"an independent online kurdish website

لە ساڵی ( ١٩٨٨) دا، لە هێڕشەکانی ( ئەنفال ) ی بەدناودا، سۆپای دڕندەی عێراق، بە قورسترین چەکی کوشندە و کاولکەر، وەکو گورگی هار،reza-shuwan

زۆر بێ بەزەییانە، هێڕشی کردە سەر دێهات و شاروچکەکانی باشووری کوردستان .

خەڵکی بێ تاوان و بێ دەرەتانی ئەم دێیانە، ئەوانەی توانیان، هەر بە سەڵتی خۆیان دەربازکرد و، لە شارەکانی کوردستاندا، لە ماڵانی خزم و کەس و کاریاندا، خۆیان شاردەوە ، بەڵام زۆربەیان فریا نەکەوتن، یا لەو باوەڕەدا نەبوون ، ئەوەی بەسەریان هات بەسەریان بهێنن .. بە هەزاران خەڵکی ئەم دێیانەی کوردستان، لەلایەن سوپای رەگەزپەرستی عێراقەوە ، گیران و بردیانیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و ، لەوێداهەر بە زیندوویی هەموویانیان زیندەبەچاڵکردن .. کە ژمارەیەکی زۆریان، منداڵ و گەنج و ژن و پیر بوون .. بە شۆفڵیش هەموو خانووەکان و قوتابخانەکانی دێیەکان و شاروچکەکانی کوردستانیانلەگەڵ زەویدا تەخت کرد.

سوپای عێراق شارەزای بەشێکی زۆری دێهاتەکانی کوردستان نەبوونو ، نەیاندەزانی کە کەوتوونەتە  کوێوە .. بەڵام چەند جاشێکی بەکرێگیراو و خۆفرۆشی کورد ، ببون بە چاوساغیان و ، پێشهێزەکانی عێراق دەکەوتن و ، دەیانبردنە سەر دێیەکان .

یەکێک لەو جاشە خۆفرۆشانە، رۆژێک پێش هێزێکی سوپای عێراق کەوت و، بردیانییە سەر دێیەک لە ناوچەی کەرکوکدا ، کە ماڵی کوڕە مامێکی خۆی لەم دێیەدا بوو ، بەڵام رۆژێ پێش ئەو رۆژە ، خەڵکی دێیەکە هەواڵی ئەم هێڕشەیان بۆ سەر دێیەکەیان زانیبوو، لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا هەموو خەڵکی دێیەکە ، بە سەڵتی خۆیانیان دەربازکرد و ، روویان لە بەرزاییە سەختەکانی ناوچەکە کرد و ، خۆیان شاردەوە .. ئەم جاشە خۆفرۆشە ، چەندین شەو و رۆژ لەم دێیەدا لە ماڵی ئامۆزاکەیەدا ماوەتەوە و ، وەکو میوانێکی خۆیی خزمەتیان کردووە و رێزیان لێ گرتووە، کەچی بەر لە هەموو خانووەکانی دێیەکە ، پێشی دەستەیەک سەرباز و شۆفڵێک کەوت و بردیانی بۆ سەر خانووی ئامۆزاکەی و ، داوای لێکردن بەر لە هەموو خانووەکان ، ئەم خانووەی ئامۆزاکەی بڕوخێنن .. ! ماڵی ئامۆزاکەی سەگێکی بازەی گەورە و ئازایان هەبوو .. کە شۆفڵەکە لە خانووەکە نزیک بووەوە .. سەگەکە چووە پێش شۆفڵەکەوە و دەستیبە وەڕین کرد و ، خەريک بوو پەلاماری شۆفێری شۆفڵەکە بدات .. خۆ ئەگەر ئەم سەگە بیتوانیایە قسە بکات ، پێیانی دەوت : مەگەر بەسەر لاشەکەمدا بڕۆن و ئەم خانووە بڕوخێنن .. جاشە خۆفرۆشەکە ، بە هەموو هێزێکییەوە بە قۆناغی تفەنگەکەی کێشای بە پشتی سەگەکەدا و، ئازارێکی زۆری پێ گەیاند .. سەگە بازەش نەیکردە نامەردی و ، پەلاماری جاشەکەی دا و، خستییە سەر زەوی و ، بە قەپ دەموچاوی هەلاهەلا کرد و خوێن فیچقەی کرد .. کە جاشەکە راستەوەبوو، لوولەی تفەنگەکەی لە سەگە بازە کرد و ، ویستی تەقەی لێ بکات و بیکوژێ .. لەولاوە ئەفسەرێکی دوو ئەستێرە ، کە چاوی لەم دیمەنە بوو ، هاواری لە جاشەکە کرد : ” تەقەی لێ نەکەیت ، ئەو سەگە بکوژيت ، منیش لێرەدا دەتۆپێنم .. ئەو سەگە زۆر لە تۆ دڵسۆزتر و بە ئەمەکترە .. نانی ئەم ماڵەی خواردووە ، خۆی بە یەکێک لەم ماڵە دەزانێ ، ئامادەیە کە لە پێناوی ئەم خانووەدا ، گیانی خۆی بەخت بکات .. بەڵام تۆ سپڵەیت ، بەر لە هەموو خانووەکان ، ئێمەت هێنایە سەر خانووی ئامۆزاکەت تا بیڕووخێنین ” .. جاشەکە لە ترسی هەڕەشەکەی ئەم ئەفسەرە ، نەیوێرا سەگەکە بکوژێت ، سەری شۆڕکرد و گەڕایە دواوە .. هەر ئەم ئەفسەرە ، فەرمانی بە شۆفێری شۆفڵەکە کرد ، کە بگەڕێتە دواوەو ، وتیشی : ” لەبەر دڵسۆزی و ئازایەتی ئەم سەگە ، ئەم خانووە ناڕووخێنین “.. جاشەکەش تەنهاسەرشۆڕی و رووڕەشی بۆ مایەوە .

(*)کوردیلە چاوگەشەکانی کوردستان :ئەم چیرۆکە رووداوێکی راستییە و ، بۆم داڕشتوون .. تا ئەمڕۆش ئەو جاشە خۆفرۆشە ، بە سەرشۆڕی و بە چاوشۆڕي دەژی و .. شوێنی قەپەکانی سەگە بازەش بە زەقی بە ناوچەوانییەوە دیارە .. خەڵکیش بە چاوێکی سووکەوە لێی دەڕوانن و ، بە نەفرەتی دەکەن .. چونکە گەورەترین تاوان ، ناپاکییە دەرهەق بە کوردستان .

نەرویـج :  ٣/ ٢/ ٢٠١٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی