ماوه‌یه‌ک له‌وه پێش له شاری مه‌ریوان تۆمه‌تبارێک له لایه‌ن دادگای ئه‌و شاره‌وه به پۆشینی جلی کوردیی ژنان‌و گێڕانی به نێو شار دا مه‌حکووم کراو له لایه‌ن هێزی به ناو ئینتزامیی ئه‌و شاره حوکمه‌که ئیجرا کراو
ئیجراکردنی ئه‌و حوکمه به‌و شێوه‌یه ئیعتراز‌و ناره‌زایه‌تیی ژنانی مه‌ریوانی لێ‌که‌وته‌وه‌و له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژدا ناڕه‌زایه‌تی به‌و حوکمه شار‌و ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان‌و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی کوردستانی گرته‌وه‌و داکۆکیکارانی مافی ژنان به وه‌ڕێ‌خستنی که‌مپه‌ینی ئیعترازی پشتگیری‌یان له ژنانی مه‌ریوان کرد.
له‌و نووسینه‌دا ناچینه سه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه که ئایا ئه‌و که‌سه که سزا دراوه به پۆشینی جلی ژنان تاوانباره یان نا؟ ئه‌وه‌ی له‌و بابه‌ته‌دا جێگای سه‌رنج‌و تێڕامانه ئه‌و حوکمه‌یه که له لایه‌ن دادوه‌ری دادگای مه‌ریوانه‌وه ده‌رچووه‌وله لایه‌ن هێزی به‌ناو ئینتزامی شاری مه‌ریوانه‌وه ئیجرا کراوه‌و تاوانباریان به جلی ژنانه‌وه به سواری ماشێن به نێو شاردا خولاندۆته‌وه. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له چه‌ند لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و یاسایی‌یەوه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و حوکمه بکه‌ین. به‌ڵام پێویسته له پێش‌دا ئیشاره به خاڵێکی گرنگ بکه‌ین که بزانین سزا بۆچی دیاری کراوه‌و ئه‌و سزایه که دادوه‌ری شاری مه‌ریوان بۆ ئه‌و تاوانباره‌ی دیاری کردوه ده‌چێته خانه‌ی ئه‌و پیناسانه‌ی که له بواری یاسایی‌دا له سزا کراوه.
سزا به پێناسه‌یه‌کی کورت: «قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانه‌یه که به هۆی تاوانێکه‌وه له به‌رژه‌وندیی کۆمه‌ڵگا یان تاکێک که‌وتوه‌و نه‌زمی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی تێک‌داوه‌و له ڕێگای سزادانی تاوانباره‌وه هاوسه‌نگی له کۆمه‌ڵگه‌دا دروست ده‌بێته‌وه» یان به‌واتایه‌کی دیکه به سزادانی تاوانبارهه‌م قه‌ره‌بووی ماددی‌و مه‌عنه‌ویی تاوان لێ‌کراوه‌که بکرێته‌وه‌و هه‌م ده‌رسێک بێ بۆ که‌سانی دیکه که تاوانی له‌و چه‌شنه ئه‌نجام نه‌ده‌ن ده‌نا تووشی لێ‌پێچانه‌وه‌ی قانوونی ده‌بن‌و سزا ده‌درێن.
له ژێر رووناکایی ئه‌و پێناسه‌یه‌دا که له سزا کراو ئه‌و حوکمه‌ی داوه‌ری شاری مه‌ریوان وه‌ک سزا به‌سه‌ر تاوانباردا سه‌پاندوویه‌تی، ده‌توانین ئه‌و پرسیاره بکه‌ین که ئایا ئه‌و سزایه قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانه‌ی کردۆته‌وه که به‌هۆی تاوانی تاوانکار له کۆمه‌ڵگا به گشتی یان تاک به تایبه‌تی که‌وتوه؟
ئایا لە بڕگه قانوونی‌یه‌کانی سزادانی گشتی نیزامی کۆماری ئیسلامی‌دا هاتوه که جلوبه‌رگی ژنان وه‌ک سزایه‌ک ده‌به‌ر پیاوان بکرێ‌و یان به پێچه‌وانه‌وه جلوبه‌رگی پیاوان وه‌ک سزا له‌به‌ر ژنان بکرێ؟ وه‌ڵامی هه‌ر دوو پرسیار به دڵنیایی‌یه‌وه ئه‌وه‌یه که له هیچ بڕگه‌یه‌کی سزادانی کۆماری ئیسلامی‌دا سزای له‌و بابه‌ته نابینرێ‌و ئه‌و سزایه نه‌ی‌توانیوه ئه‌و هاوسه‌نگی‌یه‌ک له کۆمه‌ڵگه‌دا دروست بکاته‌وه که به هۆی تاوانی، تاوانکار تێک چووه. لێره‌دا پرسیارێکی دیکه دێته ئاراوه ئەی چۆنه دادوه‌ری شاری مه‌ریوان گه‌یشتۆته ئه‌و قه‌ناعه‌ته که حوکمی له‌و شێوه‌یه به‌سه‌ر تاوانباردا بسه‌پێنێ؟ له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ئه‌گه‌ر له هیچ بڕگه‌یه‌کی سزادانی گشتیی ئێران‌دا ئیشاره به سزای له‌و چه‌شنه نه‌کراوه، به‌ڵام نابێ شک‌و گومانمان هه‌بێ که ده‌رکردنی حوکمی له‌و بابه‌ته‌و به‌کارهێنانی جلوبه‌رگی ژنان وه‌ک که‌ره‌سه‌ی سزا له بیروئه‌ندێشه‌ی کۆماری ئیسلامی له‌باره‌ی ژنانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. بۆ سه‌لماندنی ئه‌و قسه‌یه هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه که چاوێک به مادده‌و بڕگه‌کانی «قانون مجازات اسلامی»دا بگێڕین، ئه‌و کات بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که نزیک به ته‌واوی ئه‌و بڕگه‌و مادده قانوونی‌یانه‌ی که له‌و قانوونه‌دا هاتوون جێگه‌و پێگه‌ی ژن له پله‌ی دووهه‌م‌و به دوای پیاودا دانراوه. واته کاتێک ژن ده‌بێته لایه‌نێکی داوایه‌کی قانوونی له ماف‌و حه‌ق‌دا نیوه‌ی پیاوی پێ‌ده‌درێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پیاوه‌که تاوانباری ده‌ره‌کییش بێ. بۆ نموونه:
مادده 209: له «قانون مجازات اسلامی» له به‌شی «قصاص»دا ده‌ڵێ:
«هه‌ر کاتێک پیاوێکی موسڵمان ژنێکی موسڵمان بکوژێ مه‌حکووم به قه‌ساس ده‌بێ، به‌ڵام ده‌بێ که‌سوکاری ژنه کوژراوه‌که پێش له به‌ڕێوه‌چوونی قه‌ساسی بکوژ، نیوه‌ی خوێن‌بایی بده‌ن به پیاوه قاتڵه‌که«.
مادده 258: «هه‌ر کاتێک پیاوێک ژنێکی کوشت «خوێن‌گر» مافی قه‌ساسی بکوژی هه‌یه به دانی نیوه‌ی «خوێن‌بایی» به قاتڵ‌و هه‌رله‌وکاته‌دا قاتڵ ده‌توانێ به‌ڕاده‌ی که‌متر یان زیاتری «خوێن‌بایی» له‌گه‌ڵیان پێک بێ.
مادده 487: خوێن‌بایی له‌به‌ربردنی کۆرپه‌ڵه «دیه سقط جنین» له خاڵی 6ی ئه‌و مادده‌یه دا ده‌ڵێ: «ئه‌و کۆرپه‌ڵه‌یه که له منداڵدانی دایک‌دا ڕووحی وه‌به‌رهاتوه ئه‌گه‌ر کوڕ بێ خوێن‌بایی ته‌واو وه‌رده‌گرێ‌و ئه‌گه‌ر کچ بێ نیوه‌ی خوێن‌بایی کوڕه‌که وه‌رده‌گرێ…»
لێره‌دا ته‌نیا به هێنانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند بڕگه‌یه له قانوونی «مجازات اسلامی» به‌س ده‌که‌ین‌و پێویسته هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له سه‌ر تێ‌ڕوانینی قانوون‌دانه‌رو به‌ڕێوه‌به‌رو حوکم‌رانی کۆماری ئیسلامی له پێوه‌ندی لەگەڵ ژن‌و جێگەو پێگه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگه‌دا بکه‌ین. ئه‌گه‌ر چاوێکی خێرا به سه‌ر ئه‌و سێ بڕگه قانوونی‌یه‌دا بخشێنین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ژن له کۆمه‌ڵگه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا مرۆڤی پله دوویه‌و ته‌نانه‌ت له هێندێک بواری خاوه‌نداریه‌تیی ماف له قانوون‌دا وه‌ک کوێله چاوی لێ‌ده‌کرێ‌و پیاو له هه‌موو بوارێک‌دا به ئه‌رشه‌دو خاوه‌نی ژن دیاری کراوه‌و ئه‌و کاته‌ش که پیاو ژن ده‌کوژێ‌و گیانی لێ‌ده‌ستێنێ، پیاوه‌که له به‌رامبه‌ر مه‌حکه‌مه‌و قانوون‌دا رێ‌پێدراوه که نیوه‌ی خوێن‌بایی له که‌سوکاری ژنه‌که وه‌ربگرێ جا ئه‌و کات سزای بۆ دیاری بکرێ له حاڵێک‌دا ژن‌و پیاو وه‌ک مرۆڤ له سروشت‌داو به پێی ئایینه ئاسمانی‌یه‌کانیش مافی وه‌ک یه‌کی ژیانیان هه‌یه‌و هیچیان مافی ئه‌وه‌یان نیه گیان له‌وی دیکه بستێنێ. به‌ڵام قانوون‌دانه‌ری کۆماری ئیسلامی له ئاست ئه‌و راستی‌یه سروشتی‌یه خۆی گێل ده‌کاو ته‌نانه‌ت به دانانی جیاوازی حوکم له سه‌ر ئه‌و کۆرپه‌ڵه‌یه‌ش ده‌دا که هێشتا نه‌هاتۆته سه‌ر دنیا‌و هه‌ست به بوونی خۆی له باری جسمی‌و جنسی‌یه‌وه ناکاو ته‌نانه‌ت کۆرپه‌ڵه‌که خۆی له دیاری‌کردنی جنسی خۆی‌دا هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نیه هه‌تا له دوایی‌دا قانوونه ده‌ست‌کرده‌کانی حکوومه‌تی ئیسلامیی ئێران‌و هاوشێوه‌ی ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته به‌سه‌ری‌دا بسه‌پێ‌و مل‌که‌چیان بێ.
هه‌ر ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی کۆماری ئیسلامی‌یه که دادوه‌ری شاری مه‌ریوانی هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که پێگه‌ی ژن له پێگه‌ی پیاو نزمتره‌و تاوانباری پیاو به‌و پێگه نزمه سزا ده‌دا له حاڵێک‌دا دادوه‌ر به ته‌واوی له هه‌ڵه‌دایه، ره‌نگه ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌رانبه‌ر به ژن له هێندیک ناوچه‌ی ئێران‌دا به‌ستێنی خۆی هه‌بێ به‌ڵام جێگه‌و پێگه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری‌دا له زۆر لایه‌نه‌وه جیاوازیی له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی‌دیکه‌ی ئێران‌و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری هه‌یه. هه‌ر بۆیه دادوه‌ری مه‌ریوان له لێک‌دانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان‌دا به هه‌ڵه چووه. چونکه هه‌م فه‌رهه‌نگ‌و هه‌م مێژووی نووسراوی کورد که به داخه‌وه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری به ده‌ستی بێگانه‌کان نووسراوه زۆر به حورمه‌ت‌و شایسته‌وه باس له ژنی کورد‌و جێگه‌وپێگه‌ی له نێو کۆمه‌ڵ‌دا ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌تا مینۆرسکی له کتێبی «کورد‌و تێبینی‌و وردبوونه‌وه« له لاپه‌ره‌ی 159 چاپی کوردی‌دا به‌و شێوه‌یه باس له ئازادیی ژنی کورد ده‌کا. «ئافره‌تیان بێ‌په‌چه‌ن، به ئازایی‌و به بێ شه‌رم‌کردن له نێو کۆڕ‌و کۆمه‌ڵ‌دا داده‌نیشن‌و زۆر جاریش له گفتوگۆدا هاوبه‌شیی پیاوان ده‌که‌ن…».
له لاپه‌ره‌ی 162ی ئه‌و کتێبه‌دا مینۆرسکی له‌باره‌ی که‌سایه‌تیی ژنانه‌وه ئاوا ده‌نوسێ: «گومانی تێدا نیه که ئافره‌ت له نێو کورده‌کان‌دا شه‌خسییه‌تی هه‌یه، هیچ سه‌یریش نیه ئه‌گه‌ر ببینین ناویان بخرێته سه‌ر ناوی کوڕه‌کانیان…»
ئه‌و دوو نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه که له زمانی مینۆرسکی‌یه‌وه باسمان کردن که مێژووی نووسینیان بۆ 100 ساڵ پێش ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌رخه‌ری ئه‌و راستی‌یه‌ن که له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری‌دا ژن جێگه‌وپێگه‌ی خۆی هه‌بووه‌و هه‌یه‌و هه‌رله‌و کاته‌دا به‌و ڕاده‌یه که ژن حورمه‌تی هه‌بووه جلوبه‌رگ‌و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تایبه‌ت به‌و بوون‌و هه‌ن جێگای رێز‌و حورمه‌تن‌و هه‌موو ئه‌وانه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستی‌یه‌ن که له کۆمه‌ڵی کورده‌واری‌دا ژن‌بوون نه‌ک که‌مایه‌سی نیه به‌ڵکوو به‌ڕاده‌ی پیاوبوون شانازی‌خوڵقێنه‌و ده‌بێ کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی ئه‌و راستی‌یه‌یان بۆ ده‌رکه‌وتبێ که بێ‌حورمه‌تی‌کردن به جلی کوردیی ژنان یان هه‌ر که‌ره‌سه‌یه‌کی دیکه که مۆرکی نه‌ته‌وه‌یی کوردی پێوه بێ ناتوانرێ به سووک‌و سانا چاوپۆشیی لێ‌بکرێ.
سه‌رچاوه:
قانون مجازات اسلامی چاپ 89
کتێبی کورد نووسینی مینۆرسکی 1914
له ژماره 607ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه.
………
ناردراوە بۆ ماڵپەڕی پێشمەرگەکان لە لایەن کاک عومەر 2013-05-08