"an independent online kurdish website

زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە چۆن بتوانین کۆمەڵگەیەکی یەکسان دروست بکەین کە لەوێدا ژن و پیاو بە مافی بەرابەرەوە تێیدا بەشدار بن و ڕۆڵیان هەبێت. گوومانی تێدا نییە، کە زۆر میکانیزمی جۆراوجۆر هەن کە دەتوانین لە سەریان قسە بکەین و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین. tuba_alisi

بەڵام ئەوەی لێرەدا زیاتر مەبەستی منە، ڕۆڵی خودی ژنانە لە خەباتی یەکسانیخوازیدا نەک هەمووی میکانیزمە گونجاوەکان کە یارمەتیدەرن بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی یەکسان. دیارە ئەوەش واتای ئەوەی نییە، کە من پێم وابێت ڕۆڵی خودی ژنان بە تەنیا دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی یەکسانمان بۆ مسۆگەر بکات؟ چوون هەموو لایەک ڕەنگە ئەوە بزانین، کە نەبوونی یاسایەکی دێموکرات و دادپەروەرانە، دابونەریتی دواکەوتوانەی کۆمەڵگا، لە خوار بوونی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگا و زۆر شتی دیکە هەن کە دەتوانن بەربەست دروست بکەن لە بەردەم خەباتی یەکسانیخوازی ژناندا.

سیمون دۆبوار ژنە خەباتگێڕ و یەکسانیخوازی فەرانسەوی، لە کتێبی بە ناوبانگی خۆی رەگەزی دووەم کە ناسراوە بە” بیبلی فمینیستەکان” دەڵێ یەکسان بوون و داوا کردنی مافی بەرابەر پێویستی بە قەبووڵکردنی ئەرکی بەرابەر هەیە. واتە بۆ ئەوەی لە گەڵ پیاوان مافی بەرابەرت هەبێت پێویستە بەرپرسایەتی گەورەتر و ئەرکی زیاتر قەبووڵ بکەیت. ڕەنگە ئێستا زۆر کەس هەبن، کە هاودەنگ نەبن لە گەڵ دۆبواردا، بەڵام بە بڕوای من دۆبوار زۆر باش بۆ مەسەلەکە چووە و لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە بتەوێ ئاڵوگۆڕ بە قازانجی مافەکانی ژنان درووست بکەیت پێویستە ژنان بۆ خۆیان دەسپێشخەری بکەن و قوربانی بدەن لە پێناو ئەو خەباتەدا.

مەبەست لەو قوربانی دانە لە پێش هەموو شتێکدا ئەوەیە کە ژنان هەوڵ بدەن بۆ پەروەردە کردنی خۆیان لە باری فکرییەوە و لەو جێگانەدا کە دەرفەتیان زیاتر دەبێت بۆ خۆ پیگەیاندن، ئەو دەرفەتانە لە دەست نەدەن و خۆیان بە شتی لاوەکییەوە خەریک نەکەن. چوون نابێت لە بیرمان بچێت کە بۆ قەبووڵ نەکردنی تووندوتیژی ڕەگەزی پێویستە ئاستی ڕۆشنبیری ژنان بۆ خۆیان لە سەرەوە بێت و زانیاری باشیان هەبێت لە سەر مافە مرۆییەکانی خۆیان، ئەگینا داکۆکی ژنانی چالاکی بواری مافی یەکسانیخوازی ناتوانێت دەردی ئەوان چارە بکات و دەنگی ئەو ژنانەی کە زانیاریان نییە لە بواری مافەکانی خۆیاندا کەمتر دەبیسترێ.

لەوەش زیاتر کار کردن لە دەرەوەی ماڵ و هەبوونی ئابووری سەربەخۆیی و بەسداری ژنان لە کاروباری سیاسی ولاتدا کاریگەری زۆر گرینگی دەبێت لە مسۆگەر کردنی مافەکانی ژناندا. ژنێک کە دەستەلاتی ئابووری هەبێت ناچار نابێت تووندوتیژی لە پیاوی ماڵەوە قەبوڵ بکات. بەشادری ژنان لە سیاسەتی ولاتدا، کاریگەری دەبێت لە سەر یاسای وڵات و بەڕیوەبردنی سیاسەتیکی دادپەروەرانە کە زەمانەتی پاراستنی مافەکانی ژنانی تێدا هەبێت.

دیسانیش پێگەیشتنی ژنان و لە سەرەوە بوونی ئاستی ڕۆشنبیری ژنان یارمەتیدەرێکی کاریگەرە بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و هەروەها کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەر دروست دەکات کە لەوێدا ژن و پیاو بە ماف و ڕێزی بەرابەرەوە تێیدا بەشدار بن.

وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، ژنان زۆر پێویستە کە خۆیان پەروەردە بکەن، لە ڕیگای خوێندنی باڵا، خوێندنەوەی ئازاد بۆ ئاشنا بوون لە گەڵ مافەکانی خۆیان و هەروەها ئاشنا بوون لە گەڵ هەلومەرجی ژنانی وڵاتانی دیکە و بزووتنەوەی ژنانی دیکە چ ئەو بزووتنەوانەی کە هێشتا بە ئاکام نەگەیشتووەو چ بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژئاوا، ئامریکاو ئوسترالیا کە گەیشتووە بە ئاکام، یان باشترە بڵیین بەشێکی زۆر لە مافەکانی ژنانی مسۆگەر کردووە.

جا هەر بۆیە نابێت لە بیرمان بچێت کە ژنان ئەرکێکی زۆر گرینگ و قورسیان لە سەر شانە و نابێت ئەوەندە خۆیان بە بێ ئەرک بزانن لە بەرانبەر ئەو بزووتنەوەیەدا کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و هێشتا نەیتوانیوە زۆر بچێتە پێشەوە. یەکەم لە بەر ئەو هەموو بەربەستانەی کە بۆ ئەو بزووتنەوەیە دروست بووە لە لایەن کاربەدەستانی وڵاتەوە، تاکەکانی کۆمەڵگاو دین و دووەم بە هۆی بەشدار نەبوونی خودی ژنان و لە خواربوونی ئاستی ڕۆشنبیری ئەوان بە گشتی و نەبوونی زانیاری پێویست لە مەڕ مافەکانی خۆیاندا.

دیسان بەداخەوە بەشیک لەئێمەی ژنان کە ڕەنگە بۆ خۆمان لە جێگایەک بین کە بە بەشێک لە مافەکانی خۆمان گەیشتبین و کێشەمان نەبێت ئیتر بەلامانەوە گرینگ نییە ژنانی وڵاتەکەمان لە چ هەلومەرجێکدا ژیان بە سەر دەبەن وەک ئەوەی کە دەڵین ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە. هەر کام لە ئێمەی ژنان ئەرکمان لە سەر شانە و قەرزداری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی وڵاتەکەمانین و پێویستە لە بەروەپێش بردنی ئەو بزووتنەوەیەدا خۆمان بە بەرپرسیار بزانین و هەر کەسەو لە جێگای خۆمان هەستین بە کاریک کە لە دەستمان دێت و دریغی نەکەین.

کورتی دەکەمەوە، ژنان ئەبێت قوربانی یەکەمی خەباتی یەکسانیخوازی و ئاڵا هەڵگری سەرەکی ئەو خەباتە بن. لە ڕیگای خۆ پێگەیاندن، خوێندنی باڵا، ئاشنا بوون لە گەڵ مافەکانی ژنان و بزووتنەوەی ژنان و قەبووڵ کردنی ئەرکی زیاتر و قورستر لە کۆمەڵگادا دەتوانن یارمەتی زۆر بکەن بە بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی کورد.

 نۆرویژ ٦.٠١.٢٠١٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی