"an independent online kurdish website

ماوەی چەند ساڵێکە لە تاک و کۆ و کۆڕو کۆمەڵی ناو ژوورە داخراوەکان و بە تایبەت پاڵتاک و ماڵپەڕە تۆڕیەکان تانەو تەشەرو هێرشی ناڕەوا ئەکرێتە سەر کوردانی ڕۆژهەڵات و بەو پەڕی بێ شەرمییەوە جنێو و سوکایەتیان پێ دەکرێت.!majid_kakeweysi10

– باوەڕ ناکەم کەسی رۆشنبیری کورد هەبێت نەزانێت کە بە درێژایی مێژوو کورد بە دەست دوژمنانییەوە چەوساوەتەوە و زوڵمی نەتەوەیی، جوگرافیایی، فەرهەنگی لێکراوە، و کوردیش بۆ خۆی بەشێک لەو زوڵمەی، خۆی لە خۆی کردووە.

– مێژوو دەڵێ؛ کورد یەک نەتەوەیە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە و یەکەم دەسەڵات و ئیمپراتۆرێتی لە سەردەمی مادەکاندا دامەزراندووە و دەیان ساڵ لەو ناوچانەی کە ئیستا پێی دەڵێن خۆرهەڵاتی ناوەڕاست حوکمی کردووە.

– دواتر و ئیمپراتۆرێتیەکانی پارس و تورک پەلاماری یەکتر دەدەن و هەردوو لا کورد دەکەنە ئامانج. پاش شەڕی چاڵدێرانی ١٥١٤ز. دەسەڵاتی مادەکان کە حەمەدان ” هەگبەتانە”  پێتەختیان بووە لە ناو دەبەن. هەر ئەو دەمەش کورد خۆی هۆکاری لە ناو چوونی سەرەکی خۆی بووە… کە لە نێوان سەفەوییەکان و سوڵتانییەکان کە هەر دوولا هەر تورک ڕەگەز بوون بەڵام بە مەزهەبی جیاوازی شیعە و سوننی، کورد بە حوکمی ناوچەکەوە دەکەوێتە نێوان ” ئیمپراتۆرێتی سەفەوی و عوسمانی” کە ئیستا پێی دەڵێن ” ئێران و تورکیە” و سنووری خۆیان دیاری دەکەن و کورد بەشێکی دەکەوێتە لای تورکیە و بەشێکی ئێران. بەشی تورکیە، دواتر دەبێتە دوو بەش و دەکەوێتە بەر سنوری عێراقی تازە دامەزراوی دەستی بریتانیا. بەشێکیشی دەکەوێتە بەر سنووری سوریە و دەبنە چوار پارچە.

– ناچینە وردەکارییەکانی ناخی مێژوو، بەڵام هەتا شەڕەکانی یەکەم و دووەم کورد هەر ناو بناو ئیمارات و دەسەڵاتی ناوچەیی داناوە و خۆی پێناسە کردووەتەوە. بە دەیان سەرکردەی باش و هەڵکەوتووی وەک: شێخ عوبەیدوڵا و سەید ڕەزا، سمکۆ و پێشەوا قاز، شێخ محمود و مەلا مستەفا بارزانی، د. قاسملوو و شەرەفکەندی، هتد، لەو پێناوانەدا لە دەستداوە تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ. ئەمە بێجگە لە سەدان و هەزاران ڕۆڵەی بە جەرگ و جربزەی لە پێناوی خەباتی شاخ و شاردا لە دەستداوە.

– یەکەم؛ کورد لە ڕۆژهەڵاتەوە هات و خۆی پێناسە کرد.

– ئاینی زەردەشتی و یەکەم ئایینی کوردی هەر لە ڕۆژهەڵاتەوە دامەزرا

– لە بواری زمان و کولتورەوە، یەکەمین ڕاپەڕین بە سەرپەرشتی کاوە بە دژی زوحاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دامەزرا.

– یەکەمین ساڵنامەی کوردی و جەژنی نەورۆز و ژیانەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە دامەزرا.

– یەکەمین ڕێبەری ئیسلامی سەلاحەدینی ئەیوبی بوو ئەیوبییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون.

– یەکەمین دەسەڵاتی ئیمپراتۆرێتی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان دامەزرا

– یەکەمین ڕابەری نەتەوەیی دینی بە سەرۆکایەتی شێخ عوبەیدوڵای نەهری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕاپەڕێن.

– یەکەمین خەباتی چەکداری بە سەرۆکایەتی سمایل خانی سمکۆ لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە دامەزرا.

– یەکەمین چریکە و گۆرانی و ئاوازی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەلاتەوە دەرکەوت و تۆمار کرا.

– یەکەمین نوسەر و شاعیر لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتووە.

– یەکەمین حیزبی سیاسی بە بەرنامەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دامەزرا

– یەکەمین حکومەت و کۆماری کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دامەزرا

– یەکەمین جار ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە دامەزرا

– یەکەمین جار ئاڵای کوردستان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دامەزرا.

– یەمین جار سرودی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەو و کرا بە سرودی نیشتمان و نەتەوەیی.

– یەکەمین میواندارێتی لە کوردستانی ئێرانەوە باوەشی بۆ هەموو کورد کردەوە و وەک خانەخوێ دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی پێبەخشین و وەریان گرتن.

– یەکەمین جار قوتابخانەی کوردی بە شێوەی سەردەمیانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دامەزرا.

– یەکەمین شانۆ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پیشاندرا.

– یەکەمین گۆڤار ڕۆژنامە دوای کوردستانی بەدرخانیەکان لە قاهیرە، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد.

– یەکەمین یەکێتی ژنان لە کوردستانی ڕۆژهەلات دامەزرا

– یەکەمین یەکێتی لاوانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەلات دامەزرا

– یەکەمین و گەورەترین ڕاپەڕینی جەماوەری لە کوردستانی ئێران لە ساڵی ٧٩ دەستی پێکرد.

– یەکەمین ڕێبەری ئاکادیمی و زانستی پارتی سیاسی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوو بە پێشەنگ.

– یەکەمین جل و بەرگی ئۆنیفۆرمی پێشمەرگایەتی لە لایەن حیزبی دیمۆکرات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سازکرا.

– یەکەمین یادەکانی نەتەوەیی وەک یادی کۆماری کوردستان، ڕۆژی پێشمەرگە، ڕۆژی شەهیدان، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە دەستی پێکرد.

– یەکەمین پارتی سیاسی بۆ باشۆری کوردستان هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فرچکی گرت و دامەزرا و هەمان پێڕەو پرۆگرام و ئاڵای هەڵگرت.

– یەکەم جار کوردی ڕۆژهەڵات بوو باوشی بۆ ئاوارەکانی دوای ئاش بە تاڵ و ڕەوی بە کۆمەڵی کورد کردەوە و بەو پەڕی ڕێز و قەدرزانییەوە بە ماڵ و گیان ویستیان لە فەوتان و لەناو چوون بیانپاریزن، لە سەرما، برسێتی، بێدەرەتانی، ژیانیان بۆ دابین بکەن.

– یەکەمین جار لە مێژووی کوردا کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو کەوتە ژێر دەست پارتە سیاسیەکانی کوردستان و بۆ ماوەیەک زیاتر لە ١٠هەزار پێشمەرگە چەک بەدەست لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتیان کرد و دەسەڵاتیان دامەزران و لەو ماوە کورتە دا ویستیان ماف بۆ هاووڵاتیان بگێڕنەوە ئەو مافانەی کە ڕژیمەکان و ئاغاکان بە درێژایی زەمان ماڵ و موڵک عەرز و ناموسیان لە خەڵکی هەژار زەوت کردبوو.

– چیترتان بۆ باس بکەم؟! زۆرن و منیش کەم تاقەت و کەم شارەزا… هەر ئەوەندەم لە بیر بوو کە بە کورتی لێرە باسم کردووە. هیوادارم هەور کەس زیاتر شارەزایی هەیە لەو بارەوە هەڵەکان ڕاست بکاتەوە و پێی کەم یان زیاد بکات.

 

٠٠==  با بێمە سەر باسی ئەو کەسەی کە دوێنێ شەو لە ژووری ئوپۆزیسیون بە ناوی ئەدمین و لە ژێر ناوی هیوا بەو پەڕی بێشەرمی و دوور لە هەر چەشنە پرنسیپێکی ویژدانی و نەتەوەیی بە بەر چاوی زیاتر لە ٢٠٠کەس لە ژوورە قسەی سووک و ناشیرین بە کوردی ڕۆژهەڵات دەکات گاڵتە بە خەبات و شەرەف و کەرامەتی ئەو بەشە دەکات، بە بێ زمان، ترسەنۆک، مردوو، بیقیمەت، …. ناویان دەبات.!!! من بە بەشی کۆتایی جنێوە و سوکایەتییەکانی هیوای ئەدمین گەیشتم.

– قسە فەقیرە وەک دەبێژن؛ هەموو کەس پێی دەوێرێ، بە تایبەت بۆ کەسێکی وەک بە ناو هیوا زۆر ئاسانە کە لە دەرەوە نە بای دیوە نە بۆران، وا دەزانێ هەموو بورکان و گرکانێک هەر فیلمی ئەو دیو شاشەی تەلەفزیونە و تەماشای دەکات. بەتایبەت مرۆڤی وەک ئەو بە ناو هیوایە کە لە مەیدانی کردەوەدا نەبوو و نەیدیبوو نازانێت کە گەرمی و نەرمی و ژووری ڕووناک و ئاوی گەرم و بانکی خۆڕایی و خواردنی ئامادە و جادەی قیر و ماشین و سابوون و عەتر و شل و شۆڵ چەندە ئاسمان ڕیسمانە و جیوازییان هەیە لە تەک کردەوە و مەیدانی مەردایەتی و کوردایەتی. تاڵی و مەرگی سەر دەست و شاخ و بەرزایی سەختی و ماندوویی چەندین ڕۆژ، بێ ئاوی و برسێتی ژێر تۆپ و دەبابە و ڕەشاش، تاریکە شەو و مانگەشەو و خەتەری بنبەرد و دار و کێو و دۆڵ و دەشتەکانی کاکی بە کاکی بەردەم خەبات و مەرگ و ژیان ناڵەی بێ دەنگی پەنگخواردوویی برینداری دوور لە دوکتۆر و ڕووناکی و دەواو دەرمان و دوور لە نان و پۆشاکی پێویست زۆر قوربانی گەورەی دەوێ و هەرکەس ئەو ئازایەتی لێبووردنەی نیە…. ئای چەندە جێگای داخە کە هندێک هەر بە سانایی و بێ شەرمانە ڕابردوو ناخوێننەوە و تیر با تاریکیەوە دەنێن!!!؟؟؟

– ڕۆڵە گیان هیوای دمامک لە سەر و، خۆتان وتەنی مزەوەر؟! جوان گوێم بۆ ڕاگرن: ئەوەی کە باسم کردوو ئەوەی کە ئیستا بۆت باس دەکەم دڵۆپێک لە دەریایەکی بێ پەیە… جەورو جەفا و تاڵی برسێتی و ئازارو ئەشکەنجەی ڕاستەو خۆت نەدیوە؟!! وا دیارە شوێنتان زۆر گەرمە و باوەڕناکەم لە دەرەوەش بێجگە لە پاککردنەوەی دەستشۆریەکانی ئوروپا و غەرب نەبێ شتی ترتان دیبێ.

– سەدام بە درێژایی ٣٠ساڵ کوردی لە باشوور بەو پەڕێ بێ بەزییانە چەوساندەوە.

تا گەیشتە قوڵایی زوڵم و ستەم و ساڵکانی ٨٧-٨٩ز. کەوتە قڕ کردنی کورد لە باشوور و کەسیش نەیتوانی نەفەسی لێوە بێت! نموونەکانت بە کورتی پێدەڵێم؟

– بە قەد هەموو چەکدار و جاش لە  پارچەکانی تری کوردستان جاش و چەکدار و مستەشار هەبوون و بۆ سەدام بارەکەڵایان دەوت و شەڕیان بۆ دەکرد و کوردیان دەکوشت!!!

– بەيشێکیتر بە ناو شۆڕش بوون بە کەوا سووری بەر لەشکەر و پاسداریان هێنا بۆ سەر شارو شارۆچکەکان و تەنانەت وێنەی خومەینی ئاخوندەکانیان گەیاندە قوڵایی شاخەکانی قەراخ و نەوتەکەی کەرکوک.!!!

– ئاخ لەو ڕۆژانە کە سەدام و حیزبی بەعس کردیانە بیانوو و پەلاماری شارو شاخ و دەشت و دۆڵی کوردستانیان دا و کیمیا باران و ئەنفال بە چەندین قوناخ ئەنجام دران بە پاڵپشتی هێزی جاش و مستەشار عەرەبیان بردە بەرزایی کەژەکان و ناو ماڵی بن بەردی کوردی هەژار و ناموسی کوردیان لەو بەشە لەکەدار کرد و بە تاڵانیان برد!!!

– ئەو کاتە کەوا ژنی گەنجیان لە سەر جادە و شارەکان بە ڕیزی زیلی عەسکەری کۆ کردبووەو و وەک قەتاری سەدان ژوور و زەنجیر بە بەر چاوی هەموو ئەوانەی کە لە سەر جادەکانی زەڕایەن تا سلێمانی تا ڕانیەو هەوڵێر و کەرکوک خزێنرابوونە مەجمەعەوە و هەرکام مەجمەعەی تایبەت و ناوی تایبەتیان لە سەر دانرابوو بەردەوام عەسکەریە بە بانسەریانەوە بوون، ئەو کاتانەی کە کورد بۆ خۆشخزمەتی بە جل و بەرگی کوردی و بە ڕیش و جامانەوە هاوکاری ئینزیبات و کڵاوسووری سەدام بوون و سەدان سەدان ژنی گەنج و پیرو پاتاڵیان جودا دەکردەوە و بەرەو گۆڕخانە و زیندان و زیندەبە چاڵکردن و ئەتک کردن دەیانبردن؛ ئێوە مانان بۆ متەکتان لێوە نەهات و لوزەتان نەدەکرد!!؟؟ بۆ کەس نەبوو بڵێ من ژیانم ئیتر بۆ چییە؟؟ بۆ کەس خۆی نەتەقاندەوە؟ بۆ پەلامارێکی جەماوەری یان تاقمی نەبوو لەو کاتە بە دژ ئەو هەموو زوڵم زۆرداری و بێحورمەتی پێکردنە؟

بۆ ڕاپەڕین نەکرا؟ تەنانەت لەو شارەی سلێمانی کە بە ناو شاری شۆڕش و قارەمانی و هەڵمەت قوربانی ناوبانگی هەبوو نەتوانرا نەفەسیان لێوەبێت و کونە مشکیان لێ ببو بە قەیسەری؟ ئەمنە سوورەکە کە خۆتان وتەنەی کچی تەلەبەی تیا گیرابوو دوای چەندین ساڵ ببوون بە خاوەنی چەندین منداڵی ناشەرعی و تخمی بەعسی عەرەب!!!.؟؟ ئاخ لەو ڕۆژ و یادانە؟؟!!

– قسە زۆر و خەفەت بە کۆ تانەو تەشەر هەر لە کەسانی وەک تۆ. کە زەمان ڕەخسا و زوڵم گەیشتە ئەستوری خۆی خوای گەورە ویستی لوتی سەدامەکان بشکێنی، سەدام کەرێتی کرد و پەلاماری کۆیتی دا و هانیان دا تاکو ملی خۆی شکاند. لە خوا بە زیاد ئامریکا بوو بە سەبەبی ڕووخانی سەدام و ماشینی جەنگی لە سەرەتاوە تێک شکا و کوردیش هەڵی بۆ هەڵکەوت و ڕاپەڕین ڕوویدا و کورد لەو بەشە ڕزگار بوو و بەشێکی کوردستان ئازاد کرا. بە دڵناییەوە ئەگەر سەدام مابایە و دەستی ئامریکای لە سەر نەبوایە بەو بێ هیزێشیەوە دەیتوانی جاریکیتر کوردستان بگرێتەوە. وەک چۆن دیمان کۆڕەوەکەی دروست کرد و بە ملیونان کورد ڕەوی کرد و بەو پەڕی ڕەزالەتەوە دیسان ئاوارەی چیاکان و سنورەکانی کوردستان بوونەوە و بە داخەوە دیتمان چۆن سەربازی تورک ئازاری دەدان.!؟

– ڕۆڵە! کە هەل و مەرج ڕەخسا، گۆڕانکاری دروست دەبێ و ڕووناکایی تاریکی ڕاو دەنێت. ڕژیمی ئێران سەدام و فڵان فڵان نین، هەموو عالەم بە دەس ڕژیمی ئاخوندەکانەوە گیری خواردووە، لە کوێ کوردی هەژار و بێ پشتیوان دەتوانێت ڕژیمێکی وا گەورە کە لە تەک جیهان بەربەرەکانی دەکا بڕووخێنێ. دڵنیام هەر دەڕووخێ بەڵام کات و زەمانی نەهاتووە، کە نزیکە.

– تۆ و وێنە دمامکەکانی وەک تۆ دوژمنایەتی دووبەرکی دروست دەکەن گەلێک دەدەن بە گژ یەکدا، وەک ئێژن: ”کەری دێزە حەز لە تۆپینی خۆی و زەرەری ساحێبی ئەکات”. هەر شەو تۆ و ئەوانەی گوێڕایەڵی تۆن دوبەرەکی ئاژاوە دەنێنەوە  بەڵام دڵنیام ئێوە دەیدۆڕێنن.

– کوردی ڕۆژهەڵات بە درێژایی مێژوو خەیانەتی لە هیچ بەش و پارچەیەکی کوردستان نەکردووە، جاشایەتی نە کردووە، هیچ تێکۆشەرو پێشمەرگەیەکی نەداوەتە دەست ڕژیمەکانی عێراق. بە درێژایی مێژوو سنووری کوردستانی لە هێرشی سەدام و ڕژیمەکانی عێراق پاراستووە. بە تایبەت لە ماوەی ٨ ساڵ شەڕی ئێران و عێراق پارتەکانی کوردستان کە تۆ تۆمەت ئیهانەتیان بۆ هەڵدەبەستی نەیان هێشت لە سنوری خۆیانەوە هیچ کام لە ڕژیمەکان هێرش بکەن و کوردستانیان پاراست.

– پارتەکانی کوردستان ئەو کات کە کوردستانیان بە دەستەوە بوو و پاشان لە ماوەی ٨ ساڵ شاری ئەو دوو وڵاتە خەباتی خۆیان بە گوڕ تین بوو هەر ڕۆژ نەبوو کە چەندین کەلاکی دوژمن نەکەوێتە دەستی پێشمەرگە و تەنانەت ڕۆژی وا بوو کە بە سەدان کەلاک و پاسدار بە دەستی پێشمەرگە دەگیران. شایەتی قسەکانم ئەوانەیە کە لە حاڵی ژیاندا ماون لە هەر چوار بەشی کوردستان و بە تایبەت فیلم و دەنگ نەواری ئەو کات کە لە ڕادیۆکانی شۆڕش بڵاو دەبوونەوە و ئیستاش لە ئارشیو ماون….

– پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرجەم لە پێناو بەرژەوەندی کوردستانی باشوور باجی زۆر گران قورسیان دا کە بە داخەوە بە دەیان سالیتر خۆ ناگرنەوە.

خەباتی گوڕو تینی چەکدارییان خەفاند یان پێیان لابردن. ڕادیۆیان داخست. لە بنکە و بارەگاکانیان دەریان کردن زەرەرمەندیان کردن. پاسداریان هێنایە سەریان، بە دەیان  کەس لە تیکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات بە دەستی کوردی باشور بۆ پارە یان بەرژەوەندی سیاسی تیرۆر کران و کوژران…..هەموو ئەوانە بەلگەیان هەیە و زۆر زۆر لەوەش خرابتر کراوە و ئیستاش بەردەەوام ئیهانەمان ئەکەن!!!؟؟؟ بۆ لە باتی ئەو هەموو چاکەی کە بە درێژایی مێژژو کوردی ئێران کردوونی ئاوا پاداش دەکرێنەوە؟؟!! بە دەیانساڵ من بۆ خۆم لە دوور و نزیکەوە بە تفەنگ، قسە، کردەوە، قەڵەم مەیدانی، لە پێناو کوردستانی باشوور لە خۆم مایەم داناوە و خزمەتم کردوون و ئیستاش خزمەت دەکەم بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی.. کە چی پاداشتی ئێوەمانان ئەوە دەبێ؟!

– پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بیجگە هاوکاری لۆجستیکی و هاوخەباتی و پێکەوە شەڕ کردن بە دژی داگیرکەران پێشمەرگە و کادیری پارتەکانی کوردستان باشوریان بۆ بەغدا بردووە و لەویوە تەنانەت بۆ دەرەوە بەڕێیان کردووە بۆ چاک بوونەوەی ئەو برینانەی کە لە دەورانی شەڕدا لێیان کەوتبوو بە ناوی خۆیانەوە بەڵگەیان بۆ کردوون بە پێشمەرگەی خۆیان لە لیستی داوەو ڕزگاریان کردوون….

– نازانم باسی چیتان بۆ بکەم؟!… بە هەر حاڵ هیوادارم خوینەران ماندوو نەکردبێت و کەسم نەڕەنجاندبێت.

– بە ئەحزابی کوردی ڕۆژهەلاتیش دەڵێم: ئیتر بەسە ئەو چاو چنۆکی و خەوتن پاڵدانەوەیە. بەسە خۆ کەڕ کردن لە ئاست ستەمەکان. ستەم هەر ستەمە تەنانەت ئەم دەستت بەو دەستت بکات. خۆتان لە ژێر باری منەت توانەوە دەر بهێنن.  کەم بژین کەڵ بژین. بێدەنگی تا کەی؟! خەباتتان نەما، دەنگتان نەما، وزەتان، نەما، نوزەتان نەما، فزەتان نەما، سامتان نەما، کەسایەتی سیاسی، فەرهەنگی، خەباتیتان شکا، بوون بە گاڵتەجاڕی نەوەیەک کە پێیان وایە ژیان هەروا بە ژێر دەستی بووە و بە چاو شۆڕی ژیاوین. ئاگایان لە خەبات و هەڵمەتی پێشمەرگە نەبووە. کورد ئیحساساتییە ئەگەر بە چاو نەیبینێت و حەماسەی پێنەدەی تەرەف بە مردوو دادەنێ و پێی وایە بێ هێز و دەسەڵات و مفتخۆرە. ئوردوگا نشینی بەسە و ئیتر لەو قەیرانە خۆتان دەرباز بکەن. ملتان بردووە خوسا وەک پیاوی لۆژە باڵی چاو ئەدەن بزانن ڕۆژە! کەڵەشێریش نەبێ خوا ڕۆژ هەر ئەکاتەوە….

مەجید کاکەوەیسی

١٥/١٢/٢٠١٣ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی