"an independent online kurdish website

پێشنیاری کۆکردنەوەی بەشی موکریان و دەورووبەری لە پارێزگایەکی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا ئەوە چەند ڕۆژە بووە بە باسی نێو کۆڕو کۆمەڵە کوردی و ئازەری و مێدیا کۆمەڵایەتیەکانیانەوە. وەکوو هەموو ئەو باسانەی کە بۆنی سیاسیان پێوە دیارە ئەو باسەش دژکردەوەی جیاوازی لێ کەوتۆتەوە. Abdulla_Hicab-0

هێندێک کەس ئەو پێشنیارە وەکوو “پیلانگێڕیی نوێی ڕێژیم لە بەرامبەر کورددا” لە قەڵەم دەدەن، هێندێک کەس باسی “هەوڵ دان بۆ گۆڕینی پارسەنگ بە زیانی کوردەکانی دانیشتووی هەرێمی ورمێ بەرەو باکوور” دەکەن و داڕێژەرانی پێشنیارەکەش ئەو تێڕوانینەیان بە هەوڵێکێ پێویست بە مەبەستی دۆزینەوەی “ڕێگاچارەیەک بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبەریی هەرێمی”دا لە قەڵەم دەدەن. ئامانج لە هێنانە گۆڕی ئەو باسە هەر چی بێ و هاندەرانی ئەو پێشنیارە چی و کێ بن چەند ڕاستیەک ناگۆڕێ: یەکێکیان بۆچوونی جیاواز لە سەر ناسنامەی سیاسی و جۆگرافیای مرۆڤیی ئاو پارێزگایەیە کە لە سەردەمی ڕزاشای ئێرانەوە ناوی ئازەربایجانی ڕۆژئاوای لە سەر دانراوە و لە بواری پێکهاتەی قەومیەوە زیاتر لە کورد و تورکی ئازەربایجانی پێک دێ.

ڕێژەی دانیشتوانی کورد و تورکی ئازەریش بە ئەژماری جیاوازەوە ڕادەگەیەندرێ، لە نیوە بە نیوەڕا بگرە تا پڕانی کورد یا پێچەوانەکەی. دووهەیمان بێ بەش بوونی پێکهاتەی کورد لە مافی بەشداری لە بەڕێوەبەریی هەرێمی لە دام و دەزگا سەرەکیەکانی پارێزگا دایە. سێهەمیان سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندی لە ناکۆکی خستنە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە بۆ بە لاڕێ‌دا بردنی داخوازیی سیاسی خەڵکی ئەو هەرێمە و چوارەمیشیان گرینگیی ئەو هەرێمە بۆ داهاتووی کوردستان، ئێران، ئازەربایجان و مودێلی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی نەتەوەیی لە هەرێم دایە.

زۆر ڕاستی بەرچاوی دیکەش دەکرێ لێرە ڕیز بکرێنەوە کە باسکردنیان کات و دەرفەتی زیاتری دەوێ. ناشاردرێتەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لەو کاتەوە کە هزری دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوەیی یا وەدەست هێنانی مافی نەتەوەیی بە شێوەیەکی بێجگە لە سەربەخۆیی لە نێو گەلانی کورد و ئازەربایجانیدا گەشەی سەندوە، پێشەنگانی هەر دوو گەل بە دوو تێڕوانینی جیاوازەوە باسی ناسنامەی سیاسی-جۆگرافی و پێشەڕۆژی ئەو پارێزگایەیان کردوە و دەیکەن. زۆربەی ئێمەی کورد هەمووی ئەو پارێزگایە بە بەشێک لە جۆگرافیای کوردستان دەزانین کە لە بەشێکی خاکەکەی دا هەر دوو گەلی کورد و ئازەری دەژین. هەموو ڕێکخراوە سیاسیەکانی کورد بە تێکڕا، گەلی تورکی ئازەربایجانیی دانیشتووی ئەو پارێزگایە بە خاوەن مافی سیاسی، کولتووری و نەتەوەیی لەو شوێنانە دەزانن کە هەبوونێکی دیرۆکیان تێدا هەیە و ئێستا لەوێ دەژین.

بە شێوەیەک کە ڕێکخراوەکانی کورد هەموو ئەو مافە سیاسیانەی کە بۆ گەلی کوردی ئەو ناوچانەیان دەوێ بۆ گەلی ئازەریشیان دەوێ و هەوڵی بۆ دەدەن. لە لایەن خۆیانەوە، زۆربەی چالاکڤانانی تورکی ئازەری هەمووی ئەو پارێزگایە بە خاکی ئازەربایجان لە قەڵەم دەدەن و تەنانەت بەشێکیان، لەوانە بزووتنەوەی وشیاریی نەتەوەیی ئازەربایجان لایەنگرانیان هان دەدەن کە لە بەرامبەر هەبوونی کورد لەو ناوچەیە دا ئامادەکاریی رووبەڕووبوونەوەیەکی توند بکەن.

دامەزراندنی کۆمەڵێک کۆمیتەی نهێنی بە ناوی کۆمیتەکانی پاراستنی خەڵک” لە نێو ڕیزەکانی سوپا و بەسیجی ئازەربایجاندا کە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ باڵی توندڕەوی بزووتنەوەی نەتەوەیی ئازەربایجان هەیە، بەشێک لەو خۆڕێکخستنەیە. ئەوەش ناشاردرێتەوە کە پێکهاتەی خەڵکی یا دێمۆگرافی ئەو ناوچەیەش لە ماوەی ڕابردوودا گۆڕانی جیددی بە سەردا هاتوە، بەڵام گۆڕان لە بەر دوو هۆکار بووە کە گەلی کورد لە هیچیاندا دەستی نەبووە. یەکەمیان گۆڕانی بە زۆر بووە کە لە ئاکامی سیاسەتی دەسەڵاتداران و شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان دوو ئیمپەراتۆریی سەفەوی و پاشانیش قاجار و عوسمانی‌دا بووە کە لە ساڵانی 1500 زاینیەوە تا شەڕی جیهانیی یەکەم بە شێوازی جیاواز بەردەوام بوو و لە ئاکام دا بە سەدان هەزار کورد لەو هەرێمە بەرەو باکووری ڕۆژهەلاتی ئێران ڕاگوێزران.

وێنەی هەرە دیار و لە مێژوودا نووسراوی ئەو سیاسەتەش ڕاگوێستنی 16000 بنەماڵەی تورکی ئەفشاری بۆ دەڤەری ورمێ پاش تێکشکاندنی میرایەتی برادۆست لە لایەن شا سمایلی سەفەییەوە لە ساڵەکانی سەرەتای 1600 زاینیەوە بوو کە لەو کاتەوە پێی ئازەریەکانی بۆ ئەو ناوچەیە کردۆتەوە و گەلی ئازەربایجانی کردوە بە برابەشی پێکهاتەکانی مێژوویی ئەو ناوچەیە کە لەو سەردەمەدا بریتی بوون لە ئاسووری، سریانی، کلدانی، جوولەکە و کورد. دووهەمیان لە ئاکامی زێدەبوونی حەشیمەت و کۆچ و گوێستنەوەی سروشتی لە گوندەکانەوە بۆ ناوەندە ئابووری و پیشەسازییەکان و شار و شارۆچکەکان بووە کە لەویش دا کورد هەر بەرنامە یا پلانێکی داڕێژراوی نەبووە. ڕۆژێک کە ئارشیوە مێژووییەکانی تورکیە و ئێران بە ڕووی ناوەندە زانستیە سەربەخۆکان دا بکرێنەوە و لێکۆلەرەوەکان بە دوور لە دەمارگرژی و پلانی سیاسی پێیاندا بچنەوە، ئەو ڕووداوانە ڕوونتر دەبنەوە.

بەڵام مێژوو هەر چی بڵێ و ڕەوتی مـێژوو چی بە سەر پێکهاتەکانی ئەو دەڤەرە دا هێنابێ، ئێستا زۆربەی دانیشتوانی غەیرە کورد و ئازەری لەو دەڤەرە نەماون و دوو گەلی کورد و تورکی ئازەربایجانی بە پێکهاتە و ڕێژەی جیاوازەوە لەو پارێزگایە‌دا دەژین. کوردەکان لە مافی بەشداربوون لە ڕەوتی بڕیاردان‌دا بە تەواوی بێ بەشن و ئازەرییەکان خاوەنی بەشی هەرە زۆری پلە و پایە ئیداری و سیاسیەکانی پارێزگاکەن. لە هەمان کاتیش دا هەر دوو گەل لە سەر خاکی خۆیان لە مافی نەتەوەیی و سیاسیان بێ بەش کراون. ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە کە نە ناونانی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان بە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کە بە ویست و داخوازی دانیشتوانی هەرێم بە کورد و تورکی ئازەریشەوە نەبووە، توانیویەتی و دەتوانێ هەبوونی کورد بە خاک و مێژووییەوە لەو پارێزگایە بسڕێتەوە، نە دابەش کردنی ئەو پارێزگایە بە دوو بەش و دروستکردنی پارێزگایەکی نوێی بە ڕواڵەت کوردی دەتوانێ تۆزقالێک لە کێشە ئیداری و سیاسیەکانی ناوچە کەم بکاتەوە یا دەرەتانێک بۆ کوردەکان بڕەخسێنێ تا لە بەڕێوەبەرایەتی ئەو دەڤەرەدا بەشداری بکەن.

بە چاوی خۆمان دەبینین کە لە پارێزگای کوردستاندا کە هەموو دانیشتوانی کوردن و کێشەی ناوی کوردستانیشی نیە چۆن گەلی کورد لە مافی سیاسی، ڕۆشنبیری و تەنانەت مافی پاراستنی کولتووری خۆی لە چوارچێوەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیش دا بێ بەشە. کە وابوو با خۆمان لەو باسە لاوەکیە کە داخوا ئەو پارێزگایە دابەش بکرێ یا نەکرێ بپاریزین و هێز و تواناکانمان بخەینە سەر بەرەو پێش بردنی کولتوورێکی سیاسی نوێ کە دەرفەت بە چارەسەرییەکی سیاسی بدا کە لەو دا هەموو گەل پێکهاتەکانی ئەو دەڤەرە بە پێی ڕێژە و هەبوونیان لە سەر خاکی خۆیان دەرفەتی بەشداری لە بڕیارە سیایەکان و بەڕێوەبەریی هەرێمیان پێ بدرێ.

هاڕووژاندنی باسی دامەزراندنی پارێزگایەک بە ناوی کوردستانی باکووری، کە بەشی هەرە زۆری ناوچە کرمانجی ئاخێڤەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خۆیەوە نەگرێ نە تەنیا کێشەی بەڕێوەبەری ئەو دەڤەرە چارەسەر ناکا، بەڵکوو ڕێ بۆ سەرهەڵدانی کێشەی ناسنامە، یەکیەتی نەتەوەیی و هاوچارەنووسبوونی گەلی کورد لە لایەکەوە و سەر هەڵدانی ناکۆکیەکی بێ بنەما لە نێوان نەتەوەکانی پێک هێنەری ئەو دەڤەرەدا خۆش دەکا. پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئەو ناو و چوارچێوەیەی کە ڕەزا شا بۆ ئەو پارێزگایە داناوە سنووری جۆگرافیایی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی دیکە جیا دەکاتەوە هەر ئەوەندە ناسەرکەوتوو و کێشە خوڵقێنە کە هەوڵدان بۆ دابەش کردنی ئەو پارێزگایە بە مەبەستی بە ڕواڵەت نزیک کردنی کوردەکان لە دەرفەتی بەشداریکردن لە بەڕێوەبەری کاروبارەکانی پارێزگایەک دا کە ناوەندەکەی لە شارە کورستانیەکانی دەڤەری موکریان نزیک بێ.

کاتێک دەرفەتی بەشداریکردنی هەر دوو گەلی کورد و تورکی ئازەری لە ڕەوتی بڕیاردان بە سەر چارەنووسی سیاسیان دا ڕەخسا، ئەو خەڵکەی کە بە سەدان ساڵە بە ئاشتی و برایەتی پێکەوە ژیاون ئەوەندە وشیاری و تێگەیشتنیان هەیە کە لە سەر سنووری جۆگرافیایی هەرێمە کوردی و ئازەربایجانیەکان ساخ ببنەوە. کە وابوو با بەردێک لە سەر ئەو باسە دابنێین و بگەڕێنەوە سەر رۆژەڤی سەرەکیمان کە گۆڕانی سیستەمی سیاسی لە ئێران دایە و پێویستی بە خەباتێکی چڕ و پڕ و یەکگرتوانە هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی