"an independent online kurdish website

لە راستیدا  ، هاتنە گۆڕی رۆژی جیهانی زمانی دایک ،لەبنەڕەتدا کردەوەیەکی شۆناس خوازانە بوو  کە لەگەڵ دەربرینی نارزاییەتیەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆکانی بنگڵادیش لە ساڵی ١٩٥٢ زایینی دەستی پێکرد و لەدایک بوو .zmani_dayk

کاتێک کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی ” بنگاڵی” بە هۆی دەربرینی نارزایەتی لەسەر سپاندنی ” ئوردو” وەک زمانی فەرمی لە بەنگڵادیش( پاکستانی خۆرهەلاتی ئەوکات) لە لایەن دەوڵەتی پاکستانەوە لە دەوروبەری “داکا” و لە لایەن هێزە نیزامییەانی دەوڵەتی ئەودەمی پاکستان، درانە بەر دەسرێژ و لە ئاکامدا ژمارەیەک لەم خوێندکارە شۆناس خواز و عەوداڵی یەکسانی کوژران و بریندار بوون .

 لەو سەردەمەدا ، خوێندکارانی نارازی بە مەبەستی بە فەرمی ناسینی زمانی دایکی خەڵکی وڵاتەکەیان واتە ” بنگڵا” یا ” بنگاڵی” دەستیان بە خۆپیشاندانی بەرین کرد . لەبەر ئەوەی زمانی فەڕمی کە لە خوێندنگا و زانکۆکانی بەنگڵادش دەگوترایەوە ، زمانی پاکستانی ” ئۆردو” بوو . درێژەی خۆپیشاندانە گەورە و بەرینەکانی خوێندکارانی و مامۆستایانی زانکۆی ” داکا” لە رۆژانی ٢١ و ٢٢ی فێڤرییەی ساڵی ١٩٥٢ی زایینی رووی دا.

هێزەکانی دەوڵەتی پاکستان لە ئاکامی تەقە کردنێکدا لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ ، ژمارەیەک لەوان و هەریەک لە ” مامۆستا عەبووئەل بەرەکەت ” مامۆستای زانکۆ ، ” رەفیع ئەلدین ئەحمەد” خوێندکار و “شوفێر رەحمان” کارمەندی باڵایی دەزگای دادی بەنگلادشیان کوشت و هێزە نیزامییەکانی پاکستان هەموو هەوڵی خۆیان خستە گەڕ تا خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ دەست لە خواستە مرۆییەکانی خۆیان هەڵ بگرن.

بەڵام خەبات و خۆڕاگری قوتابیان وخوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکان و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی بنگلاذش و پێداگرییان لەسەر وەدی هاتنی خواستەکانیان ، بووە هۆکاری سەرلەنوێ بە فەرمی ناسینەوەی زمانی ” بنگاڵی” لە ساڵی ١٩٥٦ی زایینیدا . درێژە پێدانی خەباتی خەڵک و چالاکانی سیاسیی و فەرهەنگی بنگڵادش، وای کرد کە ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٧١دا، بە یەکجاری جیابوونەوەی خۆی لە پاکستان راگەیاند و سەربەخۆیی بە دەست هێنا .

پاش بەدەست هێنانی سەربەخۆیی بەنگڵادش ، ڕێ ورەسمی رۆژی نەتەوەیی زمانی دایک ، هەموو ساڵێک لەم وڵاتەدا و لە رۆژی ٢١ی فێورییە بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە دەچوو ، کە لەودا لە خەباتی خەڵک بۆ سەربەخۆیی و پارێزگاری و هەوڵدانی بێ پسانەوەی خوێندکاران و مامۆستایان بۆ پاراستنی شوناس و زمانی دایک ، رێزی  دەگیردرا . دواتر وڵاتی “بەنگڵادش” داوای لە “یۆنسکۆ” ڕێکخراوی پەروەردە ، زانست و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا رۆژی ٢١ی فێورییە  وەک رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک بە فەڕمی بناسێ .

سەرئەنجام پێشنیاری وڵاتی بنگڵادش بۆ ڕاگەیاندنی رۆژی ٢١ی فێورییە وەک رۆژی جیهانی زمانی دایک لە ١٧ی نوامبری ١٩٩٩ی زایینیدا پەسند کرا و ١٨٨ وڵاتی ئەندامی یۆنسکۆ دەنگی ئەرێنی پێ دا .

دوایی ئەو رووداوە ، بۆیەکەم جار ڕێو رەسمی رۆژی جیهانی زمانی دایک لە مانگی فێورییەی ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی لە پاریس و بە ئامادە بوونی نوێنەرانی وڵاتە جیاجیاکانی جیهان ، زمان ناسان و سەرۆکی ئەوکاتی یۆنسکۆ ، بەرێوە چوو .

 

بە بۆچوونی شارەزایان، بوونی مەترسی بۆ لە نێو چوونی زمانەکان، دەگەرێتەوە بۆ لە نێو چوونی قەوم و خێڵە بچووکەکان کە ئەوەش بە هۆکاری لە نێوچوونی سروشت و ژینگەکانیانە. یان کۆچ پێکردنی ئەوان بۆ قەراغ شارە گەورەکان و شوێنگەلی دوور لە زێدی خۆیان و مەڵبەدنی نەتەوەییان، بە یەکێک لە هەڕەشەکان بۆ فەوتان و سرینەوەی زمانی دایک بە ئەژمار دێت.

لەماوەی ساڵانی ڕابردودا و بە پێی پرۆسەیەکی مێژوویی، زۆر لە عەشیرەکانی دارستان نشین  ، زمان و شوناسی نەتەوەییان لەدەست داوە . شەڕی نێوخۆیی و کۆچی بەربڵاوی نەتوە بندەستەکان بە وڵاتانی دراوسێ ، یەکێکیتر لە هۆکارەکانی لەناو چوونی زمانی دایک.

لە ئێستادا و بە هۆی گۆڕانکارییەک کە لە بنچینی نەریتی ژیانی مرۆڤ دا رووی داوە ، گۆرەپانی ژیان بۆ تاقم و گرووپە بچووکەکان بەرتەسکتر بۆتەوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی پەرەپێدان و زاڵ بوونی چەن زمانێک لە نێوان زۆرینەی کۆمەڵگای جیهانی دا .

ئەو زمانانەی قسەیان پی دەکەن و ژمارەکەیان بە پتر لە ١٢٠٠ زمان مەزندەدەکرێ ،زیاتر هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە. بەشێکی بەرچاو لەم زامانانە تایبەت بە خەڵکی قارەی ئەفریقایە کە بە ٢هەزار زمان قسەیان پی دەکرێ .

بە گوێرەی مەزندەی یۆنسکۆ ، لە کۆی ٦هەزار زمان کە لە جیهاندا قسەیان پێ دەکرێ ، پتر لە ٣ هەزار دانەیان لە حاڵی لەنێوچوون دان .ئەم زمانانە لە ئێستادا لە لایەن گرووپی بچووکەوە بەکار دەبردرێن و تاکوو ڕادەیەک هیچکام لەوانە شانسی مانەوەیان نییە . ٩٦ لە سەدی سەرجەم زمانەکان ، بە تەنیا لە نێوان ٤ لە سەدی حەشیمەتی جیهان  بەکار دەبردرێن یان برەویان هەیە . بۆ وێنە لە دوورگەی پاپۆئاگینە هەڵکەوتوو لە ئەقیانووسی ئارام ، زیاتر لە ٨٠٠ زمان بوونی هەیە کە هێندێک لەوانە تایبەت بە گرووپێکی کمتر لە ٢٠٠ کەسین ، ژمارەی سەرجەم دانیشتووانی ئەم دوورگانە کمتر لە ٧ مڵیۆن کەسە .

بەپێی تێگەیشتنی  ڕێکخراوی یۆنسکۆ ، پێویستە هەوڵ بدرێ تا ئەو زمانانەی کە بە زۆری کەڵکیان لێ وەرناگیردرێ ، لە تەنیشت زمانگەلێک کە زیاتر بە کار دەبردرێن ،کەڵکیان لێ وەردەگیردەرێ تابەم چەشنە شانسی زیندوو مانەوەیان هەبێ . هەوڵگەلێکی لەو چەشنە  بە سەرنجدان بە رۆڵی زمان لە وێنا کردنی کەسایەتی تاک و شوناسی کولتووری نەتەوەکان ، دەتوانێ کولتووری جیهانی زەنوێر و رازاوەتر بکات .

کۆری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هۆی بایەخی زۆری زمانی دایکەوە ، ساڵی ٢٠٠٨ی بە ساڵی جیهانی  زمانەکان ناوزەد کرد .ئەم ڕۆژە لە رۆژمێری فەرمی کۆماری ئیسلامی سراوەتەوە .  جێگای سەرنجە کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ئەندامانی واژۆکەری بەفەرمی ناسینی رۆژی ٢١ی فێورییە لە ڕێکەوتی ١٧ی نەوامبری ١٩٩٩ی زایینی لە یۆنسکۆیە کە بە پێی ئە بریارە، ١٨٨ ئەندام دەنگی ئەرێنییان بەو داواکارییە دا . بەندەی پازدەی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێران ” کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی نێوچەیی و قەومی لە میدیا و بڵاوکراوەکان و خوێندنی ئەو زمانانە لە قوتابخانەکان” لە تەنیشت زمانی فارسی وەک زمانی فەڕمی بە ڕەوا دەزانێ . لێ ئەم مافە یاسایی و مرۆییە هەرگیز لە کردەوەدا نەخراوەتە خانەی جێبەجێ کردن و تاکوو ئێستا کاری پێ نەکراوە .

هەنووکە بۆ ئێمە پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە گەڵۆ قەدەغە کردن و ڕێگەری لە پەرئەساندن و کارپێ کردن  بە زمان و ئەدەبی خەڵکانی غەیرە فارسی دانیشتووی ئێران ، ستەمێکی ئاشکرا نەتەنیا لە دژی ئەو خەڵکە ، بەڵکوو لە دژی کولتوورە جیاجیاکانی جیهان نییە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە سیاسەتوانان ، کەسایەتییەکان ، گرووپ و ڕێکخراوە سیاسییە سەراسەرییەکانی ئێران ، بە هۆی ئەو زوڵم و ستەمانەی لە نەتەوەکانی تری ئێران دەکرێ ، داوای لێبوردنیان لێ بکەن و بە شوێن قەرەبوو کردنەوەی خەسارەکانەوە بن ؟ پیویستە چ کەسێک  وڵامدەری بێبەش کردنی منداڵانی نەتەوەکانی ئێران لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانی خۆیان ، بۆ وێنە خوێندن و نووسین بە زمانی دایک بێ ؟

پیرۆز بێ رۆژی جیهانی زمانی دایک

ژێدەر: ماڵپەری یونسکۆ

وەرگێران بۆ کوردی : رەشید زەرواوی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی