"an independent online kurdish website

دواینیوه‌رۆی یه‌کێک له‌و رۆژانه‌ی که‌ له‌ جه‌وێڵه‌ بووین ، یه‌کێک له‌ به‌رپرسانی به‌ره‌ی کوردستانی هاته‌ لامان و پاش به‌خێر هاتن و هەواڵپرسی ، یه‌ک راست چووه‌ سه‌ر بابه‌تێک که‌ بۆ ئێمه‌ جێگای سه‌رسورمان بوو ،ئه‌ویش ته‌حویلدانه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ ئێران بوو.mensur_irandoust

 ئێمه‌ش که‌وتینه‌ پارێزگاری له‌ خۆمان و دواتر چووینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی کرده‌وه‌یه‌کی ناره‌وای ئاوه‌ها بۆ رێکخراوێکی شۆرشگێر له‌ ئاست رێکخراوێکی شۆرشگێر و دۆستی خۆی به‌گران له‌سه‌ری ده‌که‌وێت و ده‌بێته‌ پەڵەیە‌یه‌کی ره‌ش له‌ مێژووی ئه‌م رێکخراوه‌یه‌دا و به‌و ئاسانیه‌ بۆی پاک ناکرێته‌وه‌. له‌ وه‌ڵامدا ئه‌و براده‌ره‌ وتی: ئه‌و درێژدادری و فه‌لسه‌فه‌ بافیه‌ی ناوێت،من دوو رێگام له‌ پێشه‌ یان ده‌بێ ئێوه‌ ته‌حویل بده‌مه‌وه‌ ، یان ده‌بێ له‌گه‌ل جمهوری ئیسلامی شه‌ڕ بکه‌م،شه‌ڕ له‌گه‌ل ئێرانم پێناکرێت و ئێوه‌ ته‌حویل ده‌ده‌مه‌وه‌. دواتر ده‌ستی کرد به‌گیرفانیدا و تیکه‌ کاغه‌زێکی ده‌ر هێنا و وتی: ئه‌وه‌ ناوی سێزده‌ که‌سی ئێوه‌یه‌ و به‌رپرسی قه‌رارگای ره‌مه‌زان براده‌ر تارانی له‌ سه‌ری کردووم ئه‌و سێزده‌ که‌سه‌ی ته‌حویل بده‌م .

 پاشان ئێمه‌ش ئاگادارمان کرده‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌گه‌ری ته‌حویل دان یان گیرانمان کۆماری ئیسلامی ئیعداممان ده‌کات بۆیه‌ بریارمانداوه‌ له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر مه‌ترسییه‌کدا تا دوا هه‌ناسه‌ و دوا فیشه‌ک شه‌ر ده‌که‌ین و له‌ وه‌ها حاڵه‌تێکدا لایه‌نی شه‌رکه‌ر هه‌رکه‌سێک بێت بە ناچاری به‌ره‌نگاری ده‌بین و ئه‌و کات ئێوه‌ ده‌توانن جه‌نازه‌کانمان ته‌حویلی ئێران بده‌نه‌وه‌.

پێش کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجە له‌ رێکه‌وتنی ئێران وهێزه‌کوردییه‌کاندا وه‌ها رێکه‌وتبوون  کەله‌ ئه‌گه‌ری گیرانی ناوچه‌که‌دا به‌ره‌ی کوردستانی ده‌سه‌ڵات داری ناوچه‌که‌ بێت و هێزه‌کانی ئێران هه‌قی هیچ چالاکی وکرده‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیی نیه‌، (به‌ پێی ئه‌و رێکه‌وتنه‌ کورده‌ ئاواره‌کانی رۆژهه‌ڵات له‌ لایه‌ن به‌ره‌ی کوردستانیه‌وه‌ پارێزراو ده‌بن و ئێران له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌قی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر کورده‌کانی رۆژ هه‌ڵاته‌وه‌ نیه‌) و پاش گیرانی هه‌ڵه‌بجه‌ و دڵنیابوونی هێزه‌کانی ئێران له‌ به‌ئاکام گەیشتنی هێرشه‌که‌ ،هه‌لپه‌ره‌ستانه‌ له‌ به‌ڵێنیه‌کانیان پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ و هیچ حسابێکیان بۆ به‌ره‌ی کوردستانی و هێزه‌ کوردییه‌کان نه‌ده‌کرد و ته‌نانه‌ت که‌وتبوونه‌ هه‌ره‌شه‌ و سووکایه‌تی به‌ به‌رپرسانی حیزبه‌ کوردییه‌کان.

 ئه‌و ده‌م ئه‌م هه‌ڵوێست و ئاگاداریی ئه‌م به‌رپرسه‌ بۆ ئێمه‌ که‌ مه‌ترسییه‌که‌ به‌ ته‌واوی لێمان نیزیک ببوویه‌وه ،‌ وه‌ک هه‌ڵوێیست و داوایه‌کی ناره‌وا و دوور له‌ ئه‌حلاقی شۆرشگێرانه‌ ده‌هاته‌ به‌رچاو ، به‌ڵام دواتر که‌ له‌ مه‌ترسییه‌که‌ دوور که‌وتینه‌وه‌ بۆچوونه‌که‌ له‌گه‌ل ئه‌و ده‌م جیاوازه‌ و ده‌کرێت باس له‌ ئه‌گه‌ری جیاواز بکرێت ،ده‌نا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی خۆفرۆشی.

1. له‌وانه‌یه‌ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ ئه‌وه‌ بووبێت کە ئێمه‌ به‌دوای رێگایه‌کی خۆته‌سلیم کردنه‌وه‌دا ده‌گه‌رێین بۆیه‌ له‌ لای خۆیه‌وه‌ وای داناوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک یارمه‌تیمان بدات و به‌ ده‌ر برینی ئه‌م بابه‌ته‌ ویستوویه‌ به‌ ته‌واوی له‌ نییه‌ت وهه‌ڵوێستی ئێمه‌ دڵنیا بێت ، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ل هه‌ڵوێستی توندی ئێمه‌ تروسکاییه‌کی بۆ هێشتینه‌وه‌و وتی ئه‌م شه‌و مه‌جالتان هه‌یه‌ بۆ یه‌ک لاکردنه‌وه‌ و چۆڵکردنی ناوچه‌که‌ و به‌یانی کاتژمێری هه‌شت له‌ هه‌ر که‌لێن و قوژبنێکی شاره‌زوردا بن به‌ هه‌ر قیمه‌تێک بێت ده‌رتان ده‌هێنم و ته‌حویلتان ده‌ده‌مه‌وه‌.
2 . له‌ وانه‌یه‌ ئه‌م به‌رپرسه‌ به‌ پێی په‌یوه‌ندی و هاوکارییه‌کانیان له‌ گه‌ل قه‌رارگای ره‌مه‌زان هه‌ستی به‌ پیلانێکی مه‌ترسیداری قه‌رارگای ره‌مه‌زانی له‌ سه‌ر ئێمه‌ کردبێت و ناراسته‌وخۆ ئێمه‌ی ئاگادار ده‌کرده‌وه تا‌ هه‌رچی زووتر ناوچه‌که‌ چۆڵ بکه‌ین. هه‌ر بۆیه‌ دواتر که‌ ئێمه‌ بریاری چۆڵ کردنماندا به‌ گوێره‌ی توانا به‌ ماشینه‌که‌ی خۆی رایگواستین بۆ نیزیک جادده‌ی خورماڵ و کار ئاسانی بۆ کردین.

 3 . له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی حدکا و ینک به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ل ئێمه‌و به‌رپرسانی ینک له‌ ناوچه‌که‌دا بوون. به‌رێز مام جه‌لال رایسپاردبوو که‌ هاورێیانی ینک به‌ ته‌واوی ئاگایان له‌ ئێمه‌ بێت( پاش یه‌ک لا بوونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ هێزه‌ کوردییه‌کان به‌ ته‌واو‌ی بێ ده‌سه‌لات خرابوون و ته‌نانه‌ت هێزه‌کانی ئێران ده‌ستدرێژی و سووکایه‌تیشیان ده‌کرد به‌ پێشمه‌رگه‌و به‌رپرسه‌کانیان) بۆیه‌ به‌ر پرس و لایه‌نه‌کان ده‌یان زانی له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی ناره‌وا سه‌باره‌ت به‌ئێمه‌ شاراوه‌ نیه‌و به‌ گران له‌ سه‌ریان ده‌کەوێت(مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندیه‌کانمان له‌ رێگای بێسیمه‌وه‌ له‌گه‌ل رێبه‌رایه‌تی حدکا ، کوشتن و ته‌حویلدانه‌وه‌مان به‌و ئاسانییه‌ دێزه‌ به‌ ده‌رحوونه‌ نه‌ده‌کرا ).
هه‌ر وه‌ها باسی ته‌حویل دانه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ کۆماری ئیسلامی له‌ شه‌رایەتێکی ناله‌باری خۆخولقێندا هاتبووه‌ پێش که‌ تاراده‌یه‌ک سەداقه‌ت و راستیی تێدابوو، ئه‌ویش له‌ کاتێکی هه‌ستیار و له‌وپه‌ری بێ ده‌سه‌لاتی دا دوو رێگا زیاتر نه‌بوو، شه‌ر کردن له‌گه‌ل هێزی زۆر و پۆشته‌و په‌رداخی کۆماری ئیسلامی بۆ ده‌رباز کردنی سێزده‌ که‌س که‌ بێگومان له‌ئه‌گه‌ری وه‌ها پێشهاتێکدا زیان و زه‌ره‌ره‌کان سه‌دقات ده‌بوو ، بۆیه‌ هه‌لبژاردنی رێگای دووهه‌م که‌ ته‌حویلدانه‌وه‌ی ئێمه‌ بوو هه‌ڵبژارده‌یه‌کی ناچاری و بێده‌سه‌ڵاتانه‌ بوو.
هه‌ر چۆنێک بوو پاش هندێک قسه‌و باسی توندی دوو لایه‌نه‌ ئه‌و براده‌ره‌ رایگه‌یاند که‌ من له‌وه‌ زیاتر کاتم نیه‌ و وه‌ک رامگه‌یاند یه‌ک رێگام بۆ ماوه‌ته‌وه‌ و ئێوه‌ش یه‌ک رێگا ،که‌ چۆل کردنی ناوچه‌که‌یه‌ ،کات ژمێرێک کاتتان هه‌یه‌ بریاری خۆتان بده‌ن و دوای کاتژمێرێکی تر دێمه‌وه‌ لاتان . ئه‌و براده‌ره‌ ئێمه‌ی به‌جێهێشت و ئێمه‌ش که‌وتینه‌ راو ته‌کبیری خۆمان، ده‌بوو زۆر به‌ په‌له‌و بێ کات فه‌وتان بریاری خۆمان بده‌ین. هه‌ر هه‌موو هاوده‌نگ بووین بۆ چۆڵکردنی ناوچه‌که‌ به‌هه‌ر قیمه‌تێک بێ  که‌ ته‌نها رێگا بوو.

بۆ وه‌ها رێپێوانێکی پڕ لە مه‌ترسی به‌ نێو هێزه‌کانی ئێران و به‌ره‌ی شه‌ری دوو داگیر که‌ر و مه‌یدانه‌ به‌ر بلاوه‌کانی میندا ، له‌ گه‌ل کۆمه‌لێک ژن و منداڵ نه‌ گونجاو و زیانبار بوو، بۆیه‌ بریارمان دا ژن و منداڵه‌کا‌ن به‌ جێ بهێلین و بیان سپێرین به‌ چاره‌نوسێکی نادیار تر له‌ چاره‌نووسی خۆمان. ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ژن و منداله‌کانیان له‌وێ بوون وه‌ک ئێمه‌ بۆیان نه‌ده‌کرا که‌ ژن و منداڵه‌کانیان بسپێرن به‌ چاره‌نووسی نادیار ،ئه‌م گرفته‌ هیندێک له‌ بریاردان دوای خستین و دواتر ئه‌نوه‌ر ده‌ره‌وه‌یانی پێشنیاری چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ی کرد به‌ مانه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ل ژن و منداڵه‌کان وخۆمان یه‌ک لا کرده‌وه‌.

پاشان په‌نامان برد بۆ حسک (به‌ هه‌ڵکه‌وت به‌رپرسێکیان له‌ نزیک ئێمه‌ بوو) به‌کورتی باسی شه‌رایته‌که‌مان بۆ کرد و پاش که‌مێک تێرامان و بیر کردنه‌وه‌ وتی له‌ نێو هێزه‌که‌ی خۆماندا ته‌نها که‌ سێک هه‌یه‌ که‌ بتوانێت به‌رعۆده‌ی ئه‌م ئه‌رکه‌ بێت که‌ ئه‌ویش لێره‌ نیه‌ ورێگام بده‌ن له‌ رێگای بێسێمه‌کانمانه‌وه‌ داوای لێبکه‌م په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ل بگرێت و باسه‌که‌ی له‌گه‌ل بکه‌م . دوای ماوه‌یه‌ک ئه‌و براده‌ره‌ی به‌رپرسی حسک هاته‌وه‌ لامان و وتی به‌ خۆشیه‌وه‌ ئه‌و براده‌ره‌م په‌یداکردوه‌و به‌ دڵفه‌راوانیه‌وه‌ ئه‌رکه‌که‌ی گرتوه‌ته‌ ئه‌ستۆ، چوار پێنج کا‌تژمێرێک لێره‌وه‌ دووره‌ ده‌بێ چاوەروان بکه‌ین تا گه‌یشتنی ئه‌و، ئه‌وه‌ی که‌ له‌و براده‌ره‌ماندا ده‌یبینم زووتر ده‌گات.

دواتر به‌رپرسی به‌ره‌ی کوردستانی هاته‌وه‌لامان و ئێمه‌ش ئاگاداری بریاره‌کانی خۆمانمان کرده‌وه‌ و داوامان کرد به‌گوێره‌ی توانای خۆیان رێگا چاره‌یه‌ک بۆ ده‌رباز بوونی ژن و منداله‌کان بدۆزنه‌وه‌ ویارمه‌تی ده‌ریان بن. هه‌رچۆنێک بوو براده‌ری حسک زووتر له‌ کاتی دیاریکراو گه‌یشت و عه‌سرێکی دره‌نگ له‌ کاک ئه‌نوه‌ر و ژن و منداڵه‌کان خواحافیزیمان کرد و سواری ماشینه‌که‌ی به‌رپرسی به‌ره‌ی کوردستانی بووین و به‌ره‌و خورماڵ رێکه‌وتین،له‌ سه‌ر جادده‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ عه‌نه‌ب پۆستێکی کونتروڵی به‌سیجی لێ بوو ، به‌ نیزیک بونه‌وه‌ی ماشینێکی پر له‌ چه‌کدار وه‌خۆیان که‌وتن و له‌ ده‌ورو بەری جادده‌که‌ سه‌نگه‌ریان گرت لێمان(پێشتر ئاگاداریان کردبووین که‌ گرفتمان تا خورماڵ هه‌بوونی ئه‌م به‌سیجیانه‌یه‌)،به‌گه‌یشتنمان براده‌ری به‌رپرس خۆی ناساند و وتی به‌ نیازین ئه‌م پێشمه‌رگانه‌ بپه‌رێنینه‌وه‌ بۆ قه‌ره‌داخ و ده‌بێت پێش له‌ تاریک داهاتن بیانگه‌یه‌نینه‌ شوێنی مه‌به‌ست. به‌رپرسی به‌سیجیه‌کان که‌وته‌بیانوو گرتن و سووکایه‌تی کردن و پاش که‌مێک وتی برۆن ملتان بشکێنن(برین گورتان گم کنید).

به‌لا رێ و جادده‌ خۆله‌که‌ دا گه‌یشتینه‌ نیزیک جادده‌ی قیره‌تاوی خورماڵ بۆ بیاره‌ و له‌ په‌سیو دۆڵێکا له‌ ماشینه‌که‌ دابه‌زین و سوپاس و ماڵئاوایمان کرد له‌ براده‌ری به‌رپرس . چاوساقمان که‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی گورجوگۆڵ و به‌ وره‌ و شاره‌زای ناوچه‌که‌بوو پاش هیندێک رێنوێنی وه‌ پێش که‌وت و ئێمه‌ش به‌ رێز و مه‌ودایه‌کی نێوانمان به‌دوایدا له‌ جادده‌ی قیر په‌رینه‌وه و به‌پشت خورماڵدا به‌لای ده‌ستی چه‌پ دا باماندایه‌وه‌ بۆ لای ریشێن(جه‌وێڵه‌ وعه‌نه‌ب و خورمال زۆرترین شیمیای به‌ر که‌وتبوو و زۆربه‌ی قوربانیه‌کانیش له‌م ناوه‌ بوون ،کاتی هاتنی ئێمه‌ هه‌موو ته‌رمه‌کا‌ن کۆ کرابوونه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ ده‌مانبینی که‌لاکی ئاژه‌ڵی جۆرواجۆری کیوی و ماڵی و په‌له‌وره‌کان بوو ).

پێش هێرش بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ئێران کۆمه‌ڵێک ئاماده‌کاری پێشوه‌حتی کردبوو کە یه‌کێک له‌م ئاماده‌کارییانه‌ کێشانی جادده‌یه‌ک بوو له‌ مه‌ریوان ڕا‌ بۆ شاره‌زور و دوو رۆژ دوای هێرشه‌که‌ ئه‌م جادده‌یه‌ی به‌سته‌وه‌ به‌ جاده‌ی خورمال بیاره‌وه‌.
له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی دوو پێشمه‌رگه‌ی که‌م ئه‌ندامی بێ لاق و دوو که‌سی به‌ته‌مه‌نمان له‌ رێگا رۆیشتن موشکیله‌یه‌ن هه‌بوو به‌ گوێره‌ی به‌رنامه‌ی دادێژراوی چاوساقه‌که‌مان نه‌مان ده‌توانی برۆینه‌ پێش و چاو ساقه‌که‌شمان به‌ په‌له‌بوو که‌ ده‌بێ پێش له‌ تاریک داهاتن له‌ نێو مه‌یدان مینه‌کان ده‌رباز بین. له‌ سه‌ره‌و ژوره‌ی ریشین به‌ قه‌د پاله‌که‌دا به‌ره‌و ژوور بووینه‌وه‌، به‌وبه‌ری ئێمه‌وه‌ جه‌هادی سازنده‌گی به‌ کۆمه‌لێک که‌ره‌سه‌ی جادده‌ سازیه‌وه‌ سه‌رگه‌رمی راس و ریسی پێچی جادده‌که‌بوون بۆ حورمال ، به‌بێ گوێدانه‌ ئێمه‌ سه‌رگه‌رمی ئه‌رکی خۆیان بوون و ئێمه‌ش به‌ بێ کێشه‌ درێژه‌مان به‌ رێگادا.ته‌پۆڵکه‌ی پشت ریشین و زاڵ به‌ سه‌ر پردی زه‌ڵم و ناوچه‌که‌دا هێزێکی زۆری کۆماری ئیسلامی لێ جێگیر کرابوو،ئێمه‌ ده‌بوو له‌ که‌له‌به‌ری پشت ته‌پۆڵکه‌که‌وه‌ ئاودیو بین. به‌ بینینی ئێمه‌ ئه‌م هێزه‌ وه‌ خۆیان که‌وتن و تاگه‌یشتنی ئێمه‌ زیاتر له‌ سه‌د که‌س له‌ که‌له‌به‌ره‌که‌ سه‌نگه‌ریان لێمان گرتبوو.به‌ پێی رێنوێنی چاو ساقه‌که‌مان ئێمه‌ هه‌قی هیچ چه‌شنه‌ قسه‌ کردن و خۆ تێکه‌ڵ کردنێکمان له‌گه‌ل هێزه‌کانی ئێران نه‌بوو.

چاوساقه‌که‌مان پێشتر له‌ ئێمه‌ خۆی گه‌یانده‌ که‌له‌به‌ره‌که‌و له‌گه‌ل پاسدار و به‌سیجیه‌کان که‌وته‌ قسه‌ و دوای که‌مێک به‌ده‌نگی به‌رز هاواری له‌ ئیمه‌ کرد و وتی په‌له‌ بکه‌ن بادره‌نگمان پێ نه‌بێت(وادیاربو پێی وتبوون به‌ته‌مان ئه‌م شه‌و هێزێک بپه‌رێننه‌وه‌ بۆ قه‌راغ) ،به‌ ریز به‌ نێو ئاپۆران پاسدار و به‌سیجی ئه‌م به‌ر و ئه‌و به‌ری که‌له‌به‌ره‌که‌دا تێپه‌ڕبوین و خوارتر له‌ سه‌ر کانییه‌کی که‌م ئاو کۆمه‌ڵێک پاسدار و به‌سیجی له‌ده‌ورو به‌ری کانیه‌که‌ سه‌رگه‌رمی خۆ شۆردن و چل شۆرین بوون، به‌بینینی ئێمه‌ ده‌وروبه‌ری کانیه‌که‌یان چۆڵ کرد بۆ ئاو خواردن(به‌رده‌وام سه‌له‌واتیان ده‌دا و ده‌یانوت ده‌ست عه‌لی هاوڕێتان بێ)به‌رێز و به‌ په‌له‌ هه‌رکه‌سه‌ و که‌مێک ئاوی ده‌خوارده‌وه‌ و مه‌تاره‌که‌شی پڕ ده‌کرد و دورده‌که‌وته‌وه‌،ده‌ستم دایه‌ به‌ر پلورگی ئاوه‌که‌ و بینجم پێوەنا و له‌ پڕ وه‌بیرم هاته‌وه‌ که‌ کۆڵه‌پشتیه‌که‌م له‌ سه‌ره‌وه‌ ئارمێکی ره‌نگیی حیزبی پێوه‌یه‌ و پاسداره‌کانی لای سه‌روی کانیه‌که‌ لێی ورد بوونه‌ته‌وه‌ ، بۆیه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌تاره‌که‌م پر بکه‌م کانیه‌که‌م به‌ جێهێشت و دوور که‌وتمه‌وه‌.که‌مێک خوارتری کانیه‌که‌ ده‌روویه‌کی ته‌نگه‌ به‌ر که‌ چەند ئه‌شکه‌وتێکی تێدابوو (ئێره‌ پێشتر مه‌قه‌ری شوعیه‌کان ببوو) تێپه‌رین و له‌ ناکاو که‌وتینه‌ به‌ر ره‌هێڵه‌ی چه‌که‌ دورهاوێژه‌کانی عێراق.

دوای ماوه‌یه‌ک خۆ هه‌شاردان ،ئاوربارانه‌که‌ کۆتایی هات و ئێمه‌ش بێ زیان درێژه‌مان به‌رێگا دا. تاریک و روونی ئێواره‌ به‌ هه‌ورازێکی پر له‌ مێن دا سه‌رکه‌وتین(چاوساقه‌که‌مان پێی وتبووین که‌ نابێ له‌ باریکه‌ رێگای نێو مینه‌کان لابده‌ین و تائه‌و جێگایه‌ش که‌ ده‌کرێت پێ بنێینه‌ جێ پێی ئه‌و).خاڵۆ برزو له‌ پێ که‌وتبوو و هێزی رۆیشتنی نه‌بوو ،به‌ نۆبه‌ له‌ کۆڵمان کرد و سه‌رکه‌وتین.

 درێژەی هەیە …..
22/04/2013

ئەوە ڕاست ئەو کاتەیە کە کاک مەنسوور باسی دەکا . ئەم فیلمە تا ئسیتا بلاونەبۆتەوە و سوپاس بۆ کاک جەماڵ نەجاڕی کەلەومان وەرگرتەوە .

vido


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی