"an independent online kurdish website

زۆر که‌س لایان وایه‌ که‌ هه‌ولی یه‌کگرتنه‌وه‌ی دێموکراته‌کان له‌ دوای کۆنگره‌ی سێزده‌و جیابوونه‌وه‌و دواتر ئیعلام مه‌وجودیه‌تی حیزبی دێموکراتتی کوردستان (حدک)وه‌ ده‌ستی پێکردووه‌.dilshad_horami

ئه‌لبه‌ت ئه‌م بۆچونه‌ ده‌توانین به‌ بۆچونێکی راست له‌و دۆستانه‌ وه‌رگرین که‌ ئاگاداری پێشهاته‌کان‌و ده‌سته‌به‌ندیه‌کانی پێش‌و دوای به‌سترانی کۆنگره‌ی نۆهه‌می حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نین. ئه‌گه‌ر دوای جیابوونه‌وه‌ی رێبه‌رایه‌تی “شۆرشگێر” له‌ کۆنگره‌ی هه‌شت‌ نه‌مر دوکتور قاسملوو توانی له‌ سێبه‌ری یه‌کده‌ست بوونه‌وه‌ی رێبه‌ری حیزبدا تا کاتی شه‌هید بوونی به‌سه‌ر دێوه‌زمه‌ی دوو جناحیدا زال بێت، ده‌بینین شه‌هیدی سه‌رکرده‌ شه‌ره‌فکه‌ندی له‌ کۆنگره‌ی نۆهه‌مدا دوو له‌ کادره‌ ناوداره‌کانی رێبه‌ری حیزب ده‌خاته‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌ به‌رانبه‌ر گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی فه‌رز کردنی ناوچه‌کانی خۆیان. به‌شدارانی کۆنگره‌ی نۆهه‌می حیزب به‌ دڵنیایه‌وه‌  توره‌یه‌کانی کاک سه‌عیدی نه‌مرو ئه‌سلی روداوه‌که‌یان بیر ماوه‌.
به‌ درێژایی مێژووی حیزبی دێموکرات دوو جناحی شه‌پۆل ئه‌دات. ماراتۆنی نه‌مر ئه‌حمه‌د تۆفێق‌و شه‌هید دوکتور قاسملوو، لادان‌و خیانه‌تی ره‌وتی توده‌یزم له‌ سه‌ره‌تای شۆرشی گه‌لانی ئێران، ئه‌و کۆسته‌ گه‌وره‌ که‌ له‌ کۆنگره‌ی هه‌شت له‌ حیزبی به‌ هێزی دێموکرات که‌وت تا ده‌گه‌ینه‌ جیابوونه‌وه‌ی رانه‌گه‌یندراوی دوای کۆنگره‌ی ده‌یه‌می حیزب که‌ له‌ دوای کۆنگره‌ی سێزده‌ ئاشکرا کرا ئه‌بێ‌و له‌ هه‌یبه‌تی دوو دێموکراتدا تاکو نه‌ها خۆ ئه‌نوێنێ.
به‌ ئاوردانه‌وه‌یه‌ک له‌ هۆکاری سه‌رهه‌لدان‌و ئه‌نجامی دوو ده‌سته‌یه‌کانی جاری جاران ده‌بینین که‌ ده‌سته‌به‌ندیه‌کان تا پیش کۆنگره‌ی ده‌یه‌می حیزب به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی حه‌ق‌و ناحه‌ق یا گه‌لی‌و دژه‌ گه‌لیدا دابه‌ش ئه‌کرێن‌.
سه‌ره‌کیترین هۆکاری دابه‌ش بوونی حیزبی دێموکراتی دوای هاتنی دوکتور قاسملوو به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ک له‌ چه‌ند برگه‌ی مێژویی جیاوازدا (ئه‌لبه‌ت جیا له‌ کۆنگره‌ی هه‌شت) ته‌نیا پێداگری دوکتوره‌ له‌ سه‌ر پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی حیزب و پێ‌داگری نه‌یارانیشیه‌تی له‌سه‌ر به‌ستنه‌وه‌ی حیزب به‌ ده‌سه‌لاتێکی گه‌وره‌تره‌، بارززانیه‌کان یا توده‌ مه‌به‌سته‌ لێره‌ که‌ شیکاری بۆ ئه‌م دوو قۆناخه‌ له‌ تاقه‌ت‌و ئامانجی ئه‌م باسه‌دا نییه‌.
به‌ نیسبه‌ت کۆنگره‌ی هه‌شته‌م‌و کاره‌ساتی دوای جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و کادرو پێشمه‌رگانه‌ که‌ دواتر وه‌ک رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێر درێژه‌یان به‌ خه‌باتدا، خه‌تایه‌کی خۆیان ” چوونه‌ پال مۆجاهیدنی خه‌لقه‌وه‌”و سێبه‌ری قورسی قاسملووی نه‌مر که‌ دوای شه‌هید بوونی سه‌د هێنده‌ی‌تر نه‌یارانی ئه‌کرده‌ نه‌یاری رای گشتی که‌ قاسملووی وه‌ک سه‌مبۆلێکی به‌رگری‌و ئازایه‌تی‌و مه‌زلومیه‌ت قه‌بول کردبوو هۆکار بوون که‌ نه‌توانن وه‌ک ره‌قیب له‌ بازنه‌که‌دا بمێننه‌وه‌.
ئه‌مما دوای شه‌هید بوونی قاسملووی رێبه‌رو دواتریش به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م شه‌هید بوونی دوکتور سه‌عیدی مودیرو کارزان‌و قاتیع چی‌دیکه‌ حیزبی دێموکرات به‌رگه‌ی دوو جیناحی نه‌ده‌گرت، هۆکاره‌کان چی بوون؟
یه‌که‌م: له‌ یه‌ک نزیک بوونی ئاستی خۆشه‌ویستی‌و هێزو زانایی‌و ده‌سه‌لاتی ره‌قیبه‌ نوێ‌یه‌کان.
دووه‌م: نه‌مان یا باشتره‌ بێژم کال بوونه‌وه‌ی ئه‌و سه‌روه‌ریانه‌ که‌ به‌رگری کردن لێیان ده‌یتوانی مه‌شروعیه‌ت بۆ به‌ره‌یه‌ک‌و دژ وه‌ستانیشیان ده‌یتوانی له‌به‌رچاوی خه‌لک که‌وتن بۆ به‌ره‌یه‌ک به‌دیاری بهێنێت.
دوای کۆنگره‌ی ده‌یه‌می حیزب دوو هێزی به‌ قه‌ده‌ر یه‌ک خاوه‌ن ده‌سه‌لات‌، دوو ده‌سه‌لاتی خاوه‌نی رێبه‌ری رۆحی خۆ! له‌ ناو حیزبدا له‌ دوو هێلی هاوته‌ریپدا کاریان کردووه‌و جگه‌ له‌ سه‌روه‌ریه‌کان‌و شانازیه‌کانی رابردو نه‌بێت هیچ شتێک پێکه‌وه‌ کۆی نه‌کردوونه‌ته‌وه‌.
ئێستاشی له‌ گه‌ل بێت ئه‌م دوو ده‌سه‌لاته‌ وه‌ک یه‌ک حه‌ق‌و وه‌ک یه‌ک ناحه‌قه‌ هیچیان ته‌وانای کال کردنه‌وه‌ی ئه‌ویتری نییه‌، نه‌ هیچیان وه‌ک توده‌یه‌کان هه‌له‌ی کوشه‌نده‌یان هه‌یه‌و نه‌ له‌ هیچ‌ لایه‌ک قاسملوویه‌کی به‌ هه‌یبه‌ت وه‌ستاوه‌ که‌ به‌ ته‌نیا خۆی ده‌رفه‌تی بردنه‌وه‌و سه‌رخستنی لایه‌ک بێت.
هه‌ردوولا به‌ درێژایی سالانی دوای شه‌هید بوونی کاک سه‌عید خه‌ریکی کۆ کردنه‌وه‌ی هێزی ئینسانی‌و له‌ مه‌جاله‌ جیاوازه‌کانیشدا لادان‌و بڕدانی دارایی حیزبن بۆ جبهه‌که‌ی خۆیان. هه‌ر بۆیه‌ دوای ئه‌و گشت ساله‌ ته‌واوی هه‌وله‌کانی یه‌کخستن‌و به‌یه‌ک کردنه‌وه‌ی ماله‌ بڕ دراوه‌که‌ ناچارن سه‌ر له‌ دیواری شکست بده‌ن‌و دیسان سه‌ر له‌نوێ ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌.

چاره‌ چی‌یه‌؟
زۆر جار ره‌خنه‌گران لۆمه‌ ئه‌کرێن که‌ ته‌نیا زاری ره‌خنه‌گرتنیان ئاوالایه‌و رێکاریان پێ‌نییه‌ به‌ بێ‌ئه‌وه‌ که‌س خوێندنه‌وه‌یه‌ک واقعی بۆ ئه‌رکی ره‌خنه‌گر بکات. ئه‌م سالانه‌ هه‌ولدراوه‌ که‌ماسیه‌کانی رێبه‌ر یان باشته‌ره‌ بێژم رێبه‌ران (قه‌یرانی دوو رێبه‌ری)! به‌ نادۆست بوونی روناکبیران و بیرمه‌ندانی ئه‌م میلله‌ته‌ په‌رده‌پۆش بکرێت.
چه‌ک، شه‌هیدو رابردوی دورو درێژی خه‌بات له‌ سه‌نگه‌ردا سالانێکه‌ وه‌ک که‌ره‌سته‌ی بێ‌ده‌نگ کردنی گشت ده‌نگێکی نارازی که‌لکیان لێ‌وه‌رگیراوه‌.
شه‌هید سه‌هله‌ ته‌نانه‌ت خودایش ئه‌گه‌ر ببێته‌ هۆکاری خنکاندنی ده‌نگی نارازی ئه‌وه‌ کۆمه‌لگا پڕ ئه‌بێ له‌ کافر، بۆیه‌ ئێتر دوای سالانێک روناکبیرانی ئه‌م گه‌له‌ بێ‌ته‌فاوت له‌ شانازیه‌کانی رابردو راده‌مێنن‌و خه‌م ده‌خۆن که‌ بۆ زوتر له‌ دایک نه‌بوون و مه‌جالی ماشینه‌وه‌ی سه‌روه‌ریه‌کانی سالانی شه‌رو خوێنیان نه‌بووه‌. به‌لێ حیزب بووه‌ته‌ مولکی ئه‌وانه‌ که‌ شانازیان ماشیوه‌ته‌وه‌و خوێنی شه‌هیدیش بووه‌ته‌ میراتی هاورێیانی به‌جێماو له‌ کاراون.
که‌ حیزب‌و مێژوو بوونه‌ مولک که‌ حیزب بووه‌ باغچه‌ی حه‌وشی رێبه‌رو به‌ که‌یفی خۆی رازاندیه‌وه‌و له‌ به‌ری فرۆشت‌و که‌س نه‌بوو لێ‌پرسێت بۆ ؟ به‌لێ له‌م حاله‌تدا چار و رێکار ته‌نیاو ته‌نیا دارشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ حیزبه‌ ئه‌گه‌ر ئیزن بده‌ن، چار گه‌راندنه‌وه‌ی مافه‌ بۆ به‌ده‌نه‌ی حیزب‌. ئه‌لبه‌ت ئه‌گه‌ر رێبه‌ران بتوانن له‌و مافانه‌ که‌ له‌ به‌ده‌نه‌ زه‌وتیان کردووه‌ به‌ قازانجی خاوه‌نی ئه‌سلیان خۆش بن‌.
سالانێکه‌ لایه‌نگرانی یه‌کخستنه‌وه‌ی ناو مالی دێموکرات به‌ دوای رێ‌کاردا وێلن، پێشنیار ده‌نێرن، گه‌لاله‌ ده‌نوسن‌و ده‌پارنه‌وه‌ له‌ هێندێک حاله‌تدا کار گه‌یشتوه‌ته‌ نوسینی شێعرو په‌خشان‌و ته‌نانه‌ت په‌نا بردن بۆ ده‌نگه‌ پڕ له‌ یاده‌وه‌ریه‌که‌ی کاک ئه‌حمه‌دی شێربه‌گی.

رێکار چییه‌؟
ئه‌ندامانی توندهاژوی هه‌ردوو دێموکرات دارو به‌رد تاوانبار ئه‌که‌ن که‌چی به‌داخه‌وه‌ خۆیان باس له‌ ته‌سلیم بوونه‌وه‌ی ئه‌ملا به لاکه‌یتر یا وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌شێک له‌ به‌شه‌که‌ی‌تر ئه‌که‌ن،عه‌جه‌ب کاره‌ساتێکه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی برا کوشتن‌و خۆ زه‌لیل کردنه‌.
سالی دوو هه‌زارو هه‌شت کۆمه‌لێک وتووێژ‌و چاوپێکه‌وتنم له‌ گه‌ل که‌سه‌ به‌رپرسه‌کان له‌ له‌ت‌بوونی حیزبدا کرد (ئه‌وانه‌ی که‌ پشکی شێریان به‌ر ئه‌که‌وێت) سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ گشت ئارام‌و له‌سه‌رخۆ دڵ بۆ حیزب بۆ شه‌هیدو بۆ رێبازو ئامانجی ئه‌و شه‌هیدانه‌ ئه‌سوتێنن، گشت ئاماده‌ن سوارچاکی گۆره‌پانی یه‌کگرتنه‌وه‌ بن که‌چی که‌ ده‌گه‌نه‌ پشتی په‌رده‌ حکایه‌ت حکایه‌تی به‌شی من چه‌نده‌و ئه‌وه‌ی تۆ چه‌ند. نا برام  به‌ش ناکرێ سه‌روه‌ری به‌ش ناکرێ خوێنی شه‌هید. خۆ شێواندنه‌ و خۆ ره‌ش کردنه‌ له‌ به‌رچاوی خه‌لک و مێژوو  درێژه‌دانی داستانه‌که‌ی ئه‌مرۆژانه‌ی کۆیه‌!.

سالێک دوای جیابوونه‌وه‌ شاهۆ حۆسه‌ینی به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه‌ی “حدکا” پێشنیاری کرد با له‌سه‌ر ئه‌ساسی په‌سه‌ند کراوه‌کانی کۆنگره‌ی سێزده‌ کۆببینه‌وه‌و بچینه‌وه‌ کۆنگره‌یه‌کی پێش‌وه‌قت‌و هاوبه‌شه‌وه‌! ئه‌وکات لایه‌نی دابراو وتی: نییه‌تی پاک نییه‌و لایه‌نه‌که‌ی خۆیشی هه‌له‌ نه‌بم سه‌رکۆنه‌یان کرد که‌ بۆ باسی یه‌کگرتنه‌وه‌ ده‌کات. ئه‌ورۆ سه‌رکۆنه‌ نوسه‌کانی دوێنێ پێشنیاری چه‌ند سال به‌ر له‌ ئێستای سزا دراوه‌که‌ی ده‌ستی خۆیانیان قه‌بووله‌ که‌چی ئه‌وه‌ پشت گوێ ئه‌خه‌ن که‌ ئه‌و کۆمه‌له‌ خه‌لکه‌ ناسازماندراوه‌ی ئه‌وکات ئه‌مرۆ هه‌یکه‌لێکی رێکخراوی نالێم هاوسه‌نگ به‌لام هاوره‌نگن، که‌ ئه‌زموونی ئه‌م چه‌ند ساله‌ی خۆ به‌رێوه‌بردنیان وه‌ک قه‌واره‌یه‌کی سیاسی له‌ پشته‌. بیرمه‌ ئه‌وکات مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ وه‌ک که‌سی یه‌که‌می ئه‌و ره‌وته‌ کێشه‌ی سه‌ره‌کی له‌ چۆنیه‌تی پێناسه‌ کردنی کاره‌ساته‌که‌دا بوو به‌لام ئه‌مرۆ دوای ئه‌و سالانه‌ لام وانه‌بێ چی‌تر بیری مابێت که‌ چه‌نده‌ پێ‌داگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرد که‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ وه‌ک له‌ت بوون نه‌ جیابوونه‌وه‌و لادان پێناسه‌ی بۆ بکرێت.
دوای سالانێک و به‌ستنی دوو کۆنگره‌ له‌ هه‌ردوولا ئه‌ورۆ تموعاتی هه‌ردوولا له‌سه‌ر حیزبی یه‌کگرتوی سبه‌ی رۆژ به‌ قه‌ناعه‌تی من زیاتر له‌ زه‌رفیه‌تی حیزبی دێموکراتی یه‌کگرتووه‌، که‌وابوو دیسان ده‌گه‌ینه‌وه‌ لای دیواری نائۆمیدی.
له‌م رۆژانه‌ به‌شێک له‌ وتووێژی ئه‌وکاتی شاهۆ حوسه‌ینی‌م له‌ فه‌یسبوک دانابوو، قسه‌یه‌کی جوان له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا کرا ئه‌وه‌ بوو که‌ رێبه‌ری نابێ خۆی قه‌یران دروست بکات‌و خۆیشی چاره‌سه‌ری بکات. من بۆم گرینگ نییه‌ کاک شاهۆ یان مامۆستا یا کاک مسته‌فا چه‌ند تاوانبارن له‌ گه‌یاندنی حیزب به‌ رۆژی ئه‌مرۆ .

بۆ قسه‌یه‌ک ده‌گه‌رێم که‌ بتوانم درگایه‌کی لێ‌ئاوالا بکه‌م، به‌لێ بۆچوونێک هه‌یه‌ که‌ رێکار له‌ گه‌راندنه‌وه‌ی کێشه‌کان بۆ به‌ده‌نه‌ی حیزب ده‌بینێ‌و رێفراندۆمێکی ئازادانه‌ پێشنیار ئه‌کات. ناکۆکی‌و له‌یه‌کتر به‌قیندا چوونی مێژوویی ئه‌و دوو جناحه‌ دۆخێکی ساز کردووه‌ که‌ پێ‌ ئێژن دۆخی بێ‌باوه‌ری. زۆر گه‌لاله‌و رێکاری ئه‌قلانی پێشنیار کراون که‌چی به‌داخه‌وه‌ هه‌ردوولا وه‌ک دوژمن له‌ یه‌کتریان وه‌رگرتون‌و زۆرجاریش به‌ داوێکی شاراوه‌ وه‌سفی پێشنیاره‌کانی یه‌کتریان کردووه‌. ئه‌مه‌ پێشی به‌ خوێندنه‌وه‌ی جیدی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ بۆ نییه‌ته‌کانی به‌رانبه‌ریان گرتووه‌. به‌لێ پێش گشت شتێک بروا به‌یه‌ک کردن ده‌بێت جارێکی‌تر پێ‌بنێته‌ دیوی یه‌کتر بینینه‌کانه‌وه‌ دواتریش گه‌رانه‌وه‌ بۆ ویستی زۆرینه‌ی به‌ده‌نه‌ی هه‌ردوولا.

با لایه‌نگرای یه‌کگرتنه‌وه‌ چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ته‌شکیلاتی ئه‌و دوولایه‌نه‌و چ وه‌ک ئه‌ندامانی ئه‌و دوو دێموکراته‌ راشکاوانه‌تر ده‌ست له‌سه‌ر که‌ماسیه‌کان دابنێن، نه‌ترسانه‌ دژبه‌رانی ته‌بایی و یه‌کبوونی حیزب ده‌ست‌نیشان بکه‌ن‌و به‌ ئیحترامیشه‌وه‌ گوێ له‌ هۆکاری دژ بوونیان بگرن به‌لام له‌ به‌رانبه‌ردا مه‌جبوریان بکه‌ن که‌ ئه‌وانیش گوێ بۆ موافقانی یه‌کبوونه‌وه‌ بگرن.
 تا دیالۆگێکی سه‌رده‌میانه‌ له‌ ئاستێکی گشتیدا نه‌یته‌ ئاراوه‌، تا پرسی یه‌کگرتنه‌وه‌ نه‌بێته‌ باسی رۆژو خه‌می رۆژی ئه‌ندامانی هه‌ردوولا ئاسته‌مه‌ ئه‌وانه‌ که‌ حیزبیان له‌ سه‌ر ناوی خۆیان تاپۆ کردووه‌ واز له‌ کارشکێنی بهێنن.
له‌ سالی 2014 له‌ جێگایه‌ک وه‌ستاوین که‌ خه‌می گه‌وره‌و ئه‌رکی گه‌وره‌مان خۆ کۆ کردنه‌وه‌و خۆ کردنه‌وه‌یه‌ به‌ حیزبه‌که‌ی جاری جاران، ئه‌مه‌ به‌شی هه‌ره‌ تراژیدیکی ئه‌م داستانه‌یه‌. راشکاوانه‌ ئه‌لێم مێژووی کورد وا بروات زۆر بێ‌ره‌حمانه‌ له‌سه‌ر رێبه‌رانی ئه‌مرۆمان  ده‌نوسێ. به‌لێ کاک مسته‌فاو مامۆستا مێژوو ده‌روێشانی ئێوه‌و فیدایانی ئێوه‌ ناینوسنه‌وه‌، به‌لێ به‌رێزانم وا بروات ناوتان بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوی کورد ئه‌بێته‌ تابلۆیه‌کی خه‌مگین که‌ هه‌ره‌س پێ‌هێنانی شۆرشێکی تێدا نه‌خشێندراوه‌. خراپ له‌ گه‌ل خۆتان‌و ناوو ناوبانگ‌و ماندویه‌تی خۆتان ده‌جولنه‌وه‌. له‌مێژووی میلله‌تاندا سه‌رکرده‌ بێ‌هێزه‌کان زیاتر له‌ گشت که‌س لۆمه‌ ئه‌کرێن‌ ئه‌م ئه‌سله‌تان بیر بێت. وه‌ بیریشتان نه‌چێته‌وه‌ ئێوه‌ی رێبه‌رو ئێوه‌ی سۆکانداری ئه‌م به‌له‌مه‌ چه‌قیوه‌ی ئه‌ورۆ به‌ خاس‌و خراپ پشکی شێرتان پێ‌ئه‌برێت.

ماوه‌ بێژم که‌ستان ته‌وانای فه‌وتاندن‌و به‌زاندنی لاکه‌ی ئه‌و به‌ری نییه‌ که‌ خۆزگه‌ لایه‌ک هێند به‌هێزو له‌سه‌ر حه‌ق ده‌بوو که‌ به‌رانبه‌ره‌کی ته‌فرو تونا ده‌کرد. مانه‌وه‌ش له‌م دۆخه‌دا ئه‌نجامی زۆر خراپتری له‌و دۆخه‌ی نه‌هاکه‌مان به‌ دواوه‌ ده‌بێت. هیودارم واز له‌ ورده‌ سیاسه‌ت کردن له‌ گه‌ل یه‌کتر بهێنن‌و هێنده‌ رێز بۆ رای گشتی و نه‌ته‌وه‌که‌تان دابنێن که‌ له‌مه‌و به‌دوا تۆزی گۆررینی ناوو ورده‌ حکایه‌تی دیکه‌یان له‌ چاو نه‌که‌ن. به‌لێ یه‌کگرتنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌م دوو جه‌ره‌یانه‌ ده‌ستکه‌وتێکی هێند مه‌زنه‌ که‌ بتوانین داواتان لێ‌بکه‌ین که‌ واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی‌و جیناحی بهێنن.
نییه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌کبوونه‌وه‌و برایه‌تییه‌ ناچارن قۆربانی بۆ بده‌ن له‌ هه‌ردوولا. گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌ده‌نه‌ی حیزب‌و ده‌نگ وه‌رگرتنێکی ئازادو به‌ دوور له‌ جه‌وسازی ده‌توانێت کۆتا چاره‌سه‌ری قه‌یرانی دوو دێموکراتی بێت. یه‌کگرتنه‌وه‌ ئه‌بێ له‌ خواره‌وه‌ له‌ به‌ده‌نه‌ی حیزبدا بریاری له‌سه‌ر بدرێت.
داواکارم له‌ به‌رێزان هیجری‌و عه‌زیزی که‌ ئه‌م گرفته‌ حه‌واله‌ به‌ده‌نه‌ی حیزب بکه‌ن که‌ رێبه‌رایه‌تی هه‌ردوولا سه‌لماندویانه‌ ته‌واناو مه‌یلی چاره‌سه‌ریان نییه‌.

١٠/٢/٢٠١٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی