"an independent online kurdish website

 لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی ھەتاوی، بەرانبەر بە ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩ی زایینی رۆژی شەھید بوونی دوکتۆر قاسملوو بەملاوە؛ کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی ماف خوازی کوردستانkak_Doktor10

وێرای بەشێکی زۆر لە ئازادی خوازانی ناوچەکەو دۆستان‌و پشتیوانانی وەدی ھاتنی مافە ڕەواکانی نەتەوەی ئازارچێشتووی کورد لە چوار قوژبنی گۆی زەوی، ھەر یەک لە جێگاوو شوێنێک، ھەر کەس‌و لایەنێک بە شێوازی گونجاوی بارودۆخی زاڵ، یادی دوکتۆر عەبدولڕحمان قاسملووو رێبەری لێھاتوو زانای بزوتنەوەی کورد بۆ مافی نەتەوایەتی‌و دێموکراسی، ھاوڕێ لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران‌و نوێنەری ئەو کاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، بە ڕێزەوە دەکەنەوەو بە بایەخەوە ئاوڕ لە ڕۆڵی پێشەنگانەو ڕچەشکێنانەی دەدەنەوە.

لە ڕاستی‌دا ھەموو ئەم یادانە ئەگەر بە مەودا دوور لە یەک بەڕێوە دەچن، ئەوا بە دڵ ھەموو لەگەڵ یەک‌و بەکۆ بۆ یەک ئامانج‌و بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یاد‌و بیری دوکتۆر قاسملوو، کە بیری نەتەوە خوازی، دێموکراسی سەروەری، یەکسانی، دادپەروەری، داکۆکی کردن لە ئازادی‌یە کۆمەڵایەتی‌و تاکە کەسی‌یەکان‌و دابین بوونی مافەکانی مرۆڤە، بە شانازی‌یەوە بەڕیوە دەبەن‌و لە شەپۆلە بە تەکانەکانی ھزمەندی‌و مرۆڤ تەوەری باوەڕو ڕوانگەکانی دوکتۆر قاسملوو بە مەبەستی شکۆدار کردنی ھەرچی پتری خەباتی رزگاری خوازانەی کورد بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بەدوور لە ژێر دەستی‌و چەوسانەوە ھەڵدەھێنجن‌و فێر دەبن تاکوو لە رێگای پڕ ھەوراز و نشێوی شۆڕشگێڕی‌و ڕابوون‌دا بیکەنە توێشووی خەباتی بەکردەوەو ورە بەرزانە ئاستەنگ‌و کەندو کۆسپەکان بنێنە لاوە، لە ئاکام‌دا بە پشتیوانی سەرجەم چین‌و‌توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان کۆڵنەدەرانە بەرەو سەرکەوتن ھەنگاو بنێن.

ئەگەر دوکتور قاسملوو وەکوو شۆڕشگێرێکی وەرە بەرزی خۆنەویستی خەڵک ویست، لە زانستگا بەناوبانگەکانی رۆژئاواوە ژیانی زانستی‌و ئاسوودەو بێسەر ئێشەی، لەگەڵ گوزەرانێکی دژوار، پڕمەترسی‌و ئاستەم گۆڕیەوە، لە خۆڕاو بێ بیر کردنەوە وەھا ھەنگاوێکی نەنا. ئەم کردەوە ئاکامی تێگەیشتنی زانستی‌و ھەمەلایەنەی دوکتۆر قاسملوو لە بارودۆخی خراپی خەڵکی کورد‌و فام کردنی ئەو فەزا سەخت‌و تاقەت پڕوکێنە بوو کە پێش تێکۆشانی دوکتۆر‌و بە داخەوە پاش تێکۆشانی فرە بواری ئەم جوامێرە ھەروا بەسەر بەشێکی زۆر لە خەڵکی کورد‌دا سەپاوەو درێژەی ھەیە.

قاسملووی بلیمەت‌و گەورە رێبەر بۆ کوردو بەختەوەری‌و سەروەری خەڵکی کورد بە شانازی‌یەوە مەیدانی خەباتی وەدی ھاتنی مافی نەتەوایەتی ھەڵبژارد‌و لە پێناوی دابین بوونی بەختەوەری‌و ئاسوودەیی، ژیانێکی شیاوی مرۆڤی ئەمڕۆ بۆ کۆمەڵانی ھەراوی خەڵکی کورد‌ستان، بە دڵەوە تێکۆشاو زانایانەو بەرپرسانە ھەموو زانست‌و ئەزموونی چڕوپڕی خۆی بۆ وەدی ھاتنی ئەو ئامانجانە تەرخان کرد‌و لەو بارەوە زۆر چەمکی مودێرن‌و پێشکەوتوانەی خزاندە نێوو پانتایی بزوتنەوەی میللی_دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان‌و شێلگیرانە حەولی‌دا تاکوو بەشێکی بەرچاوی لەم ڕوانگانەی کردە پرنسیپی نەگۆڕ، بە چەشنێک ئەمرۆ بە میلیۆنان مرۆڤ تێگەیشتوویانە وەکوو دیاردەی بایەخدار‌و چارەنووس‌ساز لە مەیدانی حەوڵ‌و خەباتی خۆیان‌دا ڕچاوی دەکەن‌و بۆ پاراستنی سیما‌و ناوەرۆکی پێشکەوتوانەو جھیان پەسەندی خەباتی رزگاری خوازانەی کورد لە پێناوی وەدی ھاتنی ویستە ڕەواکانی‌دا وردینانەو بەرچاو ڕوونانە بە بێ لادان لەم کولتوورە جێگرتووە ئینسانی‌یە کەڵک وەردەگرن‌و خەباتی خۆیان بەرەو پێشەوە دەبەن.

دوکتۆر قاسملوو لە زەمەنێک‌دا کە کۆمەڵگای کوردستان لە باری ئابوری‌یەوە سێبەری سیستەمێکی کشت‌و کاڵی، وەرزێری‌و ئاژەڵداری، تان‌وپۆیەکانی دەرەبەگایەتی‌و خێڵەکی نەریتخوازانە بەسەری‌دا زاڵ بوو، بە ڕادەیەک کە بەشێکی بەرچاو لە بنەماکانی کۆمەڵگا لەسەر خوێن بەھا، تۆڵە لێئەستاندنەوەو زۆر دیاردەی دیکەی لەم چەشنە پێکھاتەی کۆمەلگای کوردستانیان پێک دێنا‌و دیاردەیەکی ئەوتۆ لە مۆدێرنازیسیۆن لە ئارادا نەبوو، ئازایانەو ژێر بیرانە بە لێکدانەوەی قوڵ‌و خوێندەوەی ھەرە وردی پێوەندی‌یەکان‌و چۆنیەتی داڕشت‌و گرێچنی کۆمەڵگا بە بێ ئەوەی ببێتە ھۆکاری دوژمن کار‌ی‌و خوێن ڕشتن‌و پساندنی ھاوپێوەندی کۆمەڵایەتی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک، بە بێ ئەوەی ھەست‌و باوەڕی خەڵک بە ناوی ڕادیکاڵیزم‌و شتی دیکەی لەم بابەتە بریندار بکرێ، وشیارانە زۆر ڕوانگەی پێشکەوتوانەی کردە کولتووری زاڵی بزوتنەوەی بەرحەقی خەڵکی کوردستان‌و ئەمڕۆ ئیدی ئەوانەی رۆژگارێک دژی ئەم جۆرە ڕوانیین‌و بیرکردنەوانە بوون، ئەم شێوازانەیان بە دیاردەی کۆنەپەرەستانەو بورژوازیانە دەزانی، ئێستا ئیدی حەقانیەتی ڕوانگەکانی دوکتۆر قاسملوویان بە تەواوی بۆ ئاشکرا بووە.

ئەگەر ئەمڕۆ بەشێکی بەرچاو لە بزوتنەوەی کوردستان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی‌دا رێزی لێدەگیرێ‌و سەرەڕ‌ای لەبار نەبوونی دۆخێک کە بەرژەوەندی‌یەکانی زۆرینەی کورد‌و ناوەندو وڵاتانی زلھێز لێکگرێ بدرێ، بەڵام خاوەنی قورسایی‌و پرستیژی تایبەت بە خۆیەتی، بەشی ھەرە بەرچاوی ئەم ڕووانیین‌و حورمەت لێنانە بۆ وشیاری‌و خەباتی دیپلۆماسی دوکتۆر قاسملوو‌ی سەردارو ناودار دەگەڕێتەوە.

بایەخی ئەم کارە کاتێک بە باشی خۆی دەردەخات کە ھەوڵی ھەمەلایەنەی دەوڵەتانی نەیاری بزوتنەوەی کوردستان بۆ خەوشدار کردنی جوڵانەوەی ماف ویستانەی خۆمان ببیین کە بەو ھەموو توانا ئابوری‌و دەست ڕۆیشتوویەوە لانی کەم نەیانتوانی‌وە لەم بارەوە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن‌و ڕوخساری خاوێنی بزوتنەوەکە خەوشدار بکەن. تێکۆشەرو خەباتگێڕی کورد وەک سیمبولی ئازایەتی‌و ئازادی خوازی لە دونیادا ناسراووەو رێزی بۆ دادەنرێت.

ئەمەش بەرھەمی ئەو حەولانەیە کە بەر لە ھەر کەس دوکتۆر قاسملوو داھێنەرو ڕچەشکێنی بووە، دژبەری لەگەڵ کردوەی تەقاندنەوەو خۆکوژی، دیل کوشتن، بارمتە گرتن‌و فڕۆکە رفاندن‌و ھەر کردەوەیەکی لەم جۆرە لە لایەن دوکتۆر قاسملووەوە بە خەستی دژایەتی دەکراوو ئەمرۆش رێبوارانی رێگای قاسملوو لە ھەموو بارودۆخێک‌دا لەسەر ئەم ھەڵوێست‌و بۆچوونە سوورو پێداگرن.

لایەنێکی دیکەی خەباتی دوکتۆر قاسملوو ئەو ھەوڵە دیپلۆماتیکانە بووە کە لە ھەلومەرج زاڵی دونیای دوو جەمسەردا کە پێوەندی‌و بەرژەوەندییە ئابوری‌یەکانی وڵاتان بە تەواوەتی سێبەری خستبووە سەر سیاسەت‌و ھەڵسووکەوتی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتر‌و لە پاڵ ئەمەش‌دا لە ئارادا بوونی شەرێکی گەورەو ماڵ خاپوورکەری دوو حکومەتی بەعسی ئێراق‌و کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ یەکتر کە مژ‌و تارمایی تەواوی خستبووە سەر شەڕی داسەپاو بەسەر کوردو کوردستان‌دا، لێبڕاوانە کێشەی سیاسیی خەڵکی کوردستانی لە قەتیس مانەوەی ناوچەی رزگار کرد‌و لێبڕاوانە لەو مەیدانەدا ئەسپی لەقاودانی تاو داو سەرنجی زۆر کۆرو کۆمەڵی گرینگی جیھانی‌و ناوچەی بۆ لای خەباتی خەڵکی کوردستان ڕاکێشا کە ئەمڕۆ بە ئاشکارا بەرھەم‌و بایەخەکانی ئەم ھەوڵانە باشترو ئاشکراتر خۆ دەنوێنن.

بەحەق ئەمڕۆش ڕۆڵە نیشتمان پەروەرەکانی کورد‌و کوردستان لەسەراسەری دونیا بە گشتیی، لە کوردستان مەتەر‌ێزی ماف خوازی‌و کۆلنەدان بە تایبەتی بە باشی وانەو وتەکانی قاسملوویان کردۆتە چرای رێگای تێکۆشان‌و لە شەوزەنگی ئەنگوستە چاودا بە بێ ئەوەی رێگا ھەتڵە کەن ھەنگاو بۆ پێشەوە دەھاوێژەن‌و بە ئیمان بە دەستەبەر کردنی ماف‌و ئازادی‌یە ڕەواکانیان لە خەبات بەردەوامن.

چ شانازی‌یەک لەوە گەورەتر ئەمڕۆ ڕووناکبیرتریین‌و زانستی‌و ئاکادمیکترین توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بە گشتیی‌و کوردستان بە تایبەتی دوروشم‌و وانەکانی قاسملوو دووپات دەکەنەوەو لە ساڵرۆژی شەھید بوونی‌دا وێرای بەرز ڕاگرتنی یاد‌و بیری دوکتۆر قاسملوو پەیمانی وەفاداری لەگەڵ ڕیبازە نەتەوەیی‌و دێموکراسی خوازانەکەی نوێ دەکەنەوەو وێرای پێداگری لە سەر دڕێژەدان بە خەبات، “نا” بەوانە دەڵێنەوە کە لەم رێرەوەدا مل بۆ ئاکامەکانی دێموکراسی مافی ئینسانەکان نادەن‌و بە قەولی خۆیان فەرچەکیان بە دێموکراسی نەگرتووە.

سڵاو لە یادوبیری دوکتۆر قاسملوو کە چرای رێگای تێکۆشانمانە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی