"an independent online kurdish website

پێشەکی : بە قۆناخێکدا تێپەرئەبین کە لە دەستی خۆماندایە بیکەین بە دەرفەتە زێرینەکە یا بە پێچەوانەوە کارەساتێک‌و شکستێکی لێ‌بەرهەم بهێنین. ئەوەندە خوێندبێتمەوەو بیستبێتم لانیکەم لە نیوسەدەی رابردودا کورد وەک ئەم دووسالەی دوایی بوارو دەرفەتی بۆ نەرەخساوە کە پرسە مێژوویەکەی جیهانی بکات‌.dlshad_horami1


ئەزمونی دەسەلاتداری (حکومەتی کوردی) تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوی کورد لە باشور _پاشەکشەی حکومەتی تورکیە دوای بەرگرییەکی قارمانانەی خەلک لە ویستەکانیان _ قەیرانە لە کۆتایی نەهاتوەکانی حکومەتی تاران _ فەشەل بوونی دەسەلاتی بەعس لە سوریەو چۆڵ‌بوونی بە کردەوەی کوردستانی رۆژئاوا لە هێزی داگیرکەرو لە پاڵ ئەمانەدا گەشەکردنی تکنیک‌و ئامرازو دەرفەتەکانی راگەیاندن‌و یارمەتی ئەو دەسەلاتە لە گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهانیان‌و سامانێکی زۆری مادیش کە لەبەر دەستی چەندین پارتی کوردیدا هەیە… دەتوانن دەرفەتێکی زێرین بن بۆ کورد کە بە بەکارهێنانیان‌ پرس‌و نەهامەتیە مێژویەکەی تا رادەیەکی زۆر پێش‌بخات‌و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.

 تێوەگڵانی دەسەلاتی ئەو ولاتانە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە بە جۆرەها قەیرانی نێوخۆیی‌و نێودەولەتیەوە دەتوانێت بەستەرێک بێت بۆ بەهێز بوونی بزوتنەوەی میللی دێموکراتیک‌و سەربەستی‌خوازی کورد، ئەوە نییە کە بێ‌هێزی دوژمن دەتوانێت سەرچاوەی سەرکەوتن بێت. لەم دۆخەدا کە بەغداد بە زۆر دەتوانێت لاشەی برینداری خۆی راکێشێت، تاران بە ورگی برسیەوە دەرواتە مەیدانی سازان لە گەل رۆژئاواو قاسیدی کۆتایی هاتنی سەردەمی بەشار ئەسەدیش تا بەر درگای هاتووەو تورکیایش دانی بە بوونی پرسی کوردو بوونی کورددا ناوە، کورد ئەگەر نەتوانێت بە قازانجی خۆی‌و لە ئاراستەی بەرژەوەندیە نەتەوەیەکانیدا هەنگاوی مەزن هەلبگرێت بێ‌شک ئۆبالی بە گەردنی خۆی‌و سەرکردەو پارتە پێشرەوەکانیەتی.

کۆنگرەی نەتەوەیی

دەمێکە باسی بەسترانی کۆنگرەیەکی بەرفراوان بە بەشداری سەرجەم پارت‌و لایەنە کوردیەکان دەکرێت، سەبارەت بە قازانجەکانی وەها کۆبوونەوەیەک‌و گەیشتن بە کۆدەنگییەکی لەو چەشنە بە سەدان وتار نوسراوەو هەزارانیش وتووێژ و بۆچونی ئەرێنیمان گوێ لێ‌بووە. گشتمان لە چەپی‌چەپەوە تا راستی راست کۆکین لەسەر ئەوە کە بەستران و گرینگتر لە بەسترانی سەرکەوتنی وەها کۆنگرەیەک دەتوانێ زۆر دەلاقەی نوێ‌و دەرفەتی تازە بە روی کورددا بکاتەوە. بەرێز بارزانی لە هەیبەتی سەرۆکێکی هەلبژێردراوی بەشێک لە کوردستان کە مەشروعیەتی خۆی لە دەنگی خەلکەوە وەرگرتوە بەو ئەرکە هەستاو تا رادەیەکی زۆریش هەولی بۆ بەربەست شکێنی لە سەر رێ بەستنی وەها کۆنگرەیەک داوە. لە وتارو راگەیاندنی پارتە کوردیەکانی هەر چوارپارچەی کوردستانیشدا زیاتر لە گشت شتێک هاودەنگی‌و بە پێرەوەچونی ئەو هەولانە دەبینرێت کە دەستەی ئامادەکاری کۆنگرە خۆیان بۆ تەرخان کردووە “ئەلبەت سیاسەتی روو لە خەلکیان”.

کۆنگرەی نەتەوەیی‌و ولاتانی داگیرکار

 هەر چواری ئەو ولاتانە کە کوردستانیان بەسەردا بەشێندراوە بە یەک رادە دژی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیین، بە بروای من ئەم ئەسلە نەگۆرەو جێگای ئەوەی تێدا نییە باسی لەسەر بکرێت. بەلام چۆنیەتی دژ وەستانەوەی هەریەک لەو دوژمنانەو رادەی دەسەلات‌و تەوانایی بەربەرەکانی هەریەکیان جیاوازە. هەر ئەم جیاوازیە لە دەسەلات‌و تاکتیکی دوژمنی کردنماندایە کە ترسەکانمان لێ‌یان لە یەکێکەوە بۆ ئەویتریان دەگۆردرێت.

پەیوەندی پارتی سیاسی کوردو ولاتانی داگیرکەر

بە درێژایی سەرهەلدانی خەباتی رزگاریخوازی کورد، کورد هەمووکات دوژمنی راستەقینەو دۆستی درۆینی هەبووە. دوژمنایەتی دەولەتانی داگیرکەر لە گەڵ‌ یەکتر هێندێک جار دەستکەوتی کاتی بۆ کورد هەبووە بەلام مێژوی خەباتی کورد بۆ سەربەستی دەرسێکی تالی لە سینەدایە کە ئەویش کۆک بوونی سەرجەم دوژمنانمانە لە کاتی پێویست‌دا لە سەر لە ناوبردن‌و بێ‌هێز کردنمان. پارتە خەباتکارەکانی کورد هەردەم مۆحتاجی پشتیوانێک‌و دەلاقەیەک بۆ دەربازبوون بوگن بۆ ساتەوەقتی هەرەسهێنان. کوردی سیاسی بەسەرکردەو بن‌کردەوە هێندە تفاقی بۆ کاتی هەرەسهێنان خستوە نیو هێندە خەیالی خەریک بە ئەگەری سەرکەوتنەوە نەکردووە.

ترس لە وەیشومەی شکان‌ بەشێکە لە بیرکردنەوەو بریاردان‌و هەنگاونانی پارتی کوردی و سەرکردایەتی بزوتنەوەی کورد لە هەر چوار لەتی ولاتدا. مێژوی پڕ لە شکست‌و ئیمان هێنان بە بالادەستی داگیرکەرو نادلنیایی لە هێزی گەل فەرهەنگ‌و کلتوری خۆ بەدەستەوەدانی لە دیپلۆماسی‌و پەیوەندیدا لە گەل ولاتانی ئیقلیمی وا بەهێز کردووە کە لە عەیبەوە بۆ عادەت‌و واقعبینی‌و سیاسەتی دروست گۆراوە. تراژیدیاو برگەی خەمهێنەری ئەم برگەیە بگرە هەر ئەوە بێت کە گرێدراوی بەشێک لە پارتە کوردیەکان بە سیاسەت‌و دەولەتی سیاسەتکاری ولاتی داگیرکارەوە لە ئاستێکدایە کە بە کردەوە نوێنەرایەتی ویست‌و چاوەروانی نە گەلی خۆیان بەلکو دەسەلاتی داگیرکەری بەشێکی کوردستان ئەکەن.

پەککەوتن‌و دواکەوتن‌ لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیدا بە دلنیایەوە بەشی شێری دەگەرێتەوە بۆ ئەو وردەبیانوانە کە لە بیرکردنەوەی داگیرکەراندا گەرا دەبەستن‌و لەسەر زارو زمان‌و قەلەمی پارتی کوردی دۆستیان (مۆحتاجیان) لە دایک دەبن. رێک‌نەکەوتن لەسەر ئالای کورد ساغ‌نەبوونەوە لە سەر رێژەی بەشدارانی هەر پارچەیەک هەولدان بۆ سەپاندنی هێژمونی حیزبی یا تاکە کەسی‌و دەیان وردە تێبینی‌تر ئەورۆکە ئاماژەن بۆ دەستەمۆ بوونی هێزی رزگاکەر لە لایەن داگیرکەرەوە ئەویش لە ژێر پەردەو ئیستیتاری پەیوەندی دیپلۆماسی‌و دۆستانەدا.

پارچەگەرایی

بە دوور لە کاریگەری هێندێک درۆشم کە پارتی کرێکارانی کوردستان سەردەمێک بانگەشەی بۆ دەکردن‌و مەخابن لە زۆربەیان پاشگەز بوەوە، ئاستەم نییە لەو راستییە بگەین کە هەموو پارتە کوردیەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەردی بناخەی ویست‌و ئامانج‌و بوونیان هەولدان بووە بۆ ئەستاندنی بەشێک‌و لە هێندێک حالەتدا بەشێکی زۆر کەمی مافی نەتەوایەتی پارچەیەک کە سەریان لێیەوە هەلداوە. ویستی خودمختاری تا دەسال بەر لە ئێستا وتارو ویستی زال بووە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورددا.

خۆ وردکردنەوە لە پارچەیەکداو جار جاریش لە ناوچەیەکدا ئەسل‌و گرینگی بوونی دۆستێک لە پشتی بەرەکانی شەردا بۆ رۆژی تەنگانە هۆکاری هەرە ئەسلی دورکەوتنەوەی پێشرەوانی ئەم میللەتەن لە چەمکی یەک نەتەوەیی‌و یەک ولاتی. لێرەدایە کە سانا لەو کارەساتە دەگەین کە پارتی رزگاریخوازو شۆرشگێری کورد زیاتر لەوە پەرۆشی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بێت پەرۆشی ژمارەی کورسیەکانی پارچەکەی خۆیەتی! بە دەستی خۆم نییە کە “شورای ئەمنیەت”و مڵملانێ ئامریکاو روسیەم بیر دەکەوێتەوە لەسەر سەپاندنی هێژمونی خۆیان. لێرەدایە کە پارچە و پارچەگەرایی شۆر دەبێتەوە بۆ ناو گشت باسەکانی پەیوەندیدار بە کۆنگرەیی نەتەوەییەوەو بە کردەوە بێ‌ئەوە پارتە پێشرەوەکان ئاگایان لێ‌بێت ناسنامەو ئامانج‌و کاریگەری بەستنی وەها کۆنگرەیەک دەگۆرن بۆ شەری خۆ فەرزکردن‌و ناوچە فەرز کردن‌و خۆ لە عەیاردان بە مێژوو ژمارەی شەهیدو… پرسیار ئەوەیە ئایا خاوەنانی وەها روانین‌و بیرکردنەوەو سەنگەرێک دەتوانن کورد بکەنە خاوەنی ناوەندێک کە بە ناوی کوردو بۆ پرسی کوردو خەمی کورد رو لە جیهانی دەرەوە سیاسەت بکات؟

کۆنگرەی نەتەوەیی یا شاری سەد حاکم

لە هیچ ئیئتیلاف‌و بەرەیەکدا هیچ هێزێک ناتوانێت سەرجەم ویستەکانی خۆی بەدەست بخات، بەرە یا کۆنگرەیەک کە بتوانێت چەترێک بێت بۆ هەمووان سەرکەوتو نابێت مەگەر هەموو هێزەکان لە بەشێک لە چاوەروانیەکانیان خۆش بن. ئەسلی کاری هەرەوەرز و رەمزی سەرکەوتنی گەیشتنە بە خالێک کە هیچ کەس‌و لایەنێک هەست بە بن‌دەستی یا بالادەستی نەکات. تا کاتێک شەری دەسەلات گرینگترو لە پێشتر بێت لە پەرۆش بوون بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەی نەتەوەیی بە دلنیایەوە زیاتر لە ئامانجە لە پێش دیاریکراوەکانی کۆنگرە دوردەکەوینەوە.

 تا کاتێک لە لێژنەکانی ئامادەکاری کۆنگرەدا ژمارەی پێشمەرگەو شەهیدو ژمارەی سالەکانی لە سەنگەردا بوون‌و… کارتی فشار بن بۆ خۆسەپاندن‌ ناتوانین دلخۆش بین کە کۆنگرە ببێتە سەرچاوەی خێر بۆ کورد. لە کاتێکدا گەلی کورد بە پەرۆشەوە چاوەروانی بەسترانی کۆنگرەیەو بە تامەزرۆیەوە دەیهەوێت کۆدەنگی پارتە خەباتکارەکان‌و یەکگرتنیان ببینێت بەداخەوە دەبینین کە، کۆنگرەی نەتەوەیی لە لایەن چەند پارتێکی دیاری کوردەوە وەک دەرفەتێک بۆ خۆ دەرخستنی زیاترو بەرانبەر شکاندنی ناسەواب بەکار دەهێنرێت. کۆنگرەیەک کە بریارە بە بەستن‌و سەرخستنی کورد ببێت بە خاوەنی ناوەندێک کە نوێنەرایەتی بن‌دەستیەکان و ویستە رەواکانی بکات پێش‌وەقت هەول ئەدرێت ببێت بە کانالێک کە فلانە پارتی سیاسی کورد کە درگای رۆژئاوای لێگیراوەو رو بە روسیە نوێژ دەکات لە رێگایەوە پەلی یاسایی بۆ واشینگتۆن‌و لەندەن بهاوێژێ‌. کۆنگرەی نەتەوەیی کە بریارەو دەبێ، لە خزمەتی دەردە کورددا بێت هەوڵ ئەدرێت بکرێت بە کورسییەکی سەرۆکایەتی‌و مەجالێک بۆ لەدایک بوونی سەرۆکێکی نوێ لە ولاتی نا وەلاتی هەزار سەرۆک و هەزار حاکمی کوردستاندا.

دوا کەلام

 بە ئاوردانەوەو خوێندنەوەی چاو لەیەک سور کردنەوەی هێزە کوردیەکان، بە لە بەرچاوگرتنی ئەو شەرە ئابروبەرە کە راگەیاندنی سەر بە پارتەکان پێ‌هەستاون (ئەلبەت بە بریاری سەرەوە)، بە تێبینی کردنی ئەو ئەسلە حاشاهەلنەگرە کە پەیوەندی هێندێک لە پارتە کوردیەکان لە گەل ولاتانی داگیرکەری کوردستان پێ‌ناوەتە قۆناخی دۆراندنی سەربەخۆیی لە بریارداندا‌و بە بینینی هەزار دەردو رێگرو ئاستەنگی‌تر کە نوسینیان لە تاقەتی قەلەمی مندا نییە، بێ‌ترس و بێ‌شەرم ئەلێم کۆنگرەی نەتەوەیی لە نەبوونی حیزبی نەتەوەیی‌و سەرۆکی نەتەوەیی‌و گرینگتر لەوان ناسنامەی نەتەوەیی‌و رۆحی نەتەوەیی‌و فەرهەنگی یەکتر قەبول کردندا نائۆمیدی زیاتر بۆ کورد دەستکەوتی نابێت.

دابەش‌بوونی رۆژهەلاتی ناوراست بە سەر دوو بەرەی روسیەو چین لە لایەک‌و ئامریکا لە لاکەیتر دابەش‌بوونی هێزە سیاسیەکانی کوردیشی لێکەوتوەتەوە، ئاستەمە کورد بتوانێت لە هەولێر بە کۆنگرەیەک ئەم دوولەت بوونەی هێزی خۆی یەک‌بخات. بە دلنیایەوە دوو کۆنگرەیی باشترین حەل‌و تەنانەت یەک‌کۆنگرە بە بەشداری ئەو پارتانە کە لە بەرەیەکدا خۆ دەبیننەوە دەتوانێت سەرکەوتو بێت. چی ئەبێت ئەگەر وەک ئەوان دەلێن، پارتە رەسەنەکان‌و عەشایرەکان‌و گەندەلەکانی سەر بە تورکیە کۆنگرەی خۆیان هەبێت‌و وەک ئەمانیش دەلێن، پارتە نارەسەنەکان‌و دیکتاتۆرەکانی سەر بە بەشارو تاران کۆنگرەی خۆیان هەبێت؟ دلنیام یەکگرتن یا هاوکاری دوو کۆنگرە بە مافی وەک یەکەوە ئاسانتر دەبێت‌ لە داهاتودا تا سەرخستنی یەک‌کۆنگرە بە بەشداری ئەو هەموو پارتەوە کە هیچ کۆیان ناکاتەوە جگە لە کورد بوونیان کە مەخابن و هەزارجار مەخابن ئەویش واتە کوردبوون لە بازاری سیاسەتی ئەورۆدا پولێکی قەلپ ناهێنێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی