"an independent online kurdish website

 لەو وڵاتانەدا کە نەتەوە و پەیرەوانی دین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان پێکەوە لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسی دەوڵەتیدا دەژین، دەوڵەتی ناوەندی پێویستە هەموو سازوکارێکی پێویست بۆ خوڵقاندنی دەرفەتی لەبارbraym_lajani

بە مەبەستی بەشدارکردنی چالاکانەی کەمایەتیەکان لە پرۆسەی سیاسی وڵاتدا بگرێتە پێش.

 مەنشوری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، دەوڵەتەکانی ئەندامی ئەو رێکخراوە بۆ بەڕیوەبردنی  ئەو  پەیماننامانەی کە  رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی مافی کەمایەتیە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و زمانیەکان پەسندی کردوون، بەرعۆدە دەکا. لەوەش زیاتر ئەرکیان دەخاتە سەر شان تا بۆ پیادەکردنی ئەو پەیماننامانە لە ئاستی دونیادا، هاوکاری وڵاتانی دیکەو کۆمەڵگای نێونەتەوەی بکەن.

ئەوە بەومانایە کە بێجگە لەو قانوونانەی کە لە ئاستی هەر وڵاتێکدا دەوڵەت بە حوکمی ئەندام بوونی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا دەبێ بۆ پاراستنی مافی کەمایەتیەکان بەرێوەیان بەرێ، قانوونی نێودەوڵەتیش گەلێک کۆنڤانسیۆنی جۆراوجۆری بۆ پاراستنی مافی کەمایەتیەکان و دابینکردنی هەلومەرجی لەبار بۆ بەشداربوونی ئەوان لە کارووباری سیاسیی وڵاتەکانیان دا وەبەرچاوگرتوون کە دەوڵەتەکان پێویستە لە سیاسەتگوزاری خۆیاندا بەرانبەر  بە کەمایەتیەکان وەبەرچاویان بگرن.

کۆنڤانسێۆنەکانی رێکخراوی نەتوەیەکگرتوەکان بۆ مافە مەدەنی و سیاسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریەکان، رێوشوێنە گشتیە پێویستەکان بۆ بردنەپێشی وەها  سیاسەتێک بۆ دەوڵەتەکان دەستنیشان دەکەن. جیا لەوان هەر وەک وتمان لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەییشدا، ژمارەیەکی زۆر قانوون و یاسایی تایبەت بە پاراستنی کەمایەتیەکان لەلایەن ئۆرگانە نێوەنەتەوەیی و ناوچەییە سەڵاحیەتدارەکانەوە پەسندکراون کە ئیعتیباری قەزایی و قانوونیان هەیە.

کەواتە لە دونیای ئەم سەردەمەدا، ئیدی دەوڵەتەکان ناتوانن وەک ڕابردوو بە کەیفی خۆیان بجوڵێنەوە و لە پشتی پرنسیپی سەربەخۆی و حاکمیەتی میللی و نیشتیمانی، سیاسەتی بێ عەداڵەتی و هەڵاواردن و تەبعیز دەرحەق بە کەمایەتیەکان بەرێوەبەرن.

یەکێک لەو ئەسڵانە کە قانوونی نێونەتەوەیی بۆ بەشدارکردنی کەمایەتیەکان لە پرۆسەی سیاسی وڵاتەکانیاندا پێی لەسەردادەگرێ، بریتیە لە پرنسیپی  ئامادەکردنی هەلومەرجی لەبار  بۆ بەشداری کاریگەر و چالاکانەی ئەوان لە پرۆسەی سیاسیدا.

بەگوێرەی ئەو ئەسڵە، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و قانوونی نێودەوڵەتی حوکم دەکەن کە دەوڵەتەکان بێجگە لەو رێوشوێنە جۆراوجۆرانەی کە بەشوێوەیەکی گشتی بۆ بەشداری هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسیدا پیادەیان دەکەن، پێویستە هەندێک سازوکار و بەرنامەو پلان و سیاسەتی  تایبەتی دیکەش  بگرنەپێش کە رێگا بۆ بەشداریی چالاکانەی کەمایەتیەکان لە پرۆسەی سیاسیدا خۆشبکەن. جەوهەری ئەو کارە بریتیە لە بەرێوەبردنی سیاسەتی هەڵسوکەوتکردنی تایبەتی و موسبەت بەرانبەر بە کەمایەتیەکان واتە( affirmative action) یا ئەوەی مامۆستا گۆران گوتەنی برا عەرەبە چاوڕەشەکانمان پێی دەڵێن (الإجراءات الإيجابية).

ئەو هەڵسوکەوتکردنە پۆزەتیڤ و تایبەتیە لە کردەوەدا دەتوانێ فۆرمی جۆراوجۆر بە خۆیەوە بگرێ. وەک دۆزینەوەی چارەسەری  بۆ کێشەی کەمایەتیەکان، ئەوە کە کەمایەتیە کان ئۆتۆنۆمی یان بدرێتێ، یا لە ناوچەکانی شوێنی دانیشتنی خۆیاندا دەستەڵاتی ئیداری و خۆبەرێوەبەری خۆیان پێ بدرێ، یا دامەزراوی ساسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کولتووری و مێدیایی  کۆمەڵایەتی و تەندروستی تایبەت بۆخۆیان بۆ درووست بکرێ کە ئەوان بە هی خۆیانی بزانن و ئەو دامەزراوانەش لە کردەوەدا دیفاع لە ماف و ئازادیەکانی ئەو کەمایەتیانە بکەن. یانی پێویستە ئەو مافە بە کەمایەتیەکان بدرێ کە هەندێک ئەنستیتۆ و موئەسەساتی تایبەت بە خۆیان درووستکەن کە لە کردەوەدا نوێنەرایەتی ئەوان بکەن. ( special representation righes )

  واتە هەندێک ئۆرگانی تایبەت بەخۆیان درووستکەن کە لە بەرانبەر دەستەڵاتی ناوەندی و ئەو زۆرایەتیەدا کە دەستەڵاتی لە  بە دەستەوەیە،  بیان پارێزن و قازانج و بەرژەوەندیەکانی ئەوان بەرنە پێش.  ئەوەش دەکرێ بە شكلێ پاڕلەمانی ناوچەیی، حیزب و رێکخراوی سیاسی و فڕاکسیۆنی سیاسی تایبەت بە خۆ،  حکومەتی ناوچەیی، فیدڕالیزەکردنی وڵات، دیسانتڕالیزەکردنی دەستەڵاتی حکومەتی و پێکهێنانی ئۆرگان و موئەسەساتی  جۆراوجۆر بۆ پیادەکردنی حاکمیەتی شەراکەتی  لە ئاستی سەرانسەریدا، خۆی نیشانبدا.

ئەو ڕوانگە تازەیە  ئاڵۆگۆڕی بەرچاوی بە سەر ئەو لێکدانەوە لیبڕالیەدا هێنا کە پێشتر لە قانوونی نێودەوڵەتیدا بۆ  مەسەلەی کەمایەتیەکان دەکرا و دوای شەری دووهەمی جیهانی برەوی پەیدا کردبوو.   لێکدانەوەیەک کە دەیگووت  دەوڵەت پێویستە هەلومەرجێک پێک بێنێ تا هەموو هاووڵاتیان، بێ وەبەرچاوگرتنی هیچ جیاوازیەک، بتوانن وەک یەک لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداری بکەن. واتە یەک سیاسەت political equality

بەرانبەر بە هەموو هاووڵاتیان بێ هەڵاواردن بەڕیوەبەرێ.

 ئێمە کوردەکان ئەوەشمان پێ ڕەوانەبینراوە و وەک هاووڵاتی دەرەجە سێ و چوار سەیرمان کراوە. کاتێک دووکتۆر قاسملوو لە دیدار لە گەڵ خومەینی دا، پێی دەڵێ ئێمە کوردەکانی ئێڕان چاوەڕوانین دەوڵەتی مەرکەزی داخوازەکانی خەڵکی کوردستان وەبەرچاو بگرن، لەوەڵامدا خومەینی دەڵێ هەموو موسوڵمانین. بەڵام وەک  موسوسوڵمانیش ڕەفتارمان دەگەڵ نەکرا. دواتر هەر ئەو خومەینیە جیهاد بە دژی  خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند.

 بەوجۆرە لە دەیەی ئاخری قەرنی ڕابردوودا، پاش ڕووخانی سیستەمی سۆسیالیزمی مەوجود و سەرهەڵدانی کێشەی کەمایەتیەکان لە ئورووپاو وڵاتانی سۆسیالیستی پێشوودا، بەتایبەت دوای کارەساتەکانی باڵکان و کۆنگۆ و ئاسیای نێوەڕاست، هەروەها بەهۆی تووندتر بوونی کێشەی نەتەوەیی و بڵێسەداربوونی خەباتی گەلانی ژێر چەپۆکە و یەک لەوان نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، مەسەلەی گەل  و نەتەوە بندەستەکان و کەمایەتیەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بوو بەمەسەلەی هەرە  سەرەکی.

فۆکۆیاما فەیلەسوفی باناوبانگی هاوچەرخ,  بە هەڵسەنگاندنی ئەو دیاردەیە وتی ئیدی لەمەو بەدوا کێشەی ئەسڵی ، کێشەی نێوان فەرهەنگەکان، کولتوورەکان، تەمەدوونەکان و نەتەوەو کەمایەتیە جیاجیاکان لە گەڵ یەکتر دەبێت . شەهید دووکتۆر سەعید لە ڕاپۆرتی خۆی   بۆ کۆنگرەی ٩ی حیزبدا، بە خۆش بینیەوە دەڕوانێتە ئەو وەزعە تازە نێونەتەوەییە. لەوەش زیاتر وەک شانسێکی تازە  کە بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد هاتۆتەپێش، لە سیاسەتگوزاری بزووتنەوەی کوردا، حیسابی بۆ دەکاتەوە.

 بەو شێوە لە ئاکامی ئەو وەزعەدا، مەسەلەی مافی کەمایەتیەکان لە قانوونی نێونەتەوەییدا بوو بە مەسەلەیەکی ئاکتوێڵ و لێکدانەوەی قوڵتر و دەوڵەمەندتری بۆ کرا.

 ئەو تێزەی کەدەڵێ دەوڵەت دەبێ یەک سیاسەت بەرانبەر هەموو هاووڵاتیان بێ جیاوازی بەرێوەبەرێ تا دەرفەت و شانسی وەک یەکیان بۆ بەشداری لەکارووباری سیاسیدا بۆ پێکبێنێ، لە وڵاتە فرە کولتووری و فرەفەرهەنگیەکاندا، لە کردوەدا نەک هەر بە بن بەست گەیشت، بەڵکوو کارەساتی ئینسانی گەورەشی لێکەوتەوە.

 ئەو سیاسەتە تەعبیرێکی بەرتەسک بوو کە لە پرنسیپی سیاسەتی وەک یەک political equality یا یەک جۆرە سیاسەت دەکرا. لەو پرینسیپەدا، دەوڵەت بە مەبەستی دابینکردنی مافی وەک یەک بۆ هاووڵاتیان بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا یەک سیاسەتی ڕەسمی و دەوڵەتیی دەباتەپێش. بەڵام ئەزموونە میژوویەکان دەریدەخەن کە لە کردەوەدا زۆرایەتی دەستەڵاتدار کە دەوڵەتی بە دەستەوەیە، هەمیشە تەبعیزی بە دژێ کەمایەتیەکان بەرێوەبردوە.

 دواتر ئەو پرنسیپە خوێندنەوە و تەفسیر قوڵتری بۆکرا.  شانسی وەک یەک و equality of opportunity   هەروەها ئاکامی وەک یەک  equality of outcome  بوون بە جەوهەری ئەو تێگەیشتنە نوێە. لەوەش زیاتر ئەو تێگەیشتنە نوێە ئەو سیاسەتە تایبەتیانەش دەگرێتەوە کە بۆ بە هێزکردن و ڕاهێزان و ئێمپاوەرمێنتدان بە کە مایەتیەکان دەبێ وەبەرچاو بگیردرێن.

 یانی نێوەرۆکی سیاسەتی وەک یەک هەم شانسی وەک یەک و هەم ئاکامی وەک یەک دەگرێتەوە و هەم  ئەو سیاسەتە تایبەتیانەش دەگرێتەوە کە وەزعی تایبەتیی کەمایەتیەکان بە حیساب دێنی.

ئەوەی تایبەتیە بە ئێمەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئەوەیە کە هیچ کات هەستمان نەکردوە کە شانسی وەک یەکمان لە گەڵ کەسانی سەربەنەتەوەی دەستەڵاتدار هەبێ تا بتوانین بە ئەندازەی ئەوان لە کێکەکە بۆ خۆمان هەڵگرین.

لەتەعبیری مۆدێڕنی ئەو پرنسیپەدا، کە دوای ساڵانی ١٩٩٠، بۆتە کۆڵەکەیەکی دیکەی ئەو سیاسەتە کە دەوڵەت دەبێ بەرانبەر کەمایەتیەکان ڕەچاوی بکا، مافە کولتووری و فەرهەنگی و سیاسی و مەدەنیەکانی کەمایەتیەکان، وەک فاکتۆرێکی پڕبایەخ دەژمێردرێن. یانی دەوڵەت بۆ ئەوەی شانس و دەرفەتی وەک یەک بۆ بەشدارکردنی هەموو هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسیدا پێکبێنێ، پێویستە هەر لەسەرەتاوە بە ڕەچاوکردنی  ئەو جیاوازیانەوە دەست پێبکا کە لە نێوان هاووڵاتیاندا هەن. واتە ئەو جیاوازیانە  ببینێ کە کەمایەتیە میللی و ئاینی و مەزهەبی و فەرهەنگیەکان لە زۆرایەتی فەرمانڕەوا و دەستەڵاتدار جیادەکەنەوە و رێز لەو جیاوازیانە بگرێ و  دەرفەتی گوڵ کردن و گەشەکردنیان بۆ درووستکا.

لێرەدایە کە فاکتۆری هەویەت و ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کولتووری و مەزهەبی و ئیتنیکی، وەک پاڕامیترێکی جدی لە سەر ڕەوتی چۆنیەتی چوونەپێشی پڕۆسەی سیاسیدا، خۆیان نیشان دەدەن.  واتە پەیڕەوانی کەمایەتیە نەتەوەییەکان تەنیا کاتێک دەتوانن بەشداری کاریگەر لە پڕۆسەی سیاسیدا بکەن کە ناسنامەو کولتوورو فەرهەنگی تایبەتی خۆیان بۆ بەڕەسمی بناسرێ و لەو کۆنتێکستەوە  لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداربن كە ناسنامەی نەتەوەیی و کولتوری خۆیان پێ رەوادەبینێ.

بەو جۆرە بۆمان دەردەکەوێ کە کەمایەتیە نەتەوەییەکان لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ناتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی لە پڕۆسە ی سیاسی وڵاتدا بەشداری بکەن. چوونکە بەشداری ئەوان لە پرۆسەی ئاسایی سیاسیدا هیچ کاریگەریەکی جیدی لەسەر وەزعی سیاسی وڵات و چارەنوسی خۆیان نابێت. لە لایەک کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی مەزهەبی وغەیرە دێموکڕاتیکە. لە لایەکی دیکەش ناتوانێ و لە ماهیەتی دا نیە سیاسەتێکی وەک یەک بەرانبەر هەموو هاووڵاتیان بەرێوەبەرێ  تا دەرفەت و شانسی وەک یەکیان بۆ تەئسیر گوزاری بداتێ. لە ئاکامدا لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا سیاسەتی تەبعیزو هەڵاواردن  بەرانبەر کەمایەتیە میللی و مەزهەبی و ئاینی و جنسیەکان بەرێوەدەبات. ئەوە  شتێکە ئێمە خەڵکی کوردستان بە ئێسک و پێستەوە هەستی پێدەکەین. لە لایەکی دیکەشەوە چونکە دەوڵەتی ناوەندیی هیچ سازوکارێکی تایبەتی بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوە بندەستەکان نیە و  رێگاش نادات ئەوان بۆ  بردنەپێشی داخوازی و قازانجەکانی خۆیان، دامەزراو و موئەسەساتی تایبەت بەخۆیان هەبێت، کەمایەتیەکان ناتوانن  بەشداریی کاریگەر لە پڕۆسەی  سیاسی وڵاتدا بکەن. بۆیە بەشداری  ئێمەی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژارنەکاندا، شوێنەوارێکی بەرچاوی لە سەر پڕۆسەی سیاسی نابێت.

لە ئێراندا لەلایەک سیاسەتێکی وەک یەکی دەوڵەتیی بەرامبەر هاووڵاتیان بەرێوەناچێ. دەرفەت و شانسی وەک یەک نادرێتە کەمایەتیەکان. لە لایەکی دیکەشەوە  بە تووندی تەبعیزیان پێ ڕەوادەبینرێ. لەوەش زیاتر هیچ دامەرزاو و موئەسەساتێکی تایبەت بەخۆیان بۆ لەبەرچاوناگیرێ تا بتوانن  بە شێوەیەکی چالاکانەو کاریگەر لە ڕێگای ئەوانەوە تەئسیر لەسەر پڕۆسەی سیاسی دانێن. کاتێکیش ئیعترازو نارەزایەتی خۆیان بەرانبەر ئەو باروودۆخە دەردەبڕن، لە گەڵ سەرکوت و زەبروزەنگی دەوڵەتیی  بەرەو روودەبن. بۆیە لە هەلومەرجێکی ئاوادا وەزعەکە شکڵێکی دیکە بەخۆوە دەگرێ.

لە هەلومەرجێکی ئاوادا نەتەوە بن دەستەکان ناچارن بۆ بردنە پێشی ویست و داخوازەکانی خۆیان رێگای شۆڕش و خەباتی سەخت و تەنانەت خوێناویش بگرنە پێش.  خەبات و بەربەرەکانی سەخت و خوێناوی سێ دەیەی رابردووی خەڵکی کوردستانی ئێران بۆ دیفاع لە مان و مەوجودیەتی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی دەبێ لەو پێرسپێکتیڤەوە تەماشابکرێ. لەخۆڕا نەبوو دوکتۆر قاسملووی شەهید دەیگووت دیفاع و بەربەرەکانی و خەباتی چەکدارانەی گەلی ئێمە لووتکەی هەرەبەرزی خەباتی سیاسی و بەشداربوونە لە پڕۆسەی سیاسیدا.

ئیبڕاهیم لاجانی

٠٦.٠٥.٢٠١٣

بابەتەکانی تری کاک برایم لاجانی 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی