بەدرێژەكێشانی شەڕی سووریە و دەستێوەردانەكانی ئێران و حیزبوڵڵا لەكاروباری ئەو وڵاتە، چاوەڕوانی ئەوە دەكرێ ویەتنامێكی خوێناوی دیكە لەسووریە دووپات ببێتەوە و سەرجەم ئەو لایانانەی كە دەستێوەردانی ئەو وڵاتە دەكەن، بكێشێتە ناو زونگاوەوە.
دەستێوەردانەكانی حیزبوڵڵای لوبنان لەسووریە لەناوچەی عەكار و بەبیانووی بەرگریی لەئاواییەكانی شیعەنشین دەستی پێكرد و دواتر وترا پێویستە پشتیوانی لەشوێنە زیارەتی و پیرۆزەكانی شیعە بكرێت و سەرەنجام كار كێشایە شوێنێك حیزبوڵڵا زۆر بە راشكاوی وتی:” بەتەوای هێزەوە دەچینە سووریە و بەرگریی لەبەشار ئەسەد دەكەین و ئیزنی رووخانی حكوومەتی سووریە وەكوو هێڵی سەرەكیی ئێران لەبەرامبەر ئیسرایلدا، بەهیچ لایەنێك نادەین” و بەو چەشنە ئێران هەتا ئێستا توانیویەتی پەرە بەكارەكانی خۆی لەسووریە بدات و تەنانەت وەكوو كارتێكی گوشاریش بۆ سەر وڵاتانی ئورووپایی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بەكاری بێنێت.
بەڵام سەرجەم ئەو بەراورد كردن و هەڵسەنگاندنانەی حیزبوڵڵا و ئێران لەسووریە بەهەڵە دەردەچێ، چونكە سووریە وڵاتێكە كە 18 هیندەی لوبنان گەورەترە و هەورەها شەش هیندەی ئەو وڵاتەش پڕ حەشیمەتترە و حیزبوڵڵا و ئێران خۆیان تووشی یاریەك كردووە كە بردنەوەی زۆر ئەستەمە و هاتنە دەریش لەو یارییە لەبردنەوەی ئەستەمترە. ئێمە دەبینین بە چوونی حیزبوڵڵا بۆ سووریە شەڕی تایفی و عەشیرەییەكان رووی لەزیاد بوون كرد و سووریەش كوشتاری زیاتری وەرێ خست و ئێرانیش لەو دەرفەتە كەڵكی وەرگرت و چەكوچۆل و هێزی زیاتری رەوانەی ئەو وڵاتە كرد و دوایین نمونەش كوژرانی سێ فەرماندەی سپای پاسدارانی ئێران لەسووریە بوو و چەند رۆژ لەمەوبەر تەرمەكانیان بردنەوە بۆ ئێران.
من نازانم ئێران و حیزبوڵڵا هەتا چ كاتێك دەتوانن یارمەتی بە لایەنگرەكانیان لەسووریەدا بدەن، چونكە لەلایەكەوە لێدوانەكانی ئێران لەمەڕ دەستێوەردانەكانی لەسووریەدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و لەلایەكی دیكەوە بەشار ئەسەد قەبارەی دەستێوەردانەكانی حیزبوڵڵا، لەو وڵاتەدا كەم دەكاتەوە و لەدووایین وتووێژدا ئەسەد وتی: حیزبوڵڵا سەرقاڵی بەرگریی كردن لەئاواییەكانی شیعەنشینی لوبنانە. بەڵام سەرەڕای ئەوانەش هاووڵاتیانی لوبنانیش بەدەستێوەردانەكانی حیزبوڵڵا لەسووریەدا موخالیفن و لەو باوەڕەدان درێژەكێشانی شەڕ لەسووریە و حوزووری ئێران و گرووپە توندرەوەكان وا دەكات كە ویەتنامێكی دیكە لەسووریە روو بداتەوە و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە ئەو شەڕە داوێنی لوبنانیش بگرێتەوە.
چۆن دەكرێ تۆ باس لەبەرگریی و خۆراگریی بكەی لەحاڵێكدا كە لەناو وڵاتانی عەرەبدا كەمترین بایەخێك بە حیزبوڵڵا نادرێ و رۆژئاواش تەنیا وەكوو كەرەسەیەك كە رەبتی بەئێرانەوە دەدەنەوە چاو لە حیزبوڵڵا دەكەن و تەنانەت دەنگۆی ئەوەش هەیە كە حیزبوڵڵا وەكوو چۆن ئەمریكا سپای قودسی ئێرانی خستۆتە لیستەی تیرۆرەوە، ئورووپاش ئەو گرووپە وا لێ بكات.
هەنووكە وڵاتانی كەنداو سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكی نوێ بەدژی حیزبوڵڵا و ئێرانن و لەتازەترین هەڵویستدا پاشای سەعوودیە داوای لەوڵاتانی عەرەب كردووە، گرووپێك بەدژی سەرەڕۆییەكانی ئێران لەكەنداو پێك بێنن و كارێكی وا دەكەن كە بەتەواوەتی بەرژەوەندییەكانیان بەتایبەت حیزبوڵڵا بكەوێتە مەترسێیەوە.
زۆر كەس لەو باوەڕەدان بە داڕشتنی ئەو پلانە نوێیە و پێك هێنانی ئەو گرووپەی كە پاشای سەعوودیە باسی كردووە، مەترسیی بۆ سەر لایەنگرانی حیزبوڵڵا لەلوبنان زۆر زیاتر دەبێت و ئەگری ئەوە هەیە ئەوان سەرجەم داراییەكانیان بۆ ئێران بگوازنەوە و ئەوەش شتێكی زۆر ئەستەمە.