رۆژی 2014-01-11 ، ٢٦ ساڵ به سەر شەهیدبوونی سەید ڕەسووڵی بابی گەورە(دێهقان)دا تێدەپەڕێ. ٢٦ ساڵ لەمەوبەر لە ماڵێک دا لە شاری سولەیمانی،
لە گەرەکی هەوارە بەرزەی چل میتری، بەیانیەک، سەید ڕەسووڵی بابی گەورە تازە لە خەو هەستابوو و ڕدێنی تاشیبوو و چاوەڕێی هاتنی کەسێک بوو کە بێ بۆ دیتنی. دەرگای حەوشە لێدرا و هاووەتاغی سەید ڕەسووڵ ویستبووی بچێ و دەرگای حەوشەکە بکاتەوە بەڵام سەید ڕەسووڵ دەڵێ: بۆخۆم دەچم و کاریان بە منە و کە دەرگای ماڵەکە دەکاتەوە لوولەی تفەنگێک دێتە ژوور و تەققەی لێ دەکا و بەداخەوە ناگاتێ ناوی بکوژەکەی بدرکێنێ و شەهید دەبێ.
٢٦ ساڵ لەو ڕەشەکووژییە تێدەپەڕێ. دوژمنانی کوردایەتی و ئازادی و بیروو باوەڕ، ڕۆڵەیەکی لێهاتووی نەتەوەی کوردیان شەهید کرد. کەسێک کە دەوری ٤٠ ساڵ لە تەمەنی لە پێناو ئازادی گەل و نیشتمانەکەیدا بەخت کرد بوو. کەسێک کە بەرد و شاخی کوردوستان نەما فیداکاری تێدا نەکات. بن بەرد نەما کە برینی لێ هەڵنەپێچێ، شەڕی تێدا نەکات، شاخ و دۆڵ نەما کە خانوو و حەشارگەی لێ ساز نەکات، کانی نەما کە خاوێنی نەکاتەوە. ئازایەتی و فیداکاری نەما کە بۆ ڕزگاری وڵاتەکەی نەیکات. ڕزگاری وڵات بۆ ئەو لە پێش هەموو شتێک دا بوو و هەر بۆیەش ژیانی خۆی و ژن و منداڵەکەی فیدای ئامانجە بەرزەکانی خۆی کرد و قەت ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی وەپێش ژیانی دۆستان و هاوسەنگەرانی خۆی نەدا. تا ئەو کاتەی لە ژیاندابوو ئەوەی لە دەستی هات بۆ گەل و نیشتمان و هاوسەنگەرەکانی خۆی کردی و لەهیچ چەشنە فیداکارییەک کۆتایی نەکرد. ڕەنگە یەکێک لە هۆیەکانی شەهید بوونیشی هەر ئەوە بووبێت. ڕاستگۆ، قسەخۆش، سادق، پاک و دڵسۆزی خاک و وڵات بوو. قسە لەڕوو و چاونەترس بوو. خاوەن هەڵوێست و نەزەری خۆی بوو، لە سەر حیسابی کورد معامەلەی نەدەکرد، لەسەر درێژەدانی ڕێگەیەک کە هەڵی بژاردبوو سوور بوو. مەسڵەحەت پەرەست و فرسەت تەڵەب نەبوو، قسەی خۆی دەگوت تەنانەت ئەگەر بە نرخی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵەکەشی تەواو بووبا. سەروەت و ماڵ و منداڵ لە بەرامبەر ئامانج و بیرووباوەڕی دا مانای نەبوو. ماڵی هەمیشە پێگە و جێگەی حەسانەوەی ئازادیخوازان بوو. هەرچی هەیبوو بە دڵێکی ئاواڵەوە لە گەڵ هاوسەنگەرانی خۆی بەشی دەکرد.
شانازییەکانی ئەو شەهیدە زۆر بوون. گەورەترین شانازی ئەوە بوو کە هەرچی دەیکرد بۆ کورد و کوردستان بوو و بە درێژایی تەمەنی سەری بۆ دوژمنانی کورد و کوردستان دانەنواند. ئەو کارانەی کە ئەو کردوونی ئێستا حەول دەدەن بەناوی خەڵکانێکەوە باس بکرێت کە ئاگا و خەبەریان لێ نەبووە. زۆریان حەول دا کە خاڵێکی ڕەشی پێوە بلکێنن بەڵام نەیانتوانی. شەهید سەید ڕەسوڵ بە شاهیدیی زۆربەی هاوڕێیانی، دوژمنی دووبەرەکی و شەڕی براکوژی بوو و شەڕی کورد لەگەڵ کوردی بە کاری دوژمنانی نەتەوەکەی دەزانی و یەکێک لە هۆیەکانی واز هێنانیشی لە حیزب هەر ئەوە بوو. شەهید سەید ڕەسووڵ هەتا ئەو ڕۆژەی کە بە ئەوە گەیشت کە جێگەی کەسانی وەک ئەو لە نێو ئەو حیزبە دا نیە و وازی لە حیزب هێنا، هەر کارێکی کردبای بە دڵێکی گەورەوە دەیکرد.
لە باکوورەوە تا باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردوستان بۆ جێگە هەرە سەخت و ئەستەمەکان ناردرا بەڵام، لە هەموویاندا بە سەرکەوتوویی و ڕووسووری گەڕایەوە. ئەوانەی خۆشیان نەدەویست زۆریان حەولیان دا کە لە جێگە و پێگەی ئەو شەهیدە کەم بکەنەوە، بوختانیان پێکرد، پلەی پێشمەرگایەتیان هێنایە خوار، بەڵام غافڵ لەوە بوون کە ئامانجی ئەو گەورەتر لە پلە و مەقام بوو.
جێگای سەر سوڕمانە کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، ئەو حیزبەی کە شەهید سەید ڕەسووڵ تەواوی تەمەنی خۆی بۆ تەرخان کرد و ئەندامی بوو، بەوەی کە جارێک لە تەلەفزوێنەکەیاندا باسیان کردووە، منەت لەسەر بنەماڵەکەی دەکەن و تەنانەت دۆستانی ئەو شەهیدەش ئەو حەقەیان پێ نەداوە کە بەڕاستی دەبوو بیدەن. سەرەڕای ئەوەش کە باس لە واز هێنان و شەهید کردنەکەی دەکرێ چەواشەکاری دەکەن و دەیشارنەوە و شوێنەونکە بە بکوژانی ئەو شەهیدە دەکەن. ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە شەهید سەید ڕەسووڵ بەهۆی سیاسی و بیرووباوەڕەوە وازی لە حیزب هێنا و بە تەما بوو تەشکیلاتێکی سیاسی تازە دابمەزرێنێ و بە خاتری کار و کاسبی و ژیانی ئاسایی خۆی نەبوو کە حیزبی بەجێهێشت. زۆرم پێ خۆش بوو کە کەسانێک پەیدا بن کە بەڕاستی و دروستی باسی ئەو شەهیدە گەورەیە بکەن و بۆ نەوەی دوارۆژی ڕوون بکەنەوە کە ئەو شەهیدە کێ بوو و بۆ بە ناحەق شەهید کرا و کێ دەستی لە تێرۆر کردنەکەی دا هەبووە و کێ تاوانبارە و لەوەش دڵنیام کە ڕۆژێک دێت هەوری ڕەش و چڵکن بەری هەتاو بەر بدا و ڕۆژ دەرکەوێ و ڕاستییەکان هەموو ئاشکرا بن.
بە هیوای ئەو ڕۆژە
(بڵێسە دێهقان) کوڕی شەهید سەید ڕەسووڵی بابی گەورە ٢٠١٤ ٠١ ١١
بابەتەکانی تری کاک بڵێسە لەم بارەوە