کوردستان میدیا: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە ماڵپەڕی “لڤین پرێس” لە پێوەندیی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای رەت کردنەوەی ئەو هەواڵە روون کردنەوەیەکیشی بڵاو کردەوە.
دەقی روونکردنەوەکە:
بە ئاگاداریی هەموو لایەک رادەگەیەنین بە دوای سەردانی شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٤ فێوریەی ٢٠١٣ی زایینی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، ماڵپەڕی “لڤین پرێس” بابەتێکی بڵاو کردۆتەوە کە ئامانجی ئەو سەردانە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بە مەبەستی دانووستان و وتووێژ لە نێوان حیزبی دێمۆکرات و رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە لەو ماڵپەڕەدا بۆتە هۆی پرسیار بۆ هێندێک لایەن و تەنانەت ئەندامانی حیزب و دۆستانمان، لەو پێوەندیەدا بە پێویستمان زانی بە ئاگاداری هەموو لایەک رابگەیەنین ئەو سەردانەی برایانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بێجگە لە باسێکی سیاسی لەسەر پرسە سیاسییەکان و شرۆڤە کردنی پرسی کورد بەگشتی و ئاوڕدانەوەیەک لە رەوشی سیاسی عێراق، ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شتێکی دیکە نەبووە بە تایبەت مەسەلەی وتووێژ لەگەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بنەڕەتدا نەهاتووەتە بەرباس، بۆیە ئەو دەنگۆیە بێبنەماو دوور لە راستییە و لەلایەن حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە تەواوی رەت دەکرێتەوە.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
سکرتاریا
٢٣ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی
١٣ی مارسی ٢٠١٣ی زایینی
{jcomments off}