تەنیا سیستمە دیكتاتۆریی و سەرەڕۆكانن كە بۆ سەلماندنی رەوایی خۆیان، دەست دەدەنە پڕوپاگەندە و كۆبوونەوەی بەرفراوانی خەڵك و هەندێجار رێپێوانی خیابانی بۆ كۆكردنەوەی خەڵك و نیشاندانی هێزی رواڵەتیی خۆیان. هۆكاری ئەم كارانەش روونە،
چون رێژیم ناتوانێ لە رێگەی دەنگدانەوە رەوایی خۆی بسەلمێنێ. دەنگدانێ كە بتوانێ لە چارەنووسی وڵاتدا كاریگەر بێت و تا رادەیەك وەدەیهێنەری ویست و داخوازای خەڵكان و دانیشتوانی ئەو وڵاتە بێت.
بەڵام لە راستیدا لەم جۆرە وڵاتانەدا ئەگەر كاربەدەستانی سیستمە دیكتاتۆرییەكان هەست بكەن ئاكامی هەڵبژاردنەكان دەتوانێ چارەنووسی خەڵك بەروە باشی ببات و مانی دەسەڵاتداریی خۆیان بخاتە مەترسییەوە هەرگیز رێگە نادەن لەو وڵاتەدا هەڵبژاردنێكی ئازاد بەڕێوە بچێت. هەربۆیە هەر چەشنە هەڵبژاردنێ كە لەم وڵاتانەدا بە هەر ناوێكەو بەڕِێوە دەچێت، سەلمێنەری ئەم راستیەن كە ئەم هەڵبژاردنانە هەرگیز ناتوانێ بە شێوەیەكی ئەرێنی لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵك كاریگەری پۆزێتیڤ دابنێ و تەنیا بە شێوەیەك لە شێوەكان میكانیزمێكن بۆ مانەوەی دەسەڵات لە دەستی دەسەڵاتبەدەستانی دیكتاتۆری ئەو وڵاتانەدا.
بەم پێیە كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەم پێوەندییەدا بە درێژای تەمەنی خۆی سەلماندوویەتی كە هیچ هەڵبژاردنێكی ئازاد و دێموكراتیكی تێدا بەڕێوە نەچووە كە توانیبێتی ویست و داخوازییەكانی خەڵك وەدی بێنێ.
بۆیە جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە بۆ سەلماندنی رەوایی و خەڵكیی بوونی سیستمێك تەنیا رێكارێك بوونی هەیە ئەویش هەڵبژاردنی ئازاد و بێ لایەنانە و دێمكراتیكە. هەڵبژاردنی ئازاد و بێ لایەنانە و دێموكراتیكیش پێناسەیەكی دیاریكراوی هەیە و دەبێ چوار مەرجی سەرەكی تێدیدا دیار و بەرچاو بێت.
– لە هەڵبژاردندا تەقەلوب نەكرێت و پرۆسەكە لە كەشێكی ئازاد و دێمكراتیكدا بەڕێوە بچێت و چاوەدێرانی هەڵبژاردنەكەش لە كارگێڕانی سیستمەكە نەبن و بە تەواوی بێ لایەن بن.
– هیچ كەس یان لایەنێك پێش بە تاك یان گرووپێك یان حێزبێكی تایبەتی نەگرێ و هیچ پێوەرێ بۆ دەسنیشان كردن و دیاریكردنی پالێوراوان بوونی نەبێ.
– خەڵك لە رووی ئاگاییەوە هەڵبژێرن، واتە پێش هەڵبژاردن، كاتێكی گونجاویان لەبەردەستدا بێ كە بتوانن لایەنەكانی نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بە جوانی بناسن و خاڵە لاواز و بەهێَزەكانیان دەسنیشان بكەن و بە جوانی تێبگەیەن كە مەبەستی كاندیدایەك لە خۆ پاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەكان چییە.
– هەر حیزب و لایەنێك بە بێ جیاوازی بتوانێ برنامە و پرۆِگرامەكانی خۆی لە نێو خەڵكدا بڵاو بكاتەوە و كاندیدای تایبەت بە خۆی هەبێت و پێش بە هیچ كەس نەگیردرێ و سیستمی خودی و غەیرە خودی نەبێتە پێوەری خۆ پاڵاوتن بۆ هەڵبژاردن.
هەر بەم پێیە لە ئێستاوە روون و بەرچاوە كە لە كۆماری ئیسلامیدا بەو نێوەڕۆكەیەوە كە هەیەتی، سەلماندوویەتی كە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئازاد و دێموكراتیك ناتەبایە و بەشداری كردن لەوەها هەڵبژاردنێكدا بە جۆرێك لە جۆرەكان تێوەگلان لە بازنەی پیلانی رێژیم و یارمەتیدانە بە لارێدا بردنی بیروڕاگشتیی بە قازانجی ئەو رێژیمە.