"an independent online kurdish website

ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دەستەیەک پێشمەرگە فەرمانم پێدرا بۆ یەکێک لە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان بچم. بۆ گەیشتن بە شوێنی مەئمووریەت لەبەر هێندێک هۆی نیزامی ڕێگامان بە گوندێکی چەپەکsiamand-shexaxayiy_0

و بچکۆڵانەی دە دوازدە ماڵی دابوو کە لەبەر سەختی شوێن و هەڵکەوتەیی هێشتا دەستی داگیرکەری پێ رانەگەیشتبوو! ئاواییەکە لە دۆڵێکی چڕو قووڵدا تەریک مابووی یەوە. ئەو گوندەش وەک زۆربەی دێیەکانی کوردستان خانووەکان بە قووڕو بەرد دروست کرابوون. دیواری ماڵەکان خواروخێچ و ناڕێک، ڕەش و دووکەڵاویی دەهاتنە بەرچاو. لە سەربانی هەر ماڵە یەک یان چەند کڵاورۆژنە دەبیندرا کە لەباتی پەنجەرەو دەلاقە بۆ هەڵکێشانی دووکەڵی تەندوورو ڕووناکایی کەڵکیان لێ وەردەگیرا.

دیاربوو، دانیشتوانی ئەم ئاواییە بەگشتی ڕووت و هەژارن، لەڕێگای ئاژەڵداری و کشتوکاڵە سەرەتاییەکانەوە ژیان ڕادەبوێرن! دەکرێ بگوترێ گوزەرانی دانیشتوانی ئەم دێیەش وەک گوزەرانی زۆربەی دێیەکانی کوردستان دەچوو! دنیا بۆ ئەو کەسانەی لەو چەشنە جێگایانە چاو دەکەنەوە، هەمیشە یەک ڕەنگەو تاکوو دەمی مەرگ ئاڵووگۆڕێکی ئەوتۆ لەحاڵ و گوزەرانیاندا پێک نایەو بەشبەحاڵی خۆیان ڕازین، لەگەڵ سروشت بەهەموو کەموکووڕی یەکانی یەوە ڕاهاتوون.

پاش چەند مانگان مەئمورییەتەکەم کۆتایی پێهات، دەبۆایە بەرەو شوێنی پێشوومان بەڕێگای هەمان گوندە چڕو سەختەکەدا گەڕاباینەوە. لەکاتی گەڕانەوەدا، لە کوێستانی نزیک ئاواییەکەدا لەنێو دۆڵ و لاپاڵاندا کەوتینە بەر هرۆژمی تۆفانێکی بە هێزو بێ ڕەزا، بەچەشنێک هەوا ئەوەندە تۆفانی بوو، چاوچاوی نەدەدیت! تۆف وایی سەرلێشێواند بووین بەگوێرەیەک تەواویی سەروبنی ڕێگامان لێ هەتڵەو بزر ببوو. شەو بە درێژایی بێ ئەوەی بزانین بەرەوکۆ دەرۆین، لەژێر سەرماو تۆفی مەرگ هێنەردا برسی و کەسیرەبوو لەنێو خڕو بەندەناندا دەسووڕاینەوە، ئەویش بەلەونێک سەرماو شەکەتی تا دەهات لە بڕستی دەخستین.

کازیوەی بەیانی بوو. کاتێک بوو وڵات بەرەبەرە دەهات ڕووناک دەبووییەوە. تۆف لەکڵوکۆ کەوتبوو. ئێمە ڕێبوارانی ماندوو شەکەت، هەروا یەک بەدوای یەکدا ڕێچکەمان بەستبوو دەڕۆیشتین. لەپڕ لە یاڵێکەوە دێیەکەمان لێ وەدەرکەوت. بەهۆی ئەو دیمەنە خۆشی و شادی لە ناخماندا بەرز بووە! ئیدی هیزمان کەوتەوە بەر، خۆمان نەگرت بە ئۆخەژنێ و هەڕمە بەرەو نێو دێیەکە خلۆر بووینەوە. کاتێک نزیک بووینەوە، لەپڕ وەک بروسکە لێی دابین ئەوتۆ، وێکرا بەسەرسامی ڕاوەستاین، دیتمان:

دێیەکە نەفەسی لێوەنایە! دیوارەکان کۆمولار، بانەکان تێک تەپیوو، قەڵشی دیوارەکان هەرکامە لەلایەک لەژێر بەفردا زاریان داپچڕیوەو خێسەمان لێ دەکەن! ئەم دیمەنە دڵتەزێنە نیشاندەری بەسەرهاتێکی تاڵ و دڵهەژێن بوو. لەمەڕ چارەنووسی دانیشتوانی هەژاری گوندەکە ئیدی خۆمان نەگرت و بە داخێکی گران گوندە وێران بووەکەمان بەرەو دۆڵێک بەجێهێشت. هەرکە چەند سەت هەنگاوێک سەر بەرەو ژێر بووینەوە، دیسان دیتمان: لە ناخی دۆڵەکەدا دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەی تاقە ماڵێک بەرز دەبێتەوە. بەدیتنی ئەم تاکە ماڵە چاوەڕوان نەکراوە هەمدیسان ئۆخەژنمان کەوتەوە نێو دڵمان، بۆ جارێکی دیکە ماندوویی چەندین کاتژمێر ڕێگا لێ ونبوونمان لەبیر چووییەوە!

خاوەنماڵ بەخۆیی و ماڵو منداڵی لە قەراخ تەندوور دانیشتبوون، هەرکە چاویان بە ئێمەکەوت، لە خۆشیان هەموولایەکیان ڕەنگیان گەشایەوەو بە تەنیا دەسمایەی ژیانیان کە خۆشەویستی و هەستی مرۆڤایەتی بوو، بە پیرمانەوە هاتن و پێشوازیان لێکردین. بەڵام هەرکە چووینە ژوور و چاومان بە نەداری و بێ ئەنوایی خاوەنماڵ کەوت، خۆشی تاوێک پێشمان لێبووە بە پەژارە! ناچار هەرکامە لەلایەک لە دەوری تەندووری نێڵدراو کۆبووینەوەو خەریکی خۆ گەرم کردنەوە بووین.

لەسەر تەندوور کەترییەکی ڕەشی پڕ لە ئاو دەکوڵی. بەدوای وچانێکی کورتدا خاوەن ماڵ هەرچی دەتەبەکدا شکی دەبرد، بە ڕوویەکی ئاواڵە هێنای لە پێشمانی دانا، یەکی پەلکێک نانی ویشک و چایەکی گەرمان پێ بڕا. باشبوو هەر ئەو تۆزقاڵە خواردەمەنی و حەسانەوەیە بوو بەهۆی هێزی لەش و گەرمایی دەروونمان.

گەورەی ماڵێ ناوی’مام خاڵند’ بوو. پیاوێکی کەڵەگەت، چوارشانەو کەمێک بە ساڵچوو، سپیلکە، گۆنای تێک ‌قوپاو، بەری دەستی شەقارشەقار بوو، لەسەر نێوچاوانە گنجاوییەکەی هەزاران دەردو مەینەتی ئەم رۆژگارە بەدی دەکرا! منداڵەکانی ڕووت و لاواز، جلوبەرگی بەریان پینەکراو، پێڵاوەکانیان لینگاو لینگ هەرکامە لە ڕەنگ و ئەندازەی جیاواز بوون!

مام خاڵند لە بنەوە چاوێکی پڕ لە حەسرەتی پێدا خشاندین و لەبەر ئەوەی بۆی نەلوا بوو بەتێرو تەسلی میوانداریمان لێ بکا، جەرگی جەرگی دەخواردەوەو لە تاوان هەناسەیەکی وەها ساردی هەڵکێشا، تینی هەناسەکەی کزەی لە هەناوی گشت لایەکمان بەرز کردەوە.

جگەرەیەکم بۆلای ڕاداشت و ئەویش بەکاوەخۆ دەستی درێژ کردو لێی وەرگرتم. لەنێو بێدەنگیدا جگەرەکەی داگیرساند، یەک بەدوای یەکدا چەند مژی قووڵی لێداو ئەوسا دەستی بەگێڕانەوەی بەسەرهاتێکی تاڵ کرد کە بەسەر گوندەکەیان هاتبوو:

“_ لەکاتی سەرماو سۆڵی ئاخر رۆژەکانی ئەم پاییزەی ڕابرد، بەیانییەکی زوو کە هێشتا دۆست و دوژمن لێک جودا نەدەکرایەوە. دوژمن لە هەر لاوە گوندەکەمانی گەمارۆدا، بەر لە ئەوەی لە نییەت و مەبەستی دزێویان ئاگادار بین، ماڵەکانمانی ئاور تێبەردا، ئەو ناجۆمێرانە تەنانەت رووحمیان بەمەڕو ماڵاتیشدا نەهات و کوشتاریان لە نێو ئەوانیش خست! دووکەڵی گیشە گیاو پووش و پەڵاش و کەوپەلی نێو کادێن و خانووە سووتاوەکان، ئاسمانی سەر گوندەکەمانی داپۆشیبوو، بۆچروکی لاشەی سووتاویی زیندەوار ئەو نێوە نێوانەی داگرتبوو! ژن و منداڵ کە بەدەنگی گرمەو ڕمبە لە خەو ڕاپەڕیبوون، بەشێوەیەکی سامناک لە مالەکانیان دەردەپەڕینەدەر، خۆیان لە چەنگ ئەو دۆزەخەی کە لە کوتوپڕێکدا پێکهاتبوو دەرباز دەکرد.

براینە! یارەبی کافر نەیبینێ! نازانن ئەو خودا نەناسانە چ بەڵاو کارەساتێکیان بەسەر هێناین! ئەمن بەعومری خۆم کردەوەی وا دڵتەزێنم نەدیوەو نەبیستووە! حۆقە حۆقی گاوگۆل، کاڕەو بێلەی مەرو بزن، قاووقیژی قازو مراوی لەنێو کڵپەی ئاگردا گوێ فەلەکیان کەڕ دەکردو جەرگی پیاویان هەڵدەقرچاند! ئەو حکومەتەی کە دەبووایە پارێزگاری لەسەرو ماڵی ئێمە هەژاران کردبایە، ئەوێ رۆژی بەپێچەوانە، هەرچی لە وزەی دابوو، بێ ئەوەی چووکترین تاوان لە خۆماندا شک برین، دەرحەق بەماڵوێرانی و ڕەنجەڕۆیی ئێمە چارەڕەشان دەکاری هێنا! کەچی پاش ئەنجامی ئەو کارەساتە نائینسانی یە دیسانیش لە خەراپە چاویان پڕ نەبوو! ئەوجار نۆبە گەیشتە پیرو پەککەوتان، پاش جەزرەبەو گاڵتە پێکردنێکی زۆر بێڕوحمانە شەهیدایان دەکردن! سەیرتر ئەوە بوو! بەگریان و ڕۆڕۆی ژن و منداڵ گاڵتەیان دەهات و پێدەکەنین!! ئەوان ئەم کوشتارەی خەڵکی بێدەسەڵاتیان بۆخۆیان بەسەرکەوتن دادەنا! لە ئەوەی کەسیان لە بەرهەڵستی خۆیان نەدەدیت شاییان لە دڵدا دەگەڕاو لە خۆشیان دەست لەسەر ماشەی تفەنگ تەقەی هەواییان دەکرد! بەدوای ئەم کارەساتەدا ئەو کەسانەی توانیان زیندوو بمێنن، بەدەستی بەتاڵ، ئاوارەو پەڕیوەی هەندەران بوون. بەڵام ئەمن بەشبەحاڵی خۆم چاوم بەرایی نەدا خاک و خۆڵی سووتاویی جێگایەک کە باب و باپیرانم فرچکیان تێداگرتووە و سەریان لێ ناوەتەوە بەجێ بهێڵم! ئەم کۆختەیەم لەپێشدا هەبوو، بەخۆم و خێزانەکەم هاتین پاش کەمێک نۆژەن کردنەوەو کون و کاژێڕ گرتن هێندێک شڕوشاڵاتی نەسووتاویشمان لەنێو خانووە وێران بووەکاندا دۆزییەوە. سێ چوار بار گەنمم لە چاڵدا هەبوو، ئەویشمان بەرە بەرە دەستار کردو تاکوو بەهەزار کۆڵەمەرگی ئەم زستانەمان گەیاندۆتە ئێرە! ئێستاش بەشی چەند مانگی دیکە ئاردو گەنممان لەبنی جەواڵدا بۆ ماوەتەوە، پاش ئەویش دنیا بەروبوو درێژە دڵنیام لەبرسان نامرین، بەهار بەزوویەک دەست پێدەکاتەوەو لەگەڵ بوژانەوەی گژو گیا، بۆخۆم منداڵەکانم وێکڕا قۆڵ هەڵدەماڵین و لەنێو مووچەو دارو ڕەزاندا، بەهەر چۆنێک بێ بژیوی خۆمان وەدەست دێنینەوە…!”

مام خاڵند لە حاڵێکدا کوڵەی لە گەروو دامابوو، دەنگی دەلەری. سەری هەڵێناو بەدڵێکی خەفتبارەوە درێژەی بەقسان داوە:

“_ براینە! خۆزگە ئێستا بەرانێکم شک بردباو هێنابام لە پێشتانم کردبا بە گاوگردوون، نە وەک ئێستا بەدەمی وشک، ڕوو زەردو شەرمەزار لاتان دانیشتبام!” پاشان چەند دڵۆپ فرمێسک بەسەر ڕوومەتی سیس بوویدا هاتنەخوارو نوقمی نێو مووی ڕدێنە نەتاشراوەکەی بوو.

خێزانی کە ڕووبەڕوومان دووش دامابوو، هاوکات لەگەڵ منداڵە وردیلانە ڕەنگ پەڕیوەکانی لە گابۆڕیاندا. کارگری ئەم دیمەنە ئەوەندە خەمهێنەر بوو، دڵی هەموومانی وەژان هێنا، ئیدی لەوە زیاتر توانای خۆراگریمان نەما، هەموومان وێکرا هەستاینە سەرپێ بەدڵێکی خەمبارەوە مام خاڵندمان لە ئامێز گرت و دەستمان لەنێو دەستی خێزانی ناو ڕوومەتی منداڵەکانیمان ماچ کرد. ئەوسا خۆمان کووڕ  کردەوە، بەدەرگای چەپەری ماڵێ دا چووینەدەر…

چێشتانگاو بوو، هیچ پەڵە هەورێک بەئاسمانەوە نەدەبیندرا، بەڵێنەکان دووپاتە بوونەوە، بەمەبەستی ڕزگاری بەشخوراوو لێقەوماوانی کوردستان ڕێگای پڕ لە هەورازو نشیومان گرتەوەبەر، هەنگاوەکانمان بەرەو خەبات، قورس و قایمتر لە پێشوو هەڵێنایەوە…

 

*****

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی