"an independent online kurdish website

كاتێك باس لە گەندەڵی ئابووری لە رێژیمی كۆماری ئێسلامی دەكرێت، هەمیشە فاكتەری سەرەكی گەندەڵی ئابووری خودی بەرپرسانی باڵای رێژیم بوون و هەن.naser_salehi_esil

چونكوو ئێرانی ژێر دەسەڵاتی سەرەڕۆیی و دیكتاتۆری رێژیمی ئیسلامی، جیا لە سەركوت و خەفەقانی گەلانی ئێران و جیابیرانی سیاسی و هزری، لە بواری ئابووریشەوە كۆمەڵگای ئێران كراوتە گۆڕەپانی گەندەڵی ئابووری، رشوە، بەرتیل وەرگرتن و رانتخۆری بەرپرسانی باڵای رێژیم.

بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئابووری نەخۆش و شپرزی ئێران، بوونی زیاتر لە 20میلیۆن كەس لە ژێر هێڵی هەژاری، نرخی باڵای50%ی ئاوسانی ئابووری، چوونەسەری قیمەتی كاڵا و خزمەتگوزاری گشتی، بێكاری، كەمی داهاتی سەرانە و تاڵان و دزی سەروەت و سامانی وڵات لە لایەن بەرپرسانی رێژیمەوە، ژیانی خەڵكی ئێران و بە تایبەت چینی هەژار و كەم داهاتی نەتەوەكانی ئێرانی تووشی كێشە و گرفت كردەوە.
كێشە نێوخۆییەكانی باڵی (ئوسوولگەرا)ی رێژیمی كۆماری ئیسلامی تا دێت زیاتر پەرە دەستێنێ. لە رۆژی 5ی رێبەندانی ئەمساڵدا سەرۆك كۆماری رێژیم، مەحمودی ئەحمەدی نژاد لە كاتی وەرگرتنەوەی دەنگی مەتمانە مەجلیس لە وەزیری كارو باری كۆمەڵایەتیی لە مەجلیسی شورای ئیسلامی پەردەی لە سەر دزی و گەندەڵی ئابووری و رانتخۆری برایانی لاریجانی و بەتایبەت فازیل لاریجانی هەڵدایەوە. لەو فایلە دەنگییە كە لە مەجلیس بڵاوكرایەوە، فازیل لاریجانی داوای 30میلیارد تمەن رەشوە و بەرتیل لە سەعیدی مورتەزەوی بەرپرسی رێكخراوی كاروباری كۆمەلایەیتی (سازمانی تامین اجتماعی) دەكات. هەر لەم كۆبوونەوەیدا عەلی لاریجانی سەرۆكی مەجلیس، سەرۆك كۆماری رێژیمی بە گەندەڵی ئابووری و بێ رەوشتی تۆمەتبار كرد و وتی: داود ئەحمەدی نژاد برای سەرۆك كۆمار زۆر شتی وەك گەندەڵی ئابووری رەشوە و بەرتیل وەرگرتن و رانتخۆری سەركۆماری و نزیكانی ئەوی ئاشكرا كردوە.

هەر لەو ماوەیەدا حەسەن بیادی جێگری شورای شاری تاران پەردەی لە سەر دۆسیەی 320 میلیاردتمەنی تێچووی بێ بەڵگەی شارەوانی تاران لە سەردەمی مەحمودی ئەحمەدی نژاد هەڵدایەوە.

هەروەها رۆژنامەی ئالمانی(بیلدام زونتاگ) لە رێكەوتی 13ی رێبەنداندا بڵاوی كردوە كە لە جانتای یەكێك لە موسافیرەكانی فڕۆكەخانەی دۆسلدۆرف، چەكێ بە بڕی 300میلیۆنی بولیواری ونزوئیلا، بەرانبەر بە 70میلیۆن دۆلار لە لایەن بەرپرسانی ئەو فڕۆكەخانەیەوە دەستی بە سەردا گیراوە. لە راگەیەنە گشتییەكاندا بڵاو بووە كە خاوەنی ئەو چەكە بانكییە كەسێكە بە ناوی (تهماسب مەزاهەری) سەرۆكی پێشووی بانكی ناوەندی ئێران لە ساڵەكانی 1386تا 1387 . هەروەها دەوڵەت لە گەڵا كەمی بودجە، چوونە سەری تێچووی دەوڵەت، دابەزینی چالاكییە ئابوورییەكان، دابەزینی نقدینگی و حسابی درێژخایەنەكانی بانكی و قەرزدار بوونی 47هەزار میلیارد تمەنی دەوڵەت بە سیستمی بانكی بەرەوڕوویە.

dzi_iyran13

ئێستا لە بازارەكانی ئێراندا نرخی كاڵا و خزمەتگوزاری گشتی رۆژانە دەگۆڕێ، سەقامگیری ئابووری لەوڵاتدا بوونی نیە. ئاوسان و گرانی چینی هەژار و كەم داهاتی تووشی كێشە و گرفت كردەوە. لەوەها بارودۆخیكدا رێژیم بە پێدانی یارمەتی و هاوكاری ماڵی بە گرووپە تیروریستییەكان و بە تایبەت گروپی تیروریستی حیزبوڵلای لوبنان و هەزینە كردنی لە رادەبەدەری بۆ دەست پێراگەیشتن بە چەكی ناوكی. سەروەت و سامانی نەتەوەیی وڵات بە فیڕۆ دەدات.

هەر بۆیە رەوشی ئێستا رێژیمی كۆماری ئیسلامی چ لە بواری ئابووری و چ لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە سەقامگیر نییە.

ئەم شەڕە دزییە و رەشوە و بەرتیل وەرگرتن و گەندەڵی ئابووری لە سەر سەروەت و سامانی وڵات گەلانی ئێران لە نێوان باڵی ناسراو بە «ئوسوولگەرا» رێژیمدا گەیشتووتە چنگ و ددان نیشاندان بە یەكتر و لەقاودانی یەكتر. دیارە ئەو شەڕەدز و لەقاودانەی بەرپرسانی رێژیم شتێكی نامۆ نییە، بەڵكوو لە ماوەی 34سال دەسەڵاتداری كاربەدەستانی رێژیمی كۆماری ئێسلامی بوونی هەبووە و هەیە.

هەر بۆیە چەواشەكردنی دووبارەی راستییەكان بە لەقاودان و یەكتر تۆمەتبار كردن بە دزی و گەندەڵی ئابووری و رانتخۆری و رەشوە و بەرتیل وەرگرتنی بەرپرسانی باڵای رێژیمی كۆماری ئیسلامی هیچ پێوەندییەكی بە گەڕانەوەی سەروەت و سامانی وڵاتەوە نییە، بەڵكوو تەنیا شەڕەدز لە سەر سەروەت و سامانی نەتەوەیی و بە تاڵان بردنی زیاترە و ئەگەر جارجارە دەگاتە ئاستی بیرو ڕای گشتی و راگەیەنە گشتییەكان، نیشانەی لاواز بوونی رێژیمی كۆماری ئیسلامی لە راگرتن و یەكگرتوویی مۆرەكانی خۆیدایە.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی