تاریک و روونی بەیانی ، رۆژی ٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی بوو. پۆڵێک لە بەبرەکانی بەیان ، لە ڕەوەزەکانی تەختەوە سێرەی چاوەکانیان لە ڕەوەی دوژمنی خاک و نیشتمانەکەیان بوو کە لە مڵ و مۆیی شوێن پێی پێشمەرگەکانی دێمۆکرات دا بوون .
ئەمان لە سەهەند و مایینبڵاخ و سوڕ و ساتەوە شەڕگەیان لێرە کردەوە . لێرە بەردەم شەق و تێ خوڕینی خاوەنەکانیانەوە بە چنگە کڕکە و لێوە لەرزە بە بەر سەنگەری کورەکانی هەوشاردا و سێبەری مەرگی بەرچاویانەوە ، خۆیان کردە پەندی زەمانە لە سەر ئەم خاکە و عەرزە .
لێرە پێشمەرگە “محەممەد مورادی” فەرماندەیان بوو ، سێرەی چەکەکانیان لەسەریان بوو . پێش ئەوەی گزنگی هەتاو تروپکی چیا بنگێوێ و شنەی بەیانی کاپووکی کورە پێشمەرگەی هەوشاری لە باخەکانی تەخت ببزێوێ ، هێشتا سەرینی سەنگەری ڕەوەز دەستەوملانی باوێشکێکی بێ ئۆقرەی چاوەرێ بوون کە سێرەی هەلۆیەک لە تەخت و باشماخ دەنگی دایەوە ، لە گوڕرەی پێشمەرگە ، قاقای ئارپیجی و قریشکەی تیربار ، ڕەوەی داگیرکەر سڵەمایەوە.
هاورێ کاک” تەیموور مستەفایی” ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکرات کە ئەو کات بەرپرسی کومیتەی دیواندەرەی حیزبی بوو ، لە کتێبەکەی ( لە چیاکانی زاگڕۆسەوە) دەنووسێ :” لە تایبەتییە بەرچاوەکانی پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی هەوشار ئەوە بوو کە دوای هەموو شەڕێکی گەورە کە تووشی دەبوون تەنانەت ئەگەر دە شەهیدیشیان دابایە ، هەڵپەرکێیان دەکرد . سێ رۆژ دوای شەڕەکە چووینەوە دەوروبەری باشماخ ، پاش حەسانەوە کە حەوت شەهیدمان دابوو دەستیان کرد بە هەڵپەڕکێ و سەربەندی هەموو بەندەکانیان بژی دوکتور قاسملوو بوو “.
کاک تەیمووری مستەفایی دەنووسێ :” لەو شەڕەدا حەوت شەهیدمان دا . بریتی بوون لە هاوڕێیان ، هاورێی فەرماندە محەممەد مورادی ، محەممەد کەریم فەیزی ، شەریف سەفایی ، مستەفا ئەسەدی ، محەممەد نەعیمی ، کامیل زارعی کە هەر شەش کەسەکەیان لە هێزی شەهیدانی هەوشاردا پێشمەرگە بوون و هاوڕێ فەرشادی بابایی خەڵکی شاری سنە و پێشمەرگەی هێزی شەهیدانی دیواندەرە بوو . لە کۆتایی شەڕەکەدا و لە ڕاپۆرتێک دا و بۆ دەنگی رادیۆ کوردستانی ئێران و دەفتەری سیاسی حیزب نووسیمان کە کوژراو و برینداری دوژمن ١٨٠ کەسن ، بەڵام ڕاپۆرتێکیتر کە لە شاری سنەوە گەیشتبووە دەفتەری سیاسی ، کوژراو و برینداری دوژمنی لەو پەلامارەدا ٥٣٠ کەس ئەژمار
کردبوو ، لە شڕۆڤە و لێکدانەوەی هەواڵەکان ، دەنگی کوردستانی ئێرانیش ٥٣٠ کەسەکەی ڕاگەیاند .