"an independent online kurdish website

هەبوونی “پارتی دیموكراتی كورد-ئەلپارتی” لە كوردستانی سووریا و “پارتی دیموكرات” لە كوردستانی توركیا كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقەوە پشتیوانی دەكرێن، رێگە خۆش دەكات گومان لە دووباربوونەوەی ئەو دیاردە سیاسییە لە كوردستانی ئێرانیش بكەین، hawar_bazyan12

بەتایبەت كە پاش دووركەوتنەوەی ئەندامێكی باڵای پارتی كرێكاران و هاتنی بۆ ناو هەرێمی كوردستان، ئەو دەنگۆیەش لە بەرزبوونەوەدایە. ئەو پێشهاتە رەنگە ئاسایی نەبێ و نیگەرانی و خۆشحاڵیی زۆری لێبكەوێتەوە، بەڵام دواجار بەرژەوەندیی سیاسی و هێزی ئابووری و ئەمنیی لایەنەكان بڕیاری یەكلایی دەدات.

پێشتر گلەیی سیاسی لە پارتی كرێكارانی كوردستان /پ.ك.ك/ دەكرا كە هەوڵ دەدا بە دامەزراندنی رێكخراوی هاوشێوەی خۆی، دەست و پەیوەند بخاتە ناو پرسی پارچەكانی تری كوردستان، بەڵام لە گەڕی نوێی سیاسەتی حزبە گەورەكانی كوردستان بەتایبەت پ.ك.ك و پارتی، گرینگی بە پەلهاویشتن بۆ بەشەكانی تری كوردستان دەدرێ. نموونەی ئەو چالاكییانە لە سەرەتای ساڵانی 2000 بەدواوە بە PKK دیارە، بەڵام PDK ماوەی ساڵێكە بە گەرمی خەریكی ئەو بەرنامەیە. هەر لەو پێوەندییەدا پاش گەڕانەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق لە دیاربەكر، لەیلا زانا پەرلەمانتاری كورد لە توركیا سەردانی بارزانی كرد و سەرچاوەكان باس لە بەهێزكرنەوەی دووبارەی “پارتی دیموكرات” لە كوردستانی توركیایان كرد.

بەهێزبوونی دەنگۆی دامەزراندنی “پارتی دیموكرات” بۆ كوردستانی ئێران پاش ئەوە هات كە “بڕیار گابار” ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK لە پارتی كرێكاران دوور كەوتەوە و لە هەولێر گیرساوەتەوە. گابار  كە هاوكات ئەندامی دیوانی سەرۆكایەتیی گەل و هەروەها دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان /پژاك/ بوو و كوردی ئێرانە، لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەك مۆرەیەكی گونجاو دادەنرێ تا سەرۆكایەتیی لقی كوردستانی ئێرانی پارتی دیموكرات بكا. ئەوانەی لە سەرەوە باس كران زیاتر چاوەڕێی تێپەڕبوونی كاتن تا بە ئەنجامێك بگەن، بەڵام لێرەدا چەند پرسیارێك دێنە ئاراوە كە پێویستە وەڵامیان بدرێنەوە.

1. دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەرئەنجامی چییە؟

2. ئەو حزبە لە خزمەت كێدا دەبێ؟

3. ئایا حزبەكانی كوردی ئێران ئامادەیییان هەیە لەگەڵ هێزێكی لەوشێوەدا بچنە مەیدانی ركابەری؟

4. ئایا جۆری هەڵوێستی كوردانی ئێران بەرامبەر پژاك/ی سەر بە پ.ك.ك و پارتی دیموكراتی سەر بە پارتی جیاواز دەبێ؟

5. ئایا پێویست دەكا كوردی ئێران بترسێ، بۆچی؟

6. هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر ئەو كردەیە چی دەبێ؟

7. هەر بەڕاستی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق بەرنامەیەكی لەوشێوەی پێ جێبەجێ دەبێ یان ئەنجامی دەدات؟

………

1. دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەرئەنجامی چییە؟ هاتنە مەیدانی هەر هێزیك بەسەر هێزەكانی تردا لە هەر شوێنێك، بەڵگەیەكی زیندوویە كە زەمینەیەكی لەبار بۆ ئەو پێشهاتە هەبووە. بەواتایەكی تر، هۆی سەرەكی بۆ باسكردن و سەرگرتنی دەنگۆی دامەزراندنی پارتی دیموكرات بۆ كوردستانی ئێران، بەشێكی هەرەزۆری راستەوخۆ پێوەندی بە لاوازبوون و لە مەیدان دەرچوونی هێزەكانی تری كورد بۆ ئەو بەشەی كوردستان دەگەڕێتەوە. ئەگەر روونتر قسە بكەین، حزبە سەرەكییەكانی كوردی ئێران بەرپرسی یەكەم دەبن ئەگەر حزبێكی تر بەوشێوە بە بەرنامە و پلانی جیاواز بۆ ناوچەی خەباتی ئەوان دامەزرێ. ئەگەرچی بەشێكی ئەو پرسەش بۆ نیازی دەستوەردانی پارتی دیموكرات و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە دواڕۆژی كوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە. هاتنە ئارای ئەو هێزە نوێیە بە پاڵپشتی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق، جۆرێك بێ هیوایییە بە حزبەكانی تری كوردستانی ئێران لەوەی بتوانن بۆشاییی سیاسی پڕ بكەنەوە و هاوكات دڵنیابوونی زیاتری پارتی دیموكراتە لەوەی بەڕاستی بەرژەوەندییەكانی بۆ دواڕۆژی كوردستانی ئێران پارێزراو دەبن.

2. ئەو حزبە لە خزمەت كێدا دەبێ؟ دامەزراندنی پارتی دیموكرات بۆ كوردستانی ئێران بەو شێوەی باسی كرا، یەكەمجار لە خزمەت ئامانجەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقدا دەبێ كە دەكرێ دواتر لەلایەن ئەو هێزەی دەسەڵاتدار لە هەرێمی كوردستانەوە وەك خزمەتێك بۆ هەموو ئامانجە سەرەكییەكانی كورد لێك بدرێتەوە. كاتێك پارتی كرێكاران پشتگیری لە پارتی یەكێتیی دیموكراتی/پەیەدە لە كوردستانی سووریا كرد، پارتی كرێكاران چاوەڕێیە خزمەتی یەكەم بە ئامانجاكانی خۆی بگات كە بەشێكن لە ئامانجە نەتەوەیییەكانی كورد. هەروەك چۆن پارتی كرێكاران، رووی لە دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان/پژاك بۆ كوردستانی ئێران كرد و لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەیەكدا لە پێگەی بەهێزی خۆیەوە بەرگری لە بوونی پژاك لە مەیدانی سیاسیی ئێران كردووە، نموونەی زیندوو لە دەستەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەییی كورد لە هەولێر بوو.

لەبارەی پارتی دیموكراتەوە، تا ئێستە ئەلپارتی لە كوردستانی سووریا وەك پێویست وەڵامی خواستە سیاسییەكانی پارتی لە هەولێر نەداوەتەوە، یانی بۆی نەكراوە. هۆی سەرەكیی ئەو پاشكەوتنە پارتی بۆ دەست پێشخەریی پارتی كرێكاران لە سووریا دەگەڕێتەوە كە خێراتر و زیرەكانەتر پەیەدەی خستە سەرپێ، بەشێوەیەك كە لە گەرمەی رووداوەكانی سووریادا توانی پەیەدە و باڵی سەربازییەكەی یەپەگە بخاتە ریزی پێشەوە. لە ئێستەدا پارتی دیموكرات ئەزموونێكی لە كوردستانی سووریا هەیە كە ئەویش خێرابوونە! بۆیە پارتی بەنیازە پێش ئەوەی رووداوەكانی كوردستانی ئێران بگاتە خاڵی چارەنووس ساز، بە ئارامی و شێنەیی هێزێكی رێكخراوەیی و سیاسی بۆ ئەو بەشەی كوردستان دابمەزرێنێ. پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەگەر بێتە ئاراوە، لە پێوەندییە سیاسییەكانی هەولێر و كۆماری ئیسلامیشدا كاریگەری دەبێ كە ئەوەیان باسێكی جیاوازە.

3. ئایا حزبەكانی كوردی ئێران ئامادەیییان هەیە لەگەڵ هێزێكی لەوشێوەدا بچنە مەیدانی ركابەری؟ لە ركابەریی سیاسیدا، زۆر هۆكار رۆڵیان هەیە. لەوانە بواری ئایدیۆلۆژی، ئابووری، دیپلۆماسی، كۆمەڵایەتی و سیاسی. هەروەك چۆن ئێستەش بەرنامە و پەیڕەوی زۆربەی هێز و حزبە كوردییەكان 80%- 90% هاوشێوەن، هاتنە مەیدانی ئەو پارتە تازەش هەر رەنگە لەو خانەیەدا بێ و زۆر جیاواز نەبێ و لەو بوارەوە حزبەكانی تری كوردی ئێرانی توانای ركابەرییان دەبێ. بواری ئابووری و داراییی حزب هۆیەكی تری گرینگە كە چاوەڕێ دەكرێ لە ئێستەدا ئەو هێزە تازە توانایەكی باشتری لەچاو هێزەكانی تری كوردستانی ئێرانی پێ ببەخشرێ. حزب و لایەنەكانی تری كوردستانی ئێران لە دۆخێكی خراپی ئابووریدان، بەشێوەیەك كە بەشێك لە بارودۆخی خراپی سیاسیی ئێستەیان راستەوخۆ پەیوەندیی بە باری لاوازی ئابوورییەوە هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ دووربوونی لە خەڵكی ناوەخۆ و هەروەها پابەندبوونی بە پرەنسیپێكی جوان كە نابێ بە هەموو نرخێك بیر لە ئابووریی باش بۆ حزب بكرێتەوە. هۆكارێك كە ساڵانێكی زۆرە حزبەكانی كوردی ئێران بە سەربەخۆ لە رووی سیاسی و لاواز لە رووی سیاسی و چالاكییەوە راگرتووە. واتە هێزەكانی تری كوردی ئێران تا گەڕانەوە بۆ ناوەخۆی وڵات و گۆڕانكارییەكی ریشەیی لەو بەشەی كوردستان، ناتوانن لە بواری ئابووری و دارایییەوە پێشبڕكێ لەگەڵ هێزێكدا بكەن كە دەستی بەسەر گەورە سەرچاوەكانی داراییی بەشێكی دەوڵەمەند لە كوردستانی عێراقدا هەیە. ئەو لاوازییە كاتییەی كوردانی ئێران بەرامبەر ئەو هێزە نوێیە، شتێكی ئاسایی و سرووشتی دەبێ.

بەڵام، لە بواری دیپلۆماسی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، حزبەكانی تری كوردستانی ئێران ئەزموونی باشیان هەیە و دەتوانن ركابەری پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران بكەن، بەتایبەت ماوەیەكی زۆری پێویست دەبێ تا هێزێكی نوێ بە پاڵپشتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق بتوانێ بچێتە ناو چین و توێژەكانی بەشێك لە كوردستان كە هەموو شتێكی نوێ و نامۆ دەبێ. لە ئاستی ناوەخۆی كوردستانی ئێرانیشدا، پارتی دیموكرات سەرەتا پێویستی بە بنیاتنانەوەی پێگەی جەماوەری و سیاسیی خۆی هەیە كە ریشەكەی بۆ رووداوەكانی سەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێران دەگەڕێتەوە و باسێكی جیاوازە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پارتی دیموكرات پشتی بە ژمارەیەكی بەرچاو لە كوردانی ئێران بەستووە و بەڵێنی وەرگرتووە كە بەشێكیان تەنانەت ئێستە لە حزب و هێزە كوردییەكاندا باڵادەست و دیارن و تەواو هەست بە جموجۆڵیان دەكرێ، بۆیە نابێ هیچ سیاسەتوانێك پێی وابێ پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەهۆی بێكەسی دانامەزرێ، یان دواتر دادەخرێ!

4. ئایا جۆری هەڵوێستی كوردانی ئێران بەرامبەر پژاك/ی سەر بە پ.ك.ك و پارتی دیموكراتی سەر بە پارتی جیاواز دەبێ؟ هەرچەندە سەرگرتنی ئەو حزبە تازە وەك پێشهاتێكی تاڵی سیاسی بۆ هێزە سەرەكییەكانی كوردستانی ئێران دێتە دانان، بەڵام وەڵامی ئەو پرسیارە راستەوخۆ پێوەندی بە بەرنامەی كاری ئەو حزبە نوێیە دەبێ كە چاوەڕوان دەكرێ بێتە مەیدان. بۆ نموونە، لە ئێستەدا هۆی سەرەكیی نەگونجانی پژاك و هێزەكانی تری كوردی ئێران بۆ پێداگریكردنی پژاك لە جێبەجێكردنی دەقی بەرنامە و ئامانجی پ.ك.ك. لە كوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە، هەر ئەوەی ئێستە لە كوردستانی سووریا لە بەڕێوەچووندایە. زۆرینەی هێزە كلاسیكەكانی كوردی ئێران بڕوایان بە دیموكراسیی خۆماڵی و حزبێ نوێ هەیە، بەڵام بەگشتی رەتی دەكەنەوە هێزێكی نوێ لەسەر دەست و بەرژەوەندیی بەشێكی تری كوردستان لە ئێران بۆ كورد كار بكات، هاوكات پ.ك.ك. وەك حیزبی دایك لەو مەسەلەدا ئامادە نییە پژاك بە كەموكوڕی نوێنەرایەتیی بكا. لە ئەنجامدا تا ئێستە عەقڵی سیاسیی حزبە كوردییەكانی ئێران ناتوانن پژاك و پەكەكە لێك جیا بزانن. لەبارەی پارتییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق رەنگە تەواو ئەو ئەزموونانەی پژاك بۆ خۆی بەكاری بهێنێ و بە تاكتیكێكی نوێ دەست پێ بكا و بتوانێ خۆێ جیاواز پێشان بدا.

لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا، كاری پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەناو هێزەكانی تردا لانیكەم لە سەرەتادا ئاسان نابێ و پارتی دیموكرات لە كوردستانی عێراق ناتوانێ وەك پەكەكە بەڕاشكاوی و بۆ هەموو پرسێك راستەوخۆ خاوەنداری لە حزبەكەی خۆی بۆ بەشەكەی تری كوردستان بكا. ئەو جیاوازییە وا دەكا هێزەكانی تر ئاسانتر بتوانن نەیاری حزبە تازەكە بن، ئەگەر بەرژەوەندی و ئیمتیازی تر لە ئارادا نەبوو.

5. ئایا پێویست دەكا كوردی ئێران بترسێ؟ بەڵێ، ترسێكی شاراوە لەو دۆخەدا بەدی دەكرێ. ئەگەر بە كورتی ئاماژەی پێ بكرێ، لەو پێشبڕكێ سیاسییەدا، مەیدانی سیاسیی كوردستانی ئێران دەبێتە قوربانیی چەمكێكی نوێی سیاسیی گەورە هێزەكانی تری كوردستانی، ئەویش دەسەڵاتخوازیی پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان. چونكە پارتی كرێكاران و پارتی دیموكرات كە پێشتر هەموو ركابەرییان لەسەر زیندووكردنەوەی كوردستانی گەورە بوو، ئێستە بەرەو جێبەجێكردنی پڕۆژەی “پەكەكەی گەورە” و “پارتی دیموكراتی گەورە” هەنگاو دەنێن! تاودانی ئەسپی ئەو 2 هێزە لە كوردستانی ئێران كە یەكیان خاوەن رێكخستنێكی پتەو و سیاسیی بەهێزە و ئەوی تریان حكوومەتی لەبەردەستە، مەیدان بۆ هێزە رەسەنەكانی كوردی ئێران تەنگ دەكا كە رەنگە وەرگرتنەوەی مافی خەبات و خاوەندارێتیی لە رابردووی خۆیان زۆر ئەستەم بێ.

6. هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر ئەو كردەیە چی دەبێ؟ هەروەك چۆن بەرنامەی كاری هاتنەئارای ئەو حزبە نوێیە نهێنی و دوور لە دەنگ و هەرای راگەیاندن دەبێ، كۆماری ئیسلامیش بە رەچاوكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی هەڵوێستێكی نهێنی دەگرێتەبەر و كاری بۆ دەكا. هەرچەندە لایەنی ئێران بەهیچ شێوەیەك رازی نییە بەدامەزراندنی هەر حزبێك و یان تەنانەت رێكخراوێكی ئاسایی و بچووكیش كە گومانی ئەوەی لێبكرێ ببێتە نەیاری كۆماری ئیسلامی، بەڵام لەلایەن تارانەوە لە سەرەتادا بەرپرسانی ئێرانی پەلە ناكەن و زیاتر چاوەڕێ دەكەن بزانن ئەو هێزە نوێیەی پارتی دیموكرات چی لە باراندا هەیە! بەو پێیەی پارتی دیموكرات لەمێژە هێڵی خەباتی لە سەربازییەوە بەرەو سیاسی بردووە، ئەو هێڵە گشتییە لە حزیە نوێكەی كوردستانی ئێرانیشیدا رەنگ دەداتەوە، لەلایەكی ترەوە كۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو شتێك ترسی لە خەباتی سیاسی هەیە نەك سەربازی، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ دواجار بیر لە كۆنتڕۆڵ و بەرەنگاریی ئەو هێزە نوێیە بكاتەوە. بەپێی هەموو ئاماژەكانی ئێستە و رابردوو ئەو راستییە ئاشكرایە، پارتی دیموكراتی كوردستانیی ئێران بە سەرپەرشتیی پارتی لە كوردستانی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی بێ سەرئێشەتر دەبێ تا پژاك كە بڕوای بە پرۆسەیەكی گەورەتر و دووربین تر هەیە و كۆنترۆڵكردنیشی پێویستی بە پێدانی ئیمتیازی گەورەتر هەیە.

7. هەر بەڕاستی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق بەرنامەیەكی لەوشێوەی پێ جێبەجێ دەبێ یان ئەنجامی دەدات؟ پارتی دیموكرات یەكێك لەو هێزانەیە كە چەندجار بیر دەكاتەوە و یەكجار دەست بۆ كارێك دەبا، بەتایبەت لە ئێستەدا كە كۆمەڵێك ئەزموون و دەسەڵاتی باشی لەبەردەستدایە تا پڕۆژەیەكی لەوشێوەیە و تەنانەت گەورەتریش جێبەجێ بكا. هەموو نیشانەكان بەتایبەت پاش دۆخی سووریا و كوردەكانی ئەو بەشە كە پێشتر باسی كرا، ئاماژە دەكەن بەوەی بەڵێ پێویستە چاوەڕێ بین پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش بچێتە پاڵ پارتی دیموكراتی كورد/ئەلپارتی” لە كوردستانی سووریا و “پارتی دیموكرات” لە كوردستانی توركیا كە هەرسێكیان زادەی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق دەبن.

سەرچاوەكان:

http://rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/241220133

http://www.sharpress.net/Direje.aspx?Jimare=8698

http://lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=21603

http://www.sharpress.net/Direje.aspx?Jimare=9931

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی