"an independent online kurdish website
لاوانی نیشتمانپەروەر ‌و تێكۆشەری نەتەوەكەمان 

خۆشحالین كە بەبۆنەی پێكهاتنی سێهەمین كۆنفڕانسەكەتان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشكەش بە ئێوە ئەندامانی بەشدار لەو كونگرەیەدا بكەین،mustefa_hijri-00

هیوادارین ئەم كۆنگرەیە بە سەركەوتنەوە كار ‌و ئەركەكانی بەڕێوەبەرێ و بەئاكامی دڵخواز بگا، هەروەها چاوەڕوانین كە كۆنفڕانس هەڵگری پەیامێكی روون ‌و سەردەمیانە لەراستای ویست‌ و داخوازە دێموكراتیكەكان‌و نەتەوەیییەكانی كورد‌و یەكڕیزی‌ و یەك پارچەیی لاوانی ئەم نەتەوەیە له هەموو بەشەكانیدا بێ. 

بەڕێزان!

ئێوە لەكاتێكدا كۆنفڕانسی لاوانی چوار پارچەی كوردستان پێكدێنن كە هەل‌ومەرجی ناوچەیی ‌و جیهانی زۆر زیاتر لە رابردوو بە قازانجی گەلانی بندەستی دیكتاتوری لە خۆرهەڵاتی نیوەڕاست ‌و یەك لەوان گەلی كورد لە وەرچەرخاندایە، دەسەڵاتە زۆردارەكان یەك لە دوای یەك بە زەبری هێزی یەكگرتووی لاوان كۆتاییان پێ دێ‌ و خەڵكی رزگاربوو بۆ خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەكەن، ئەوەی لەو بەینەدا بەرچاوە، بێزاری لاوەكان لە هەل‌ومەرجی بندەستییە ‌و بەكارهێنانی هێز‌ و ئێرادەی پۆڵایینیان بۆ پێكهێنانی گۆڕان ‌و بە دەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆیانە بەكاردێنن، بەڵام لەگەڵ ئەم ئاڵ‌وگۆڕەانە پێویستە ئەم راستییەشمان لە بەرچاو بێ كە سەرەڕۆیی زاڵ بەسەر كوردستاندا هێشتا لە پێ نەكەوتووە‌ و جارێ توانای خۆینڕشتن ‌و سەركوتی نەتەوەكەمانی ماوە ‌و لەحاڵی پەلەقاژەكانی كۆتایی دایە.

رێژیمی دیكتاتوری سووریە ئێستاش بە پشتیوانی بێ‌دریغی كۆماری ئێسلامیی ئێران خەریكی وێرانكردنی وڵات ‌و كۆمەڵكوژی خەڵكی مافخوازی وڵاتە ‌و خوشك ‌و برا كوردەكانمانیش بەشێك لەو نەهامەتی ‌و ماڵوێرانییەیان بەركەوتووە، كەمپی دومیز لە كوردستانی باشوور كە كۆنفڕانسەكەتان لەوێ بەرێوە دەچێ، بۆتە شوێنی نیشتەجێبوونی بەشێك لە خوشك ‌و براكانی ئاوارەمان كە شاهیدی زیندووی ئەو راستییەن.

لە ئێران كچان ‌و كوڕانی كورد وێڕای هەموو لاوانی وڵات لە مافە سەرەتایییەكانی ژیانی لاوانی ئەم سەردەمە بێبەش كراون، لاوانی كورد لەو بەشەدا بە كۆمەڵ دەنێردرێنە زیندانەكان ‌و ئیعدام دەكرێن ‌و لە سایەی سیاسەت ‌و حوكمڕانی رێژیمدا تووشی نەخۆشییە جۆراجۆرەكانی كۆمەڵایەتی بوون.

لە باكوور پڕۆسەیەك دەستی پێ كردووە، ئێمە بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی ئاكامەكانی ئەم پرۆسەیەین ‌و ئاواتەخوازین ئاكامی دێمۆكراسی زیاتر بۆ توركیە ‌و رزگاری گەلەكەمان لەو بەشە لە هەر چەشنە چەوسانەوەیەك بێ.

بەم شێوەیە دەبینین كە كۆمەڵگاكەمان لە سەردەمێكی هەستیار ‌و چارەنووس‌ساز دایە، بۆیە هۆشیاری گەلەكەمان ‌و بە تایبەت لاوە خۆشەویستەكانمان لەم سەردەمەدا دەورێكی گرنگ لە دیاری كردنی داهاتووماندا دەگێڕن ‌و بەو پێیەش دەوری لاوانی تێكۆشەر لەم كۆنفڕانسەدا ‌و بڕیارەكانتان گرینگی تایبەتی هەیە.

ئێمە چاوەڕوانین بە لەبەرچاو گرتنی ئەم راستییانە، بڕیارەكانتان ‌و بەرنامەی كاری كۆنفڕانسەكەتان بۆ داهاتوو رێ نیشاندەر ‌و یارمەتیدەر بن.

لەم مەجالەدا بە پێویستی دەزانین سڵاو ‌و خۆشە‌ویستی خۆمان پێشکەشی ئێوە بەشدارانی كۆنفڕانس بكەین و هاودەردی خۆشمان پێشكەش بە دانیشتوانی كەمپی دومیز خوشك ‌و براكانی كوردی ئاوارەی كوردستانی سوریە بكەین بە هیوای ئەو رۆژانەی كە چی دیكە كورد ئاوارە نەبێ . 

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

سكرتێری گشتی 

مستەفا هیجری

٦‌ی بانەمەڕی ١٣٩٢هەتاوی

٢٦ی ئاوریلی ٢٠١٣‌ی زایینی{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی