"an independent online kurdish website

یەکێک لە ڕێبوارانی کاروانی ٢٦ ی سەرماوەزی ١٣٢٤ کەلە دەشتی مەڕگەوەڕ و لە بناری داڵانپەڕ و بۆزی سینا چاوی بە کوردستان هەڵێناوە، و هەر لە تەمەنی مێرمنداڵی یەوە بۆتە یەکێک لە مێرخاسەداستان خوڵقێنەکانی خەباتی پێشمەرگایەتی، هاوڕێ سەعید یووسفی ناسراو بە سەعید گوڵێ یە.saeed_yusifi_1

سەعید یووسفی لەدایک بووی گوندی میراوای ناوچەی مەڕگەوەر،هەر لە تەمەنی مێرمنداڵی و لە سەرەتای دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب لە دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی، بۆتە پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە هێزی شەهید نەحۆ ی ئەوکاتی.

سەعید هەر زوو بە هۆی قارەمانیەتی و فیداکاریی خۆی، بۆتە جێی متمانەی هاوڕێیانی و وەک پێشمەرگەیەکی ناسراوی ناوچە و خۆشەویستی خەڵک درێژەی بە خەبات داوە. لە هەموو جەریاناتی نێو حیزب و جیابوونەوەکانی دواتر کە لە نێوحیزب دا ڕوویانداوە، سەعید ئەو سەنگەرەی کە یەکەم جار ڕووی تێکردووە ، چۆڵ نەکردووە و وەک کێوی داڵانپەڕ بە قایمی و پتەوی ڕاوەستا، بۆیەشە لە نێو خەڵک دا وەک تێکۆشەرێکی خاوەن عەهد و پەیمان ڕیزی لێگیراوە.

بەتایبەتی کاتێک تاقمی ٧ کەسی جیا بوونەتەوە، کۆمیتەی شارستانی ورمێ،ی ئەوکات بەشێکی زۆری کادر و بەرپرسانی لەگەل ئەو ڕەوتە گوماناوییە دەکەون کە بەشێکیان دۆست و هاوڕێ و ئاشنایانی کاک سەعید بوون، بەڵام هیچکام لەو خاڵانە شوێنیان لە سەر باوەڕی قووڵی سەعید دانەناوە. هەر بۆیە ڕۆژ لە گەل ڕۆژ سەعید بۆتە جێی متمانە و ڕێز و حورمەتی خەڵکی ناوچە.

سەعید لە زۆربەی ناوچەکانی شیمالی کوردستان خەباتی پێشمەرگایەتی کردووە و ناسراوە. بە جۆرێک کە دواتر و لە سەردەمی خەباتی پارتیزانی دا سەعید وەک ناسنامەی حیزب و پێشمەرگە وابووە. هەرکات دەستەیەک پێشمەرگە ڕوویان لە جێگایەک کردبێ و سەعیدیان دەگەل بێ، تەنانەت ئەگەر خەڵک روخساریشی نەناسیبێ ، بە بیستنی ناوی سەعید، دڵنیابوون لەوەی کە ئەمانە پێشمەرگەی دێمۆکراتن.

 ڕەنگ بێ یەک نموونە بتوانێ لێزانی و مودیریەتی کاک سەعید و جیدیەتی ئەو لە فەرماندەری کردن دا سابیت بکا ئەوەیش ئەوەیە کە ، کاتێک ئێمە واریدی ناوجە دەبووین، کاک سەعید و لکی ژێر بەرپرسایەتیی خۆی لە لایەن هێز و مەڵبەندەوە لە ناوچەی موەڕگەوەر بە جێ دەمان و عەمەڵیاتی چاکیان دەکرد. کاک سەعید وەک بەرپرسی گشتی لەوێ دەمایەوە ، لە کاتێک دا بەرپرسانی دیکە دابەش دەبوونە بە سەر ناوجەکانی دیکە دا.

ئەو لەگەل زۆر فەرماندەر و بەرپرسی نیزامیی ناسراوی نێو ڕیزەکانی حیزب کاری کردووە. هەر لە شەهید سەرەوان حاتەم و یووسف ئەمینی و ، سەروان سابیر و برایم شێخاڵی ڕا تا محەممەدی کڵاوڕەش وخورشید جێرمەی، سمایل کوردنەژاد و باقی بەهادران ، تا ڕەحیم ساڵح زادە و سەید ڕەسوول ئەحمەدی و هەمزە بێهنام ، کاک سەعید هاوکار و هاوخەبات و هاوڕاوێژیان بووە. بە بێ موبالیغە دەتوانم بڵێم سەعید لە زۆر بوار و مەیدان دا چاوساغ و هاوکاری تاقانە و جێی حیسابیان ، وسەرکەوتنەکانیان لە مەیدانی کردەوە دا مەدیۆنی هاوکاری و هاوفکریی سەعید بووە.

saeed_yusifi_1

کەسایەتیی سەعید

هەر وەک لە سەرەوەباسم کرد، سەعید قاڵبووی مەیدانی خەباتی پێشمەرگایەتی بوو کە کەمتر حەماسەیەکی ناوچەکانی ورمێ هەیە کە سەعید بەشداریی چالاکانەی نەکردبێ. ئەو هەرچەند خوێندەواریی زۆری نەبوو، بەڵام توانیبووی بە باشی خۆی پێ بگەیەنێ و ببێتەوە کادرێکی بە ئەزموون و فەرماندەرێکی جێی موتمانە. هەر لە سەرپەل، سەردەستە و جێگری لک و فەرماندەری لک تا جێگری هێز وفەرماندەری هێز و بگرە کادری تەشکیلاتیی بە ئەستۆە گرتبوو.

ئەو لە پێشمەرگایەتی دا پاشناوی گوڵێی وەرگرتووە وهەر بەوناوەش زیاتر ناسراوە. سەعید لە فەرماندەری دا مودیر، لە سەرەخۆ، بڕیاردەر، جەسوور و جیدی بوو. لە هەڵسەنگاندنی خەباتی پێشمەرگانە، دیاری کردنی فەرماندەر وبەرپرسانی خوارەوەتری خۆی دا هەمیشە دەقیق و بە لێکدانەوەبوو. لە هەڵبژاردنی شوێن و کاتی عەمەڵیاتەکان دا هەتا بڵێی خاوەن نەزەری چارەنووس ساز بوو. جاری وابووە کە جەندین بەرپرسی نیزامی لە سەر عەمەڵیاتێک نەزەریان داوە، سەعید بە حوکمی ئەوەی کە کەم قسەیە، لەو کۆبوونەوەیە دا نەزەرێکی کورت و پۆختی بووە کە بۆتە بڕیاری نیهایی کۆبوونەوەکە کە من خۆم شاهیدی دەدەم.

من وەک خۆم ناوی کاک سەعیدم بیستبوو، بەڵام لە نیزیکەوە نەمدەناسی تا هاوینی ساڵی ١٣٦٤ کە کاتێک کۆبوونەوەیەکی بەرینی ناوەندی ئەوکاتی ئاگری بوو، یەکەم جار کاک سەعیدم ناسی و دواتریش لە هێزی ئاگری زیاتر ناسیمەوە. پاشان لە هیزی ئاگری زیاتر ناسیمەوە و شانازیم بە ناسینی ئەو تێکۆشەرە کردووە تا ئەم ساتە وەختەش. لە چەندین شەڕ و بەرگری دا من لە گەل کاک سەعید بووم ، قارەمانیەتی و مودیریەت و کۆنترۆڵی کاک سەعید بە سەر مەیدانی شەڕەکاندا، جێی سرنج بوو. لەگەل ئەوەی خۆی شەڕی دەکرد، مودیریەت و فەرماندەری کردنیشی بەردەوام و دەقیق بوو.

کاک سەعید کەسێکی خاوەن نەزەر و قورس بوو لە هەڵسەنگاندن دا. کەمی دەگوت و پۆختی دەگوت. پێشمەرگە تا بڵێی ڕێزیان لە سەعید دەگرت و حیسابیان لە سەر قسە ، هەڵویست و کەسایەتیان دەکرد. کەسێکی خاکی ، نەرم و نیان ، ئارام و جیدی بوو. لەگەل هاوکارانی دا زوو دەبوو بە هاوڕێ و ئەهلی مەشوەرەت بوو. دەیزانی کە دەبێ لە کوێ و چۆن ئەرک دابەش بکا. کام هاوڕێ بۆ کوێ موناسیبە. ئەوانە لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی کاک سەعید بوون و هەتا ئێستاش کاک سەعیدکەسایەتیەکی خۆشەویستە لای هەمووی ئێمە پێشمەرگەکانی پێشووی شیمالی کوردستان و خۆشمان دەوێ. 

saeed_yusifi_4

لە نێو خەڵک دا هەر وەک گوتم سەعید ببووە ناسنامەی پێشمەرگەکان لە ناوچەکانی ورمێ. هەموو کەس دەیناسی، و قسەی دڵی خۆی بۆ باس دەکرد. ئەویش نە تەنیا لە خەباتی پێشمەرگایەتی دابە ئەزموون بوو، بەڵکوو لە شێوەی ڕەفتار و هەستان و دانیشتنی نێو خەڵکیش دا لێزان و دەقیق بوو. هیچ ئیغراقی تێیدا نیە کە بڵێم کاک سەعید یەکێک لەو تێکۆشەرانەبوو لە مەڵبەندی شیمال کە زۆرترین کاریگەریی لە ڕەوتی کار و تیکۆشانی حیزبی دا هەبووە.

ڕۆژی ٢٥ ی خەرمانانی ١٣٧١ کارخانەی نۆشابە سازیی شاری ورمێ لە لایەن پێشمەرگەکانەوە سووتێندرا و دەیان دەزگا ماشینی جۆراوجۆریش لەگەل کارخانەکە سووتێندران. بەیانیەکەی کە گەڕاینەوە گەلی خان لە ناوچە گەلی قاسملوو، هێرشی دوژمن هات و لەوێش بە دانی ژمارەیەک کوژراو وبریندار، بە سەر شۆڕی گەڕانەوە.

ئێوارەکەی سەعید بە کاک هەمزە بێهنام، ی گوت تیمێکی چاکی ٧ کەسیم بدەنێ با لە پێشدا بڕۆین و بەڵکوو تووشی کەمین نەبینەوە.

کاک سەعید ئەوساڵە کادری تەشکیلاتی بوو لە کۆمیتەی ورمێ. کاک هەمزە گوتی کاووس تۆ چەند کەسێکی گورجوگۆڵ لە لکی خۆتان( من ئەوکاتی فەرماندەری لکی ٢ بووم) دیاری بکە ن و بڕۆن. ئێمە ٧ کەس بە فاسیلەی ٢ تا ٣ کیلۆ میتر لە پێش هێز دا دەچووین و بەردەوام تەماسی بێسیمی مان هەبوو. هێزیکی زۆر لە ناوچە خزێندرابوو و ئەو شەوە کەمتر گوندێکی مەڕگەوەر هەبوو کە کەمینی لە دەوروو بەر نەبێ .

سەعیدزۆر شارەزای ناوچەکەیە، بەرلەوەی حەرەکەت بکەین بە کاک هەمزە و ئەوانی گوت گوندی سێگرکان موناسیبە بۆ پشوویەکی کورت. بۆیە ئەوە بوو بە بڕیاری ئێمە کە بڕۆینەوە سێگرکان. نیزیک سەعات ١٢ی شەوبوو گەیشتینەوە نێوئاوایی. (ڕاست ئەو شەوەی کە کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لە ئاڵمان شەهید کران و ئێمەش نەمان دەزانی) . گوند مات و بێ دەنگ بوو. هاوڕێیانمان لە سەری دوو کووچە دانا و هەردووکمان ڕۆیشتنەوە بەردەرکی ماڵێک تا لە خەو هەڵیان ستێنین.

گوندی سێگرکان سەرجاددەی ئەسڵی یە و خەڵکەکەی دەترسان. چوونکی دایم هاتووچووی هێزەکانی ڕێژیم لە نیو ئاوایی ڕا هەبوو. سەعید گوتی ئێمە دەبێ ماڵێک لە خەو هەستێنین، جا بە ساحیبی ماڵەکە ماڵی دیکەش هەڵدەستێنین.

گوتی با بڕۆین بە دوکانداری گوند بڵێێن هەستە دووکانەکەت بکەوە سیگارمان پێویستە. ئەوکاری بەوە نیە کە ئێمە پێشمەرگەین، یان گورووهی زەربەت. کەهاتە دەر و خۆمی پێدەناسێنم ولە ڕیگای ئەوە وە ماڵەکان هەڵدەستێنین. هەرواشمان کرد زۆریش پێشبینییەکی باش بوو.(با ئەوەش بڵێم کە ماڵێکی پەنابەری کوردی عێراقی لەو گوندە بوون. هەرکە پێشمەرگەیان دیتبوو، پەنجەرەیان کردبووە وە و یەک بەخۆ دەیان قیژاند فریامان کەون دز هاتوون! کاک تاهیر سۆفی بەرپرسی ماڵیی مەڵبەند لەگەل مان بوو، ئەویش لە سەر کووچە لاسایی ئەو کابرایەی دەکرد و دەیگوت وەرن دز هاتوون. خەڵکی گوند ئەوەی هەڵنەستابوو هەستا و هاتە سەر کووچە و کۆڵانان و پێشمەرگەیان ناسی و هەرکەسە و چەند پێشمەرگەیەکی بردە ماڵەخۆی. مالە کورفدی عێراقی بۆ وایان کرد ، نازانم!).

سەعید لە ساڵی ١٣٦٨ لەگەل شادیە خانم ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و٣ کوڕ و کچێکیان هەیە. ئەوان لە ڕێگای یووئێنەوە چوونەتە وڵاتی نۆروێژ . خۆی ، خێزانی و مناڵەکانی لە پێناو خزمەت بە نەتەوەکەیان و ڕێبازی دێمۆکرات ئەوەی لە توانایان دا بووە وهەیە دریغیان نەکردووە. مناڵەکانی کاک سەعید و شادیەخانم بە ڕووحێکی نەتەوەیی پەروەردە کراون. ماڵی ئەوان بۆن و سەفای پێشمەرگایەتی و خۆمانەی لێدێت و وادەزانی هەر سەردەمی پێشمەرگایەتی یە.

ئێستاش کەمتر چالاکییەکی حیزبی لە نۆروێژ هەیە کە سەعید و بنەمالەکەی بەشداری نەکەن. وەک جاری جاران بەورە، ئۆمێدەوار، دڵسۆز و باوەڕمەند بە ڕێبازەکەیەتی. پەیوەندیی دۆستانەی لە گەل زۆربەی هەرە زۆری کۆنە هاوڕێکانی بەردەوامە، کەسێکی کۆمەڵایەتی و خۆ ڕێکخەرە لە گەل ژینگە و کولتووری دەوروبەری دا.

سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوەی وڵاتە، بەڵام ناو و ئیعتیباری سەعید لە نێو خەڵکی ناوچەکانی ورمێ دا وەک تێکۆشەێکی ناسراوی دێمۆکرات بەردەوامە. خەڵکی ناوچە کاتێک باسی سەعید دەکەن، باسی پێشمەرگە، فەرماندەر و کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و دێمۆکرات دەکەن.

saeed_yusifi_5

من شانازیی ئەوەم هەیە کە لە زۆر مەئمووریەت و تەنانەت زۆر داستانی بەرگری دا لە خزمەت کاک سەعید دابووم، زۆر ئەزموونی بەنرخ کە لە ژیانی پێشمەرگایەتیم دا بە کەلکم هاتن لێی فێر بووم. شیمالی کوردستان کۆمەڵە کادر و پێشمەرگە و فەرماندەرێکی لێهاتوو و بە ئەزموونی هەبوو کە هەرکامەیان ببووە کەسایەتییەکی جێی باوەڕی خەڵکی ناوچە و کاک سەعید یەکێک لەوان بوو.

بنەماڵەی کاک سەعیدیش لەو بنەمالەی پێشمەرگانەی دێمۆکرات بوو کە هەمیشي لەژێر گرتن وئەزیەت و ئازار دابوون. بەڵام ئەو وەحشی گەریەی ڕێژیم کاریگەریی نەبوو نە لە سەر سەعید ونە لە سەر بنەماڵەکەی.

لە کۆتایی دا وێڕای ئارەزووی ساغی و سڵامەتی بۆ کاک سەعید و بنەماڵەکەی، دەڵێم ئەوە تەنیا دڵۆپێکە لە دەریایەک بە ناوی سەعید گوڵێ و ڕەنگە نووسین لە سەر تێکۆشەرێکی وەک کاک سەعید، کاری کەسانێکی پسپۆر و لێزان و خوێندەوار بێ کە من لەو ئاستەدا نیمە. ئەوەی کە ئەو چەند دێرەم نووسیوە، تەنیا و تەنیا وێستم سلاوێک بنێرم بۆ ئەو هەموو خزمەتەی کە کاک سەعید لە پێناو ڕێبازی کوردایەتی دا کردووویەتی و دەیکا. ئەگەر من ڕۆژێک دەسەلاتم بوایە ، یان دەسەڵاتم ببێ، پەیکەرێکی زێڕم بۆ کاک سەعید لە دەروازەی بەندی ورمێ دروست دەکردو لەقەبی چێگڤارای کوردم پێ دەبەخشێ.

هەربمێنی کاک سەعید تێکۆشەری خاوەن بیر و بڕوای دێمۆکرات.

ئێوەش هەر ساغ و سڵامەت بن و ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە هەمووتان پیرۆز بێ

saeed_yusifi_2saeed_yusifi_6saeed_yusifi_3saeed_yusifi_8saeed_yusifi_7

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی