سمایل برای چکۆلەتری محەممەد بوو ، محەممەدی عەلی پیرێژن .
محەممەد لە پیاوە ناودارەکانی ناوچەی شنۆیە بوو . لە هەڕەتی لاوەتیدا پێوەندی بە بزووتنەوەی رزگاری نەتەوەیی کوردستانەوە هەبوو .
لە بە گژدا چوونی رێژیمی پەهلەویدا هاوخەباتی رۆڵە شۆڕشگێرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵەکانی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی تا ١٣٤٧ی هەتاوی تەنگیان بە ژاندارمی زۆروێژی حکوومەتی پاشایەتی لە کوردستان هەڵچنی بوو . سماییل کە لاوتر بوو ، هەموو توانای خۆی بۆ یارمەتیدانی کاک محەممەد و شۆڕشگێرانی هاوڕێی تەرخان کردبوو .
بە پشتیوانی کورانی وەک سماییل بوو کە بە درێژایی پتر لە ١٨ مانگ ، شۆڕەسوارانی ئەم دەڤەرە گڕکانی رقیان ئاوقای دەسەڵاتی بێ هاوساری پەهلەوی دەکرد . ئەو لەگەڵ باوەری محەممەد و تێکۆشەرانی هاوڕێی دا بیری گوورا بوو .
لە زەبر و زەنگی حکوومەتی زۆرداری تاراندا شۆڕشگێرانی وەک سماییل و محەممەدی کوردنژاد ترووسکایی هیوای زەحمەتکێشان و نیشتمانپەروەرانی ناوچەکانی نەغەدە و شنۆ بوون . خەڵکی ناوچەکە وەک شوورەی قەڵای خۆڕاگریان ، وەکوو باسکی بەهێزی ئیرادەی نەتەوەییان هەمبەر لەشکری لاساری شایان لێ دەڕوانین و شانازییان پێوە دەکردن . لە کۆخ و ماڵەکانیان دا دەیان حەساندنەوە و لە ئامێزیاندا دەیان لاواندنەوە و هەرئەوان برینەکانیان دەبرژاندنەوە .
من لە کانی سەرە ڕێی گوندەوە چاوەروانم
لا بدەیت و شکەتیت دەر بچێ ،هەڵۆی شاخانم
چاوی من فێری ئەتۆ دیتن و تۆ ویستن بوون
ساڵی جارێ وەرەوە ،دەرد و بەڵات لە گیانم
کاکەشانێکە لە چاوی گەشی ئەم مانگەشەوە
توولە ڕێی لاقەد و دامێنی چییا و کوێستانم
ڕێ چپەی لێو و خشەی پێتی بە رووبارا نارد
گوێ بە هەستی وشەیێک بێ و بڵێ میوانم
ویشکە لێوی قەڵشیوی زەوی دڵی بێنازی دڵم
چاوەڕێی ماچی تەڕ و بۆنی گڵ و بارانم
وەک نیگای شەرمنی پەنجەرەیێکی چاوەڕوان
توونی بۆ ژوانی ئەتۆ و بۆنی گوڵ و ڕێحانم
شار بە بۆی دووکڵی سیگار و گڕاس خنکاوە
من لە نێو ئەم خەفەت و دەردەوە بۆت دەڕوانم
دێ لە تووش بوون بە پەتا لێرەوە شەو بێدارە
بۆیە هێمایە چرای نیوەشەوی کۆڵانم
بێ مورادە کەژ و کۆ و سەوزی سرووشت بێ باڵات
وەرە ساڕێژ کەرەوەی زامی دڵی پڕ ژانم
دڵەکەم باخێ بە پانتایی هەموو دونیایە
باخەوانم وەرەوە ، تۆ کە ونی وێرانم
تۆ کەسێکی کە بە قەد خاک و وڵات عاشقتم
چاوەڕێی پێرەوەی تاریکە شەوی جێ ژوانم
لێرە باڵدار چلەپەڕ بوون و هەوا گۆڕاوە
بورجی عەشقە ، وەگەڕێ ، عاشقەکەی جارانم
تۆ هەواڵت وەک رووبار و بەهار بێ خەوشە
دێ بەسەربەستی شنەی بۆ من و بۆ یارانم
ڕێگە نەرمانە چڕیش بێ بە مژۆڵ دەیماڵم
پێ لە چاوم نێ منیش بستێ لە کوردستانم
کۆلکە زێرینە لە شوێن پێی سەفەرت جێ ماوە
بۆم لە گوڵ داوی هەتا دێیەوە ، شۆڕە شوانم
—————————————-
بۆ زیاتر خوێندنەوەی ئەو بابەتە سەیری ویدۆکان بکەن