئەم هەموو ئەزموونە و تێپەرینی نزیک بە ٧ دەیە لە کاتی پێکهاتنی کۆمەڵەی ژ. ک، حیزبەکانی دێموکرات و بەشە لەیەکدابڕاوەکانی کۆمەڵە کە بەشێکیشی تەنانەت لە بیری چەپیش زۆر دوور کەوتۆهتەوە و بە خەیاڵی دێموکڕاتیزە بوونی دەوڵەتی ئێرانە، بە شوێن تراویلکەی چارهسهریی پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا کەوتوون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە نزیک بە ٧٠ ساڵ خەبات لەم پێناوەدا هیچ دەستکەوتێکی ئەرێیی نەبووە و تەنانەت سەڕەرای ئەو هەموو خوێنهێ کە لە پێناوی خودموختاریی ڕژاوە، خودگەردانیییەکی فەرهەنگییشیان پێ وهرنەگیراوە، ئەم ڕێبازە بۆتە کۆسپێک لە ڕەوتی وشياریی و کيانی نەتەوەیی کورد کە لە پێناویدا شۆڕشی گەورەی کورد بە رێبەرایەتی شێخ عەوبەیدیلڵا نەهری و شۆڕشی سەربەخۆیی سمکۆی بۆ بەرپا کراوە و ئەزموونی هەمیشە درەوشاوەی وەک دامەزراندنی دەوڵەتی جمهوریی کوردستانی لێکەوتووتەوە.
٦
بێ گومان لە نێو هەر کۆمەڵگایەکدا بە پێی بوونی چین و توێژی جوراوجور، حیزب و ڕێکخراوەی ڕەنگاوڕەنگ بە بیر و کرداری جیاوازەوە درووست دەبێ. لێرەدا بە پێی هەڵومەرج و بارودۆخی مێژوویی کوردستان کە لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەشکراوە، ئەم پرسیارە دێتە پێش کە ئەرکی سەرەکیی حیزبێکی کوردیی بە هەر بیر و باوەرێکەوە چییە و کام ڕێباز کورد بە کیان و سەروەریی خۆی نزیک دەکاتەوە. بڵێی ئەرک و پڕۆگرامی حیزبێکی کوردیی یەک لەوان چەپ لە وڵاتێکی داگیرکراو و کوڵۆنیکراودا هاوئاهەنگیی لەگەڵ حیزبێکی سەرتاسەریی یان حێزبێک بێ کە نەتەوەکەی کێشەی میللی نییە و بە دەوڵەت و کیانی خۆێ گەیشتووە؟ بڵێی بە لەبەر چاوگرتنی بیر و باوەڕی هێزە سەرکیییەکانی ئێرانیی سەبارەت بە کێشەی نەتەوەیی بە گشتیی و کێشەی کورد بە تایبەتیی کە تەنانەت ماڤی کورد لە چوارچێوەی تەسکی خودموختاریش بە ڕەوا نابینن و لەهەر حاڵەتێکدا مۆڕی جیاییخوازیی لە نێوچاوانی هەڕ کوردێک دەدەن، بە شوێن چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا تەنێا بە هرزدانی هێز و توانایی کورد و بە فیرۆدانی کات و دەرفەتەکانی مێژوویی نەبێ؟
ئایا بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕاستیییە کە کورد وەکو نەتەوەیەک، واتە بە تەواوی چین و توێژەکانیییەوە دەچەوسێتەوە و پێویستە شێوەی خەباتیی لە پێناوی یەکگرتنەوەی ولاتە دابەشکراوەکانی کوردستان بێ، بلێی تەنانەت ئەگەر لە کۆمەڵگایەکی فیدرالێشدا بە ئازادی بگات، کێشەی نەتەوەیی ئەو چارەسەر بکرێ؟ بڵێی نەتەوەێک کە بە کۆمەڵ لە تەواوی بوارەکانی ژیانییدا لە ژێر زوڵموزۆری نەتەوایەتییو ڕەگەزپەرەستیی سەقامگرتوو دایە، بە گەێشتن بە ماڤی شارومەندنی لە ئێراندا لەم کێشە مێژوویییە ڕزگار بێت؟ ئایا لە کوردستاندا ئەرکی سەرەکیی حیزبەکان دەبێ تەنیا لەچوارچێوەی بەرگریی لە ماڤی چین و توێژەکان و گەێشتن بە ماڤێ مرۆڤ قەتیس بمێنێتەوە؟
کاتێک وڵامی ئەم پڕسیارانە نەرینیی بێ، پێویستە تێکۆشەری کورد لە هەنگاوی هەوڵدا هەوڵی ڕزگاربوونی خۆی لەم بارودۆخە بدات و بۆ گەیشتن بە ماڤی ڕەوای خۆی تێبکۆشێ و ڕووی سەرەکی بزوتنەوەی کورد بەرەو ڕەوتی مێژوویی خۆی بگەرێنەتەوە و لەوە زۆرتر نبێتە پاشکۆی بیری ئێرانچیەتیی بە چەپ و ڕاستیییەوە؟
کاتێک ئەم ڕاستیییە کە مەسەڵەی کوردستان وەکو وڵاتێکی داگیرکراو نە لەبوون لە چوارچێوەی ئەم وڵاتانە، بەلکوو بە پێچەوانە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد چارە دەکرێ ببێتە ناوەرۆکی فیکریی ئەم چەشنە حیزبانە، ئەو کات خەبات لە پێناوی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت و کیانی نەتەوەیی دەبێتە ستراتێژیی سەرەکیی ئەوان و لە پێناوی ئەم ئامانجەدا تاکتیکەکانی کاتیی بە پێی باڕودۆخ و پارهسهنگیی هێزەکان، ئاستی ئاگایی نەتەوەیی، ڕێکخستن و کۆکردنەوەی کۆمەڵی خەڵک لە دەوری ئەو دروشمانەی کە بزوتنەوی ڕزگاریخوازی کورد لە پێناوی گەیشتن بە ئاواتی مێژوویییان نزیک دەکاتەوە، تەنزیم دەکرێ و ستراتێژیی کورد فیدای تاکتیکی کاتیی ناکرێ. بەم پێیە پێویستە هێزێ چەپیش نە تەنیا بۆ وەدیهێنانی حەقی زەحمەتکێشی چەوساوەی کورد تێبکۆشێ، بەلکوو ئەم ڕاستیییەش لەبەر چاو بگڕێ کە زەحمەتکێشی کورد و تەواوی چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵگایە مەسەڵەیەکی زۆر گرینگی دیکەیان بە ناوی “مەسەڵەی نەتەوەیی”هەیە و بێ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، مەسەلەی چینایەتیییان چارەسەر ناکڕی و پێویستە کورد ئەوهڵ ماڵی و کیانی خۆی دروست بکا تا بتوانێ لە کوردستانێکی سەربەخۆدا بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، دێموکرات و نزامێکی دادپەروەر خەبات بکا. ئەوهبەو مانایهیە کە بوار و سروشتی خەباتی سەرەکیی بزوتنەوەی کورد لە قۆناخی هەوەڵدا ڕزگاریخوازانەیە، پێویستە لە بەرەیەکدا تەواوی چین و توێژی کورد بە هەر بیر و باوەرێکەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان تێبکۆشن.
کۆتایی
“کوردمو داوای حقوقی پایەماڵی خۆم دەکەم
ماڵی خۆمە مڵکی کورد، داوای ماڵی خۆم دەکەم
گەرچی لای آغا خەیاڵی خاوە فیکری میللیەت
من لەلام باشە هەتا ماوم خەیاڵی خۆم دەکەم
من لەدەس بێگانە قەط ناکەم شکایەت ئەی رەفیق
گەر شکایەت کەم لە چەنگی مام و خاڵی خۆم دەکەم”
هیگل ]فیلسۆڤی ئەلمانیی[ دەڵێ: ‘تا ئێستا هیچ کەس، هیج کات شتێک لە مێژوو فێر نەبووە’. ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەوە لەم ڕاستیییە کەم ناکاتەوە کە مێژوو مرۆڤ فێری چەند وانەیەکی بە کەڵک و ژیرانە دەکات و پێویستە ئینسان لە مێژوو دەرس وەرگرێ، ئەنجامە بە کەڵکەکانی دەرکێشی و بەڵانیکەم هەڵەی پێشینیان دووپات نەکاتەوە. لێرەدا خەتاکار دەرسەکانی مێژوو نییە، بەلکوو نەبوونی بڕشت و لێهاتوویی بۆ فێربوونی ئەم دەرسانەیە.”[52] تەواوی ڕووداوە دڵتەزێکانی دوو سەدەی ڕابردوو نیشانیداوە کە نەبوونی دەوڵەتی یەکگرتووی کورد و کوڵۆنیبوونی کوردستان هۆی سەرەکیی تەواوی ئەم بەسەرهاتە تاڵانەی نەتەوەیەکی ٤٠ میلیۆنیییە کە لە سەدەی ٢١یشدا لە ماڤە ڕەواکانی خۆی بێ بەش کراوە و ئەم نوقسانە گەورەترین کۆسپی سەر ڕێگای گەشەسەندنی کورد لە تەواوی بوارەکانی ژیانی ئەمڕۆییدایە. کۆرد بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی مێژینەی خۆی تەنیا و تەنیا ڕێگایەکی لە پێشە، ئەویش خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و کیان و سەروەریی خۆیەتی. میللەتی کورد بێ سەربەخۆیی، هیچ کاتێک بە هێمنی و ئاواتەکانی خۆی ناگات و ڕۆلەی کورد وەک دیل و ژیردەستی نەتەوەی زاڵ دەمێنێتەوە. ڕووداوەکانی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانیداوە کە تەواوی گۆرانکاریییەکانی جیهانیی و ناوچە هەڵو مەرج ودەرفەتی پێویستی بۆ گەیشتن بەم ماڤەی پێکهێناوە و کورد تەنیا لە ڕێگای یەکێتی و خەباتی ژیرانە چ لە ئاستی کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیوەراست و چ لە ئاستی جیهانییدا دەتوانێ بەم ئاواتە پیرۆزە یانی “سەربەخۆیی کوردستان” بگات.
سەرچاوکان:
[1] کوردستان ماڵی کوردە، ع. ساسان[وەهاب بلووریان]، نیشتمان، ژمارەی -١، لاپەرەی ٢٣ساڵی یەکەم، پوشپەری ١٣٢٢، ئامادەکردنی عەلی کەریمی، بنکەی ژین سلێمانی ٢٠٠٨
[2] تاریخ کردستان، مولفان لازایف، محوی و دیگران. وضعیت کوردستان ایران در سالهای دهە ١٩٣٠ میلادی. ص ١٩٥ تا ١٩٧ ترجمە منصور صدقی و کامران امین آوە، چاپ اول ٢٠٠٧ ، آلمان
[4] مبارزە خلق کرد علیە استعمار انگلیس در خاطرات ” احمد تقی” یا صفحەای از انقلاب شیخ محمود حفیدزادە برزنجی(ملک نەمر-جاوید) و اسماعیل آقا سمکو و جنبش “رواندوز” و ارتباط آن با کشورها، ص . ٦٢ ، تهیە و تنظیم: جلال تقی، ترجمە احمد محمدی، سنندج ١٣٧٩[ ئەحمەد تقی یەکێک لە کوردە تێکۆشەرەکانی پاش شەڕی یەکەمی جیهانیی بوو کە بە پێی پێوەندیییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ شێخ مەحمودی نەمر و سمایل ئاغا سمکۆ بە باشی ئاگاداری ڕووداوەکانی ئەو کاتە بووە. ئەحمد تقی بە ویستی مامۆستا ڕفیق حلمی بەگ بیرەوەریییەکانی خۆی لە دوو بەرگ نووسیوە کە تەنیا بەرگێکی چاپ و بلاو بۆتەوە. ئەحمەد تقی لە ١٣.١.١٩٦٠ کۆچی دوایی کرد.]
[6] جامعە ایران در دوران رضا شاە، جهان بینیها و جنبشهای اجتماعی در ایران(کتاب دوم – جزء دوم) احسان طبری ص. ٤٥-٤٤
http://www.adabestanekave.com/book/jameh-iran-dar-doran-rezashah.pdf
[10] یادی از جنبش بهمن ” نظری بە پیدایش جنبش دمکراتیک در کردستان ایران” علی گلاویژ. نشریە دنیا، دیماە ١٣٥٦، شمارە ١٠، سال چهارم، دورە سوم ،
[11] ژمارەی ٦ی نیشتمان، ڕەشەمەی ١٣٢٢ ، نیشتمان، بلاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک، ئامادەکردنی عەلی کەریمی، بنکەی ژین سلێمانی {jcomments off}٢٠٠٨
[12] دیاردەی کومەلەی ژ. ک بو لاوەکانی کورد، ١٣٢٢-١٩٤٣ لاپەرەکانی ١٤ و ١٥، پاشکۆی نیشتمان، بلاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک لاپەرەی ٢٠٩ و ٢١٠، ئامادەکردنی عەلی کەریمی، بنکەی ژین سلێمانی ٢٠٠٨
[15] تاریخ کردستان، مولفان لازایف، محوی و دیگران ص. ١٨١-١٨٢، ترجمە منصور صدقی و کامران امین آوە، چاپ اول ٢٠٠٧ ، آلمان
[18] اتحاد جماهیر شوروی سوسیالیستی و کوردستان(سالهای ١٩٤٥-١٩١٧)، پروفسور لازاریف. مترجم کامران امین آوە
[20] تاریخ کردستان، مولفان: لازاریف، محوی، حسرتیان، ژیگالینا. واسیلیهواـ مترجمان: منصور صدقی، کامران امین آوه، ص ١٩٩-١٩٧انتشارات فروغ، آلمان، چاپ اول فروردین ١٣٨٦
ڕووداوهکانی رۆژههڵاتی کوردستان لهچهند بهڵگهنامهیهکی شورهویدا(١٩٤٥ ـ ١٩٤٧)، ڵاپهرهی ١٤، د. ئهفراسیاو ههورامی http://www.pertwk.com/ktebxane/node/1162
[23] تاریخ کردستان، مولفان: لازاریف، محوی، حسرتیان، ژیگالینا. واسیلیهواـ مترجمان: منصور صدقی، کامران امین آوه، ص٢٢٧، انتشارات فروغ، آلمان، چاپ اول فروردین ١٣٨٦
[25] اتحاد جماهیر شوروی سوسیالیستی و کوردستان(سالهای ١٩٤٥-١٩١٧)، پروفسور لازاریف. مترجم کامران امین آوە
[26] ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیستی و کێشەی کورد و چەند بەڵگەنامە لە ئارشیڤەکانی سۆڤیەت(٢)، ف. یورتایف (وەرگێرانی: دوکتۆر ئەفراسیاو هەورامی – موسکۆ) گۆڤاری هاوار، بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی، ساڵی چوارەم – ژمارە ١٦، خاکەلێوەی ٢٠٠٤ لاپەرەکانی ٣٣-٣٩
[27] کوردستان معاصر، بخش چهارم: وضعیت کوردستان ایران در حکومت اسلامی، ژیگالینا، ص ٦٣ ترجمە کامران امین آوە، چاپ اول ١٩٩٩
[28] حیزبی کمۆنیستی ئێران لە کۆنگرەی یەکی خۆی لە ١ی گەلاوێژی ١٢٩٩(٢٣ ژوئنی ١٩٢٠) لە بەندەر ئەنزەلی باسی” ماڤی خودموختاریی تەواوی نەتەوەکان لە چوارچێوەی یەکێتی ئێران” دەکا. بڕوانە حزب کمونیست ایران/ شوروی/ گیلان، پروفسور سپهر ذبیح. http://xalvat.org/Nashr-eDigaran/551-600/557.Sepehr.pdf بەڵام لە کۆنگرەی ٢ لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٧دا بەم چەشنە ئاماژە بە مەسەلەی میللی لە ئیران دەکا:” ئێران ولاتێکی فرەنەتەویییە و پێویستە زەحمەتکێشانی ئەم مەملەکەتە سەرنجێکی تایبەتیی بەم مەسەلەیە بدەن…. حیزب لایەنگڕی ئازادی کەمایەتیییەکانی میللی تا ئاستیی جیابوونەوەیە. صفحاتی چند از جنبش کارگری و کمونیستی ایران در دوران اول سلطنت رضا شاە( ١٩٢٢-١٩٣٣) اردشیر آوانسیان، سال ١٣٥٨، لاپەرەی ٣٩
http://iran-archive.com/sites/default/files/sanad/hezbe_toode-avanesian_kargari.pdf
[29] بیانیە فرقە کمونیست ایران (١٣٠١) ص ٦٩-٦٦
http://iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab
-2%20sanad_fergheye_komonist.pdf
[30] ایران معاصر، آ. سلطانزدە، مسکو ١٩٢٢، ص ٩٧
http://www.iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-soltanzadeh.pdf
[32] کورد و کوردستان، لاهووتی، وەرگێرانی لە ڕووسییەوە دوکتور جەبار قادر: ١٩٩٨، سەرچاوە:لاهووتی کرماشانی شاعیری شۆرشگێری کورد، پاشکۆی دووهەم. لاپەرەی ١٩٧ / نووسینی ئەنوەر سوڵتانی – سڵێمانی، بنکەی ژین ٢٠٠٦
[34] تاریخ هیجدە سالە آذربایجان، بازماندە تاریخ مشروطە ایران، بخش چهارم ص ٨٣٠چاپ دهم ١٣٧١، انتشارات امیر کبیر.
[35] تاریخ مختصر احزاب سیاسی ایران – انقراض قاجار، بەرگی یەکەم، ملک الشعرای بهار، ص ٢٦٥-٢٦٦ انتشارات امیر کبیر، تهران ١٣٥٧
[36] اسناد و دیدگاەها، حزب تودە ایران از آغاز پیدایی تا انقلاب بهمن ١٣٥٧ ، چاپ اول ١٣٦٠. ص: ٦٦ و ١٤٣
[38] کۆی نووسراەکانی لەنین، بەرگی ٢٣، لاپەرەی ١٩٨، وەرگیراو لە ” در بارە ملت و مسلە ملی، احسان طبری، مردم، ارگام مرکزی حزب تودە ایران، دورە هفتم، سال اول، شمارە ٥٣، پنجشنبە ٢٥ مرداد ماە ١٣٥٨
[41] يادی از جنبش دوم بھمن “ نظری به پيدايش جنبش دموکراتيك در کردستان ايران” ع. گلاویژ، نشريه سياسی تئوريك “دنيا”، دی ماه ١٣٥٦، شماره ١٠ ، سال چھارم دوره سوم http://bokan.de/laperekan/farsi/syaset/nusrawekan.pdf هەروەها بروانە بابەتێکی رزا شەلتوکی لە: نشريه سياسی تئوريك “دنيا”، دی ماه ١٣٥٨، شماره ٦. باز نشر:
http://www.rahetudeh.com/rahetude/2011/04sep/3/shaltuki3.html
[42] کورتە مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، چڵ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی د. عبدالرحمن قاسملو، لاپەرەی ١٥-١٦ http://www.kurdistanukurd.org/ku/kteb/korta%20mejuyi%20hizb.pdf
[43] تاڤگەت هەقیقەت ١، کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی، باسێک لە سەر دروشمی بنەرەتیی حیزب،١٣٦٤، لاپەرەکانی ٢٨٧-٢٨٥
http://www.peshmergekan.eu/kteb/kawe/tavgeyheqiqet%20bargy_1.pdf
[44] Fo371/401173/13978 نوسخەی یادداشتێکی خانم ئەن.ک. س. لەمبتۆن. ئاتاشە(راسپێراوی) چاپەمەنی باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران ١٣ی سیپتەمبەری ١٩٤٤، پێوەندیی کورد لەگەڵ رووس. سەرچاوە: ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیادا(وەرگێراوی کوردی ١٣٠ بەڵگەنامە) لاپەرەی ٦٧، ئەنوەر سوڵتانی بنکەی ژین ٢٠٠٥
[46] پیشرو، ارگان تئوریک سیاسی، قطعنامەهای مصوب کنفرانس اخیر کۆمەلە، جنبش مقاومت خلق کرد و مسلە ملی در کردستان ص. ٧ و ٨. شمارە ٢ (ضمیمە ٢) ١٤ مهر ٦٠
[47] اطلاعیە پایانی سومین پلنوم کمیتە مرکزی کومەلە، قطعنامە نشست وسیع کمیتە مرکزی کومەلە در بارە جنگ جاری میان حزب دمکرات و کومەلە، ص. ٥، تیر ماە ١٣٦٤
http://iran-archive.com/sites/default/files/sanad/komala_sanade_sevomin_pelenom.pdf
[48] بررسی انتقادی تجربە حزب کمونیست ایران، گۆڤاری ” افق سوسیالیسم” شمارە ٤.[ وەگیراو لە لە کتێبی چەپ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵي و دۆزی ناسیونالی کورد، نووسینی ئەیوب ئەیوبزادە، بەرگی یەکەم ٢٠٠٢، لاپەرەی ٢٩].
[49] پێشرەوی ژمارە ٢ ئورگانی تیئوریک – سیاسیی کۆمەڵە،، ١٣٦٠ی هەتاویی، وتاری لە کۆنگرەی یەکەمەوە بۆ کونگرەی دووهەم، [ وەگیراو لە لە کتێبی چەپ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵي و دۆزی ناسیونالی کورد، نووسینی ئەیوب ئەیوبزادە، بەرگی یەکەم ٢٠٠٢، لاپەرەی ٢٩-٣٠].
[50] پاشکۆی پێشرەوی کوردی، ژمارە ٢، ٥ی خەرمانانی ١٣٦٠، وتاری کۆمەڵە و مەسەلەی نەتەواویەتی لە کوردستان، [ وەگیراو لە لە کتێبی چەپ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵي و دۆزی ناسیونالی کورد، نووسینی ئەیوب ئەیوبزادە، بەرگی یەکەم ٢٠٠٢، لاپەرەی ٣٠٠].