لە ئەم بەشەدا پێش لە ئیدامە دانی باسی چالاکی و تێکۆشانی هاوڕێیانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی، هەوڵ ئەدەم بە کورتی باسی هاتن و دەور و کاریگەری خاچی سووری نێو دەوڵەتی لە ئەو ئۆردووگایە بکەم.
هەر لە ئەو پێوەندییەدا باسێکی کورتی شورای پەنابەران و شورای مامۆستایانیش (شورای موعەلمین) ئەکەم.
هەر وەها بە پێویستیشی ئەزانم کە باسی هاتنی ئەو بەشە لە ئەو پەنابەرانە و دەور و کاریگەرییان بکەم کە بە زگوردەکان یان مجەڕەدەکان ناوبانگیان دەرکرد.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا لە سەر مێژووی درووست بوونی بایعەکەش (بازاڕی ئۆەدووگاکە) باسێکی کورت ئەکەم.
هاتنی خاچی سووری نێودەوڵەتی (سەلیبی سوور) بۆ ئۆردووگای ڕومادی
لە ئاخر و ئۆخری ساڵی ١٩٨٣ و سەرەتای ١٩٨٤ خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ یەکەم جار پێیان لە ئۆردووگای ڕومادی کرایەوە. بە هاتنی خاچی سوور (سەلیبی سوور) بۆ ناو ئۆردووگا کە پێموایە لە سەرەتاکانی ١٩٨٤وە بوو وەزعەکە گۆردرا. هەر چەند ماوەیەک پێشتریش حکوومەت دەستی کرد بوو بە دانی یارمەتی مانگانە و خەریک بوو کەمێک لە چاو پێشووتردا وەزعەکە (لە باری ماڵییەوە، بە هۆی دانای ئەو یارمەتی مانگانەوە) باشتر ئەبوو.
کار بە دەستانی خاچی سوور لە ناو ئۆردووگاه دەستیان دایە ناو نووسین کردنی خەڵک و پرسیاریان ئاراستەی سەرپەرەستی بنەماڵەکان ئەکرد کە ئایا ئەتانەوێت بتان هەنێرین بۆ وڵاتانی سێیەم؟ لە ئەو ناوچانە کە گەڕا بوون بێجگە لە ژمارەیەکی کەم نەبێت کە کارتی ئەو ئۆرگانەیان وەرگرت بوو، زۆر کەس وڵامی نە خێریان دابووە و وتبوویان کە نایانەوێ بڕۆن بۆ خارج.
مەبەست لە خارج وڵاتی سێیەمی پەنابەر وەرگر بوو. بە داخەوە لە ئەو سەردەمەدا ڕادەی ۆشیاری و زانیاری ئەو خەڵکە لە ئەو ئاستەدا نەبوو کە بزانن دەرچوون لە عێراق بەرەو وڵاتی سێیەم چەندە گرنگی هەیە. سالانی دواتر وەهای لێ هات کە تەقریبەن هەموو خەڵکەکە دەیانەویست بێنە دەرەوە، بەڵام بە کردەوە ئەو دەرفەتە بۆ هەمووان نەڕەخسا.
ئەو سەردەمە ئەوەی باو بوو کە ئەیان وت هەر کەس بڕوات بۆ خارج کافر ئەبێت و ئەم شتە بۆ ماوەی دوو ساڵی ئەوەڵ ببوو بە بنێشتە خۆشەی سەر زاری بەشێک لە خەڵکی ئەو ئۆردووگایە. بە تایبەت لە لایەن هندێک لە مەلاکان، سەرۆک عەشیرەتەکان و دەست و پیوەندەکانی ڕژیمەوە (مەبەست ڕژیمی عێراقە) ئەو تەبلیغە دەکرا کە خارج جێگەی مرۆڤی موسڵمان نییە.
من خۆم و خانەوداەم لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦ نۆبەمان هات و کارتی سەلیبمان وەرگرت و دوای ٨ ساڵ و دوو مانگ چاوەڕوانی و مانەوە لە کەمپی ئەلتاش، مانگی سپتامبری ساڵی ١٩٩٠ ئۆردووگامان بە جێ هێشتوو و هاتینە وڵاتی سوید. وەرگرتنی کارتی سەلیب لە ئەو ئۆردووگایە و لە ئەو کاتەدا بە مانای ئەوە بوو کە شانسێکت لە لای ئەو ڕێکخراوە هەبوو بۆ ئەوەی بتخاتە لیستی وڵاتێکی پەنابەردەرەوە.
لە چەند شوێنی تردا باسم کردووە و وتوومە کە ئەگەر سەلیبی سوور نەهاتایەتە ئەو ئۆردووگایە و بە ئەو خەڵکەی نەزانیبایەت، کەس نەیدەزانی کە دەسڵاتی بەعسی عێراق چی پیلانێکی بۆ دواڕۆژی ئەو خەڵکە داڕشتبوو و چی بە سەری ئەو خەڵکەی ئەهێنا؟
هاتنی سەلیبی سوور بۆ ئەو ئۆردووگایە (١٩٨٣- ١٩٩١) و دواتریش یوئین لە ڕاستیدا یارمەتیدەرێکی باش بوون بۆ ڕزگار کردنی ئەو ٨ هەزار بنەماڵەی کە بە ٤٠هەزار کەس مزەندە دەکران لە پیلانی لە ناو چوون .
ئەگەر چی نەکرا هەموو ئەو خەڵکە ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم بکرێت و تەنیا توانرا لە سەدا بیست و پێنجی (٢٥%) پەنابەرییان بۆ وەرگیرێت و لە عێراق ڕزگاریان ببێت، بەڵام بە ئەو حاڵەشەوە هەر باش بوو. دڵنیام هەم خاچی سوور و هەم یوئینیش کارەکانیان و هەڵسووکەوتەکانیان بێ کەم و کۆڕی نەبووە. ئەوان دەیانتوانی کاری زیاتریان بکردایەت و بە چاوی ئینساف وعەداڵەتەوە ئەو ئەرکەی کە پێیان سپێردرا بوو ڕێک و پێکتر بە ڕێوەیان ببردایەت. بەڵام هەر ئەوەندەش کە کرا خۆی لە خۆیدا کاری زۆر چاک بوون. شتێکی تر کە خاچی سوور وەک خزمەت و ئەرک بۆ ئەو ئۆردووگایە کردیان، هێنانی پێنووس و دەفتەر، دیکشنری، کتێب و چەندها مەکینەی خەیاتی و پارچە (قوماش) و و ئەو شتانەی تر بوون کە درانە دەست شۆرای مامۆستایان بۆ ئەوەی لە بەینی خەڵک و منداڵی خانەوادەی کەم دەرامەتدا دابەشیان بکەن. یان دیکشنرییەکان بدرێنە ئەو مامۆستایانە کە وانەی زمانیان دەوتەوە. دواتریش لە ساڵی ١٩٩١ بە دواوە یوئینیش گوایە لە هێنانی هندێک خواردن بۆ ئۆردووگا خزمەتی ئەو خەڵکەی کردووە.
هاتنی پەنابەرانی تر کە لە لایەن خەڵکی پێشووتری ئۆردووگاوە بە زگوردەکان (مجەڕەدەکان) دەناسریان.
هەر لە ئەو کاتەدا بوو (ساڵی ١٩٨٤) کە لە هەموو ئێرانەوە و بە تایبەت لە کوردستانەوە و لە نێو ڕێکخراوە سیاسیەکانیشەوە بە تاک و بە گرووپی چەند کەسی پەنابەرانێکی تر ڕوویان لە ئۆردووگاه کرد کە لە لایەن خەڵکی ئۆردووگاوە پێیان دەگووترا زگوردەکان (مجەڕدەکان). ئەگەر چی خانەوادەشیان تێدابوو. ئەم بەشە لە ڕاستیدا پەنابەرانێک بوون کە لە بەر سیاسی بوون، شەڕی عێراق – ئێران و یان هەر بۆ دەرباز بوون بەرەو وڵاتانی سێیەم دەهاتن بۆ عێراق. هەر لە سەر سنوورەکان یان لە شارە سنوورییەکان کە خۆیان بە پاسگاه و دام و دەزگاکانی حکوومەتی عیراق دەناساند لە ڕێگای تەسفیراتەوە (زیندانی کاتی) دەهێنران بۆ ئۆردووگای ڕومادی. زۆر جار ناچار دەبوون کە هەر لە کاتی خۆ تەسلیم کردن تا گەیشتنیان بە ئۆردووگاه یەک مانگ یان زیاتریش لە تەسفیراتدا بمێننەوە. ئەمە بۆ ئەو خانەوادانە کە منداڵیشیان لە گەڵدا بوو یەک جار ناخۆش و نالەبارتر دەبوو. ئەم بەشە لە پەنابەران پێش لە ڕومادی ناردرا بوون بۆ شاری سەماوە، بەڵام زۆری پێ نەچوو حکوومەت شوێنی ژیانیانی گواستەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی.
لە سالەکانی ١٩٨٦ یان ١٩٨٧ بە دواوەش لە نزیک شاری حلە کەمپێکی تریان بۆ ئەو پەنابەرانە کردەوە کە لە ئێران و لە نێو ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە دەهاتن بۆ عێراق بە مەبەستی درچوون بۆ وڵاتی سێیەم لە ڕێگای یوئینەوە. بەڵام هاتنیش بۆ ئۆردووگای ڕۆمادی هەر بەردەوام بوو. جیاوازی کەمپی حلە و ئۆردووگای ڕومادی لە ئەوەدا بوو کە ئەو لە ژێر چاودێری یوئیندا بوو و ئۆردووگای ڕومادی لە ژێر چاودێری سەلیبی سووردا. ئەگەر چی بۆ ناردنی خەڵک بۆ خارج هەر دوو لایان لە بەغداد پێکەوە هاوکاری یەکتریان ئەکرد و پێکەوە بڕیاریان ئەدا کە چەند کەس لە حلە و چەند کەس لە ئەلتاش دەبێ لە ساڵدا بنێردرێتە دەرەوە. جیاوازییەکی تر ئەوە بوو کە لە حلە تەنیا چەند سەد کەس دەژیان، بەڵام لە ڕومادی زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس. لە ڕومادی ئیمکاناتی یوئین و خاچی سوور زۆر سنووردارتر بوو.
دەور و کاریگەری پەنابەرە تازەکان، ناسراو بە مجەڕەدەکان لە سەر ئۆردووگای ڕومادی
لە نێو ئەو دەیان و لە سەر یەک سەدان کەسەی لە ئەو توێژە پەنابەرانە کە لە ساڵی ١٩٨٤ بە دواوە ڕوویان لە ئۆردووگای ڕومادی کرد، مرۆڤ ناتوانێ دەور و کاریگەریان لە سەر بەشێک لە لاوانی ئۆردووگاەکە بە کەم بژمێرێ و یان بە لایاندا تێپەڕێ. لە نێو ئەو کەسانەدا دەکرێ کەسانی وەک حەمە سوور، ئایەت، دوکتور نەبی، خالید، زاهید، مەسعوود سنەای (یادی بەخیر)، عەلی جان ڕەوانسەری، حەبیب، ئازاد سنە، فایەق، فەرزاد، فەرهاد، هومایون، هاشم سروش و چەندهای دیکە ناو بەرین کە بۆ پەرە پێدانی بیری کۆمەڵە بە پێێ تواناکانی خۆیان هەوڵیان دا. کۆمەلە بوون و بە ئاشکرا خۆ بە لایەنگری کۆمەڵە زانین، بە تایبەت بۆ مجەڕەدەکان لە ئەو ئۆردووگایە لە چاو ئێمە کە کەس و کارمان و تایفەمان لە ئەوێ بوو زۆر دژوارتر بوو.
لە ناو ئەم توێژە لە ئەو پەنابەرانە (زۆر بەداخەوە) لە بەر بیر جیاوازیی زۆر جار لە لایەن دژبیرانیانەوە ڕوو بە ڕووی توند وتیژی و بێ حورمەتی دەبوونەوە. لە نێو ئەو پەنابەرانەدا تەنانەت کەسانی غەیرە کوردیش هەبوون کە یان پێشتر پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون و یان لە ئێران و لە ئۆردووگای ڕۆمادی کۆمەڵەیان ناسیبوو.
لە نێو ئەم توێژەدا دەتوانم ناوی ئەم کەسانە بهێنم: موحەمەد تورکەمن و جەلیل شیرازی (هەر دووکیان پێشتر پێشمەرگە بوون)، عەباس عەرب، ئەمیر عەرەب، کەسێکی تری عەرەب کە ناویم لە بیر نەماوە، (ئەمانە خەڵکی خوزستان بوون) و هەر وەها کەسانی تریش هەبوون..
هەر وەها جێگای خۆیەتی کە ڕێز بگرم لە یادی دوو لایەنگری دڵسۆزی کۆمەڵە کە لە ئاوی ئەو ڕووبارەی لە نزیک شاری ڕومادی خنکان و ژێانیان لە دەست دا. ئەو دووگەنجە جوانەمەرگە کە یەکێکیان ناوی خالید بوو و بەداخەوە ناوی ئەویتریانم لە بیر نەماوە لە دوای گەڕانەوە لە کرێکاری ڕوژانە لە شاری ڕومادی، دەچن بۆ مەلە کردن و بە ئەو جۆرە ئاوی ئەو ڕووبارە ژیانیان لێ ئەستێنێ. پێموایە ئەم ڕوداوانە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵەکانی ١٩٨٨ و یان ١٩٨٩.
جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە تەرمی ئەو دوو گەنجە لە گەڵ تەرمی کوڕێکی تری خەڵکی ناوچەی کرماشان بە ناوی محەمەد ڕەزا کە ئەویش بە شێوەیەکی گوماناوی لە ئاوی ڕووبارەکە دۆزرا بووە و لە لایەن ماڵە عەرەبێکەوە کە ناوبراو کاری بۆ کرد بوون گەیەندرا بووە نخۆشخانەی شاری ڕومادی و بە دوور لە کەس و کاریان (لە دوو کاتی جیاوازدا) لە لایەن ئێمە، لایەنگرانی کۆمەڵە و کۆمیتەی پەنابەرانی ڕومادی و جەمعێک لە مجەڕەدەکان بە ئەو پەڕی ڕێزەوە لە یەکیک لە گۆڕستانەکانی ئۆردووگای ڕومادی بە خاک ئەسپەردە کران. یادی بێ کەسی و بێ نازییان بۆ هەتا هەتایە لە بیر ناچێت!
بۆ مێژوو دەیڵێمەوە لە سەر گۆڕی ئەم سێ گەنجە بێ نازە تەنیا ئێمە لایەنگران و دۆستانی کۆمەڵە و چەند کەس لە مجەڕەدەکان ئامادە بووین. هەر بۆیە جێگای خۆیەتی کە هەر وەک زۆر جار لە ئێرە و ئەوێ وتوومە، ئیستەش دووپاتی بکەمەوە کە کۆمەڵەییەکان لە ڕومادی باوانی خەڵکی بێ کەس بوون، تەنانەت لە کاتی مەرگیشیاندا خۆمان بە کەسیان زانیوە.
هەر وەها لە نێو ئەو خانەوادانەش کە دەهاتنە ئۆردووگای ڕومادی، خانەوادە و بنەماڵەی وەها هەبوون کە لە کوردستان کۆمەڵە، چی بە پێدانی بەڵگەی لایەنگری و چی هاوکاری لە بواری تردا یارمەتی دابوون و ببوون بە دۆست و لایەنگری کۆمەڵە. بەشێک لە ئەو خەڵکە دڵسۆز بوون و کاریگەری باشیان لە دەور و بەری خۆیان دائەنا و بەشێکی تریشیان جار و بار بە هەڵسووکەوت و تەبلیغی نیگەتیڤ کێشە و دەردی سەرییان بۆ ساز ئەکردین. لە ناو ئەو خانەوادانەدا دەتوانم باسی ئەم خانەوادانە بکەم: ماڵی عەلی و پەروین (خەڵکی مهاباد)، عومەر و خەجیج (بانەای)، عەبدوڵا (گاگلی)، مەحموود و مریەم (مەریوانی) سەلام و هاەسەری (خەڵکی ناوچەی سەردەشت کە پێشتر سەر بە حیزبی دیموکرات بوو) و کەسانی تر.
لە نێو ئەو خانەوادانەدا دوو، سێ کەسیان لە ژیاندا نەماون کە بریتین لە دادە خەجیج خێزانی کاک عومەر، کاک عەبدوڵا گاگلی و خێزانی. یادیان بە خێڕ بێت! هەر وەها لە ناو موجەڕەدەکانیشدا بێجگە لە ئەو کەسانە کە باسم کرد، کاک مەسعوود خەڵکی شاری سنەش کە ساڵی ١٩٨٦ گەڕایەوە بۆ کوردستان و لە سەر سنوور کاسبی ئەکرد بە پیلانێک لە نێو چوو و گیانی لە دەستدا، یادی هەر هەموویان بە خێر!
شتێکیش لە سەر سەلام، خەڵکی ناوچەی سەردەشت کە پێویستە باس بکرێت. ئەم کەسە دوای دوو، سێ ساڵ مانەوە لە ڕومادی و لایەنگری کردن لە حیزبی دیموکرات، ساڵی ١٩٨٨ یان ١٩٨٩ پێوەندی کرد بە کۆمەڵەوە. لە ماوەی ٦ مانگ لایەنگری کردنی لە کۆمەڵە لە ڕومادی هەر زۆر تۆخ ببوو بە کۆمەڵە و جار جارێک بە منی ئەوت، فڵانی خۆزگەم بە خۆت کە زووتر بویتە کۆمەڵە. ئەم کەسە لە گەڵ خانەوادەکەیدا گەڕانەوە بۆ کوردستان و پێموایە ماوەیەکیش وەک لایەنگری کۆمەڵە لە ئەو سەر سنوورانە کار و کاسبی کرد بوو، بەڵام دواتر بیستمەوە کە کەسێکی زۆر باشی لێ دەر نەچووە و گوایە دەستی لە گەڵ ڕژیم تێکەڵ کرد بوو.
هەر وەها یەکەم مەدرەسەی زمانی ئینگلیزی هەر لە لایەن کەسانێکی دڵسۆزی ناو ئەو توێژە پەنابەرەوە دامەزرا. بۆ نموونە کاک حشمت و کاک تالب. تەنانەت لە ناو ئەو کەسە سەرەتاییانەشدا کە یەکەم مەدرەسەی کوردییان دانا، کەسانێکی وەک مامۆستا دیاکۆ هاشمی یان تێدا بوو کە ئەویش هەر لە ناو ئەو مجەڕەدانە بوو. تەنیا پزشکیارێک (بێجگە لە عێراقییەکان) کە پێش لە هاتنی تیمی پزشکی کۆمەڵە بۆ ئۆردووگاه کە لە ئەو زەمانەدا توانی خزمەتی خەڵک بکات، کاک نەبی فەتاحی بوو کە لایەنگری کۆمەڵە بوو و ئیستەش بە خۆشییەوە لە وڵاتی سوید دوکتورای وەرگرتووە. ئیستە من لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا کادری پلە بەرز دەناسم کە بە قسەی خۆی، لە کاتی خۆیدا لە ئۆردووگای ڕومادی کۆمەڵەی لە ڕیگای کەسانی وەک حەمە سوورەوە ناسیوە. کاک حەمە خەڵکی ناوچەی مەریوانە و ئیستە لە وڵاتی نورویژ ئەژی.
بۆ یەکەم جار کە لە ڕومادی یەکەم کادری کۆمەڵەم بینی (موحەمەدی موهتەدی) لە ماڵێکی هاو بەشی چەند کەس لە ئەو کەسانە بوو. ئەگەر هەڵە نەبم لە ماڵە هاوبەشەکەی عەلی جان، حەمە سوور، خالید و ئایەت بوو.
دیارە هەر وەک باقی شوێنەکانی دیکەش لە ناو ئەم توێژەش بە دڵنیاییەوە خەڵکی خراپ و بی کەڵک و تەنانەت سیخوڕ و مەشکووکیش بوونیان هەبووە. بەڵام ئەو بەشەیان کە خەڵکی باش بوون بە هەق کاریگەری زۆر باشیان لە بواری ئاستی ڕۆشنبیری لە سەر ئەو ئۆردووگایە دانا بوو کە جیگای ڕێزن! تەنانەت لە نێو ئەو کەسانە لە ئەم توێژە کە دەمان هەناردنەوە بۆ پێشمەرگایەتی، کەسی ڕاسپێردراو بۆ کاری سیخووڕێشیان لێ ئاشکرا ئەبوو.
ئەوەش نابێت لە بیر بچێتەوە کە چەند کەس لە ئەو پەنابەرانە (بە هۆی نالەباری ژیان و دووری لە کەس و کار و ژیانی سەختی ئۆردووگانشینی) تووش بە نەخۆشینی خەمۆکی و ڕەوانی ببوون. ئەم توێژە هەژارترین و بێ کەسترین توێژی پەنابەرانی ئۆردووگای ڕومادی بوون.
کۆمیتەی (شورای) پەنابەران
کۆمیتەی (شورای) پەنابەرانی کەمپی ئەلتاش (ئۆردووگای ڕومادی) لە ساڵی ١٩٨٥وە دەستی بە کار کرد. ئەو کۆمیتە لە سەرەتاوە لە نێو ئەو توێژە لە ئەو پانابەرانەوە پێک هات کە بە زگوردەکان دەناسران لە گەڵ باقی ئەو خەڵکەی تری ئۆردووگاه کە، یان کارتی سەلیبیان وەرگرت بوو، یان ناویان نووسی بوو بۆ وەرگرتنی کارت بە مەبەستی دەرچوون بۆ وڵاتی سییەم.
لە سەرەتاوە هەمووی ئەو کەسانە کە لە لای سەلیب ناویان نووسرا بوو لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس مزەندە دەکران. بەڵام لە دوای ساڵەکانی ١٩٨٦ بە دواوە کە خەڵکیان ناردە دەرەوە، ئیتر ژمارەیەکی زۆر ڕوویان کردە دەفتەری سەلیب و خوازیار بوون کە ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی پەنابەری لە وڵاتی سێیەم. لە ناو ئەو کەسانەدا کە هەم وەک ئەندامی کۆمیتە و هەم وەک وەرگێڕ (مترجم) لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ١٩٩١ کە یوئین جێگەی سەلیبی گرتەوە، بە زۆری لە کەسەکانی نزیک لە کۆمەلە بوون. دواتریش کە یوئین لە دوای شەڕی یەکەمی کەنداوەوە کار و باری ئۆردووگای ئەلتاشی گرتە ئەستۆ و چەند کۆمیتەی جیاواز لە ئۆردووگاه پێک هاتبوو، کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەڵەش یەکێک لە ئەو کۆمیتانە بوو کە پێموایە تا ساڵی ١٩٩٣ بوونی هەبوو.
هەر وەها لە ناو ئەو کەسانەش کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە هەڵهاتن بۆ وڵاتی ئۆردوون و تووشی زۆر نەهامەتی بوون و دواتر بە خۆشییەوە ڕزگاریان بوو و چوونە وڵاتانی پەنابەر وەرگرەوە، کەسەکانی کۆمەڵە دەوری دیار و باشیان لە کۆمیتەکاندا گێڕا بوو. دیارە لە هەموو ئەو پرۆسانەدا خەڵکی دیکەش چی وەک سەربەخۆ و بێ لایەن و چی وەک ئەندامی لایەنەکانی دیکەش بە تایبەت لایەنگرانی حیزبی دیموکرات لە ناو ئەو کومیتانەدا هەبوون.
بەڵام لە بەر ئەوەی مەبەستی ئەم باسە پێوەندیدارە بە دەور و کاریگەری لایەنگرانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی، لە وردەکاری زیاتر خۆم دەبوێرم. لە ئەو کەسانەی کە لایەنگر و دۆستی کۆمەڵە بوون و لە کۆمیتەی سەلیب و یوئین چی لە ڕومادی و چی لە ئوردوون کاریان کردووە، دەتوانم تا ئەو جێگەی کە ناویانم لە بیر بێت بە ئەم کەسانە ئیشارە بکەم: حەمە سوور، دوکتور نەبی، ئایەت، فەرهاد (وەرگێڕ)، عەلی جان، بەهرام مورادی (ئەندامی کۆمیتە و وەرگێڕ) ئەحمەدی وەیسی، یادی بە خێر، (ئەندامی کۆمیتە و وەرگێڕ)، بەرزوو ئەحمەدی ( ئەندامی کۆمیتە و وەرگێڕ)، حەمزە سەردەشتی (وەرگێڕ)، مستەفا موحەمەدی، فەرزاد پژولی، حسەین خەلیفە، حەقمراد شەکەری، عەلی قەنبەری، عوسمان (دڵشاد) محەمەدی، قادر قەنبەری، عەبدولڕەحمان بابایی. ئەمیر ئەحمەدی، مەڵک چراغی، حەیدەر ڕەزایی، بهروز نەزەری و کەسانی دیکە ناو بەرم کە ئیستە ناویانم لە بیر نەماوە.
دیارە هەر وەک پێشتریش باسم کرد لە کەس و لایەنەکانی دیکەش لە ناو ئەو کۆمیتانەدا بە درێژایی ئەو مێژووە دوور و درێژە بەشدارییان کردووە.
من بە هۆی سەرقاڵ بوون بە کاری سیاسی و ژیانی ڕۆژانەمەوە، تەنیا یەک جار خۆمم بۆ ئەندامیەتی کۆمیتە دیاری کرد و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٠ وەک ئەندامێک لە کۆمیتەکەدا کارم کردووە.
ئەرکی کۆمیتەی پەنابەران ڕاوێژ کردن و ناساندنی پەنابەر بوو بە سەلیبی سوور یان یوئین. بەڵام تا ئەو کاتەی کە من لە ئۆردووگا بووم و ئەندامی کۆمیتە بووم، قسەی ئاخر لە سەرچارەنووسی هەر کەیسێک ئەم فاکتەرانە بوون: یەکەم، کەسی پەناجۆ بوو (ئەو کەسەی کە داوای پەنابەری ئەکرد) کە چۆن بیتوانیبایەت بیسەلمێنێ کە مەرجی پەنابەر بوونی تێدا هەیە. دووەم، سەلیب چۆن کەیسی ئەو کەسە یان خانەوادەی ئەو کەسەی تەنزیم بکردایەت و بیدایەت بە ئەو وڵاتەی کە دەبوایە پەنابەری بە ئەو کەسە یان خانەوادەکەی بدایەت. سێیەم ئیدارەی کۆچبەرانی ئەو وڵاتانە چۆن بڕێاریان لە سەر کەیسەکان بدایەت.
دیارە هەر وەک پێشتر باسم کرد، ڕۆڵی کۆمیتە تەنیا ڕاوێژ (مەشوەرەت) پێ کردن و داکۆکی کردن بوو. بەڵام ئەسڵی کارەکە ئەو سێ فاکتەرە بوون کە باسم کردن، واتە خودی پەنابەر، سەلیب و ئەو وڵاتەی کە کەیسەکە دەچووە بەر دەستی.
دیارە ڕۆڵی وەرگێڕیش کە چەندە لە کارەکەیدا شارەزا بوو بێت و چەندە ئینگلیزییەکەی باش بوو بێت، ئەویش خۆی زۆر گرنگ بووە. هەر وەها ئەندامانی کۆمیتەش چۆن داکۆکییان لە مافی هەر کەیسێک بکردایەت. بەڵام سەلیب بۆ خۆیان تەواوی زانیاری پیویستیان لە سەر هەموو کیشەکانی ئۆردووگاه هەبوو و لە ڕاستیدا گوێیان لە هەموو کەس بە کۆمیتە و وەرگێڕ و خەڵکی دیکەشەوە ئەگرت و خۆیان و ئەو وڵاتانە کە پەنابەرییان ئەدا بڕێار دەر بوون نەک کۆمیتە، وەرگێڕ یان ئەم و ئەوی تر!
بەڵام بۆ یوئین کە دواتر جێگای سەلیبیان گرتبووە و خانمێکی کورد بە ناوی لالە جاف و کەسێکی پاکستانی بە ناوی سوڵتان کە لە کار بە دەستانی ئەوان بوون، گوایە وەزعەکە و شیوازی کار کردنیان بە جۆرێکی تر بە ڕیوە چوووە. لە بەر ئەوەی کە ئەو کات من لە سوید بووم لە چەند و چٶنی کاری ئەو ئورگانە زۆر ئاگادار نییەم، ئەمە دێڵمەوە بۆ ئەو کەسانە کە ئەو کات (١٩٩١ تا ٢٠٠٣) لە کەمپی ئەلتاش ژییاون و چارە نووسیان لە دەست ئەو ئورگانەدا بووە.
شۆرای مامۆستایان
پێشەکی
پێموایە یەک، دوو ساڵ دوای جێگیر بوونی ئەو خەڵکە لە ڕومادی (کەمپی ئەلتاش) لە ساڵەکانی ١٩٨٣ یان ١٩٨٤ بە دواوە لە لایەن کەسانێکەوە کە بە ڕاستی دەکڕێت بڵێی زۆربەیان دڵسۆز بوون، بیرۆکەی دانانی مەدرەسە هاتە ئاراوە. من ئیستە لە بیرم نییە کە کێ بوو یان کێ بوون ئەو کەسانەی کە یەکەم مەدرەسەیان لە ئۆردووگای ڕومادی کردەوە و بە کتێبی کۆن و یان بە دەست نووس لە خانوویەکی قوڕێن و لە سەر زیلۆ و یان کورسی قوڕین مناڵانی هەژاری ئەو ئۆردووگایەیان فێری خوێندەواری کرد. باس لە کەسانێکی وەک کاک خەیدان، کاک فەرهاد ڕاهنما فەر، کاک دیاکۆ (شیخ حەیدەر) کاک ئەحمەد وەیسی، کاک مەحموودی دارابی، کاک عەبدولا عەباسی، کاک بارام مورادی، کاک عەبدولڕەحمان بابایی، کاک موستەفای زارعی، کاک فەرامەرز ئەڵماسی، کاک عەزیم گوێکوڕی، کاک عەزەم قەڵخانی (وابزانم شۆرەتی ئەحمەدی بوو)، کاک ڕەحیم موحەمەدی، کاک مەجید پاڵانی، کاک عەزیزموراد ئەسپەری، کاک میرزا موراد مورادی، کاک سەمین نیکبەخت، کاک نادر سەفەری، حەسەنی خەلیفە مەحموود، ڕەشید ئەڵماسی، کاک عەزەم مامۆ حسەین و دەیان کەسی تر ئەکرێت کە دەست پێشخەر بوون بۆ دانانی مەدرەسە سەرەتاییەکانی کەمپی ئەلتاش. ئەگەر چی بەشێک لە ئەو دەیان مامۆستایانە کە لە پرۆسەی ژیانی کەمپی ئەلتاشدا وانەیان (دەرسیان) ئەوتەوە، لە بنەڕەتدا پسپۆڕ و مامۆستا نەبوون و تەنانەت لە ناو ئەو کەسانەشدا کە دواتر مەدرەسەیان کردەوە کەسانی وەها هەبوون کە بۆ خۆیان بە زۆر خوێندنی سەرەتاییان تەواو کرد بوو، بەڵام بە ئەو حاڵەشەوە و سەرە ڕای زۆر کەم و کورتی تر ئەو خزمەت و کارە کە ئەوان پێی هەستاند هەنگاوێکی گرنگ بوو.
ئەگەر چی بۆ کەسانێکیش ئەو ئەرک و کارە ببوو بە کەسابت پێ کردن و نزیک بە ١٠٠ منداڵیان لە ژوورێکی تەنگ و تاریکدا کۆ ئەکردەوە و بە ناو وانەیان پێ ئەوتنەوە و مانگانە ٢٠٠ دیناری ئەو کاتەیان پێ دەرئەهێنان، بەڵام لە بەر ئەوەی کە ئەو کەسانە زۆر نەبوون و تەنیا چەند کەسێک زیاتر نەبوون، دیسان هەم جێگای خۆشحاڵی بوو.
ئەگەر چی زۆر مامۆستا هەبوون کە تۆڵەی دەورانی خوێندکار بوونی خۆیان لە قوتابییەکانیان ئەکردەوە و مامۆستاکانی خۆیان چۆن لە ڕابردوودا لە ئەوانی دابوو، ئەمانیش هەر بە هەمان شێوە تۆڵەیان ئەکردەوە، بەڵام دیسان هەر لە ئەوەی کە ئەو منداڵانە بە نەخوێندەواری گەورە نە بن، زۆر باشتر بوو. ئەگەر چی ئەو خوێندنانە لە باشترین حاڵەتدا تا پۆلی ٦ی سەرەتایی زیاتر نەبوون، بەڵام هەر باش بوون. دیارە لە ساڵی ١٩٨٧ بە دواوە حکوومەتیش مەدرەسەی تا پۆلی ٩ و یان وا بزانم تا پۆلی ١٢ش لە چەند خێمەیەکدا کردەوە. دواتر وەهای لی هات کە چەند گەنجێک توانیان لە شاری ڕومادی دیپلم (پۆلی ١٢) بگرن و تەنانەت چەند کەسێکیش تا خوێندنی زانکۆ ڕۆیشتن. هەر وەها لە ئەو گەنجانە کە لە ئۆردووگای ڕومادی چوونە بەر خوێندن، چی لە وڵاتانی دەرەوە، چی لە کوردستانی باشوور و چی لە ئێران توانییان خوێندنی باڵا تەواو بکەن و قۆناخی باش ببڕن کە دیسان جێگەی پێزانین و دەست خۆشی لێ کردنە لە ئەو کەسانەی کە زەحمەتییان لە گەڵیاندا کێشاوە!
ئەوەی کە جێێ داخە چەند کەسێکی کەم لە ئەو مامۆستایانە هەبوون کە بۆ مەبەستی سیاسی لە قوتابییەکانی خۆیان کەڵکیان وەر ئەگرت. بۆ نموونە کاک ….. کە زۆرترین منداڵی لە مەدرەسەکەیدا کۆ کرد بووە و ئیستەش لە وڵاتی ئوتریشە، ڕۆژێکیان مندالەکانی ڕیز کرد بوو و دروشمی دژی کۆمەڵەی پێ فێر ئەکردن. من کە بە ئەو شتەم زانی نامەیەکم بۆ نارد و ئێوارەکەی بە پاسکیل هاتە بۆ ماڵمان. ئەگەر باش لە بیرم بێت نە هاتە ماڵەوە و لە بەر دەرکی ماڵدا کەوتینە قسە کردن. ئەوەی ڕاست بێت، ڕەنگی سپی هەڵگەڕا بوو و زانیبووی کە کاریکی خراپی کردووە. من پێموت کە ئەو کارە بێجگە لە پاسدار و جاش نەبێت لە کەسی تر ناوەشێتەوە و داوام لێ کرد کە ئیتر ئەو کارە دووپات نەبێتەوە. دیارە چەند کەسی تر لە ناو مامۆستایان هەبوون کە ئەوانیش بۆ مەرامی سیاسی دڵخوازی خۆیان لە قوتابییەکانیان کەڵکیان وەر ئەگرت کە بە پێویستی نازانم زۆری لە سەر بڕٶم.
تەنیا هیوای من ئەوەیە کە هەموومان لە هەڵەکانی ڕابردوومان کە زیان و خەسارەتی بۆ گشتمان تێدا هەبووە، دەرس و ئەزموون وەر گرین و لە دووپات بوونەوەیان خۆمان بپارێزین!
کۆمیتەی (شۆرای) مامۆستایان
دیسان زۆر بە باشی لە بیرم نایەت کە ئەو کۆمیتەیە چی ساڵێک دامەزرا. بەڵام وەها بزانم ساڵی ١٩٨٦، یان ١٩٨٧ بوو کە شۆرای مامۆستایان پێک هێنراو کۆمیتەیەکی بۆ کار و ئەرکەکانی خۆی هەڵبژارد.
ئەگەر چی من خۆم مامۆستا نە بووم، بەڵام ئەوەندە بزانم نزیک بە ٧٠ کەس ئەندامی ئەو شۆرایە بوون. لە ڕووی لایەنگری کردنی ئەو مامۆستایانە لە ڕێکخراوە سیاسییەکان، وەها بزانم زۆرینەی نزیک بە ٣٠، ٤٠ کەسیان ئەندام و لایەنگر و دۆستی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون. نزیک ١٥، ٢٠ کەسێکیشیان لایەنگر و دۆستی کۆمەڵەوە و ئەوانی دیکەش بێ لایەن بوون. ئەم پرٶسەی کە من باسی ئەکەم مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵەکانی ١٩٨٦ تا ١٩٩١.
بە پێچەوانەی کۆمیتەی (شۆرای) پەنابەران کە تا ساڵی ١٩٩١ زۆرینەی ئەندامەکانی لە لایەنگران و دۆستانی کۆمەڵە بوون، زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی (شۆرای) مامۆستایان تا ئاخری ساڵەکانی ژیانی ئەو ئۆرگانەوە لە کەمپی ئەلتاش لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دیموکرات بوون.
هەر وەک ئەوەی کە پێشتر باسم کردووە، سەلیبی سوور چەندین جار یارمەتی وەک پێنووس، دەفتەر، کتێب، قوماش، مەکینەی خەیاتی و کەوش دۆزی و شتی تریان بۆ ئۆردووگا هێنا بوو و تەحویلی کۆمیتەی شۆرای مامۆستایانیان دا بوو کە بیخەنە خزمەتی خەڵکی نیازمەندەوە.
تا ئەو جێگەی کە لە بیرم بێت حێزبی دیموکرات و کۆمەڵەش کۆمەڵێک کتێبی دەرسییان بۆ مەدرەسەکان هێنا بوو.
مێژووی درووست بوونی بازاری ئۆردووگاکە کە بە بایعەکە دەناسرا
پێموایە هاوین و پاییزی ساڵی ١٩٨٣ بوو کە حکوومەت لە ڕیزێکی یەک کیلومیتریدا کە پێشتر کرد بوومان بە بازار و لە سەر ڕێگای سەرەکی هاتووچۆی خەڵکی ئۆردووگاەکە بوو، زەوی (عەرز) بۆ دیاری کردین کە هەر خاوەن عەرەبانەیەک بۆ خۆی خانوویەکی قوڕینی لێ درووست بکات و بیکاتە دوکان.
ئێمەش (من، قادر و مەجید) خانوویەکمان درووست کرد و کردمانە دووکان و لە دەست عارەبانە ڕزگارمان بوو. ئەو دووکانە هەم سەرچاوەی بژێوی ژیانمان بوو و هەم دواتریش وەک مەقەڕی کۆمەڵەی لێ هات.
بایعە کە لە زمانی عەرەبیدا پێموایە بە مانای شوێنی بەیع و شەرا واتە بە مانای شوێنی کڕین و فرۆشتن دەبێت، لە ڕاستیدا بوو بە جێگای ژیانی سەدان کەسی کاسبی دانیشتووی ئەو ئۆردووگایە. هەر وەها بوو بە شوێنی بە یەک گەیشتنی هەزاران کەسی تر لە ڕۆژدا. هەر وەها هەموو هەواڵ و زانیارییەکانی دونیاشت هەر لە بایعەکەوە دەست ئەکەوت. لە بایعەکەدا بێجگە لە خەڵکی قەڵخانی و گۆران نەبێت، ئەگینە لە زۆربە یان لە هەمووی عەشرەت و تایفەکانی تر کەسی دووکاندار، عارەبانەدار و کاسبکار هەبوون. لە ئۆردووگای ڕومادی تەنیا شوێنیک بۆ کڕین و فرۆشتن و خواردنەوەی مەشرووباتی ئەلکووڵی هە بوو کە خاوەنەکەی کەسێک بوولە مەردمی گۆران. لە ئەو بەشەی ئۆردووگاه کە بە ناوچەی قەڵخانی دەناسرا و خەڵکەکەی لە رووی ئایینییەوە یارسانی بوون، بێجگە لە ئەوەی کە کۆمەلە پێگەیەکی زۆر باشی هەبوو، بە ڕاستی خەڵکەکەشی کراوەتر بوون. ئێمە کۆمەڵەییەکان زۆر جار بە ئەو ناوچە ئەمان وت ناوچەی ئازاد کراو. زۆربەی کۆبوونەوە و مەراسمەکانمان لە ئەو ناوچەیە یان نزیک لە ئەو ناوچەیە بەڕیوە ئەچوون.
.
ئێمە، لایەنگرانی کۆمەڵە هەر لە سەر هەوڵ و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام بووین، تا پێوەندیمان لە گەڵ کۆمەڵێک کەسی تری لایەنگری کۆمەڵە لە ناو ئەو خەڵکانە کە تازە دەهاتن بۆ ئۆردووگاه و دواتر کەسانێکی تر لە نێو عەشرەت و تایفەکانی تر، بە تایبەت لە ناو مەردمی قەلخانی و گۆران پەرە پێ ئەدا و بێ وچان کارمان ئەکرد.
لە بەشەکانی داهاتوودا باسی کۆمەڵێک لە ئەو هاوڕێیانە و قورسایی و جێگە و پێگەیان ئەکەم.
ئەم زەنجیرە باسە بەردەم دەبێت. تکایە چاوەڕوان بن!
عەلی قەنبەری ٢٨ – ٢ -٢٠١٣ زایینی
{jcomments off}