شێوەی هەڵسوکەوتی خەڵک و ئەرزشە ئەخلاقییەکانی هەر وڵاتێک پێوەندیی لەگەڵ ئاستی گەشەسەندنی فەرهەنگی کۆمەڵگا، سەروەریی یاسا و پاراستنی ماڤی مرۆڤ بە پێی پرنسیپە گشتیییهکانی جیهانیی هەیە.
له کۆمهلگایهک کە قانوون لەوێ سەروەر بێ و هەر کردارێک که له لایهن قانوونهوه مهنع نهکرابێ و تاوانێکی بۆ دیاری نهکرابێ تاوان نییه. ههرچهندیش له لایهن ئۆلی و شهریعهتهوه، حهرام یان مەباح لە قەڵەم درابێ. فەرهەنگ بۆخۆی ئاکامی دوایین دەستکەوتەکانی ماددییو مەعنەویی هەر وڵاتێکە. بە پێی ئەم پێناسەیە مەسەڵەی بۆچوونی خەڵک لەگەڵ چەمکی شەرەفو نامووس، خۆشەویستیی و ئەوینو دڵداریی گەنجانی وڵات و بە تایبەت کچەکان لە چوارچێوەی فەرهەنگ، دابو نەریتی کۆمەڵگا ڕەنگ دەداتەوە. لە وڵاتێکی پێشکەوتوودا هەرچەشنە تووندوتیژیی دژ بە ژنان و منداڵان بە پێی یاسا سزا دەدرێ و مکانیسمی پێویست بۆ بەرگریی لە گیانی ئەو ژنانەی کە دەسترێژیان لێکراوە یاخود گیانیان لە مەترسی کوشتن یاخود هەرچەشنە دەسترێژیی و ئازاری جەستەیی و ڕووحیی دایە، لەبەر چاو گیراوە. ئەم کەسانە نە تەنیا لە ڵایەن سیستێمی دادوەریی و پۆلیسی وڵات بەلکوو لە لایەن ڕێکخراوە جوراوجۆرەکانی مەدەنیش پشتیوانی دەکرێن. بەڵام لە وڵاتێکدا کە دابو نەریتی کۆن و وەدواکەوتوو ئاخەرین قسە دەکا و یاسا بە هۆی باڵادەست نەبوونی لە کۆمەڵگادا لەبەرامبەر توندوتیژیی بە ژنان بێدەنگی پێشە دەکا و بەشێکی بەرچاو لە عاڵمە ئایینییەکان لە مزگەوت و هتد … لە ورووژاندنی پیاوان بۆ ئەنجامی توندوتیژیی دژی ژنان دەورێکی سەرەکی دەگێرن، گیانی ژنان بە هۆی پاراستنی شەرەفی بنەماڵە زۆرتر لە ژێر مەترسیی کوشتن دایە و ڕادەی کوشتنی ژنان و کچان بە پاساوی شەرەف ڕۆژ بە رۆژ ڕوو لە زیادە دایە. زۆرجار بەشێک لە دیاردە نەریینیییەکان بە تێپەرینی کات دەبنە فەرهەنگی زاڵی نێو کۆمەڵگا و وەکو دیاردەیەکی ئاسایی لەبەر چاو دەگیرێن، یەک لەوان کوشتنی کچو ژن لەو وڵاتانەیە کە جارێ فەرهەنگی خێڵەکیی – ئایینیی و پیاوساڵار هەیشتا باوە و ڕخنەی لە پێستو گۆشتو خوێنی بەشێکی زۆر لە ئەندامەکانی کۆمەڵگا کردوە. لەم وڵاتانەدا پشتیوانی شەریعەتو قانوونی دادوەریی و دەستەڵات یاخود بێدەنگی ئەوان سەبارەت بەم چەشنە جەنایەتانە بە جووانیی دەبیندرێ. ڕەنگدانەوەی بەشێکی زۆر لەم جەنایەتانە لە دەزگای ڕاگەیاندنی گشتیی و گۆڤاری حیزبە سکوڵارەکانیش زۆرتر لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی خەبەر و جاروبار دەڕبرینی دڵسۆزییەکی بە تاڵ لە ناوەرۆکو راستیی دایە تا لێکدانەوە و خەسارناسیی ئەم دیاردەیە یاخود پێدانی پێشنیارێکی دروست بۆ لەبەین بردن یان پێشگیری کردن لە سەرهەڵدانی ئەم ئاکارە نائینسانییانە!؟
لە باشوری کوردستان کە پتر لە ٢ دەیەیە حکومەتی نیوە سەربەخۆی کورد پێک هاتووە، رۆژ نییە کە خەبەری دیتنەوەی تەرمی ژنێک یاخود کچو کورێکی لاو بە هۆی پاراستنی شەرەفو ناموسی بنەماڵە بڵاو نەبێتەوە. بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن سایتی وزارەتی ناوخۆی کوردستان[1] و بەریەوبەرایەتیی توندوتیژی دژی ژنان و هتد … بڵاو بوونەوە ڕادەی سکاڵاکان و توندوتیژیی و ژنکوشتن بە بۆنەی پاراستنی شەرەفو ناموس لە ڵایەن ئەندامەکانی بنەماڵە ساڵ بە ساڵ زیاد دەکا و لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ڕێژەی توندوتیژیی جەستەیی – سێکسیی، کوشتن، خۆکوشتن و ئەشکەنجەی ژنان بە هۆی کێشەی ناموسو خۆشەویستیی لە پانتایی هەرێمی کوردستان پتر لە پێنج هەزار حالەتە. ئەمانە تەنیا بەشێک لەو ئامارانەن کە لەسەر تۆری ئینتێرنێت بڵاو بوونەتەوە، دەنا ڕەهەندی کارەساتەکە زۆر لەمە زۆرترە کە باسی دەکرێ. بە ڕاستیی چۆن دەکرێ لە وڵاتێکی ئاوا لە چەشنی باشوری کوردستان خەبات لەگەڵ ئەم چەشنە هەڵسوکەوتانە لە کۆمەڵگادا بکردرێ؟ ئێستا کە کورد لەم بەشەی کوردستاندا حکومەت و یاسای خۆی هەیە، بۆ بە چەشنێکی جیددی بەڕبەڕەکانی بۆ پێشگیریی لەم کارەساتانە ناکردرێ و بەشی سەرەکیی بکوژانی ناموسپەرەست بە ڕاحەتیی بێ هەر چەشنە سزایک دەرباز دەبەن؟ بۆچی لە دەزگای بڵاوکردنەوەکانی گشتیی ڕەخنەیەکی جیددی لە یاسا و بێدەنگی و بێ عەمەلیی حکومەت و پارلەمان و پۆلیس و دەزگای دادوەریی ناکردرێ و بایەخێک بە خەسارناسیی فەرهەنگی کۆمەڵگا نادرێ؟ بە ڕاستیی چۆن دەکرێ لە وڵاتێک کە بیرو فەرهەنگی عەشیرەییو ئیسڵامیی یەکێک لە هۆیە سەرکیییەکانو خولقێنەری ئەم چەشنە جەنایەتانەیە پێشگیری لەم چەشنە کارەساتانە بکردرێ؟
بە باوەری من لێرەدا چەند خاڵی گرینگ دەبێ لەبەرچاو بگیرێ، یەکەم فەرهەنگی کۆمەڵگایە کە گۆڕینی خاڵ نەرینیییەکانی پێویستیی بە کارێکی درێژخایەن لە لایەن دەوڵەت، سیستێمی پەروەردەو دەزگای ڕاگەیاندنی گشتیی و پسپوڕانی کۆمەڵناس هەیە. دووهەم پەسەندکردنی قانوونێکی ئەورۆییو ئینسانیی دژ بەهەر چەشنە توندوتیژیی، دەستدرێژیی، ژنکوژیی، هەروەها جیاکردنەوەی قانوونی شەریعەتو سزای ئیسڵامیی لە قانوونی دادوەریی بە پێی ماڤی مرۆڤە. هەر وەک پێشتر کوترا خاڵی یەکەم نیازی بە کاتێکی زۆر هەیە و ئەوەش دەگەرێتەوە سەر شێوەی بارهێنانی وچەی نوێ لە مەدرەسەکان، هەروەها پەرەپێدانی زانستو فەرهەنگی ئەورۆیی لە کۆمەڵگادا. بۆ وەدی هێنانی ئەم ئامانجە دەبێ سیستێمی پەروەدە لە ژێر کاریگەریی ئایینو شەریعەت و دابو نەریتی کۆن و فەرهەنگی خێڵەکیی بێتە دەرێ. لەم ڕەوتەدا بێ گوومان دەزگای بڵاوکردنەوەی گشتیی و بەتایبەتیی تلەویزیۆن دەتوانێ ڕۆلێکی گەورەی بێ و بە پیشاندانی ڕێپۆرتاژو بەرنامەی بە کەڵک دەورێکی باش لە بارهێنان و پەرەسەندنی بیری نوێ و ئەمرۆیی بگێرێ.
خاڵی دووهەم یانی پەسەندکردنو جێبەجێکردنی یاسا بە پێی ماڤی مرۆڤ لە کوردستانە کە پێویستی بە هەنگاوی خێرا هەیە. ئەرکی ڕوناکبیران، حیزبە سکوڵارەکانی پێشکەووتوخواز، ڕێکخراوە جوراوجۆرەکانی بەرگریی لە ماڤی مرۆڤ و بە تایبەتی ژنان و منداڵانە کە لە هەر چەشنە شێوە و ڕێگایەکی مەدەنیی بۆ گوشار هێنان بە دەوڵەت و پارڵەمانی کوردستان بۆ جیاکردنەوەی قانوونی شەریعەت لە سیستێمی پەروەردەو دادوەریی و سزادانی سەختی ئەوانەی بکردرێ کە دەستدرێژیی بەدەنییو ڕووحیی لە ژنانو کچان و منداڵان دەکەن و بە بیانووی پاراستنی شەرەفو ناموس ئاوا بێ بەزەیانە گیانی ئەوان دەگرن. بۆ ئەوەی کە وڵاتێکی پێشکەوتوومان بێ پێویستە ژن وەک ئەندامێک بە ماڤی بەرامبەرەوە نە تەنیا لە ژیانی ماڵێ بەلكوو لە ڕەوتی گەشەسەندنی تەواوی بوارەکانی کۆمەڵگادا نەخش بگێرێ، ئەمە پێداویستیی بە پێکهێنانی وڵاتێک هەیە کە قانوونێکی سکوڵار و ئەورۆیی بە پێی ماڤی مرۆڤ لەوێدا سەروەر بێ و رێگا بە توندوتیژیی و سووکایەتی کردن بە هیچ تاکێکی کۆمەڵگا نەدا و ژنان بتوانن بە ئازادیی و بە دور لە هێرشی جەستەیی و ڕووحیی کەڵک لە ژیانی خۆیان وەرگرن. بە جێهێنانی ئەم ئەرکە کارێکی هاسان نییە بەڵام کارێکی پێویست و ئینسانییە. خەڵکی کورد بێ لادانی ئەم دابو نەریتە وەداوکەوتووە ناتوانێ ڕێگای خۆی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی مودێرن و ئەمرۆیی ببرێ. ئەم ڕاستیییە پێویستە وەکو دیاردەیەکی ئەمرۆیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا جێ بکەوێ کە ژن نە کەرەستەی جینسییە و نە کلفەتی ماڵێ، ژن نە ناوەندی گوناهە و نە هۆی بێ کەرامەت کردنی بنەماڵە، بەلکوو ژن سەرچاوەی ژیان، هێمنیو خۆشەویستیییە. ژن هەر ئەو دایکەیە کە ئێمەی لە باوەشی خۆیدا گەورە کردوە و ڕێگای ژیانی پێ نیشان داوین و بە تەواوی هەستی خۆی گیانو سڵامەتی ئێمەی پاراستووە. ژن سەرچاوەی جووانترین هەستی ئینسانییە کە لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا لە دڵسۆزیی و خۆشەویستیی دایک و خوشک و ئەوینی هاوسەر و هەست و نازی کچەکانمان ڕەنگ دەداتەوە.