بابەتێک بە ناوی ” رێز گرتن و یادکردنەوەی شەهیدان پیرۆزە بەڵام! ” بە قەڵەمی بەرێز هیوا گوڵ محەممەدی رۆژی یەک شەممە ٢٠ی ئوکتۆبر لە ماڵپەری ” پێشمەرگەکان بڵاو کرایەوە و لەو بابەتەدا بەرێز گوڵ محەممەدی رەخنەی لە شێوازی یادکردنەوەی فەرماندەرانی شەهیدی حیزبی دێموکرات و بەتایبەت شەهیدان کاک شاپوور فیرووزی و کاک سالار ئیبراهیمی لە هەردوو کەناڵی تەلەفزیۆنی ” کورد کاناڵ” و ” تیشک تیڤی” گرتبوو .
بەر لە هەر شتێک پێم خۆشە ئەوە بڵێم کە هەرچی زیاتر رەخنە بگیردرێ لە پێناو باشتر رێزلێنان لە شەهیداندا ، هێشتا کەمە و بە گشتیش رەخنە لە هەموو بوارەکانی کار و باری رۆژانەمان و ژیاندا هەوێنی چاکسازی و بەرەو پێشەڤەچوونی نەتەوەکەمانە ، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە رەخنە کێ دەبەی بیگرێ و پێوەرەکانی رەخنە گرتن چین و ئەو بنەما ئەخلاقی و زانستییانە کامانەن کە پێویستە مرۆڤی رەخنەگر ڕەچاویان بکات ؟
هەرچەند رەخنە گرتن لە هەموو لایەک مافی بێ ئەم لا و ئەولای هەموو تاکێکی کۆمەڵگاکەمان بە کاک هیواشەوەیە ، بەڵام ئاخۆ ئەو تاکانە هەموو لە یەک ڕوانگەی پیرۆز و ناخێکی دڵسۆزانەوە رەخنە دەگرن ، ئاخۆ مەبەستی سەرجەم رەخنەگران چاکسازییە یا خود شتێکیتریش هەیە کە لە بەرگی رەخنەدا روخساری خۆی دەنوێنێ ؟
ئێمە تاکەکانی کورد لە کۆمەڵگای کوردەواریدا لەگەڵ قەیرانی رەخنە بەرەورووین کە بەشێکیان بەرهەمی سیاسەتی تەسکی حیزبایەتین و بەرێکیشی بەرهەمی لەخوار بوونی ئاستی رەوشنبیری و نەبوونی زانیاری و تێک ترژانی هەموو بوارەکان بەسەر یەکدایە ، بۆ نموونە شاعیر سیاسەت دەکا و رۆژنامەوان شێعر دەنووسێ و گۆرانی بێژ نووسەری دەکات و سیاسی رەخنە دەگرێ و تا دوایی… . بەڵام ئاخۆ لە هەموو ئەوانەدا ئەو مرۆڤانە تا چەند راستگۆن لە گەڵ خۆیان و کارەکەیان و بە تایبەت رەخنە گران ؟
ئەوەی کە کاک هیوا گوڵ محەممەدی رەخنەی لێ گرتووە ، بە بروای من شتێک نییە بێجگە لە بێ نرخ کردنی بەرنامەی یاد و ریزی شەهیدان لەو دوو کاناڵە ،هەرچەند من نوێنەری ئەو دوو کاناڵە نیم هەروەک چۆن کاک هیوا-ش نوێنەری ئەو شەهیدانە نییە و ئەوە ئەوانن کە لە وڵامدانەوە و نەدانەوە سەربەستن ، بەڵام ئەوەی کە منی هێنایە سەر ئەو باوەرە کە پیویستە وڵامێکی کورت بۆ کاک هیوا بنووسم ، ئاوردانەوە لە مێژوویەکی نە چەندە کۆنە کە بەریزی پشکی شێری لەو بوارەدا بەر دەکەوێ .
لە کاتێکدا دوو کەناڵی تەلەفزیۆنی ” تیشک تیڤی ” و ” کوردکاناڵ” یادی شەهیدان دەکەنەوە کە ئامادەکاران و دەرهێنەر و نووسەر و پیشکەشکار و کامیرا و هەموو ئەو کەسانەی خۆیان بەو بەرنامەوە سەرقاڵ دەکەن ، لە هاورێیانی شەهیدانی حیزبی دێموکراتن و تا ئێستاش لەو سەنگەرەدا درێژە بە خەبات و تێکۆشان ئەدەن ، بێ گومان ئەو بەرنامەیەش وەک هەموو بەرنامەیەکیتر هەڵگری کەم و کوڕی و شایانی رەخنە لێ گرتنیشە ،بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە بڵێی ئەو بەرێزانە هێندەی کاک هیوا کە پشتی لە شەهیدان و هاورێکانی و رێگا و رێبازیان کردووە و لە پشتی قەڵای خەلکیتر خۆی حرشار داوە ، دڵسۆز نەبن ؟ بڵێی ئەو شەهیدانە هێندە کە لای کاک هیوا نرخدارن ، لای ئەوان بێ نرخن بن ؟ وڵامی ئەو پرسیارانە بێ گومانە نەخێرە .
هێشتا چەند ساڵ بەسەر چۆڵکردنی سەنگەری کاک هیوا دا تێنەپەری بوو کە بەرێزی لە بەرنامەیی ئێوارەباش کوردستان رۆژی ٠٨- ١١- ٢٠٠٨ دا بە بزەی سەر لێو و بەڵێ قوربان بەڵێ قوربان بۆ جنێو و بێحورمەتییەکانی کابرایەکی قین لە دڵ و بێ رێز بە ناوی رەحیم لە سوئیسەوە بە شەهیدی فەرماندە کاک محەممەد عەلی پیرێژن گوێی شل کردبوو و قسەکانی تەسدیق دەکرد. ئەگەر کاک هیوا هێندە لە خەمی شەهیداندایە و شەهیدان بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی دەزانێ، ئەدی چۆن بوو لە بەرانبەر ئەو هەموو بێحورمتییەدا متەقی لێوە نەدەهات؟ ئایا شەهید محەممەدیش هاوسەنگەری کاک هیوا نەبوو؟ فەرماندە نەبوو؟ شەهیدی دێموکرات نەبوو ؟ ئایا بەرێز هیوا گوڵ محەممەدی جارێک لە جاران ئەو بوێرییەی تیا بوو کە داوای لێبوردن لە بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی کوردستان بکات ؟ بێ گومان نا!
لە کاتێکدا بەرێز گوڵ محەممەدی باس لە شەهیدانی کوردستان دەکا و خۆیان لێدەکاتە خاوەن ، کە جەنابی حاجی ئەحمەدی سەرۆکی کاک هیوا و باقی بەرپرسانی پەژاک بە رۆژانە هێرش دەکەنە سەر حیزبی دێموکرات و ئەوەی قسەی ناشرین و دوور لە ئەخلاقە بە هاوسەنگەرانی پێشووی کاک هیوای دەڵێن ، بەڵام جارێک لە جاران بەرێزی نەتەنیا بوێری ئەوەی نەبوو کە رەخنەیەک لەو بارەوە بگرێ ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بەشێکیش بوو لەو کردەوانە و سەکۆی “نەورۆز تیڤی”ی بە بەرێوەبەری جەنابی و جنێوی ئەوانیتر دەرازاندەوە ، خۆ ئەگەر بێینە سەر قسەکەی کاک هیوا و پێمان وابێ ئەو حیزبی دێموکراتە ، دێموکراتەکەی ساڵانی پێشوو نییە ، بەڵام خۆ شەهیدان هەمان شەهیدانەی ئەو ساڵانەن کە بەریزی لافی هاوسەنگەر بوونیانی پێوە لێ ئەدا و یەک لەوان دیسانەوە شەهید محەممەدی عەلی پیرێژن یەکێک لە فەرماندە ئازاکانی شنۆیە.
بۆ ئەوەی کە نە بەرێز کاک هیوا دڵی گەرد بگرێ و نە خوێنەریش تووشی سەر لێ شێواوی ببێ ، پێویستە بۆ بەرپەرچدانەوەی دلسۆزییەکانی کاک هیوا باس لە خاڵێکیتریشەوە بکەم .
بەرێز گوڵ محەممەدی باش ئاگادارە کە لە رۆژی ١٦ی ئاگوستی ئەمساڵدا و بە بۆنەی ساڵ رۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، کۆمەڵێک لە ئەندامان و پێشمەرگەکانی دێموکرات روویان کردە بناری قەندیل بۆ چوونە سەر گڵکۆی هاورێ شەهیدەکانیان ، بەڵام بە شێوازێکی زۆر ناشرین و دوور لە هەموو پرنسیبێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی لە لایەن چەکدارەکانی پەژاکەوە ڕێیان پێ گیرا و تەنانەت یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئەو پارتەش پێیان دەڵێ :” برۆن ، قەندیل شوێنی فارس ، عەرەب و حیزبی دێموکرات نییە”.
….
پژاک رێگە بە ئەندامانی حیزبی دێموکرات نادا سەردانی گلکۆی پێشمەرگەکانیان بکەن
16 Aug 2013
بە وتەی شایەدحاڵێک، لە یەکێک لە پرسگەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان رێگرییان لێدەکرێو بەشێوەیەکی توند هەڵسوکەتیان لەگەڵ دەکرێ. لەو پێوەندییەدا بۆ چارەسەری گرفتەکە ئەندامانی حیزبی دێموکرات پێوەندیی بە یەکێک لە بەرپرسانی ئەو پارتەوە دەکەن تا لە رێگای دیالۆگەوە کێشەکەیان چارەسەر بکەن، بەڵام بەرپرسەکەی پژاک هەمان وەڵامیان دەداتەوەو زیاتریش دەڵێ کە: “قەندیڵ شوێنی فارس، عەرەبو حیزبی دێموکرات” نیە.
لە کاتی شەری چەکداریی حیزبی دێموکراتو بوونی بنکەیان لە بناری قەندیل، گلکۆی چەندین پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە گوندەکانی ئەم دەڤەرە بە خاکسپێردراون.
مەگەر ئەو شەهیدانە ، هەمان ئەو شەهیدانە نەبوون کە جەنابیان شانازیان پیوە دەکات ؟ مەگەر ناڵێ کە مرۆڤی شەهید ، شەهیدی کوردستانە ؟ ئەدی بۆ بەریزی کە شەهیدانی کوردستانی هێندە لا پیرۆزە ، هیج متەقی لێوە نەهات و هێندەی بوێری نیشان نەدا کە بە لانی کەمەوە تکا بکات با وازیان لێ بێنن و بتوانن بە ئازادانە ئەندامانی ئەو حیزبە سەردانی گۆڕی شەهیدان بکەن ، خاوێنیان بکەنەوە و گوڵیان لەسەر بنێژن ؟
راستییەکەی ئەوەیە کە بەرێز گوڵ محەممەدی و هاورێکانی خەمی ئەو شەهیدانەیان نییە ، بەڵکوو بە پێچوانەوە و لە پشت قەڵای خەڵکیترەوە سەنگەریان لەو شەهیدانەوە و رێگا و رێبازیان گرتووە . دەنا ئەگەر ئامانج باشتر رێز گرتن لە شەهیدان بێ ، با لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن و بە لانی کەمەوە ئەوان لە خەڵکیتر باشتر ریز لە شەهیدان بگرن و ئیزن نەدەن بێ حورمەتی بە شەهیدانی کوردستان بکرێ.
ئاراس چۆمانی
کوردستان
٢١-١٠- ٢٠١٣